من لە رەقە بووم - 22

بە ناشارەزایی چووینە بەر سێرەی تفەنگەکانی سوپاس سووریا

 

به‌شی سێزده‌یه‌م

پلانى داگیركردنى ئیدلب پشتبه‌ستوو به‌ هه‌ندێك زانیاریی هه‌واڵگری به‌ربڵاو بوو، كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ناوخۆی ئیدلب و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى ئه‌ودا ئه‌نجامى ده‌دا. هه‌واڵى ئه‌و كوشتن و تیرۆركردنەى، كه‌ هێزه‌ نهێنییه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ ئیدلب ئه‌نجامى ده‌دا، هه‌میشه‌ ده‌هاته‌ به‌ر گوێمان. ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت به‌هێزترین دامه‌زراوه‌ى ئه‌منیی چالاكی هەبوو.


چه‌ند ڕۆژێك دوای بانگهێشت و ئاگادارینامه‌ بۆ ئێمه‌ بۆ غه‌زوه‌ى ئیدلب، تۆمارێكى ده‌نگى له‌ ئه‌بوو موحه‌مه‌د عه‌دنانى به‌هۆی دامه‌زراوه‌ى ڕاگه‌یاندنى (البتارى) سه‌ر ڕێكخراوى داعش بڵاو بووه‌وه‌، كه‌ ناونیشانه‌كه‌ى (قل للذین كفروا ستغلبون) بوو، وه‌كوو هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لە ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئه‌مەریكا و وڵاتانى عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌نێو قسه‌كانیدا ڕسته‌یه‌كى كورتى گونجاندبوو، كه‌ سه‌رنجى كه‌سی به‌خۆیه‌وه‌ ڕانه‌ده‌كێشا، كه‌ تیایدا گوتبووى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان هه‌مدیسانه‌وه‌ ئازاد ده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ له‌ ناوچه‌ى ئازادكراودا ده‌بێت به‌پێى شه‌ریعه‌تى خودا حوكمدارێتى بكرێت. ته‌بعه‌ن مه‌به‌ستى ئەلعەدنانییش ئه‌و ناوچانه‌ بوو، كه‌ هێزه‌ ئۆپۆزۆسیۆنه‌كانى سووریا له‌ژێر کۆنترۆڵی حكوومه‌تی سووریا ده‌ریانهێنابوو.


له‌ حه‌وشه‌ى مزگه‌وتدا، دوای ڕاسپارده‌كانى ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ربازییه‌ له‌باره‌ى هه‌ڵسوكه‌وت و چۆنیه‌تیى هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى ئاسایی و شه‌ڕكه‌راندا، ئاماژه‌ى پێ دا (بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ برینداره‌كانیان مه‌كوژن و هه‌ر كه‌سێك چه‌كه‌كه‌ى ڕاده‌ست كرد و به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، یان چووه‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌، پارێزراو بیهێڵنه‌وه‌) گوتیشی‌ ئه‌م غه‌زوه‌یە، غه‌زوه‌ى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌.


مه‌به‌ستى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌و (خوشكه‌ موهاجیران)ه‌ بوو، كه‌ ده‌ستدرێژییان كرابووه‌ سه‌ر. ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆ جه‌نگێك ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌ له‌و كاته‌دا له‌نێوان جەبهەتولنوسڕە ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا له‌نێوان ساڵى (2013 و 2014)، دوای ده‌ركردنى هه‌ندێك به‌یاننامه‌، كه‌ دواجار شه‌ڕی هه‌ردوولاى به‌دوادا هات، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى ڕیفی باكووری حه‌له‌ب ڕووی دا.


چه‌ند ڕۆژى پێش ده‌ستپێكى شه‌ڕ، من به‌ئاشكرا و به‌نهێنى بیروڕام له‌باره‌ى ئه‌و باسوخواسەی، كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا له‌ئارادا بوو و بابه‌تى ته‌كفیر و و مه‌عزوور زانین به‌ هۆى نه‌زانییه‌وه‌ ده‌رده‌بڕی. دڵنیا بووم، كه‌ ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ به‌گوێى ئه‌بوومه‌روان میسڕی، شێخى فه‌رمانده‌ى باره‌گاى ئێمه‌ ده‌گەنەوە.


كاتى جووڵه‌كردن به‌ره‌و گۆڕه‌پانى شه‌ڕ هات. تازه‌ خه‌ریك بوو سوارى سه‌یاره‌ى ده‌بڵ كابینه‌كان ده‌بووین، تا بۆ هێرشكردن ئاماده‌ بین، له‌ناكاو فەرمان هات، كه‌ ڕاوه‌ستن و غه‌زوه‌كه‌ دوا بخه‌ن. ئه‌و به‌سه‌رهاتهم بیر‌ كه‌وته‌وه‌، كه‌ له‌ شارى حه‌دیده‌ بۆمان هاته‌ پێشه‌وه‌. له‌وێشدا له‌ شه‌وى ئۆپه‌ڕاسیۆندا له‌ فه‌رمانده‌یی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌ هه‌واڵمان پێ گه‌یشت، یه‌كسه‌ر له هیت بكشێینه‌وه‌ و به‌ره‌و شام بگه‌ڕێینه‌وه‌.


شه‌ڕى ئیدلب بۆ كاتێكى نادیار دوا خرا. ئه‌م دواخستنه‌ دژایه‌تیى زۆری له‌نێو شه‌ڕكه‌رانى به‌دوادا هات، كه‌ ده‌یانویست شه‌ڕ بكه‌ن. هه‌ندێكیان تووڕه‌ بوون و هه‌ندێكیشیان له‌ بێتاقه‌تیدا خۆیان ده‌خوارده‌وه‌، به‌ڵام هه‌مان ده‌سته‌واژه‌ى (گوێ بگره‌ و په‌یڕه‌ى بكه‌)، كه‌ له‌ ده‌مى ئه‌میره‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، بۆ ڕێگریكردن له‌ هه‌ر لادان و سه‌رپێچییه‌ك به‌س بوو. دواكه‌وتنى غه‌زوه‌كه‌ بۆ من جێى خۆشحاڵی بوو.


دوو ڕۆژ دوای گه‌یشتنى فەرمانى دواخستن، فەرمانێكى ترى خێرا گه‌یشت، په‌یوه‌ست به‌وه‌ى، كه‌ هێزه‌كانى سه‌یفولده‌وله‌ به‌ هه‌موو نه‌فه‌ر و چه‌كوچۆڵه‌كانیانه‌وه‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ى (كوه‌یرێس) بنێردرێن. هه‌ندێك هه‌واڵ ده‌هاتن، كه‌ حكوومه‌تى سووریا له‌ هه‌وڵدایه‌ گه‌مارۆی ئه‌م فڕۆكه‌خانه‌ سه‌ربازییه‌، كه‌ له‌و كاتانه‌دا له‌ گه‌مارۆی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا بوو، بشكێنرێت.


ئه‌مه‌ش ده‌بێت بڵێم، كه‌ له‌كاتى غه‌زوه‌ى ته‌دموور و گه‌مارۆی ناوچه‌ى ته‌لئه‌بیه‌ز، هه‌ندێك شت له‌ ڕۆحى مندا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتبوو، له‌ نموونه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ هێزی بۆچوونى زیاترم بۆ مشتومڕ و له‌باره‌ى ڕێوشوێنى سه‌ربازانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تم دۆزیبووه‌وه‌، كه‌ له‌به‌رده‌وامیدا باسی ئه‌ویش ده‌كه‌م.


ئێمه‌یان به‌رەو ده‌وروبه‌رى فڕۆكه‌خانه‌كه‌ برد. به‌ قه‌ڵابێكی سه‌ربازى ئێمه‌یان به‌ره‌و ناوچه‌یه‌كى په‌راوێزخراو گواسته‌وه‌، كه‌ هیچ ئاسه‌وارێكى ژیان له‌وێدا نه‌بوو. پێش ئێمه‌ کاروانێکی تری شه‌ڕكه‌ران له‌وێ بوون و ئه‌وانیان به‌ره‌و گۆڕه‌پانى جه‌نگ بردبوو.


كاتێك گه‌یشتین، شه‌وانه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ جێگیر بووین، كه‌ به‌پێى ڕه‌وتى سه‌ربازییانه‌ى هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووریا بۆ گه‌یشتن به‌ فڕۆكه‌خانه‌، ده‌بوایه‌ به‌وێدا تێپه‌ڕن. ئه‌میری ده‌سته‌كه‌مان به‌ په‌نجه‌ى شایه‌تمانى سووچێكى پێ نیشان داین و گوتى، هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووریا له‌وێدان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و بیابانه‌ ئه‌وه‌نده‌ تاریك بوو، كه‌ به‌ڕاستى نه‌تده‌توانى هیچ شتێكى تیادا ببینی.


هه‌ستم ده‌كرد ناتوانم چیدى ته‌حه‌مولی ئه‌مه‌ بكه‌م. له ‌ناوه‌ڕاستى ده‌سته‌كه‌وه‌ ده‌ستم كرده‌ دژوه‌ستانه‌وه‌ له‌باره‌ى ئه‌و شێوازه‌ى كه‌ بۆ هێرشكردن دایاننابوو. چۆن ده‌بێت هێرش بكه‌ین و خۆمان كوێرانه‌ بده‌ینه‌ ناو هه‌ناوى دوژمنه‌وه‌، له‌كاتێكدا دۆخى جوگرافیی ناوچه‌ى جه‌نگیمان هێشتاكه‌ به‌باشی نه‌ناسیبوو؟


دژوه‌ستانه‌وه‌م له‌لایه‌ك له‌به‌ر ئه‌مه‌ بوو، حه‌زم نه‌ده‌كرد له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌شداری بكه‌م و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌باره‌ى ئه‌و شوبهه‌ و گومانانه‌ بوو، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونم له‌ شه‌ڕه‌كان په‌یوه‌ست به‌ ڕیوشوێنه‌ سه‌ربازییه‌كان، ده‌هاته‌ زه‌ینمه‌وه‌. ئه‌میری ده‌سته‌كه‌مان وه‌ڵامێكى بێ سه‌روبنى دایه‌وه‌، كه‌ قه‌ناعه‌تپێكه‌ر نه‌بوو. گوتى كه‌سێك له‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌، كه‌ شاره‌زای ناوچه‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵمان ده‌بێت و له‌ ڕێڕه‌وه‌كه‌دا ڕینوێنیكه‌رمان ده‌بێت! زه‌وییه‌كانى ده‌وروبه‌رى فڕۆكه‌خانه‌ كراوه‌ و بێ به‌رگری بوون و هیچ كه‌مین و ته‌پۆڵكه‌یه‌كى تێدا نه‌بوو. ته‌نیا لە ده‌وروبه‌ریدا كۆمه‌ڵێك جۆگه‌ی ئاو به‌رچاو ده‌كه‌وتن. جووڵه‌ى شاراوه‌مان به‌ره‌و ناوچه‌یه‌ك، كه‌ ده‌گوترا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌وێدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ده‌ست پێ كرد. زۆر نزیكیان بووینه‌وه‌، به‌ شێوازێك، كه‌ هه‌ستمان ده‌كرد ئێستا وا له‌به‌رده‌میانداین.


به‌ مه‌وداى نزیكه‌ى دوو سه‌د مه‌ترى هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووریا گه‌یشتین، له‌ناكاو ته‌قه‌یه‌كى زۆر به‌ره‌و ڕوومان هات. ئێمه‌ له‌و ساته‌دا له‌ خاڵێك له‌نێوان كۆمه‌ڵێك دڕك و داڵدا بووین. ته‌قه‌ى زۆرى ئه‌وان له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ هه‌موو خاڵه‌كه‌مانى كردبووه‌ جه‌هه‌ننه‌م. فیشه‌كه‌كان به‌ شێوازێك به‌ره‌و ڕوومان ده‌هاتن، كه‌ تا ئێستاكه‌ شتى وام نه‌بینیبوو. له‌سه‌ر زه‌وى پاڵ كه‌وتین، ئه‌وانی تریش له‌سه‌ر ئه‌و دڕك و داڵانه‌ درێژ بوون. ده‌وروبه‌رمان زه‌ویى كشتوكاڵی بوو و ته‌نیا دڵخۆشیم ئه‌مه‌ بوو، كه‌ سه‌رم خستبووه‌ ناو شوێنێك، كه‌ كێڵدرابوو.


ڕێگاى گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بوو، بۆ چه‌ند ساتێك هه‌ستم كرد فڕۆكه‌خانه‌ى كویرس دواجه‌نگ ده‌بێت كه‌ له‌ ژیانمدا تیایدا به‌شداری ده‌كه‌م (هه‌ر لێره‌شدا ده‌كوژرێم و كۆتاییم پێ دێت)، كه‌سانێك كه‌ گوللە به‌ لایاندا گیڤاندبێتى، ده‌زانم چی ده‌ڵێم. ئه‌مه‌ ڤیزانه‌م له‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ هه‌ست پێ ده‌كرد. ئاراسته‌ى ئه‌م گیڤانه‌م ده‌زانى بۆ كوێوه‌ ده‌چوون. خودا ده‌زانێت چه‌نده‌ سه‌رم داچه‌ماندبووه‌ سه‌ر زه‌وی و خاكه‌وه‌. هه‌موومان له‌ناو ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌دا درێژ كه‌وتبووین و فیشه‌كه‌كان به‌سه‌رماندا ده‌بارین. زۆربه‌مان وامان هه‌ست ده‌كرد، له‌ كه‌مینێكى ئه‌واندا گیرمان خواردووه‌ و سه‌ربازانى حكوومه‌تى سووریا ئێمه‌یان پێشتر خستووه‌ته‌ ژێر زه‌ڕه‌بینه‌وه‌ و كه‌ نزیكیان بووینه‌وه‌، ته‌قە ده‌ست پێ بكه‌ن.


دیمه‌نه‌كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ بوو، كه‌ له‌نێو شاری یاریی له‌ منداڵیماندا بینیبوومان. ده‌تتوانی ڕووناكیى فیشه‌كه‌كه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ به‌ڕوونى ببینیت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ كۆتایی خه‌ت بۆ من بوو، به‌ڵام وا له‌ دۆخى گومڕابوونمدا خه‌ریك بوو كۆتاییم پێ ده‌هات. خه‌ریك بووم بۆ ده‌وڵه‌تێك ده‌جه‌نگام، كه‌ له‌ بیروڕاكانى ئه‌و گومان هه‌بوو! هه‌ستم ئه‌مجاره‌یان جیاواز له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌دا بوو، كه‌ له‌ ته‌دموور، یان كاتى گه‌مارۆیی ته‌لئه‌بیه‌زدا هه‌مبوو، جیاواز بوو. (ئه‌وكات وام هه‌ست ده‌كرد بكوژرێم شه‌هید ده‌بم، به‌ڵام ئێستا وام هه‌ست ده‌كرد به‌گومڕاییه‌وه‌ وا ده‌كوژرێم).


سه‌ربازانى سووری پازده‌ خوله‌كێك به‌بێ وه‌ستان ته‌قه‌یان به‌ ڕووماندا كرد. ئه‌م پازده‌ خوله‌كه‌ بۆمان به‌ ساڵێك ته‌واو بوو. پێده‌چێت شتێك كه‌ بووبووه‌ هۆی ڕزگاربوونمان، قه‌دی نه‌یجه‌زاره‌كان بوو، كه‌ له‌ چه‌ند مه‌ترێك له‌پێشمانه‌وه‌ بوو.


دوو شه‌ڕكه‌ری تر له‌پاڵ مندا بوون، ئه‌وان توانییان خۆیان به‌سه‌ر سنگه‌وه‌ به‌قه‌دى درێژى نه‌یجه‌زاره‌كان بگه‌یه‌نن. تا كه‌مێك پارێزراوتر بن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بۆ من كه‌مێك سه‌خت بوو و نه‌مده‌توانى به‌سه‌ر سنگه‌وه‌ بگه‌مه‌ ئه‌وێ. چه‌ند خوله‌كێك ده‌نگى ته‌قوتۆق نه‌ما. له‌پشتمه‌وه‌ ڕووبارۆکەیەک هەبوو، كاتێك هه‌ستام تا بچمه‌ ئه‌وێ و خۆم بپارێزم، ته‌قه‌كردن له‌ هه‌موولایه‌كه‌وه‌ به‌ڕوومدا هاته‌وه‌. دیار بوو به‌ دووربینى شه‌و چاودێرییان ده‌كردین. له‌نێو ڕووبارۆکەكه‌دا درێژ بوومه‌وه‌. دیسانه‌وه‌ ته‌قه‌كردن ده‌ستی پێ كرده‌وه‌. جگه‌ له‌ پاڕانه‌وه‌ و په‌نابردن به‌ خودا، هیچ كارێكم نه‌ده‌توانى بكه‌م.


پاش ماوه‌یه‌ك شه‌ڕكردن و خه‌ڵه‌تاندنیان و سه‌بر گرتنمان، توانیمان له‌ شوێن و جێگاى خۆمان به‌خێرایی هه‌ستینه‌وه‌ و له‌ شوێنى ژێر ته‌قه‌كردنى ئه‌واندا ده‌ربچین. زه‌وییه‌كانى قامیشی شه‌كر، كه‌ له‌ملاولای ڕێڕه‌وه‌كه‌دا بوو، وه‌ك پارێزوانى خۆمان داماننان و پاشه‌كشێمان كرد. خۆمان گه‌یانده‌وە هێڵه‌كانى خۆمان.


به‌دواى ئه‌میری هێزه‌كه‌ماندا گه‌ڕاین، تا له‌باره‌ى ئه‌و كه‌مینه‌ى گیرۆده‌ى بووبووین، ناڕه‌زایی ده‌ربڕین. ئه‌میری باره‌گا دیار نه‌مابوو. وه‌ڵامى فه‌رمانده‌كانى هێزه‌كه‌شمان قسه‌ى دووباره‌ زیاتر هیچ نه‌بوو. نابێت له‌باره‌ى فەرمانى فه‌رمانده‌كانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌یت.


شه‌وى دواتر ئه‌میری سه‌ربازی فەرمانی كرد، كه‌ جارێكی تر بۆ شكانى هێڵی پێشه‌وه‌ى دوژمن هێرش ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه‌. دیسانه‌وه‌ هه‌ستم به‌وه‌ كرده‌وه‌، چاره‌نووسێكى نادیار له‌ ده‌رگه‌مان ده‌داته‌وه‌. دیار بوو به‌ره‌و خۆكوژی هه‌نگاومان ده‌نایه‌وه‌. هیچ رێگه‌یه‌ك نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ى جێبه‌جێكه‌رى فەرمانه‌كه‌ بین. ڕێك وه‌ك شه‌وى ڕابردوو نه‌ پلانێك له‌كاردا بوو، نه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنى ناسینى جێگاكه‌ و شتانى هاوشێوه‌، كه‌ پێویست بوون له‌به‌رده‌ستماندا بن. گوتیان ده‌شتاییه‌كه‌ تێپه‌ڕێنن ده‌گه‌نه‌ سه‌ربازانى نەسڕانى (یان سه‌ربازانى سوپای سووریا) ئه‌مجاره‌ پێیان گوتینه‌وه‌، كه‌ چه‌كى قورس له‌پێشتانه‌وه‌ هاوكارتان ده‌بێت و زرێپۆشێكى مینڕێژكراویش له‌پێشتانه‌وه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌وێت.


به‌ره‌و ده‌شتاییه‌كه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووین، تا گه‌یشتینه‌ پرده‌كه‌، ئێمه‌ له‌ژێر پرده‌كه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتین و زرێپۆشه‌كانیش له‌سه‌ر پرده‌كه‌وه‌. چه‌ند ساتێك تێنه‌په‌ڕی، ده‌نگى ته‌قینه‌وه‌یه‌كى توند به‌رز بووه‌وه‌. به‌ مووشه‌كى دژه‌تانكى جۆری (AT-5) ڕووسی له‌ زریپۆشه‌كه‌مانیان دا و ته‌قاندییانه‌وه‌. له‌ توندیى ته‌قینه‌وه‌كه‌ وه‌خت بوو به‌ته‌واوه‌تى كه‌ڕ ببین و تا چه‌ند خوله‌كێك هیچمان نه‌ده‌بیست. له‌ دوخێكى ئاڵۆز و ناخۆشدا گیر كه‌وتبووین، له‌لایه‌ك بۆمبارانكردنى چه‌كه‌ قورسه‌كانى خۆمان و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌و فیشه‌كانه‌ى له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌ ڕووماندا ده‌هاتن.


وه‌ك ڕۆژی قیامه‌ت ده‌هاته‌ به‌رچاوم، هه‌ردوولا جۆره‌ها چه‌كیان به‌كار ده‌هێنا. فیشه‌كه‌كان كه‌ به‌ ڕووى ئێمه‌دا ده‌هاتن. هه‌م له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى كویرس بوو و هه‌م له‌لایه‌ن هێزه‌كانى سووریاوه‌، كه‌ ده‌یانویست ڕێگایه‌ك بۆ چوونه‌ ناوه‌وه‌ى بكه‌نه‌وه‌.


جارێكی تر له‌ گۆشه‌یه‌كى ئه‌و بیابانه‌دا بیری شكستى كۆبانى و كوژرانى چوار هه‌زار شه‌ڕكه‌ر و له‌ده‌ستدانى بێجى و ئه‌و كوشتارگەیەم‌ كەو‌ته‌وه كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت به‌سه‌دان كه‌سی تیادا له‌ده‌ست دا. بیری كه‌ركووك و ته‌لئه‌بیه‌ز كه‌وتمه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ئه‌وانى له‌ده‌ست دابوو و سه‌ربازانى له‌و جێگایانه‌ كردبووه‌ دارده‌ستى جه‌نگ و كردبوونى به‌ سووته‌مه‌نیى ئه‌و جه‌نگانه‌.


له‌و تاریكییه‌ى ده‌شته‌كه‌دا ڕاكشابووم و ڕووناكیى فیشه‌كه‌كان و بۆمبه‌كانم له‌ده‌وربه‌رى خۆمدا ده‌بینى. نه‌مانده‌توانى به‌ره‌و دوژمن به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچین، ته‌قه‌كردن به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ى ئێمه‌ی لێ بووین، به‌رده‌وام بوو، له‌ هه‌مان كاتدا گولله‌ ڕووناككه‌ره‌وه‌كانیش شوێنى ئاماده‌بوونمانى ڕووناك و ئاشکرا ده‌كرد.


فڕۆكه‌كانیش ده‌ستیان به‌ بۆمبارانكردن كرد و ته‌قه‌كردن به‌ ڕووماندا له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ توندتر بوو. سه‌رماى ڕیفى حه‌له‌بیش جه‌هه‌نه‌مێكى دروست كردبوو.


به‌ هه‌رحاڵ، هه‌موومان پێكه‌وه‌ بڕیارمان دا پاشه‌كشێ بكه‌ین و بۆ هێڵی سه‌ره‌تاى خۆمان بگه‌ڕێینه‌وه‌. كاتێك گه‌ڕاینه‌وه‌، هیچ ئاسه‌وارێك له‌ شوێنه‌كه‌مان نه‌مابوو. بۆمبارانه‌كان ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كردبووه‌ شوێنێك، كه‌ به‌س بۆ بیره‌وه‌ریى ده‌شێت بیگێڕیته‌وه‌. چووینه‌وه‌ بۆ لای ئه‌میری سه‌ربازیمان و ده‌ستمان به‌ ڕه‌خنه‌گرتن كرد، كه‌ بۆچی ئێمه‌تان خستووەته‌ نێو ژیانێك، كه‌ ئه‌گه‌رى كوشتنمان هه‌ر ساتێك له‌ چاوه‌ڕوانیماندا بوو.


پاش دوو هه‌وڵدان بۆ وه‌ستانى پێشڕه‌وییه‌كانى حكوومه‌تى سووریا به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ى كویرس، شه‌وی سێیه‌م فەرمانمان پێ گه‌یشت، ڕووگه‌ى هێرشه‌كه‌ بگۆڕن و به‌ره‌و شاری ئەلسەفیره‌، كه‌ خاڵى پشتیوانیكردنى هێزه‌ پێشڕه‌وی كردووه‌كان به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ى كویرس بوو، هێرش ببه‌ینه‌وه‌.


له‌ دووره‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌ شاره‌كه‌ كرد و گوتیان (بسم الله‌!) له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى پێشڕه‌ویكردنمان ته‌قه‌كردن به‌ ڕووماندا ده‌ستى پێ كرد. فەرمانیان كرد كه‌ له‌و ده‌شته‌ خاكوخوڵییه‌دا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچین. ته‌قه‌كردن به‌ ڕووماندا خۆ وه‌ستانى نه‌بوو. ئه‌مه‌ سێیه‌م جار بوو بۆ جێگایه‌ك ده‌ڕۆیشتین، كه‌ سه‌ربازانى حكوومه‌تى سووریا وریایانه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیماندا بوون. بۆ جاری سێیه‌م ناچار بووین پاشه‌كشێ بكه‌ین و بۆ باره‌گاكانى خۆمان بگه‌ڕێینه‌وه‌.


له‌و سێ هێرشه‌دا كه‌ هه‌ر سیانیان پاشه‌كشێى به‌دوادا بوو، زۆر له‌ هێزه‌كانمان كوژران و بریندار بوون. له‌گه‌ڵ ئاگاداربوونه‌وه‌ى ئه‌میری سه‌ربازیى ناوچه‌كه‌ له‌ پاشه‌كشێكردنمان، فەرمانی به‌ ئه‌میری ده‌سته‌كه‌مان كرده‌وه‌، دیسانه‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانى هێزه‌كه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌!


به‌پێى پێكهاته‌ى سه‌ربازیى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، هه‌موو ئه‌میری ده‌سته‌كان ده‌بێت گوێڕایه‌ڵى فەرمانى ئه‌میری سه‌ربازیى ناوچه‌كه‌ بن.


ئێستا فەرمان كرابوو دیسانه‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانى جه‌نگ بگه‌ڕێینه‌وه‌. ئه‌مجاره‌ ئاماده‌ نه‌بووم بۆ گۆڕه‌پانى جه‌نگ بگه‌ڕێمه‌وه‌. ئاماده‌ نه‌بووم له‌ زه‌وی و ده‌شتاییه‌كى پان و به‌رینى بێ به‌رگریدا، دیسانه‌وه‌ بۆی بگه‌ڕێمه‌وه‌. به‌ ئه‌میره‌كه‌م گوت، به‌هۆی كه‌وتنم له‌ نشێوێكدا، پێم ئازارێكى زۆری پێ گه‌یشتووه‌ و ناتوانم به‌خێرایی ڕێ بكه‌م.


هه‌موو هێزه‌كه‌مان بۆ گۆڕه‌پانى شه‌ڕ گه‌ڕانه‌وه‌، تا به‌رده‌م و جڵه‌وى پێشڕه‌ویى هێزه‌كانى سووریا بگرن، به‌ڵام به‌هۆی په‌ستانى زۆر و فشارى هێزه‌كانى سووریا بۆ گه‌یشتن به‌ سووریا، نه‌یانتوانى هیچ بكه‌ن و شكستیان خوارد. هێزه‌كانى سووریا به‌ ئاگری قورس و به‌ یارمه‌تیى ژماریەه‌ك له‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌كانى حزبوڵاى لوبنان، له‌ ئه‌نجامدا توانییان گه‌مارۆی دوو ساڵه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌ربازیى كویرس له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌ بشكێنن و به‌ده‌ستى بێننه‌وه‌.