قسه‌کردنی مەسرور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ منداڵانی کوردستان لە سەروبەندی رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نویی خویند، خاوه‌نی قورساییه‌کی مۆڕاڵیی نیشتمانیی بوو. ئه‌م قسه‌کردنه ته‌نیا بۆ منداڵانی یه‌ک پۆل بووه، لێ له ڕێگای میدیاوه، ئه‌م قسه‌کردنه گوێزرایه‌وه بۆ کۆی گشتیی هه‌موو منداڵانی تر له باشووری کوردستاندا، که کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر نەستی منداڵانی تر هه‌یه و ده‌بێته به‌شێک له ناوه‌ڕۆکه‌کانی نەستی تاک له ئاینده‌دا. به یه‌ك دوو ڕۆژ دوای دانانی په‌یکه‌ری گاندی له هه‌ولێری پایته‌خت، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکی حکوومه‌ت، پراکتیزه‌ی دیدێکی گاندی ده‌کات، که جێگای خۆشحاڵییه‌کی گه‌وره‌یه، چونکه ناوهڕۆك و مه‌به‌ستی وته‌کانی مه‌سرور بارزانی، ڕزگارکردنی ئایندهی نیشتمانی کوردانه، که وا له‌ناو ده‌ستی نه‌وه‌کانی ئاینده‌دا، نه‌وه‌کانی ئاینده‌ش پێویستیان به ده‌ستگرتن و ڕێنماییکردنی ئێمه‌یه، ڕێنماییه‌ک، که دووریان بخاته‌وه له هه‌موو جۆره ڕق و کینه و توندوتیژییه‌ک به‌رامبه‌ر به یه‌کتر، ڕێنماییه‌ک، که نزیکیان بخاته‌وه له خۆشویستنی یه‌کتری و نیشتمان. هیچ شتێک بۆ من له‌م په‌یامه جوانتر و دڵخۆشکه‌رتر نه‌بوو، چونکه ئاینده‌یه‌کی تێدا ده‌بینم، که هه‌موومان پێکه‌وه کۆده‌بینه‌وه و یه‌کترمان خۆش ده‌وێت، وه‌ک کورد ئه‌گه‌ر ئیسلامین، ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شتین، ئەگەر ئێزدین، ئەگەر کاکەیین، ئه‌گه‌ر کریستیانین، ئه‌گه‌ر یه‌هوودین، ئه‌گه‌ر بێ ئایینین، ئه‌وا یه‌کترمان خۆش ده‌وێت و یه‌کتر ده‌پارێزین. وه‌ک کورد ئه‌گه‌ر پارتی دیموکراتین، ئه‌گه‌ر یه‌کێتیین، ئه‌گه‌ر گۆڕانین، سۆسیالیستین یان کۆمۆنیست، ئه‌وا یه‌کترمان خۆش ده‌وێت و چ یه‌کتری و چ کوردستانیش ده‌پارێزین. مه‌سرور بارزانی، به جێگاپێی باوکی‌دا ده‌ڕوات، چونکه ئازادیی ده‌وێت، هه‌ر بۆیه له منداڵانه‌وه ده‌ست پێده‌کات، منداڵان ده‌پارێزێت له لێکه‌وتنه‌وه‌ی ڕق و کینه، که هۆکاری لێکترازانمانه. مه‌سرور بارزانی له منداڵانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، له‌کاتێکدا هه‌موومان سه‌رقاڵی یه‌کتری و گه‌وره‌کانین و که‌س بیر له منداڵان ناکاته‌وه. هه‌موومان له ماڵه‌وه منداڵان بۆ سیستێمێک په‌روه‌رده ده‌که‌ین، بۆ ئایدیاکی ئایینی یان پارتێک، هه‌ر بۆیه هه‌ر له هه‌رزه‌ییه‌وه منداڵان ئاوتۆماتیک ئیسلامیین، یه‌کێتیین، دیموکراتن، گۆڕانن ...هتد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه منداڵان بۆ خۆشه‌ویستیی یه‌کتری و پاراستنی کوردستان په‌روه‌رده بکه‌ین، ئه‌وا هیچ که‌لێنێکی ئایدیۆلۆژی ناتوانێت لێکمان بترازێنێت. دواجار ئه‌وه‌ی له کوردستاندا ده‌ژی، وه‌ک کوردستانییه‌ک، ئه‌گه‌ر کورده، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌به، ئه‌گه‌ر تورکمانه، ئه‌گه‌ر کریسته، ئه‌گه‌ر یه‌هووده، ئه‌گه‌ر ئیسلامه، ئه‌گه‌ر بێ ئایینه، ئه‌وا له ده‌وری مێزێک، وه‌ک خوشک و برا کۆ ده‌بنه‌وه. ئه‌م ئاینده‌یه ده‌بێته ڕیالیتێتی کورد، ئه‌گه‌ر بێتوو له ئێستا و ئالێره‌دا منداڵانمان بپارێزین و به خۆشویستنی یه‌کتری و نیشتمان په‌روه‌رده‌یان بکه‌ین.
به ئومێدی ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستپێکه‌ی مه‌سرور بارزانی، بکرێته مۆدێلێکی نیشتمانی و له هه‌موو شوێنێکی کوردستاندا پراکتیزه بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کانمان ئاماده بکه‌ین بۆ ڕزگارکردنی ئاینده‌مان و به‌ده‌ستهێنانی خه‌ونی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی، به‌ڵام ئه‌م خه‌ونه نابێته ڕیالیتێت، ئه‌گه‌ر بێتوو هه‌موو پێکه‌وه خاوه‌نی هه‌مان ویست نه‌بین. که‌لێن هه‌تاوه‌کوو ئێستا کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه، که‌لێن هۆکاره بۆ پێکه‌وه کانهکردنمان، که‌لێن له هه‌موو کات و شوێنێکماندا بوونی هه‌یه، ته‌نانه‌ت له 25.09.2019دا له هۆڵی په‌رله‌ماندا بوونی هه‌بوو، یادێکی ساردی ڕیفراندۆم به‌بێ هه‌بوونی سروودی نه‌ته‌وه‌یی، که جه‌لال په‌رێشانی به ڕه‌خنه‌وه هێنایه گۆ و داوای گوتنه‌وه‌ی سروودی نه‌ته‌وه‌یی کرد، لێ به‌دوایدا ته‌نیا نزیکه‌ی چل بۆ چل و پێنج ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ڵده‌ستنه سه‌ر پێ بۆ گوتنه‌وه‌ی سرووده‌که. سرووده‌که کۆپله‌یه‌کی کورتی ده‌گوترێته‌وه و کۆتایی پێدێت، ده‌شێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی سرووده‌که‌یان له‌به‌ر بووبێت.
سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، سروودێکی نه‌ته‌وه‌یی کورده، که پێویسته به هه‌ستێکی قووڵی پاتریۆتانهوه بگوترێته‌وه، نه‌ک به شه‌رم و ترس و دڵه‌ڕاوکێوه، پێویسته به ده‌نگێک بگوترێته‌وه، که مووی له‌شی گوێگر بله‌رێنێته‌وه، چونکه ئه‌م سرووده بیرمان ده‌خاته‌وه، که ئێمه له‌پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا چه‌ند زۆرداریمان به‌رامبه‌ر کراوه، چه‌ند خوێنمان بۆ ئازادی ڕشتووه. کاتێک سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌چڕین، بیری شه‌هیده‌کانمان ده‌که‌وێته‌وه، که خوشک و برامانن، دایک و باوکمانن، که‌سوکار و هاوڕێکانمانن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچی به‌شێک له ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره‌کان نه ئاماده‌ن سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب بڵێنه‌وه و نه ئاماده‌شن هه‌ڵبستنه سه‌ر پێ؟ ئاخۆ په‌رله‌مانی کوردستان، په‌رله‌مانی عێراقه، هه‌تاوه‌کوو سروودی نه‌ته‌وه‌یی کوردی تێدا قه‌ده‌غه بێت؟ پێش چه‌ندین ساڵ، مه‌لا عه‌لی باپیر، له کاتی پێشکه‌شکردنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبدا له جێگای خۆی بڵند نهبووەوه، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆری هاووڵاتییان و میدیاکان، لێ هه‌نووکه به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره‌کان هاوشێوه‌ی مه‌لا عه‌لی له جێگای خۆیان ناجووڵێن، لێ که‌س ده‌نگی لێوه نایه‌ت، ده‌نگ له به‌رده‌وه دێت، له میدیای کوردییه‌وه نایه‌ت.
کاراکته‌ری مرۆڤێکی گه‌ییو و به‌رهه‌می گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵییه‌تی، منداڵان له سه‌ره‌تای له‌دایکبوونیانه‌وه به قۆناغێکی سه‌ختی ده‌روونییدا تێده‌په‌ڕن، که دواجار ده‌بن به‌وه‌ی، که هه‌ن. دایک و باوکان ڕۆڵی سه‌ره‌کی له‌م گه‌شه ده‌روونییه‌دا ده‌بین، لەده‌ره‌وه‌ی ئه‌واندا، که‌سوکار، باخچه‌ی ساوایان، قوتابخانه سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندییه‌کان. دواجار کاراکته‌رێکی ته‌ندروست ده‌بێته خاوه‌نی کرده و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی مۆڕاڵانه و باشه‌ی له خزمه‌تی کۆی گشتیی مرۆڤایه‌تییدا ده‌بێت، نه‌ک به ته‌نیا خۆی یاخود گرۆیه‌ک. کاراکته‌رێک که خاوه‌نی ڕێزه، ڕێز له خۆی و له به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌گرێت، ڕێز هاووڵاتییان و نیشتمانه‌که‌ی ده‌گرێت.
نیشتمانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و گه‌لێکی به‌خته‌وه‌رت ده‌وێت؟ ئه‌وا له منداڵه‌که‌ی خۆته‌وه ده‌ست پێ بکه، ڕێزی بگره، به‌خته‌وه‌ری بکه و ئازادی بکه. ڕێز له منداڵانی تر بگره له ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر مامۆستایت، پۆلیسیت، کرێکاریت، سیاسییت، دکتۆریت یان هه‌رچ شتێکی تر، ڕێزی منداڵان بگره و فێریان بکه یه‌کتر و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ئاینده‌دا ئه‌گه‌ر بوونه ئه‌ندام په‌رله‌مان، ئه‌وا ده‌ستخۆشی له ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره‌کان بکات، نه‌ک پێیان بڵێت، ده‌ک خوا ده‌وامی عومرتان نه‌دات.
هه‌موو بوونه‌وه‌رێک، هه‌موو تاکێک خاوه‌نی کاراکته‌ری خۆیه‌تی، ماسییه‌ک مه‌له ده‌کات و باڵنده‌یه‌کیش ده‌فڕێت. تاکێکی ڕزگارییخواز و ئازاد، ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت، نیشتمانی خۆی خۆش ده‌وێت، ڕێز له هاووڵاتییانی ده‌گرێت. تاکێکی تریش ژێرده‌ستیی ده‌وێت، مووچه‌ی به‌غدای ده‌وێت و بێڕێزی به هاووڵاتییانی ده‌کات. بهغدایێک، که مووچه‌ی هه‌رێم له پاره‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان خۆی ده‌دات، له پاره‌ی داهاتی هه‌رێم خۆی ده‌دات.