گاندی لە هەولێر

 

ڕۆژی حه‌ڤده‌ی سێپتێمبه‌ر، له هه‌ولێر په‌رده له‌سه‌ر په‌یکه‌ری ماهاتما گاندی لادرا. دانانی ئه‌م په‌یکه‌ره، کوردستان و هیندستان به پردێکی ڕۆحی پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. هیندستان بیری له گاندی کردووەته‌وه، وه‌ک هێمایه‌ک بۆ ئارامی و قووڵبوونه‌وه، وه‌ک هێمایه‌ک بۆ دانبه‌خۆداگرتن، وه‌ک هێمایه‌ک بۆ هیوا، وه‌ک هێمایه‌ک بۆ ئه‌قڵ و لۆگیک، بۆ کوردستانی بنێرێت. گاندی پێی وایه که سیاسه‌تکردن په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵی ڕۆحیی به تاکه‌وه هه‌یه، واتا سیاسه‌تکاری ڕاسته‌قینه، مرۆڤێکی ڕۆحیی و سپیریتوێله. به‌و پێیه‌ی گاندی خۆی چه‌وساندنه‌وه و ژێرده‌ستیی دیوه و خۆی سیاسه‌تکار بووه، ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ زۆردارییدا کۆکردووەته‌وه، هه‌ر بۆیه ده‌ڵێ، سه‌ره‌تا ئیگنۆڕت ده‌که‌ن، پاشان پێت پێده‌که‌نن، پاشان شه‌ڕ دژت به‌رپا ده‌که‌ن، لێ له‌دواییدا تۆ ده‌یبه‌یته‌وه. ئێستا و ئالێره‌دا و له‌م کاته‌دا، که هیندستان په‌یکه‌ری گاندی له هه‌ولێر داده‌نێت، واتایه‌کی گه‌وره و ڕۆحیی بۆ کورد هه‌یه، وه‌ک به‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ک، که کورد ڕۆژێک دێت به تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادی به ئامانج ده‌گات. چ خۆشبه‌ختییه‌که، که ئه‌م په‌یکه‌ره له هه‌ولێر دانراوه، نه‌ک له شوێنێکی تری کوردستان. هه‌ولێر وه‌ک سیمبوڵی بڵندکردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردستان.


چ به‌خته‌وه‌رییه‌که، که په‌یکه‌ری گاندی له هه‌ولێردا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی هیندستانه‌وه داده‌نرێت، نه‌ک کورد خۆی په‌یکه‌ره‌که دروست بکات. به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی، که تاکی کورد به هه‌مان قووڵیی ڕۆحییه‌وه له دانانی ئه‌و په‌یکه‌ره تێبگه‌ن، نه‌ک وه‌ک بێگانه‌په‌رستی پێناسی بکه‌ن. گاندی وێڕای ئه‌وه‌ی باوکی ڕۆحیی نه‌ته‌وه‌ی هینده، لێ هه‌مان کاتیش هاووڵاتییه‌کی جیهانه و خاوه‌نی چه‌ق و قورساییه‌کی ڕۆحیی گه‌وره‌یه له جیهاندا، به وێنه‌ی بوودا، به وێنه‌ی ئۆشۆ.


به‌هیوام په‌یکه‌ری گاندی له هه‌ولێردا، هانمان بدات، که قووڵتر بیر له لۆگیک و ده‌سته‌ڵات بکه‌ینه‌وه، چونکه دواجار ته‌نیا لۆگیک چ لێکمان نزیک ده‌کاته‌وه وه‌ک نه‌ته‌وه و چ ده‌شمان گه‌یه‌نێت به ده‌سته‌ڵات. پێویسته له‌سه‌ر هه‌موومان یه‌ک به یه‌ک، لۆگیکانه بیر بکه‌ینه‌وه و به ڕۆح یه‌کتر و خاک و ئاو و نیششمان و ئازادیی خۆمان خۆشبوێت. باوه‌ڕکردن به ئازادی، بناغه‌یه‌کی پته‌و و به‌هێزی ڕۆحییه، چونکه هه‌ستکردن به ئازادنه‌بوون، هۆکاری لێکه‌وتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ڕۆحی و ده‌روونییه، له‌وانه بۆ نموونه، باوه‌ڕنه‌بوون به خود و هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانین. مرۆڤی کورد پێویسته قووڵ باوه‌ڕی هه‌بێت، باوه‌ڕ به ئازادی، باوه‌ڕ به سه‌ربه‌خۆبوون و هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی، چونکه باوه‌ڕ ڕێگایه، ڕێگایه‌ک، که ده‌تگه‌یه‌نێت به ئازادی. مرۆڤی کورد پێویسته گوێ به‌وه‌ نه‌دا، که به‌شێک له تاکی کورد هاوشێوه‌ی دوژمنان گاڵته و پێکه‌نینیان به ئازادیی کورد و ده‌وڵه‌تی کوردستان دێت، چونکه ئێمه‌ی کورد پێویسته باشتر بزانین، که هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی مه‌‌حاڵ نییه و ئێمه‌ی کورد شیاوی ئه‌وه‌ین، که ده‌وڵه‌تێکمان هه‌بێت، گاندی هاتووەته هه‌ولێر هه‌تاوه‌کوو پێمان بڵێت، که باوه‌ڕێکی به‌هێزمان به خۆمان هه‌بێت، بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردستان تێبکۆشین، نه‌ک بۆ مووچه.


دوو ساڵ دوای ڕیفراندۆم، گاندی دێته هه‌ولێر و گه‌وره سیاسییه‌کانی عێراق له هه‌ولێرن، له‌گه‌ل گه‌وره سیاسییه‌ کورده‌کاندا گفتوگۆ له‌سه‌ر مووچه ده‌که‌ن. دوو ساڵ دوای ڕیفراندۆم، گاندی دێته هه‌ولێر و پێمان ده‌ڵێت: ئاخۆ ئێمه‌ی کورد چیمان ده‌وێت؟ مووچه یان ئازادی و ده‌‌وڵه‌ت؟


باوه‌ڕبوون و بیرکردنه‌وه‌ نه‌ک به ته‌نیا کلیل، به‌ڵکوو دروستکه‌ری ڕیالیتێتیشه. من هیچ دیارییه‌ک بۆ کوردستان له په‌یکه‌ره‌که‌ی گاندی به جوانتر و به‌نرختر نازانم. په‌یکه‌رێکی وه‌ها، به‌های سه‌دان به‌ڵێنی گه‌وره‌ی وڵاتانی تری هه‌یه، که ده‌یده‌ن به کورد و نایبه‌نه‌ سه‌ر. ئه‌گه‌ر گاندی له سه‌رده‌می ڕیفراندۆمدا له کوردستان بوایه، ئه‌وا لەپێشی پێشه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه به‌ره‌و سه‌به‌رخۆیی کوردستان خۆپیشاندانی ده‌کرد. ئه‌گه‌ر گاندی له کوردستان بوایه، ڕووی تێده‌کردین و ده‌یگوت، به‌شێک له کورد به سیاسی و نووسه‌ر و ڕۆشنبیره‌وه نائاگان، هه‌ر بۆیه پێویسته منداڵانمان بپارێزین، هه‌تاوه‌کوو به‌لاڕێدا نه‌برێن. ئه‌گه‌ر کورد ئازادی و ده‌وڵه‌تی ده‌وێت، ئه‌وا پێویسته سه‌ره‌تا له منداڵه‌کانیانه‌وه ده‌ست به دانانی به‌ردی بناغه‌ی باوه‌‌ڕ و بیرکردنه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤ بکه‌ن.


ده‌یان سه‌ده‌ی مێژووی کورد لێوانلێوه له لێکترازاندنی یه‌کتری، ده‌یان سه‌ده‌ی مێژووی کورد لێوانلێوه له هه‌وڵی سیاسی و پیاوه ئایینییه‌کان بۆ لێکترازاندنی یه‌کتری. دوژمنان کورد له یه‌کتری ده‌ترازێنن، هه‌تاوه‌کوو ڕێگا له‌وه بگرن که ژیانێک له ئازادی و به‌خته‌وه‌رییدا به‌رنه ‌سه‌ر. ئه‌گه‌ر کورد له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا له‌ یه‌کتری بترازێنرێن، ئه‌وا نادڵنیا ده‌بن، خه‌مبار ده‌بن، ته‌نیا ده‌بن و ئاسانتر بریندار ده‌بن، ته‌نیایی و برینداربوونیشیان ده‌یانکات به دوژمنی یه‌کتری و نامۆ به یه‌کتری، ئاخر ئه‌وه‌تانێ ئێستاش خه‌ڵکانێک هه‌ن، که هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، کورد له باشووردا وه‌ک سه‌رده‌مانی پێشوو له‌ یه‌کتری بترازێنرێن، ته‌نیا بن و خه‌مبار بن و ببنه دوژمنی یه‌کتر، وه‌ک ساڵانی شه‌سته‌کان، حه‌فتاکان، هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کان. به‌ڵام گاندی دێته هه‌ولێر و هیوایه‌کمان له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ دێنێت، بۆ خۆشویستنی یه‌کتری و له‌یه‌کتری نزیکبوونه‌وه، چونکه ده‌زانێت، که پێکه‌وه، هیچ هێزێک نییه بتوانێت بمانشکێنێت. هه‌ر یه‌که‌مان هه‌ڵده‌ستین و پێشنیاری ڕێگایه‌ک ده‌که‌ین بۆ ئاشتی و ئاوه‌دانی، ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، خۆشه‌ویستی و پێکه‌وەژیان، لێ گاندی دێته هه‌ولێر و پێمان ده‌ڵێ، که هیچ ڕێگایه‌ک نییه بۆ گه‌یشتن بەمانه، چونکه هه‌موو ئه‌مانه خۆیان ڕێگان. باس له ئاشتی و ئاوه‌دانی ده‌که‌ین، پێویسته پراکتیزه‌ی بکه‌ین و بیکه‌ینه ژیانی ڕۆژانه‌مان، نه‌ک به‌دوای ڕێگایه‌کدا بگه‌ڕێین بۆ گه‌یشتن به ئاشتی و ئاوه‌دانی. باس له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ین، ئه‌وا پێویسته هه‌موو پێکه‌وه پراکتیزه‌ی بکه‌ین و بیکه‌ینه ژیانی ڕۆژانه‌مان، که ئازادی و سه‌ربه‌خۆییشمان کرده ڕێگا، چیتر کارمان به به‌غدا نییه، پێویستمان به مووچه‌ی به‌غدا نییه، پێویستمان به‌وه نییه ململانێی یه‌ک بکه‌ین، هه‌تا ببینه سه‌رکۆماری عێراقێکی خوێناوی، پێویستمان به‌وه نییه، که ببینه ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق، وه‌زیرێک له ده‌وڵه‌تی عێراقدا ...هتد، چونکه ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ڕێگامانه، که ده‌مانگه‌یه‌نێت به ده‌وڵه‌تی کوردی. ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، ڕیفراندۆمی پێ کردین، چونکه ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕێگایه، ڕێگا بۆ ئازادبوون و سه‌ربه‌خۆبوون، به‌ڵام به‌شێک له کورد لێی تێنه‌گه‌یشتن، چونکه له ئاگایی و نائاگاییدا هێشتا به‌شێکن له پیلانێکی ده‌ره‌کی، که کورد لێک ده‌ترازێنێت.


به‌شێک له کورد باسی ترسیان بۆ ده‌کردین، ترسی له‌ناوچوونمان، هێرشکردنه سه‌رمان ...هتد. لێ گاندی دێته هه‌ولێر و پێمان ده‌ڵێ، یه‌کترتان خۆشبوێت و مه‌ترسن له‌وه‌ی که له یه‌ک نزیک ببنه‌وه و یه‌کترتان خۆشبوێت، به‌ڵکوو بترسن له ترس، خۆشویستنی یه‌کتری له یه‌کتریتان نزیک ده‌کاته‌وه، به‌هێزتان ده‌کات و هیواتان ده‌داتێ، لێ ترس، ترس ئیفلیجتان ده‌کات، کوێرتان ده‌کات و ژه‌هراویتان ده‌کات. گاندی دێته هه‌ولێر و پێمان ده‌ڵێ، ئازادی ڕاستییه، هه‌موو تاکێکیش پێویسته سه‌ره‌تا به ته‌نیا خۆی پێی بگات، ئینجا له کۆدا وه‌ک تاکێک ببێته هه‌موو، له هه‌موودا ئه‌‌گه‌ر تاک خۆی ئازادی نه‌کردبێت به ڕێگا بۆ گه‌یشتن به ڕاستی، ئه‌وا له کۆدا ناتوانێت به‌شێک بێت له ئازادی بۆ گه‌یشتن به ڕاستی. ڕاستییش لێره‌دا گه‌یشتنه به سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاره‌کی، گه‌یشتنه به ده‌وڵه‌تێکی کوردیی وه‌ک ڕیالیتێتێکی نوێی کورد.


ئه‌وانه‌ی له ڕیفراندۆمدا به‌شدار بوون و به‌شێک نه‌‌بوون له ئازادی بۆ گه‌یشتن به ڕاستی، نه‌ توانییان له‌و کۆ گه‌وره‌ییه‌ی جه‌ماوه‌ردا ڕاستی بدۆزنه‌وه، نه‌ توانیشیان له کاره‌ساتی شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ری دوو هه‌زار و حه‌ڤده‌دا، خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن. ئازادی و ڕاستی، دوو دیوی خۆشه‌ویستیین، ئه‌وه‌شی خۆشه‌ویستی ده‌کات کێوییه و نه‌ترسه. خۆشه‌ویستیی نیشتمان خۆشه‌ویستییه‌کی کێوییه و نه‌ترسه، که‌چی به‌شێک له کورد ترس ده‌که‌نه خۆراکی هاووڵاتییان و پیشانیان ده‌ده‌ن، که دوژمنانیان له برساندا وشکیان ده‌که‌‌نه‌وه، سنووره‌کانیان له‌سه‌ر داده‌خه‌ن، فڕینیان لێ قه‌ده‌غه ده‌که‌ن، به‌غدا نان و مووچه‌یان ده‌بڕێ. به‌ڵام گاندی دێته هه‌ولێر و پێمان ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی نیشتمانی خۆی خۆش ده‌وێت، ده‌زانێت، که پێویستی به خواردنه بۆ ژیان، نه‌ک ژیان بۆ خواردن.