گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا

 

لە مێژووی سەد ساڵەی دروستبوونی عێراق، دوای خستنەسەری كوردستانی باشوور بۆ سەر عێراق بەبێ ویستی خۆی، ھەمیشە كورد شۆڕشی بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی كردووە، ئەوەی كورد بەردەوام جەحتی لێ كردووەتەوە، كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بووە لەگەڵ حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكانی لە رێگەی دیالۆگەوە، ھەر لە سەردەمی شێخ ئەحمەد و شۆڕشەكانی یەكەم و دووەمی بارزانەوە، ھیچ كاتێك سەركردایەتیی شۆڕشی كوردستان دەستپێشخەرییەكانی گفتوگۆی رەت نەكردوونەتەوە، بگرە لە ساتەوەختەكانی سەركەوتنیشدا، ھەمیشە دەرگای بۆ گفتوگۆ و گەنگەشەكردن كراوە بووە.


لەدوای كودەتای تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن (عەبدولكەریم قاسم)، ویستی چارەسەری كێشەی كوردی ھەبوو لە عێراق و ڕێك دوای كودەتا، داوای گەڕانەوەی بارزانیی كرد لە سۆڤیەت، بێ دوودڵی بارزانیی باوك بەدەم داواكەیەوە ھات و گەڕایەوە عێراق، هەروەها ھەموو ھەنگاوێكی پۆزەتیڤانەی نا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، بەڵام لە كۆتاییدا نیەتی ڕاستەقینەی حکوومە دەركەوت كە نایەوێت چارەسەری كێشەكان بكات، بۆیە لە ساڵی ١٩٦١ بەغدای بەجێ ھێشت و سەركردایەتیی گەورەترین شۆڕشی لە مێژووی كوردستانی باشووردا كرد و تۆزقاڵێك سازشی لەسەر داوا ڕەواكانی میللەتەكەی نەكرد.


لە سەروبەندی كودەتای یەكەمی بەعس لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن بەعسییەكانەوە، گفتوگۆ دەستی پێ كردەوە و بەڵێنی دابینكردنی گشت مافەكانی گەلی كورد بە سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول درا، وەلێ زۆری نەخایاند، لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩٦٣ (عەبدولسەلام عارف) كودەتای كرد و لە ساڵی ١٩٦٤ حكوومەتی عێراق ئامادەیی پیشان دا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بارزانیی باوكیش پێشوازیی لەو بڕیارە كرد و دەست كرا بە گفتوگۆ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا، ھیچ ھەنگاوێكی پێویست نەنرا، بۆیە بێ ھیچ دوودڵییەك ئامادەسازیی تەواو كرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەكانی حكوومەتی عێراق، كە لە ساڵی ١٩٦٥ شەڕ دەستی پێ كردەوە، دوای مردنی لەناكاوی سەركۆمار و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولڕەحمانی برا بچووك، دووبارە لە ساڵی ١٩٦٦ گفتوگۆكان دەستیان پێ كردەوە، بەڵام زۆری نەخایاند و كودەتای دووەمی بەعس دەستی پێ كرد.


پاش كودەتای دووەمی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ و كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن (ئەحمەد حەسن بەكر) و جێگرەكەی (سەدام حوسێن)، ئامادەیی چارەسەركردنی كێشەی كوردیان ھەبوو، بۆیە سەركردایەتیی شۆڕش دووبارە بەدەم ئەو بانگەوازە ئاشتیخوازانەوە چوو، ئەوە بوو ڕێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی لێ كەوتەوە، بەڵام كاتێك دەسەڵاتدارانی بەغدا تاكلایەنانە یاسای ئۆتۆنۆمیی ساڵی ١٩٧٤ی ڕاگەیاند و مافەكانی گەلی كوردی پشتگوێ خستبوو، سەركردایەتیی شۆڕش دووبارە ئامادەسازیی بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش كرد.


لەدوای ٢٠٠٣ و رووخاندنی رژێمی بەعس، دووبارە سەركردایەتیی كورد بە ھەموو ھێزێكەوە ڕووی كردەوە بەغدا و ھەموو ھەوڵێكی خستە كار بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێی دیموكراسی و بەشداریی كرد لە ئەكتیڤكردنەوەی دامەزراوە یاساییەكانی عێراق و پاراستنی ئارامیی ناوچە گەرمەكانی شەڕ، لەبەرامبەر بەدەستھێنانی فیدڕاڵی بۆ كوردستان و جێكردنەوەی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا، بەڵام كاتێك بینی كە عێراقییەكان خەریكن پاشەكشە لە بەڵێنەكانیان دەكەن، بە تایبەتی لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٣ حكوومەتی عێراقی بودجە و مووچەی ھەرێمی بڕی و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێمی دەكرد، كوردستان زۆر بەھێزەوە بەرامبەر ئەم ھەڕەشانە وەستایەوە و بڕیاری فرۆشتنی نەوتی دا بە شێوەی سەربەخۆ، دواتر بەرەنگاری ھاتنی داعش و ھێرشەكانی حەشدی شەعبی بووەوە، لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەر.


ئێستاش ھەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، گرنگترین خاڵ لە بەرنامەی كاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمدا، بڕیاری گفتوگۆكردن بوو لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكان، لە دوا كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتیش لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەوەی دووپات كردەوە كە بە ھیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان ناكەین، بۆیە بڕیاری حكوومەتی ھەرێم بە دەسپێكردنەوەی گەڕێكی تری گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوانیان، ھەرگیز بە مانای تەسلیمبوون نییە، بگرە نیازپاكیی كورد دەردەخات بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی جدی لەپێناو چارەسەركردنی تێكڕای گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.