ئالووده‌بوون له‌سه‌ر سێكس

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

ئالووده‌بوون له‌سه‌ر سێكس، يه‌كێكه‌ له‌و تێكچوونه‌ ڕه‌فتارييه‌ ده‌روونیيانه‌ى كه‌ ده‌ستنيشانكردنى ئاسان نييه‌، چونكه‌ ڕه‌فتارى سێكسى به‌گشتى، سروشتى بێت يان نائاسايى، حاڵه‌تێكى ته‌واو کەسييه‌ و خه‌ڵك به‌ده‌گمه‌ن باسى ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌و ڕووه‌وه‌ كێشه‌يشيان هه‌بێت، به‌زۆرى ده‌يشارنه‌وه‌. به‌گشتى ئالووده‌بوون له‌سه‌ر سێكس، واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌ناچارى، يان دوور له‌ كۆنترۆڵى خۆى، به‌رده‌وام بير له‌ سێكس ده‌كاته‌وه‌ و هه‌تا ئه‌و چالاكييه‌ش ئه‌نجام نه‌دات، هه‌ست به‌ فه‌رامۆشى ناكات.

پ: ئه‌ى جياوازیى چييه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌فتارى سێكسیى سروشتيدا؟ ئه‌ى له‌دواى هه‌ر ڕه‌فتارێكى سێكسى، مرۆڤ هه‌ست به‌ فه‌رامۆشى ناكات؟
و: به‌شى دووه‌مى پرسياره‌كه‌ دروسته‌. له‌دواى ئه‌نجامدانى سێكس، مرۆڤ به‌گشتى هه‌ست به‌ ئارامى ده‌كات، به‌ڵام جياوازييه‌كه‌ له‌وه‌دايه‌، كه‌سى ئالووده‌بوو به‌ سێكس، ڕاسته‌وخۆ له‌دواى ته‌واوبوونى ئه‌و كرداره‌ سێكسييه‌ى كه‌ ده‌يكات، ديسانه‌وه‌ بير له‌ سێكس ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ بارى ئاساييدا مرۆڤ هه‌رچه‌ند ئاره‌زووى ئه‌و كرداره‌ش بكات، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك بێت ئه‌گه‌ر بۆى نه‌گونجێ، هێنده‌ ناڕه‌حه‌ت نابێ به‌ ئه‌نجامنه‌دانى. له‌كاتێكدا له‌ حاڵه‌تى ئالووده‌بووندا ئه‌و كه‌سه‌ ته‌واو بێتاقه‌ت ده‌بێت و تووشى دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێت. به‌كورتى، ئه‌وه‌ى بيرى لێ ده‌كاته‌وه‌ ته‌نيا سێكسه‌ و به‌ شێوه‌يه‌كى ناچارى له‌ مێشكيدا چه‌ندباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانى، هه‌ر وه‌ك تووشبوون به‌ وه‌سواسیی ناچارى، كه‌ كه‌سى تووشبوو شتێ له‌ مێشكيدا به‌رده‌وام دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و هانى ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانى.

پ: نيشانه‌كانى ئه‌م ئالووده‌بوونه‌ چيين؟
و: به‌گشتى كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى هه‌يه‌، وه‌ك:
- سێكس بۆ ئه‌و كه‌سه‌ جێگه‌ى هه‌موو شتێ ده‌گرێته‌وه‌، به‌ شێوه‌يه‌ك هه‌ست و سۆز له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسيدا لاى نه‌خۆش هيچ مانايه‌كيان نامێنێ.
- به‌رده‌وام هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانى به‌ شێوه‌يه‌كى زياده‌ڕۆيیانه‌ و هه‌ندێ جار نه‌شياويش.
- مه‌سه‌له‌ى سێكس ته‌واو به‌سه‌ر مێشكى ئه‌و كه‌سه‌دا زاڵ ده‌بێت. ده‌بينى به‌رده‌وام باسى سێكس ده‌كات، يان بير له‌ سێكس ده‌كاته‌وه‌، يان به‌ شێوه‌يه‌كى وێنانه‌كراو چالاكیى سێكسى ده‌نوێنێ.
- خووگرتن به‌ ته‌ماشاكردنى فيلمى پۆرنۆگرافى، يان وێنه‌ و گۆڤارى له‌و جۆره‌.
- به‌ستنى په‌يوه‌ندیى سێكسى و ئه‌نجامدانى سێكس له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێ، بێ گوێدانه‌ هيچ هه‌ست و به‌ها و پێوه‌رێك.
- په‌يوه‌ندیى به‌ستن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ هه‌ست ده‌كات هه‌مان حه‌ز و خوليايان هه‌يه (واته‌ بايه‌خ به‌ سێكس ده‌ده‌ن).
- به‌سه‌ربردنى زۆربه‌ى كاته‌كه‌ى به‌ ديار ته‌ماشاكردنى ئينته‌رنێت و دۆزينه‌وه‌ى هاوبه‌شى سێكسیى تازه‌.
- تووشبوون به‌ دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ڵچوون كاتێ، كه‌ بۆى نالوێت چالاكى يان ڕه‌فتارى سێكسى بنوێنێ.

پ: هۆكارى تووشبوون به (ئالووده‌بوون‌ به‌ سێكسه‌وه‌) چييه‌؟
و: له‌ڕاستيدا هۆكار زۆرن، به‌ڵام ديار و يه‌كلاييكه‌ره‌وه‌ نيين، چونكه‌ وه‌ك گوتمان ئه‌سته‌مه‌ خه‌ڵك به‌ ڕاشكاوانه‌ باسى ژيانى سێكسیى خۆى بكات، يان ڕێگه‌ بدات، كه‌ چاودێریى بكرێ، به‌ڵام به‌ گشتى چه‌ند هۆكارێكى باو هه‌ن، وه‌ك:
- ده‌ستدرێژيكردنه‌ سه‌رى سێكسى له‌ منداڵيدا.
- قۆرغكردنى سێكسى له‌ لايه‌ن كه‌سێكى له‌خۆ گه‌وره‌تر، به‌تايبه‌تى له‌ ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاريدا، ئه‌گه‌ر هه‌رزه‌كار به‌رده‌وام له‌ لايه‌ن كه‌سێكى له‌ خۆى گه‌وره‌تر، كه‌ ئه‌زموونى له‌ سێكسدا هه‌بێت، ڕه‌فتارى سێكسیى له‌گه‌ڵ ئه‌نجام درا و بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ هان درا، ئه‌وا ئه‌گه‌ر زۆره‌ خووى پێوه‌ بگرێ و دواتر تووشى ئالووده‌بوون ببێت.
- ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، يان به‌ركه‌وتنى زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ى، كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ سێكسه‌وه‌ هه‌يه‌، به‌ تايبه‌تى له‌ منداڵی و قۆناغى هه‌رزه‌كاريدا.

پ: ئه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته‌ هيچ مه‌ترسييه‌كى هه‌يه‌؟
و: بێ گومان. له‌ ڕووى ده‌روونى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ تووشى كێشه‌ ده‌بن، چونكه‌ نه‌ ده‌روون و نه‌ ڕه‌فتاريان سروشتى نابێت. پاشان به‌پێى جۆرى ئه‌و ئالووده‌بوونه‌ مه‌ترسييه‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گۆڕێن، بۆ نموونه‌:
- هه‌ندێ كه‌س ته‌نيا به‌ خه‌ياڵ و له‌ مێشك و بيرى خۆياندا بير له‌ سێكس ده‌كه‌نه‌وه‌. ده‌شێ ئه‌م ئاسته‌يان كه‌مزيانترين حاڵه‌ت بێت له‌م ئالووده‌بوونه‌دا.
- هه‌ندێ كه‌س خوو به‌ ماسته‌ربه‌يشنه‌وه‌ ده‌گرن (واته‌ خۆيان له‌ ڕێى خۆيانه‌وه‌ ئاره‌زووى سێكسيیان به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌).
- ته‌ماشاكردنى فيلم و وێنه‌ى پۆرنۆگرافى، كه‌ وا له‌و كه‌سه‌ ده‌كات هه‌رچى كاتى هه‌يه‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ ته‌رخان بكات.
- ده‌شێ په‌نا بۆ سێكس به‌رێ، له‌به‌رامبه‌ر په‌خشينى پاره‌دا.
- هه‌ندێ جار تووشى هه‌ندێ لادانى سێكسى ده‌بن، وه‌ك خۆنماییشكردنى سێكسى، ته‌ماشاكردنى خه‌ڵك له‌ كونى ده‌رگا و به‌دزييه‌وه‌.
- په‌نابردن بۆ سێكس له‌ ڕێى تەلەفۆن، يان ئينته‌رنێته‌وه‌.
- ته‌نانه‌ت په‌نابردن بۆ تاوان كاتێك، كه‌ بيرى سێكسى ناچاريان ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانى سێكس به‌ هه‌ر نرخێ بێت.
- ده‌ستدرێژيكردنه‌سه‌ر منداڵ، يان كه‌سانى بێ توانا له‌ بەرگريكردن له‌ خۆيان.

پ: ئه‌ى چاره‌سه‌ر؟ چۆن ئه‌و كه‌سانه‌ له‌م حاڵه‌ته‌ ڕزگاريان ده‌بێت؟
و: چاره‌سه‌رى ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ پله‌ى يه‌كه‌م ده‌روونيیه‌. پێش هه‌موو شتێ ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ بڕوا به‌وه‌ بێنێت كه‌ تووشى ئالووده‌بوون بووه‌ و پێويسته‌ بير له‌ چاره‌سه‌ركردن بكاته‌وه‌. پاشان هه‌وڵدان بۆ لابردنى هه‌موو سترێس و نائارامييه‌ك له‌ ژيانى ئه‌و كه‌سه‌دا، هه‌روه‌ها بوونى هاوبه‌شێكى به‌سۆز و تێگه‌يشتوو، يارمه‌تيده‌ر بێت له‌ چاره‌سه‌ركردندا، چونكه‌ ئه‌و نه‌خۆشه‌ پێويستى به‌ ڕێکخستنه‌وه‌ى هه‌ست و لايه‌نى سۆزدارى هه‌يه‌، ده‌بێ فێرى ئه‌وه‌ بكرێ، كه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ستكردن به‌ سۆز و خۆشه‌ويستییەوە سێكس بكات، نه‌ك‌ ته‌نيا بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئاره‌زووه‌.


پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.