نووسین بە مەرجی رووتبوونەوە

7

سوپاسنامە

لە (سوپاسنامە)دا ڕوانینێکی مرۆڤپەروەرانە خراوەتە ڕوو، کە لە دونیای ئێمەدا کەم کەس بڕوای پێیەتی و دەگمەنە، بگرە دژە باویشە. (لۆنا) بڕوای وایە، کە هەر هەموومان ستاییشی کامڵبوون دەکەین، بە مانایەکی دیکە، ستاییشی ئەو ڕەفتار و خووانەی بنیادەم دەکەین، کە سەد لە سەد ڕێکوپێک و تەواون، بەڵام ئەوەی کە لە ناوەڕۆکی بابەتەکەدا سەرنجی منی ڕاکێشاوە ئەوەیە کە لۆنا داوای ئەوەمان لێ دەکات، ستایشی (ناتەواوی) بکەین، چونکە کەسمان تەواو نین. مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە، کە چی جوانی و چی ناشیرینی هەیە لە دونیادا لێی دەوەشێتەوە، لە هەمان کاتدا وەک عیسای مەسیح هانمان دەدات، کە بەرامبەر خراپەکاریی خەڵکانی دیکە ئێمە بەخشندە بین. دوا جار شتێکی دیکەش هەیە، کە مایەی تێڕامانە: هەندێک جار بۆ ئەوەی بزانین ئێمە کێین، ناکرێت بە تەنیا گوێ لە دۆستەکانمان بگرین، بەڵکوو وا ڕاستترە گوێ لە دوژمنەکانیشمان بگرین، چونکە ئەوانیش بەدەر لەوەی کە قوربانی دەستی ژینگە و سەردەمێکی پۆخڵن و ناچارن شەڕانگێزانە بەرخورد لەگەڵ ئێمەدا بکەن، بەڵام لەمیانەی ململانێ و بەریەککەوتن لەگەڵمان، هەم ئەوان ئێمە باشتر دەناسن، هەم ئێمەش باشتر خۆمان و ئەوانیش دەناسین، هەر بەڕاستییش وایە.. عیسای مەسیح دەخوازێت کە مەرجە ئێمە دوژمنەکانی خۆمان خۆش بوێت، بگرە ڕێنماییمان دەکات کە ئەگەر کەسێک زللـەیەکی سراوندە ڕوومەتی چەپت، تۆ ڕوومەتی ڕاستەشی بۆ ئامادە بکە با تێت بسرەوێنێت. (نیچە)ی فەیلەسووف ئەم ڕەفتارە ناو دەنێت وانەی ملکەچی، بگرە لە ڕێگەی کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی (ئەنتی – کریستۆ) دژی مەسیح وەستاوەتەوە، کە گوایە عیسا فێری ملکەچیمان دەکات، نەک شکۆمەندی، بە زمانێکی سایکۆلۆژی وا دەکەوێتەوە، کە فێرمان دەکات (ماسۆشی) بین و چێژ لە ئازاری خۆمان ببینین، کە ستەمکار بەسەرماندا دەیسەپێنێنت، بەڵام هەر خودی (فرێدریک نیچە) بڕوای بە سەنگی ئەزموونی تاڵ و نەرێنیی هەیە. ئەم بۆچوونەشی لەو ڕستەیەدا چڕ دەکاتەوە، کە دەڵێت: "هەر شکستێک و نووچدانێک نەمکوژێت، دروستم دەکات". بۆ من ئەوەیان خواستی (لۆنا)یە، کە پێی وایە ستاییشی (ناتەواوی)ش گرنگە بۆ جوانکردنی ژیانی خۆمان و پەرەدان بە توانای داهێنان، کە لەناو خۆماندا شاراوەیە. دیارە وشەی (ناتەواوی) بەربڵاوە لە مانا و مەبەستدا و دەلوێت بڵێین هەر هەموو ئەزموونە نەرێنییەکان دەگرێتەوە.


ئاشتبوونەوە
لە (ئاشتبوونەوە)دا، کە دەکرێت درێژکراوەی ستاییشی (ناتەواوی) بێت، نووسەر ڕووی لە ژنان و کچانە و خوازیارە بتوانن ستاییشی ئەزموونی نەرێنی بکەن لە سۆزداریدا، بەو مانایەی، کە ئەگەر نووچیان دا و شکستیان خوارد، توانای ئەوەیان هەبێت خۆیان دادگایی نەکەن، دڵڕەقانە سەرزەنشتی خۆیان نەکەن، بەڵکوو بەخشندە و لێبوردە بن لەگەڵ خودی خۆیان و بەرامبەرەکانیان کە ئەوەیان خۆپاککردنەوەیە لە هەڵە و پەڵەیەک، کە هەمووان دەیکەن. لە هەمان کاتدا نووسەر هانیان دەدات، نە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو بەنەفرەت بکەن و نە لە ئەزموون و سەرکێشیی تازەش بترسن، چونکە بۆ هەمیشە وا دەکەوێتەوە کە لە قۆناغێکی درەنگتردا گلەیی لە بەختی خۆت دەکەیت، کە لە ترس و تاوی دۆڕان و کەوتن و نائومێدی، هەرگیز تێر بە دڵی خۆت نەژیاویت. دواجار مەرجە بزانین، کە هیچ پەیوەندییەکی مرۆیی نییە کە هەر لە سەرەتاوە گەرەنتیی سەرکەوتنمان پێ بدات، لەو بوارەدا کچان هەستیارترن لە کوڕە لاوەکان، نێرینەکانیش، کە فیز و شکۆمەندی دەنوێنن، هەمان نیگەرانییان هەیە، بەڵام بەهۆی بوونی پەراوێزێکی سەربەستیی سنووردارەوە، بە هەر شێوەیەک بێت قەرەبووی ئەو شکستە دەکەنەوە، بەڵام کچان هەستیارترن و سڵ دەکەنەوە لەوەی سەرکێشی بکەن، چونکە ماندووتر دەبن.


لەڕاستیدا جیاوازییەکە لێرەدایە، کە کچان و ژنان وەک سروشتی خۆیان وا دەڕواننە چیرۆکی خۆشەویستی و سۆزداری کە هەر هەموو ژیان و داهاتوویانە، بۆ کوڕان و پیاوان، بەڕەهایی وا نییە، بەڵکوو ئەوان ئەو ئەزموونە وەک بڕ و بەشێکی ژیان و زیندەگی حیسابی بۆ دەکەن، ئەوان سەد و یەک سەر و سەودای دیکەیان هەیە کە لەڕاستیشدا خۆگێلکردنە نەک ڕاستی. سەرقاڵبوونی نێرینەکان پتر گەڕانە بەدوای سەرچاوەکانی دەسەڵاتی هەمەچەشندا. زۆرینەی پیاوان ناکۆکن بە ڕۆحی خۆشەویستی، ڕۆحێک کە ژنان پتر دەیخوازن و نەبوونیشی وەک مەرگی خۆیان لێی دەڕوانن!


چاوەڕێ مەبە
لە دەقی (چاوەڕێ مەبە)دا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە کرۆکی ژیان و بوونی ئێمە لە گەوهەردا کارەساتبار و تراژیدییە، نەک خۆشی و بەزمەسات، بگرە ئەگەر زۆریش کۆمیدی و گاڵتەجاڕانە بێت، لە ناواخندا ڕەگێکی قووڵی وا لەناو خاکێکی سووتماک و تراژیدیدایە. (بوودا)ی ئەندێشەمەند ژیان وەک چەرمەسەری و تلانەوە و ئازار دەبینێت، وەک (چارلی چاپلن)یش دەڵێت: "لەودیو هەر خەندەیەکەوە فرمێسکێکی شاراوە خۆی حەشار داوە". هەر لە سۆنگەی ئەم دیدگایەوە بوو، کە هونەری زێدە جوان و بەزمگێڕانەی (چاپلن) و ژمارەیەکی دیکەی هونەرمەندە کۆمیدییە ناودارەکان بە (کۆمیدیای ڕەش) ناسراوە.


کۆی میراتی فیکری مرۆڤ جەخت لەسەر هەمان دیدگا دەکاتەوە کە ژیان کوشندە و بەئازارە و کانگای خەم و تلانەوەیە. سەرەتای بیرکردنەوەی (بوودا)ی کۆنە شازادە لەوەوە هات، کە بینی مرۆڤ چۆن پیر دەبێت و دادەڕزێت و دەمرێت، چونکە پێشتر، کە کوڕە لاوێکی بەناز-پەروەردە بووە و لە کۆشکی شاهانە زیاتر هیچی نەدیبوو، ئارامییەک و هارمۆنیای خۆی هەبووە، کە دێتە دەرەوەی کۆشك، دیمەنە هەرە غەمهێن و کوشندەکان دەبینێت و دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ڕەگی ژیان خۆی کورتخایەنە و لە هەمان کاتیشدا پڕ مەرگەساتە، ئیدی بوودا دەست دەکات بە گەڕان بەدوای ئەو مەشق و ڕاهێنانەدا کە یارمەتیی دەدات ئەو هارمۆنیایە بدۆزێتەوە، کە زیندەگیی ئارام و جوانتر بکات، گەڕان بەدوای ژیانێکی جاویدانی. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە ئەو شتەی مرۆڤی ماندوو کردووە مەرگی فیزیکی نییە، کە (سادقی هیدایەت)ی چیرۆکنووس ناوی نابوو "لەبیرچوونەوەی هەناسەدان". بەڵکوو مەرگی ئازاربەخش ئەوەیانە، کە زیندوو بین و ڕۆژانە سەدەها دیمەن و ڕووداو و ئافات ببینین کە لە باری ڕۆحی و دەروونییەوە بۆ چەندەها جار بمرین و کەسیش پێمان نەزانێت.


مایەی سەرسامییە، (لۆنا) لە هەنووکەوە دیدگایەکی (تراژیک) و کارەساتباری بۆ بوون و ژیان و مرۆڤ هەیە و ئەوەش زادەی هۆشیارییەکی ڕەگ داکوتراوە، گرنگیشە وا بێت، چونکە نێونیگای تراژیک، کانگای داهێنانی ڕەسەنە، ئەم روانینە تراژیکە هیچ پەیوەندییەکی بە رەشبینییەوە نییە، تراژیدیا بۆ خۆی دابڕ نییە لە ژیان و زیندەگیی مرۆڤ کە دەبێتە مایەی پەیداکردنی رۆحێکی مرۆڤدۆستی و هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. خودی نووسەرەکەمان وەک خانەوادە هەر لە تەمەنێکی زۆر کاڵدا بە مەرگەسات ئاشنا بووە، بەڵام لەم کتێبەدا کە نۆبەرەیەتی، ڕۆحێکی کۆمیدی لە ناواخنی هەندێک لە چیرۆک و نووسینەکانیدا هەیە، کە من ئومێدەوارم پەرەی پێ بدات، چونکە خودی ژیان و بوون وەک دەمامک و ماسکە ڕەمزدار و کۆنەکەی شانۆی (یۆنان)ی وایە، کە سیمبولی درامایە: نەخشی دەموچاوێکە، کە هەم دەگری و هەم خەندەلێوە. خودی پانتایی هونەر و ئەدەب و فیکریش سیخناخە بە تراژیدیا و وەیشوومەکانی. (شێکسپیر) پتر بە شانۆگەرییە تراژیدییەکانی ناسراوە، نەک دراما کۆمیدییەکانی!