هەڵگرتنی شوینپێی مەولانا

(15)

٢١١
عاشقان هەمان، ئایینیان هەیە
هەر چۆنێک بدوێن، خەڵکی هەر کوێ بن،
لەبەر جیاوازیی، زمان یان وڵات
نابێ عاشقان، لە یەکدی جوێ بن.

٢١٢
جوانیت زەریایە، گۆزەیە ئاو بوو
ئەوەی لە وەسفی، جوانیتا گوتم
پەری ئیرەیی، بە جوانیت دەبا
بتپەرستێکم، تەنیا تۆی بتم.

٢١٣
بێدەنگی: زەریا، گوتن: جۆگەیە
زەریا بە، شیعر، بۆ جۆگە مەڵێ!
گوتوبێژ لەگەڵ، نەفامدا مەکە
هەر کە نەفام هات، دەستبەجێ هەڵێ!

٢١٤
لەگەڵ کەسی دی، بەجێم مەهێڵە
مەمدەرە دەست خۆم،
من لە ترسی خۆم، دێمەوە بۆ لات
ئاخر من لە تۆم.

٢١٥
نە لە ئاگری، دۆزەخ دەترسم
نە بە ئومێدی، باخی بەهەشتم،
تۆڵەسێن دەبێ، یاخوود لێبوردە
من هەر بە ئەڤین، قایمە پشتم.

٢١٦
من بۆ گەییشتن، بە ئامێزی تۆ
لە گڕی دۆزەخ، سڵ ناکەمەوە،
لە تۆ بترازێ، بۆ کەسی دیکە
دەرگای تەلاری، دڵ ناکەمەوە

٢١٧
تۆم لەنێو دڵما، دۆزیوەتەوە
بۆیە تەوافی، دەوری خۆم دەکەم،
بۆ ئەوەی ڕێگەی، یاران ڕۆشن بێ
خۆم دەسووتێنم، وەکوو مۆم دەکەم.

٢١٨
گەر گوڵی جوانی، لە دڵی خۆتا
بگەشێتەوە،
جوانی لە هەموو، دڵێکی تردا
دەدۆزیتەوە.

٢١٩
ژیان بێ ئەڤین
وشکوبرنگە، وەک مردن وایە،
لەڕێی ئەڤینا
بشمری، زیندووی، هەتا هەتایە.

٢٢٠
خۆت بە! ئەگەرنا، وەک ئەوە وایە
تاوێ نەژیابی،
وەکوو نەبوو وای، ئەگەر نەتوانی
لە خەڵکی جیابی.

٢٢١
دڵ ڕقی تیابێ، نوێژ کەڵکی نابێ
دەستنوێژ بە ئەڤین، هەڵبگرە ئیتر،
ئەڤینی پاکژ، ئەو دڕندەیەی
لە دەروونتایە، دەکا بە کۆتر.

٢٢٢
ئەم بەیانییە، من گوڵم دەچنی
لەپڕ باخەوان، پەیدابوو، ترسام،
کەچی پێی گوتم، چەپکێ گوڵ چییە؟
باخەکە بۆ تۆ، لاڵ بووم، حەپەسام.

٢٢٣
ئەوسا خەیاڵم، فراوان نەبوو
خەونم ئەوەبوو، دونیا بگٶڕم،
ئێستا شاعیرم، خەونم ئەوەیە
دڵ و دەروونی، سیا بگۆڕم.

٢٢٤
ڕووخساری نووری، خوای لێ دەباری
پێم گوت دەخوازم، جارێ پێت بگەم،
گوتی بەهاکەی، دەکاتە ڕۆحت
گوتم زیاتریش، بخوازی دەیدەم.

٢٢٥
ئەگەر لە دڵتا، ئەستێرەی ئەڤین
بدرەوشێتەوە،
بەرچاوت ڕوونە، با خودا خۆریش
بکوژێنێتەوە.

٢٢٦
ئەگەر دەخوازی، ببی بە شاعیر
وەکوو پەپوولە، پڕ بدە ئاگر
خەندەت وەک هی گوڵ، خۆڕسکانە بێ
خوا کەسی دوو ڕووی، خۆش ناوێ ئاخر

*