غەوسی سانی و بەستەی کوردی

 

لە زۆر لە بەند و بەستە کوردییەکان، لە پایانی شیعرەکاندا، بابای بەستەبێژ سوێند بە (غەوسی سانی) دەخوات. گەر بۆ نەوارە کۆنەکان بگەڕێیتەوە، سەتان بەند و بەستە دەژنەویت، کە چەندان جار (بە ماڵە غەوسی سانی ـ هیممەتی غەوسی سانی)یان تێدا دووبارە بووەتەوە. هەر بەندبێژەکان نا، بگرە شاعیرە کلاسیکییەکانیش، نموونەی حاجی قادر و وەفایی و قانیع و جەوەری و ئەوانی دیکەیش، غەوسی سانییان کردووە بە کەرەستەیەکی هەمیشە بەردەستی نێو شیعرەکانیان.


 مامۆستایەکی بەڕێز، لە سەروبەندی ڕاڤەکردنی شیعری کلاسیکیی کوردی، غەوسی سانیی بە سەید عەبدولقادری گەیلانی لێک داوەتەوە.


 ئەوە ڕاستە، سەید عەبدولقادری گەیلانی، باوکی سەید عەبدوڵای نەهری، بە غەوسی سانی شۆرەتی دەرکردبوو و لەسەر کوردایەتییش، سوپای تورکان شەهیدیان کرد. بەڵام، مێژووی بەکارهێنانی ئەو ناوە، غەوسی سانی، دەنێو فۆلکلۆری کوردیدا زۆر کۆنترە، زێتر لە سێ سەتە بەر لە شێخانی نەهری، لە سەتەی یازدەی کۆچی، شێخ سمایلی ولیانی، بە غەوسی سانی ناوی دەرکردووە. 


ئیسماعیلی ولیانی، ساڵی هەزار و هەشتا و یەکی کۆچی لە گوندی نۆدێ، یان قازانقایە، لەدایک بووە. ئەو لە ماڵباتی بەرزەنجەییە، کوڕی شێخ مەحەمەدی نۆدێی کوڕی سەید باباعەلی‌یە و لەگەڵ ماڵباتی شێخ مارفی نۆدێ و شێخی حەفید، پسمام و هاوپشتن. شێخ ئیسماعیل، ماوەیەک لە گوندی ولیان خەڵوەت دەکێشێت، هەر بۆیە پاشناوەکەی بەوێوە دەناسرێ. دواتر ڕوو دەکاتە بەغدا، لە مەزاری شێخ عەبدولقادری گەیلانی، مێزەری خیلافەتی تەریقەتی سۆفیزمیی قادری، لە شێخ ئەحمەدی ئەحسائی وەردەگرێت و دێتەوە کوردستان. 


بەر لەو، تەریقەتی قادری، تاکوتەرا دەنێو کوردستاندا هەبوو، دەستەڵاتی تەریقەتی، بەدەست تەریقەتی نوربەخشییەوە بوو، کە ئەویش هەر لەلایەن ساداتی بەرزنجییەوە ڕێبەرێتیی دەکرا. دوای گەڕانەوەی شێخ سمایلی ولیانی، تەریقەتی قادری لە کوردستان وەک هەرزنی بولبوول پەرشوبڵاو دەبێت و ئیسماعیلی ولیانی دەست بە ئیرشاد و شەکاندنەوەی بەیداخی تەریقەتەکە لە گوند و دێهاتەکانی کوردستاندا دەکات. 


لەنێو سۆفیزمی میللیدا، لە سەرووی قوتب و ئەوتاد و ڕیجالولغەیبەکان، تاکە پێگەیەکی هەرەباڵا هەیە، کە پێگەی غەوسیێتییە و بەبێ گەڕانەوە بۆ غەوس، وەلییە باڵاکانی دی، ناتوانن تەسەڕووف لە گەردووندا بکەن. جا غەوسی ئەعزەم، بە کۆڕایی هەموو سۆفییەکان، شێخ عەبدولقادری گەیلانییە، بەڵام، دواتر پێگەی نوێنەرێتیی غەوسی ئەعزەمیش سەرهەڵدەدات، سۆفییەکان بەگوێرەی جیاوازیی تەریقەت و مەشرەبەکانیان، هەروەتر جیایی جوگرافیای ڕێبازەکانیان، شێخێک بە جێگرەوەی غەوسی ئەعزەم دادەنێن و بە غەوسی دووەم، ناودێری دەکەن و دای دەنێن.


 لەنێو سۆفیزم لە کوردستان و عێراقیش بە گشتی، دوو کەسیان بە غەوسی سانی داناوە، یەکیان شێخ سمایلی ولیانی، ئەوی دیکەیشیان شێخ نورەددینی بریفکانی، که هەردووکیان کوردن.


 حاجی قادری کۆیە، شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵسی بەلاوە غەوسی سانی بووە، بەڵام مێژووی لەدونیابوون و لایەنگیرییش بۆی تا ئەو شۆرەتە وەر گرێت، سەرەتا بەر شێخ ئیسماعیل ولیانی دەکەوێت. ئەگەر کۆڕاییش نەبێ، زۆرینەیان لەسەر ئەوە کۆکن، غەوسی سانی، شێخ ئیسماعیل ولیانییە. 


شێخ سمایلی ولیانی، چوار سەتە لەوەوبەر کۆچی دوایی کردووە، مەزارەکەی لە دەڤەری بادینانە، کەوتووەتە گوندی ڕۆڤیا و تا ئێستە زیارەتی دەکرێت. جا ئەوەی مەبەستمانە، غەوسی سانیی نێو بەند و بەستە کۆن و نوێیەکانی کوردی، بۆ ئەو شێخ سمایلە دەگەڕێتەوە و مێژووەکەی لە شێخ قادری نەهری کۆنترە.

دوو ئاوڕدانەوە

ئاوڕی یەکەم: جگە لە غەوسی سانی، دەنێو فۆلکلۆری کوردییدا، (قوتبی ڕەبانی، شێخی بیارە، ماڵە شێخ مەولانا، شێخی زەمبیل، پیری ڕۆخانە…) دەخوێنیتەوە و دەبیستیت، کە ئەوانە هەموویان بە کرۆنۆلۆژیای جیاوازی سۆفیزمی میللی، ڕێبەر و مورشیدی ڕەوتەکە بوون و بەسەر جوگرافیای جیاواز لە کوردستانی گەورەدا پەرش و دابەش بوون. لێرەوە دیسان بەو پێوەندییە دەگەینەوە، کە لەنێوان سۆفیزمی میللی و گۆرانی و شیعری میللیی کوردیدا هەبووە. چۆن لەنێو بەستە و شایی و زەماوەندەکانی نێو کوردەواری، قەسەمخواردن بە ڕەمز و کەسایەتییە سۆفیزمییەکان، دووبارە بووەتەوە. بگرە بەزموڕەزمی ڕەندانەی شەوانەیش، لەسەر خوانی مەستییدا، سۆفییزم دەنێو شیعر و غەزەلخوانییەکاندا ئامادە بووە.


ئاوڕی دووەم: سەرەتای ڕۆژانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، شێخ یوسف حەسسان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (جەزیرە)، ئاماژەی بە پێوەندیی نێوان خۆیان و کوردان دا و گوتی: "نەک ڕقمان نییە، بەڵکە ئێمە خۆمان بە مەحسووب و موریدی کوردان دەزانین، ساڵانی ساڵە ماڵباتی ئێمە شوێنکەوتەی شێخە کوردەکانن و ئەوانمان بە گەورەی خۆمان داناون". ئەوەی جێی وردبوونەوەیە، ئێمە جارێکی تر لەوە ورد ببینەوە، کە سۆفیزمی کوردی لە ڕابردوودا، لە کوێ ڕۆحیێتیی کوردی مراندووە، لە کوێش بۆی بووە بە خدری زیندە و دەستەڵاتێکی دینی و کۆمەڵایەتیی وای پێ بەخشیوە، کە گەلانی دەوروبەریش بکەونە ژێر ڕێنوێنی و فرمانەکانییەوە. شێخ یوسف حەسسان، موفتی سوننەکانی بەسڕا بوو، لە هۆزی شەمری بەناوودەنگ بوو، هەر لەو ڕۆژگارەدا، ڕۆژانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، میلیشیا توندڕۆکانی شیعە، تیرۆریان کرد.
ئیتر لەدواوەی غەوسی سانیی نێو بەند و بەستە کوردییەکان، ئەو چیڕۆکە هەیە.