هۆنراوەکان و گۆرانییەکانم

32

کۆمێنتیکی سەرنجکێش لە لایەن خوێنەرێکەوە
لەم چەند رۆژانەدا خوێنەرێکی وردبین و هەستیار، کۆمێنتێکی زۆر سەرنجکێشی لەسەر هەڵبەست و گۆرانییەکی من، گۆرانیی (گوندەکەم دووگردکان) داوە و لە فەیسبووکدا بڵاوی کردووەتەوە. ئەمن وێڕای سوپاسگوزاری و منەتباریی زۆرم بۆ نووسەرەکەی، کۆمێنتەکەم لا زۆر ئەکادیمیانەیە و نووسەرەکەیشم زۆر بەئاگا و شارەزا لە هەڵسەنگاندن و رەخنەی ئەدەبی کەوتووەتە بەر دڵ. لەبەر گرنگیی ئەو نووسینە، کە بەلای منەوە تەواوکەر و شیکردنەوەیەکی پڕ بە پێستی مەبەستی شیعرەکەی منە، پێم وایە زیانی بۆ پەز نابێ بازنەی ئەمجارە بۆ ئەو تێبینییە وردانەی کاک لوقمان بەرزنجی تەرخان بکەم. 


  لوقمان بەرزنجی لە ئەڵمانیاوە:
لەنێوان داغستانەکەی حەمزاتۆڤ و دووگردکانەکەی هۆمەری دزەیی


چەند ساڵێک لەمەوبەر، تازە هونەرمەندی گەورە هۆمەری دزەیی گۆرانییە بە چێژ و خرۆش و پڕ لە وەسفێکی (کوێراییم دایێ دووگردکان)ی بڵاو کردبووەوە، برادەرێکی نووسەر و رۆشەنفیکرم، کە خەڵکی دەڤەری سلێمانییە، لێی پرسیم ئەرێ ئەتو گوێت لەو بەرهەمە تازەی هۆمەری دزەیی بووە، کە لەگەڵ کچێک بە دووقۆڵی دەیڵێتەوە؟ گوتم بەڵێ زۆر چاک گوێم لێ بووە و ئەو کچەش لارای کچیەتی. ئینجا بە پێکەنینەوە گوتی، ماڵئاوا ئەو پیاوە زۆر گەورە و بلیمەتە، وەرە بزانە لەو تەمەنەش هەر لە داهێنانی تازە ناکەوێت، وەرە گوێ لەو تێکست و ئەدایەی دووگردکان بگرە، هێندە بەلەززەت ئەو گۆرانییە دەڵێتەوە، پیاو دەخاتە دونیایەکی پڕ عیشق و ئینتیمای خاک و پڕ لە سۆز، وات لێ دەکات لە دووریی شەش هەزار کیلۆمەتر، بۆنی خاک و واری خۆت بکەیت. هەم دیسان لێی پرسیم و گوتی: باشە تۆ دووگردکانت دیوە؟


گوتم: بەڵێ، بەڵام لە تەمەنێکی بچووکدا دووگردکانم بینیوە و لەگەڵ پوورەکانم سەردانی دووگردکانم کردووە، چونکە شێخ زادە کافیەخانی دایکی کاک هۆمەری دزەیی، کچەمامی دایکم و پووری باوکمە رەوانیان شاد بێ. لە رێگەی ئەوانەوە، ساڵانی زوو سەردانی دووگردکانم دەکرد. ئەو برادەرە گوتی، تۆ خۆت کە گوێت لەو گۆرانییە بوو، چ هەستێکت هەبوو، یا چ هەستێکت لا دروست بوو لەسەر ئەو گۆرانییە و چۆنت بینی، وەک خۆشت دووگردکانت بینیوە؟


گوتم مرۆڤ تا لە ژیاندایە وابەستەی ئەو ژینگەیەیە، کە تێیدا گەورە بووە، من وابزانم هیچ کەسێک ناتوانێ دەستبەرداری ئەو ئەرزە بێت، کە یەکەم جار چاوی لێ هەڵێناوە، جا ئەو خاکە لە هەر قوژبنێکی ئەو دونیایەدا بێت. ئەوەی من بزانم، لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا تەنیا دوو کەس توانیویانە هێندە جوان وەسفی شوێنی لەدایکبوونی خۆیان بکەن، یەکەمیان بە رۆمان، دووەمیان بە تێکستی شیعری گونجاو لەگەڵ ریتم و وشەی کولتووریی زۆر ناسک و هەستبزوێنەر و سەرنجڕاکێش. ئەوانە هێندە عەشقی ئەو شوێنە بوونە، تەنیا بە ناوهێنانیشیان دڵیان تێیدا ئاو دەخواتەوە و تێیدا دەحەوێتەوە و ئەو شوێن و گوندە بە بەرچاوی ئەوان دەبێتە (بەهەشتێک) و شوێنی بێ پایان لە جوانی. ئەو دوو کەسەش یەکەمیان رەسووڵی حەمزاتۆڤ، گەورە نووسەری داغستانە، کە کۆمارێکی پێشووی یەکێتسی سۆڤیەت بوو و دەکەوێتە ئاسیای ناوەڕاست. حەمزاتۆڤ، کە باس لەو گوندەی خۆی دەکات، لە چیرۆکی (داغستانی من) هێندە جوان باسی (تسادا) دەکات، مرۆڤ دەخاتە دونیای خەیاڵاتێکی ئەفسووناوی، وا لە مرۆڤ دەکات هەرگیز دەستبەرداری خاک نەبێت. جگە لەوەش، هەر لەو داغستانە باس لە جوانیی رەوشت و جوانیی مرۆڤەکانی ئەو داغستانەدا دەکات. دیارە هۆمەری دزەییش بە عیشقێک و سۆیەک باس لە دووگردکان دەکات، کە مرۆڤ لە لەرینەوەی ژێی دەنگیەوە (کوێراییم دایێ دووگردکان) هەست بەو گڕە دەکات، کە بیر و هزر و جەرگی سووتاندووە بۆ ئەو بستە خاکەی، کە ناوی دووگردکانە. لەو رووبەرە گەورەیەی، کە پێی دەگوترێ کوردستان. بە هەمان دید و عیشقەوەش، هونەرمەندی گەورە هۆمەری دزەیی، لەدوای تەمەنێکی درێژی پڕ لە غوربەت لە ئەوروپا و ئەمەریکا، سۆز و عیشقی گوندەکەی دەکاتە هەوێنی حەسانەوەی دڵ و دەروونی و بای باڵی غوربەتی پتر لە شەست ساڵ دوورکەوتنەوە لە دووگردکان دێت، دەڵێت:
دووگردکان گوندە خۆشەکەم
هەوا و خاکە بۆنخۆشەکەم
زەوی و زارە گوڵپۆشەکەم
کوێراییم دایێ دووگردکان


هەڵبەتە ئەو سۆز و عیشقە لە سۆی هەناسەیەکی ماندوو ماندوو و شەکەتدا وەک شنەبای شەماڵ رۆحی خۆی پێ فێنک دەکاتەوە و سۆی شەست ساڵی غوربەت و لەدەستدانی نزیکترین کەسە خۆشەویستەکانی، ئەمانە هەموو دەبنە هەوێنی داڕشتنی ئەو تێکستە جوانەی:
دووگردکان گوندە جوانەکەم
خەوی خۆشی سەربانەکەم
دەنگی دووری حەیرانەکەم
کوێراییم دایێ دووگردکان


لەم تێکستەی دووگردکاندا، هۆمەری دزەیی داهێنانێکی تری دیکەشی خستە پاڵ ئەو هەموو بەرهەمە بەپێز و نەمرانەی کە هەرگیز لە بیرەوەریی ئینسانی کورددا ناسڕێنەوە و کۆن نابن، گۆرانییەک لە ئێستای سەردەمی تەکنۆلۆژیا، دەیان گەنج سەرسامن بەو جۆر و وشە جوان و ئادا جوانەی قوڕگی هۆمەری دزەیی کە بوو بە یەکەم کەس، هێندە بەجوانی گوندەکەی بلاوێنێتەوە. 


خۆ ئەگەر تێکستی ئەو گۆرانییە بکرێت بە ئینگلیزی یا رووسی، یا هەر زمانێکی دیکە، لەوانەیە وابزانن دووگردکان دەکەوێتە جوانترین نەخشە و شوێنی فێنکایی و قەدپاڵی چیایەکی بەرزی پڕ لە کانی و کانیاو لە جیهاندا. لەکاتێکدا دووگردکان دەکەوێتە دەشتێکی پان و بەرینی کاکی بە کاکیی پڕ لە خێر و بەرەکەت، ئەرزێکی تەختایی، کە بەهاران سەوز دەچێتەوە، هاوینان زۆر گەرم و شەوانیش شنەیەکی شەماڵی ساردی حەیراناویی پڕ لە بۆنی مێخەکی نازدار حەیرانێ، کە مرۆڤ دەخاتە خەوێکی ئێجگار قووڵی پڕ لە ئارامی. 


لێرەدا دەمەوێ بڵێم، هونەرمەندانی دونیا، کاتێک دەکەونە تەمەنەوە، زۆر دەگمەن هێزی ئەوەیان تێدا دەمێنێ، کە بتوانن جارێکی دیکە و لە بوارێکی دیکەدا داهێنان بکەن، بەڵکوو کونجی ماڵەکانیان دەگرن، نموونەی رەسووڵی حەمزاتۆڤی داغستانەکەی تا ساڵی 2008 خەڵاتی رووسیای وەرگرت لەسەر ئەو رۆمانەی، ئەوە لەکاتێکدا رەسووڵی حەمزاتۆڤ بۆ یەک دەقیقەش لە داغستانەکەی دوور نەکەوتبووەوە و هەموو ژیانی لە ئیسراحەتدا بوو، ئینجا ئەو رۆمانە گەورەیەی نووسی. ئینجا وەرن با تەماشای ژیننامە و پرۆفایلی هۆمەری دزەیی بکەین، بزانین خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە نەهامەتی و دوورەوڵاتی و ژیانی سیاسی و قورسیی باری ژیان، ئینجا لەدوای تەمەنێکی پڕ لە هیلاکی و دوورەوڵاتی، جارێکی دیکە دێتەوە مەیدان، بە داهێنانێکی تازەوە، کولتوورێکی زۆر تازە دەهێنێتە ناو دونیای ئەدەب و کولتووری کوردی و پێمان دەڵێت، ئەوە منم هۆمەری دزەییم و هەمان ئەو کوڕە جوانەی جارانی دووگردکانم و لە هەگبەکەمدا داهێنانی تازەم بۆ هێناون.


دوا وتەم لەگەڵ هاوڕێکەمدا ئەوە بوو، ئەگەر رووسیا و گەلانی ناوەڕاستی قەوقاز شانازی بە رەسووڵی حەمزاتۆڤ و داغستانەکەی دەکەن و لە دونیای تەکنیکی چیرۆکدا بە داهێنانێکی گەورەی دەزانن، ئێمەش مافی خۆمانە و مافی هەموو کوردێکە، شانازی بکات بە تێکستی دووگردکان و یەکێک لە قامات و لوتکە هەرە بەرزەکانی هونەری و ئەدەبیی کوردستانیمان، ئەویش زۆر بەڕێز و نازدار مامۆستای هونەرمەند و شاعیر هۆمەری دزەییە، هیوای تەمەندرێژیی بۆ دەخوازم، بەو هیوایەی رۆژێک ئەو ملوانکە زێڕینەی لە لایەن ڤلادیمیر پۆتینەوە لە ملی حەمزاتۆڤدا کرا، ملوانکەیەکی هاوشێوەی ئەوە و گەورەتریش لە ملی ئەو کەڵە هونەرمەندەی خۆمان ببینم، کە ئەوەش یەکێکە لەو ئاواتانەم و هیوادارم بێتە دی و هەقی خۆی پێ بدرێت و ناسناوێکی گەورەشی پێ ببەخشن. 


هۆمەری دزەیی لەو هونەرمەندانەیە، کە لە زاکیرەی مێژوودا زۆر بە گەورەیی و نەمری دەمێنێتەوە و دەنگێکە بۆ هەموو نەوەکانی ئێستا و ئایندە و ئایندەی ئایندەش. 


سڵاو لە هۆمەری دزەیی مرۆڤ و نیشتمانپەروەر. 
………...


* هۆمەر دزەیی: ” بەڵێ، بابە رەسووڵی باوکی کاک لوقمان بەرزنجی، برازای کافیەخانی بەرزنجیی دایکی منە و قەدریەخانی دایکیشی ئامۆزای دایکمە، رەوانی هەرسێکیان شاد بێت و بۆ من ئەو خاڵوانە بەرزنجییە بەڕێزانەی کوردستان، مایەی شانازی و سەربڵندین“.