نا بۆ لەیەکترازان و دوژمنایەتیی یەکتر

ته‌نها و ته‌نها پێکه‌وه و به خۆشویستنی یه‌کتریی ده‌توانین ئاسووده و به‌خته‌وه‌ر و سه‌ربه‌ز له کوردستاندا بژیین. ئه‌رکێکی مۆڕاڵییه له‌سه‌ر هه‌موومان له بچووکمانه‌وه هه‌تاوه‌کوو گه‌وره‌کانمان، که خۆشه‌ویستیی هه‌ڵمانبسوڕێنێت نه‌ک ڕق و کینه و دوژمنایه‌تیی. ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وه نوێیه، نازانێت زیانه‌کانی دوژمنایه‌تیی چه‌ند گه‌وره‌یه، ئه‌وا با له داپیره و باپیره‌‌‌یان بپرسن، ئه‌گه‌ر ناو ئه‌وا بچن مێژووی کورد بخوێننه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ستده‌که‌ن زۆره و ماندوو ده‌بن، ئه‌وا با لانیکه‌م مێژووی په‌نجا ساڵی ڕابووردمان بخوێننه‌وه، هه‌‌تاوه‌کوو تێبگه‌ن، که دوژمنایه‌تییکردنی یه‌كتریی له ماڵوێرانیی زیاتر هیچ سوودێکی بۆ کورد نه‌بووه.

لانیکه‌م هه‌تا بینه‌قاقای په‌نجا ساڵی ڕابووردمان پڕه له ماڵوێرانیی و لێکترازان. لێکترازان هه‌میشه فاکتۆرێکی گه‌وره‌ بووه بۆ ژیانێک له‌وپه‌ڕی نابه‌خته‌وه‌ریی و ده‌رده‌سه‌رییدا. لێکترازان دوژمنایه‌تییه، خه‌‌مبارییه، ته‌نهاییه و ماڵوێرانییه. لێکترازان و دوژمنایه‌تییکردنی یه‌کتر، وه‌ک کورد بریندار و لاوازمان ده‌کات، که هه‌میشه دوژمنان ئاسان توانیوویانه کۆنترۆڵمان بکه‌ن. ئاکتوێلترین نموونه ڕووداوه‌کانی دوای ڕیفراندۆمن، به‌ڵام پێکه‌وه‌یی و خۆشه‌ویستیی یه‌کتریی هێزێکمان لێده‌خاته‌وه، که هیچ هێزێک نییه بمانشکێنێت. ئه‌مه ترسی گه‌وره‌ی دوژمنانی کورد بووه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تاوه‌کوو ئێستا.

په‌نجا ساڵ زیاتره دوژمنایه‌تییه‌ک له‌ناوماندایه، که ته‌‌نانه‌ت له کاتی ئاشتییشدا هێشتا به کڵپه‌یه، ئه‌وه‌شی وه‌ها ده‌کات، که ئه‌م دوژمنایه‌تییه درێژه بخایه‌نێت، بریتییه له هه‌ڵسوڕاندنێکی نائاگایانه‌ی تاکی کورد، که به‌رده‌وام له هه‌موو چرکه‌ساتێکی ناسک و تایبه‌ت و هه‌ستیاردا چالاک ده‌بێت. چالاکییه‌ک که له ڕێگای ئاسۆسیاسۆنێکه‌وه، واته له باردوودۆخێکدا، که هه‌ستێک تێماندا، هه‌ستێکی کۆنمان بیرده‌خاته‌وه، ئه‌م بیرخستنه‌وه‌یه وه‌ها ده‌کات، که له ئێستا و ئالێره‌دا بازێکی گه‌وره هه‌ڵبده‌ین و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو، مێژوویه‌ک، که تێیدا دوژمنی یه‌کین و به خوێنی سه‌ری یه‌کدی تینووین، که شه‌ڕی یه‌کتر ده‌که‌ین. به‌ڵام به هۆشیاریی و ئاگایی ده‌توانین ڕێگا له‌م ئاسۆسیاسۆنه بگرین و له ئێستا و ئالێره‌دا بمێنینه‌وه و یه‌كترمان خۆشبوێت. هه‌ستی خۆشویستنی یه‌کتریی گه‌وره بکه‌ین و په‌ره‌ی پێبده‌ین، وه‌ک له‌وه‌ی هه‌ستی ڕق و کینه و دوژمنایه‌تیی په‌ره‌پێبده‌ین.

به کۆی گشتیی ئه‌رکی هه‌موانه، که ڕێگربین له بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌موو ڕق و کینه‌یه‌ک. ئه‌رکێکی مۆڕاڵییه، که هیچ میدیایه‌ک ڕێگا به بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕق و کینه و دوژمنایه‌تیی نه‌دات، به‌ڵکوو په‌ره‌بده‌ین به خۆشه‌ویستیی و لێکنزیکبوونه‌وه‌مان له‌یه‌کتریی. ده‌زانم تاک ده‌ترسێت، ده‌ترسێت له‌وه‌ی، که نه‌خوێنرێته‌وه، ده‌ترسێت له‌وه‌ی، که ڕێزی نه‌گیرێت، ده‌ترسێت له‌وه‌ی ئێکسیستێنسی له‌ده‌ست بدات، ده‌ترسێت له‌وه‌ی، که ژیانی ناخۆش بێت له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت. به‌ڵام ترس ته‌نها له مێشک و بیرکردنه‌وه‌ماندا بوونی هه‌یه. مێشکیش کار له‌وه‌دا ده‌کات، که بیری لێده‌که‌ینه‌وه. بیر له ترس ده‌که‌ینه‌وه، ئه‌وا مێشکمان کار له‌سه‌ر ترس ده‌کات و هه‌موو جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌قڵانیی و لۆگیکی بلۆک ده‌کات. تاک پێویسته کۆنترۆڵی بیرکردنه‌وه‌ی بکات، نه‌ک بیرکردنه‌وه‌ی کۆنترۆڵی ئه‌و بکات.

ئه‌قڵ میکانیزمێکی لۆگیکانه‌یه و هه‌میشه هه‌وڵی ڕێگرتن له هه‌ڵه ده‌‌دات، به‌ڵام ژیان به ته‌نها به ئه‌قڵ به‌ڕێگاوه ناڕوات، به‌ڵکوو هه‌ستیشی له‌گه‌ڵدایه، کاتێک ڕۆشنبیریی هه‌ست به‌شی ئه‌وه‌ ناکات، که کۆنترۆڵی هه‌سته‌کانمان بکه‌ین، ئه‌وا هه‌سته‌کانمان زاڵده‌بن به‌سه‌ر ئه‌قڵ و لۆگیکدا و هه‌ڵه ده‌که‌ین. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵانه هه‌میشه ده‌بنه هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی تر، که دواجار کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه. ئێمه‌ی کورد خاوه‌نی هیچ ڕێسۆسێک نین بۆ خستنه‌وه‌ی کاره‌سات، چونکه کاره‌ساتگه‌لی وه‌ها ده‌بێته هۆی ماڵوێرانیی، ماڵوێرانییه‌ک، که نامانه‌وێت هه‌مان بێت، نامانه‌وێت جارێکی تر ئێخه‌مان بگرێت.

پێویسته له‌سه‌ر هه‌موومان، که مرۆڤایه‌تیی له خۆماندا و له که‌سی به‌رانبه‌ردا هه‌میشه وه‌ک ئامانج بهێنینه پێش چاوی خۆمان، نه‌ک وه‌ک ئامڕاز. پێویسته باشه‌یه‌کمان بوێت بۆ کۆی هه‌موو کورد، نه‌ک به ته‌نها بۆ تاکێک یان گرۆیه‌ک. به‌مشێوه‌یه ده‌توانین مۆڕاڵانه مامه‌ڵه بکه‌ین و ڕێگریی له خستنه‌وه‌ی کاره‌سات بکه‌ین. پێویسته یه‌کترییمان خۆشبوێت، چونکه هیچ شانسێکی ترمان نییه، بێجگه له خۆشه‌ویستیی.