به‌شداریى ئافره‌تان له‌ په‌ره‌پێدانى ئابووریدا

 

ساڵانێكه‌ ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و وڵاتانى باكوورى ئه‌فریقا، به‌هۆى هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كان و داڕمانى ژێرخانى ئابوورییه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى ناسه‌قامگیریى سیاسی و ئابوورى و ئه‌منی بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ئه‌نجامدا وێڕای کارەساتەکانی تر، ژنان و منداڵان ده‌بنه‌ قوربانیى یه‌كه‌م. هه‌رێمى كوردستانیش پێگه‌یه‌كى به‌هێزى سیاسیى هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و دوورخستنه‌وه‌ى تیرۆرستان له‌ ناوچه‌كه‌دا، هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدا بوون بۆ پاراستن و سه‌قامگیریى سیاسى و ئاسایشى هه‌رێم له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، به‌ پرۆگرامى چاكسازى و هه‌بوونى ئیراده‌یه‌كى ڕاستگۆیانه‌ بۆ گۆڕانكارییه‌ ئه‌رێنییه‌كان، كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان ده‌گرێته‌وه، لەپاڵ بەرگرییەکەدا هەولێ داوە ئاسەوارە خراپەکانی جەنگ کەمترین کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتییان هەبێ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستانییەوە ‌. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، ڕێگاى داوه‌ به‌ هێنانى ناوه‌ند و گرووپ و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ یارمه‌تیدانى، له‌ ڕووى لێكۆڵینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى و گه‌ڕان به‌دواى چاره‌سه‌ر و جێبه‌جێكردنى پلان و ستراتیژییه‌كانى، به‌ ئامانجى پێشخستن و په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابووریى هه‌رێمیش.


بانكى نێوده‌وڵه‌تى یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ى گرنگی به‌ رێكارى توێژینه‌وه‌ له‌ سیسته‌م و سیاسه‌تى كارى كۆمه‌ڵایەتیى وڵاتان ده‌دات، بۆ یه‌كخستنى یه‌كسانى له‌ بوارى ئابووریدا، هه‌ر بۆیه‌ له‌ ساڵى (2016) لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان له‌ شارى هه‌ولێردا ده‌رباره‌ى كاركردنى ئافره‌تان له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا کرد، له‌ ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت، كه‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م له‌ كچان و ژنان له‌ بازاڕى كاردا هه‌ن و زۆر به‌ده‌گمه‌نیش له‌ بوارى بازرگانیدا هه‌ن. هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا، ڕێژه‌ى به‌شداریى ڕه‌گه‌زى مێ وه‌ك هێزى كار له‌ وڵاتانى كه‌نداو 31%، باكوورى ئه‌فریقیا 23%، ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست 18.8% و له‌ هه‌رێمى كوردستان 11% بوو. بێ گومان ئه‌م ڕێژه‌یه‌ كه‌ كه‌مترینه‌، نامۆ نییه‌، له‌كاتێكدا له‌ 100 ئافره‌ت ته‌نیا یەک ئافره‌ت له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا له‌ كوردستاندا كار بكات. هه‌روه‌ها به‌پێى ڕاپۆرتێكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌مان ساڵدا ڕێژه‌ى ئافره‌تان له‌ بوارى وه‌به‌رهێناندا 1% بوو، كه‌ ئاشكرایه‌ هۆكارگه‌لێك هه‌ن به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م كاركردنى ژنان له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا، كه‌ هه‌ندێكیان یاسایین و هه‌ندێكیشیان په‌یوه‌ستن به‌ دابونه‌ریته‌وه‌.


بۆ نموونه‌: له‌ رووى یاساییه‌وه‌؛ له‌ كه‌رتى گشتیدا سوود و نرخى كاركردن زیاتره‌ له‌ رووى مووچه‌ و ده‌ر‌ماڵه‌ و خانه‌نشینى و كاتى كار و مۆڵه‌ت و ..هتد. هه‌روه‌ها هه‌ندێك مه‌رج و سنوورداركردنى كارى ئافره‌تان هه‌یه‌ له‌ كه‌رته‌كاندا، وه‌كوو ئه‌و كارانه‌ى به‌ مه‌ترسیدار داده‌نرێن و به‌ كارى ژنان هه‌ژمار ناكرێن، ئه‌مانه‌ چواچێوه‌یه‌كى یاسایىان بۆ كراوه‌ و هاندانێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئافره‌تان روو له‌ كه‌رتى گشتى بكه‌ن.


له‌ ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌؛ به‌هۆى به‌رپرسیارێتییەی له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ماڵ و چاودێریكردنى منداڵدا لەئەستۆیانە، ئافره‌تان واز له‌ كارى ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنن، هه‌روا زۆر له‌ خێزانه‌كان پێیان وایه‌ میكانزمی چاودێرى له‌نێو كه‌رتى گشتیدا باشتره‌ له‌سه‌ر فه‌مانبه‌ران، وه‌ك له‌ تایبه‌تى. له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌، تێڕوانینى كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئه‌و كچانه‌ى له‌ كه‌رتى تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن، ناهۆشیارانه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زۆریى سەعاته‌كانى كاركردن و نه‌بوونى سیاسه‌تى پاراستنى ئافره‌تان له‌و شوێنانه‌دا.


سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌ى ئاماژه‌مان پێ دان، شه‌ڕى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش و هاتنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ر و دروستبوونى قه‌یرانى دارایى و ئه‌و كاره‌ساته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كانه‌ى ڕوویان له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان كرد، لدۆخیکی ناهەمواری ئابووری، باڵى كێشا به‌سه‌ر گوزه‌رانى هاووڵاتییان و بێبازاڕى و بێكارى سه‌ری هه‌ڵدا و بێ هیوایى له‌ناو تاكى كوردستانیدا به‌دى ده‌كرا، بینیمان كه‌ له‌ ئه‌نجامى دروستبوونى قه‌یران و به‌تایبه‌تى مه‌سه‌له‌ى بێکاری و نه‌بوونیدا، دیارده‌ى دزێوى جۆراوجۆر و لێكترازانى خێزان و توندوتیژییه‌كانى نێو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوون، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2016، پلان و دیدگاى 2020ى داڕشت و چوار خاڵى سه‌ره‌كیى تێدا كرده‌ بنه‌ما، بۆ كۆنترۆڵكردنى ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى، كه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا هاتبوو و هه‌وڵدان بۆ داهاتوویه‌كى باشترى هه‌رێم، كه‌ بریتى بوون له‌:


١- باشكردنى بارودۆخى هاووڵاتییان له‌ ڕێگه‌ى پێشخستنى كه‌رته‌كانى ته‌ندوستى و په‌روه‌رده‌ و بازاڕى كار، به‌ زیادكردنى فێركردن و هه‌لى كار بۆ ئافره‌تان.
٢- ژێرخانى ئابوورى.
3- گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوورى.
4- حوكمڕانى.


ئه‌گه‌رچى به‌هۆى قه‌یرانه‌كانه‌وه‌ به‌پێى پێویست نه‌چووه‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ دانه‌بڕان له‌و ستراتیژه‌، دیدگاى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێم بۆ 2030 داڕێژراوه‌، به‌ نوێكارییه‌وه‌ و زۆرترین و باشترین پلانى تێدایه‌ بۆ پێشخستنى تواناكانى ئافره‌تان. شانبه‌شانى ئه‌م هه‌وڵانه‌ى حكوومه‌ت، قه‌یرانانه‌كان كۆمه‌ڵگاى گورج كرده‌وه‌ به‌وه‌ى، بیرۆكه‌ى نوێ بێته‌ ئاراوه‌، بۆ به‌رده‌وامبوونى ژیان و دروستكردنى خۆشگوزه‌رانى، به‌تایبه‌تى له‌نێو توێژی ئافره‌تاندا، ئه‌وانه‌ى كه‌ هه‌ستیان كرد به‌هره‌یه‌كیان هه‌یه‌ و ده‌توانن كارێك یا پیشه‌یه‌ك بکەن و خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بگه‌یه‌نن و هه‌م ببنه‌ خاوه‌ن ئابوورییه‌كى سه‌ربه‌خۆى خۆیان، بوێرانه‌ هاتوونه‌ته‌ بازاڕى كاره‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ و له‌ بوارێكدا ده‌ست و په‌نجه‌ى ڕه‌نگین و توانا و ئیراده‌یان به‌گه‌ڕ خستووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵانى ڕابوردووشدا به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م له‌ ژنان كارى بازرگانیی بچووكیان كردووه‌ و به‌رده‌وامن و بوونه‌ته‌ ڕچه‌شكێن له‌م بواره‌دا. ئەگەرچی كاره‌كان ساده‌ و سه‌ره‌تایى و بچووكن، به‌ڵام گرنگییه‌كه‌ له‌وه‌دایه كه‌ ژنان پێگه‌ى خۆیان له‌ پێشخستنى ئابووریى كه‌سى چه‌سپاندووه‌ و كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هۆشیاریى كۆمه‌ڵگه‌ بۆ به‌رزنرخاندنى ئه‌م پێگه‌یه‌. بێ شك ئه‌م ئه‌ركه‌ ئاسان نییه‌ و پاڵپشتیى مادی و مه‌عنه‌ویى ده‌وێت و پێویستیان به‌ تواناسازى و پۆلێنكردن و به‌بازاڕكردنى به‌رهه‌مه‌كانیانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ پلانى تایبه‌ت و درێژخایه‌نە له‌ ڕێگاى هه‌ڵمه‌تێكى چاكسازى له‌ یاساى كار و وه‌به‌رهێنان و به‌هێزكردنى ده‌زگاى بیمه‌ى بێكارى، هه‌روه‌ها چاكسازى له‌ سیاسه‌تى كارى نێو كه‌رتى تایبه‌ت و پاراستنى كه‌رامه‌تى ژنان له‌ بازاڕى كاردا، هه‌روه‌ها سیستمى شموولیى دارایى له‌ پلانه‌كانى پێشخستنى ئابووریى هه‌رێمدا به‌ شێوه‌یه‌ك په‌یڕه‌و بكرێت، كه‌ یه‌كسانیى جۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى تێدا ڕه‌چاو بكرێت، به‌ هاوتایى له‌گه‌ڵ دیدگاى 2030 و ئه‌و ستراتیژانه‌ى، كه‌ حكوومه‌ت بڕیارى جێبه‌جێكردنى داون. به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ك هێزێكى كارا سوود له‌ تواناكانى ئافره‌تان وه‌رده‌گرین و پشكى ده‌بێت له‌ پێكهێنانى خێزانى به‌خته‌وه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ڕۆشنبیر و ته‌ندروست، هه‌روه‌ها وه‌ك چالاكوانێكى ئابوورى به‌شدار ده‌بێت له‌ ده‌وڵمه‌ندكردنى ژێرخانى ئابوورى و بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستان، خۆشبەختانە بەشێکی بەرچاو لەم هەنگاوانەی لێرەدا ئاماژەم پێ کردن، لە کارنامەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە و بەڕوونی ئاماژەیان پێ کراوە.