سێكس به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

سێكس به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌، يه‌كێكه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ى كه‌ ڕوودانى له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌ئاگايى مرۆڤه‌ و تا ئاستێكى زۆر له‌ خه‌و ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ خه‌به‌رى ده‌بێته‌وه‌ هيچى له‌بير نه‌ماوه‌. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌، كه‌سى تووشبوو به‌م حاڵه‌ته‌ له‌ كاتى ئاسايى باشتر كردارى سێكس‌ ئه‌نجام ده‌دات، بێ ئه‌وه‌ى هيچ هۆشى لاى خۆى بێت، هه‌ندێ جار له‌ كاتى ئه‌و جووڵه‌ و كرداره‌ سێكسييه‌دا به‌ئا‌گا دێته‌وه‌ كه‌ به‌ زۆرى هاوبه‌شه‌كه‌ى به‌ئاگاى دێنێته‌وه‌. هه‌ندێ جاريش ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌و كرداره‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كه‌ى يان هيچ كه‌سێكى ديكه‌ ناكات، به‌ڵام هه‌موو جووڵه‌ و ڕه‌فتارێكى سێكسى ده‌نوێنێ، هه‌روه‌ك بڵێى، كه‌ به‌ڕاستى ئه‌و كرداره‌ ئه‌نجام ده‌دات.

پ: هۆكارى ڕوودانى سێكس به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ چييه‌؟
و: كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن وه‌ك:
- ڕوودانى جۆرێ له‌ ناڕێكى له‌و شه‌پۆلانه‌ى كه‌ له‌ مێشكه‌وه‌ ده‌رده‌چن له‌ كاتى خه‌ودا.
- فاكته‌رى ده‌روونى، ئه‌و كه‌سانه‌ى كێشه‌ى ده‌روونيیان هه‌يه‌، يان له‌ ڕابردوودا هه‌بووه‌، زياتر ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ تووشى ئه‌م حاڵه‌ته‌ ببن. بۆ نموونه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى تووشى خه‌مۆكى بوون و چاك بوونه‌ته‌وه‌.
- فاكته‌رى سۆزدارى و سترێسى كۆمه‌ڵايه‌تى. بۆ نموونه‌، له‌ناكاو له‌ده‌ستدانى هاوبه‌شى ژيان، كه‌ هاوبه‌شى سێكسيش بووبێت‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌، يان له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك بێت، ئه‌و كه‌سه‌ بێ ويستى خۆى هاوسه‌رێتیى كردبێت.
- به‌كارهێنانى حه‌بى خه‌و.‌
- تووشبوون به‌ تراوما و كاره‌ساتى ناخۆش له ‌ڕابردوودا.
- ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتيژى له ‌ڕابردوودا.
- ده‌ستدرێژيكردنه ‌سه‌رى سێكسى له‌ كاتى منداڵى و هه‌رزه‌كاريدا.

پ: نيشانه‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌ چيين؟
و: كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى هه‌يه‌ وه‌ك:
- ديارترين نيشانه‌، ئه‌نجامدان يان نواندنى ڕه‌فتارى سێكسييه‌ به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ به‌ڕاستى، يان ته‌نيا به‌ جووڵه‌، بێ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كه‌س هيچ بكات.
- نواندنى توندوتيژى له‌ كاتى خه‌ودا. بۆ نموونه‌ بۆكس هاوێشتن، په‌لاماردان و هێرشكردنه‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ له‌ ته‌نيشتييه‌وه‌ خه‌وتووه‌. يان به‌زۆر ناچاركردنى ئه‌و كه‌سه‌ى له‌ نزيكييه‌وه‌ خه‌وتووه‌. بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ سێكسى له‌گه‌ڵدا بكات.
- گوتنى قسه‌ى ناشرين و وته‌ى سێكسیى نه‌شياو به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌.
- بينينى زۆر خه‌ونى سێكسی.
- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ چالاكیى سێكسى له‌ كاتى به‌ئاگاييدا.
- بێتاقه‌تى و فه‌رامۆشكردنى بايه‌خدان به‌ خۆى.
- هه‌ندێ له‌و كه‌سانه‌ كێشه‌ى ميز به‌خۆداكردنى ناو جێگه‌يان هه‌بووه‌ تا ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاريیش.

پ: ئايا فه‌رامۆشكردنى ئه‌م حاڵه‌ته‌ هيچ مه‌ترسييه‌كى هه‌يه‌؟
و: گوێنه‌دان به‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م حاڵه‌ته‌، هه‌ندێ كێشه‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ له‌وانه‌يه‌ چاره‌سه‌ركردنى ئاسان نه‌بێت، به‌ گشتى ئه‌م مه‌ترسييانه‌ى هه‌يه‌:
- ديارترين كێشه‌ى ئه‌م نه‌خۆشانه‌ ئه‌وه‌يه‌، خۆيان بێئاگان له‌ حاڵى خۆيان، هه‌ندێ جار بڕوا به‌ هاوبه‌ش يان كه‌سانى ده‌وروبه‌ريان ناكه‌ن، كاتێك بۆيان باس ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ چييان كردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ندێ جار تووشى كێشه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و په‌يوه‌ندى ده‌بنه‌وه‌، به‌تايبه‌تى كاتێك له‌ شوێنێكى ديكه‌ی دوور له‌ ماڵى خۆيان ده‌خه‌ون، يان كه‌سێك له‌ ماڵيان ميوانه‌، ده‌شێ بێئاگا ڕه‌فتارى سێكسیى به‌رامبه‌ريان بنوێنن.
- ئه‌و توندوتيژييه‌ى له‌ كاتى خه‌ودا ده‌ينوێنن مه‌ترسيداره‌ و له‌وانه‌يه‌ زيان به‌ هاوبه‌ش يان ئه‌و كه‌سه‌ بگه‌يه‌نێ. كه‌ له‌نزيكيانه‌وه‌ خه‌وتووه‌.
- هه‌ندێ جار ئه‌م حاڵه‌ته‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ حاڵه‌تى ڕۆيشتن به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌خۆش زياتر تووشى كێشه‌ ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نييه‌ به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ ڕه‌فتارى سێكسى بنوێنێ، يان سێكس له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كه‌ى بكات، به‌ڵكوو ده‌شێ بێئاگا له‌ خۆى جێگاكه‌ى به‌جێ بێڵێ و به‌ره‌و جێگا و شوێنى ديكه‌ بڕوات، ئينجا ڕه‌فتارى سێكسى و توندوتيژيش بنوێنێ.

پ: ئه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌يه‌؟
و: تا ئێستا چاره‌سه‌رى ته‌واو ديارى نه‌كراوه‌، چونكه ‌توێژينه‌وه‌ى ته‌واو له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ نه‌كراوه‌. زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌ده‌ستييه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، خۆيان بێ ئاگان له‌ حاڵى خۆيان، تا هاوبه‌شێكيان نه‌بێ، يان له‌نزيك كه‌سێكه‌وه‌ نه‌خه‌ون، درك به‌و دۆخه‌ى خۆيان ناكه‌ن. ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌زانن ئه‌و حاڵه‌ته‌يان هه‌يه‌، يان بڕوا ناكه‌ن و مه‌سه‌له‌كه‌ به‌جدی وه‌رناگرن، يان به‌ لايانه‌وه‌ شه‌رمه‌ باسى بكه‌ن. ته‌نانه‌ت هاوبه‌شه‌كانيشيان بۆيان ده‌پۆشن، تا ئه‌و كاته‌ى ئيدى له‌ سه‌بر و ته‌حه‌مولياندا نامێنێ و جيا ده‌بنه‌وه‌، يان به‌ هۆى زيان پێكه‌وتنيانه‌وه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌دا ئيدى ناچار ده‌بن، كه‌ باسى بكه‌ن. ئه‌م نه‌خۆشانه‌ به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ڕازى نابن له‌ له‌ لايه‌‌ن پزيشكه‌وه‌ له‌ كاتى خه‌ودا چاودێری بكرێن.
به‌گشتى حه‌وانه‌وه‌ى بارى ده‌روونى و سه‌قامگيری له‌ په‌يوه‌ندیى سۆزداريدا كاريگه‌ریى باشى ده‌بێت له‌ هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردن و قه‌ناعه‌تپێكردنى نه‌خۆش تا پزيشكى پسپۆر ببينێ.

پ: ئه‌م نه‌خۆشانه‌ پێويسته‌ چۆن ئاگادارى خۆيان بكه‌ن، تا دۆخيان به‌ره‌و باشتر ده‌چێ؟
و: گرنگترين خاڵ بۆ ئه‌م نه‌خۆشانه‌ شوێنى خه‌وتنيانه‌. ئايا كوێيه‌ و له‌گه‌ڵ كێ ده‌خه‌ون. باشتر وايه‌ هه‌رگيز له‌ ماڵدا به‌ته‌نيا نه‌خه‌ون.
هه‌روه‌ها هاوبه‌شه‌كانيشيان، يان هه‌ر كه‌سێ له‌نزيكيانه‌وه‌ ده‌خه‌وێ، به‌ئاگا بن له‌ خۆيان، چونكه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ توندوتيژى بنوێنن، بێ ئه‌وه‌ى كه‌ هيچ مه‌به‌ستيان هه‌بێت. پاشان پێويسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ى تووشى ئه‌م حاڵه‌ته‌ بووه‌، له‌ داواكردنى يارمه‌تى و ڕاوێژكردن به‌ كه‌سانى پسپۆر هيچ دوودڵى نه‌نوێنێ.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.