هەڵگرتنی شوینپێی مەولانا

14

١٩٦
ژین هێندە کورتە، هەناسەیەکە
تەنیا هەر تۆوی، ئەڤین بچێنە،
باوەڕ ئەوەیە، دڵت ڕۆشن بێ
واز لە هاتوچۆی، مەعبەد بهێنە.

١٩٧
گەر هەور نەگری، باخ پێناکەنێ
عاشق سەر لەڕێی، عیشقا دادەنێ
دوای چی بکەوی، خۆت دەبی بەوە
واز لە زێڕ بێنە، شوێن ئەڤین کەوە

١٩٨
بەبێ جیاکاری، هەموو کەس دەمرێ
بەڵام هەموو کەس، تامی ژین ناکا،
عاشقان هەمان، خودایان هەیە
عاشق حیساب بۆ، جۆری دین ناکا.

١٩٩
لەلای خوای مەزن، ئەوە گرنگە
منت قەبووڵ بێ، مانەندی ئینسان
ئاخر هەموومان، گەڵای دارێکین
بەبێ گوێدانە، ئایین و زمان

٢٠٠
لەنێو دڵتایە
سەرەتای ڕێگەی، بەرەو لای یەقین،
هەر هێندەی دەوێ
بوێریت بفڕیت، بە باڵی ئەڤین.

٢٠١
خۆت لە ئەزموونی، دژوار مەبوێرە
مامۆستا نییە، وەک ئەزموون بەکەڵک،
میراتێکی وا، بەجێ بهێڵە
جێی شانازی بێ، لەکن هەموو خەڵک.

٢٠٢
پێشبینی مەکە، ئەگەر ڕاست دەرچوو
کەس نایە وەسفی، (زیرەکی)یت بکا،
گەر هەڵە دەرچوو، هەر خەڵک زۆرە
گاڵتە بە عەقڵی، (کەرەکی)یت بکا.

٢٠٣
بە فیکرێکەوە، توند خۆت ببەستی
بێ شک دەبیتە، ئەسیری دەستی
وا خۆت نمایش، بکە وەکوو هەیت
ئەوە بە وەک خۆت، نمایش دەکەیت

٢٠٤
لەمێژبوو کێشکە، لەبەین چووبوو
ئەگەر پشیلە، باڵی هەبووایە،
نەدەبوو هێندە، تەنگەنەزەر بی
کە ناخت هەموو، گەردوونی تیایە.

٢٠٥
شەپۆلی هەڵچووی، زەریاچەی دڵم
دەگاتە ئاستی، ئاسمانی حەوتەم،
ئاخر گەوهەرێ، لەناویدایە
بێ وێنە وەکوو، شاجوانی عالەم.

٢٠٦
وەکوو مەل وا بە، بێباکە لەوەی
عەوام چۆن دەنگی، هەڵدەسەنگێنن،
تەنیا ئەوانە، دەنگیان شیرینە
چۆنیان ویست وەها، ستران دەخوێنن.

٢٠٧
وەکوو پۆشاک چۆن، سەبارەت بە لەش
ئەلفێ نازانێ،
جەستەش لەبارەی، دونیای ڕۆحەوە
حەرفێ نازانێ.

٢٠٨
باڵندەی ڕۆحم، لەنێو قەفەزی
تەنگی جەستەمدا، ئۆقرە ناگرێ،
ناتوانم باسی، عیشقت بۆ بکەم
نهێنیی ئەڤین، ڕاڤە ناکرێ.

٢٠٩
لە هەمان کاتا
هەردوو دیوەکەی، دراو نابینی،
ئەم تاکیان تەنگ بێ
سوود لە ئەو تاکی، پێڵاو نابینی.

٢١٠
شاعیر بۆ کەسێک، شیعر دەنووسێت
ئەهلی شیعر بێت،
تۆ کە تێی ناگەیت، یەخەمان بەر دە
با ئابڕووت نەچێت.

*

(١) مەعبەد: پەرستگە
(٢) مانەندی: وەکوو
(٣) کێشکە: چۆلەکە
(٤) ڕاڤە: لێکدانەوە، شرۆڤە
.