من لە رەقە بووم

21

به‌شی سێزده‌یه‌م

به‌دواى ڕاستیدا ده‌گه‌ڕاین و وێڵ بووین. بۆ ئه‌وه‌‌ بزانین هه‌ڵه‌مان كردووه‌ به‌ربه‌ستمان (بۆ گه‌ڕان به‌دواى ڕاستیدا) نه‌بوو. له‌ گۆماوێك و تونێلێكى دوورودرێژدا كه‌وتبووین كه‌ نه‌مانده‌زانى ئێمه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌بات، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ئیتر خۆمان یه‌كلایی كرده‌وه‌ و زۆرینه‌مان بڕیارمان دا له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت هه‌ڵبێین. ده‌بێ له‌نێو ئه‌م تونێله‌ دوورودرێژه‌ بێ كۆتاییه‌ ڕێگایه‌كى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌مان بدۆزینه‌وه‌.


دوای باشبوونم له‌ نه‌خۆشیی زه‌ردوویی، ده‌مەویست بیانوویه‌ك بۆ نه‌چوونه‌ باره‌گاكه‌مان بدۆزمه‌وه‌ و له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌شداری نه‌كه‌م. له‌سه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ جه‌ختم ده‌كرده‌ووه‌ كه‌ پێش چوونه‌ ناو هه‌ر شه‌ڕێكى تازه‌، له‌گه‌ڵ هێزى (سەیف ئەلدەوله‌)دا ڕێڕه‌وى خۆم بدۆزمه‌وه‌.


بیانووویه‌ك، كه‌ بۆ هه‌ڵاتن له‌ مه‌یدانى جه‌نگ ده‌مدۆزییه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌مێك ئاسه‌وارى نه‌خۆشیی زه‌ردوویی له‌ جه‌سته‌مدا مابوو. ده‌مویست كاته‌كان له‌ قازانجى خۆم ته‌واو بكه‌م. هه‌موو جارێك به‌ڵێنم ده‌دا و ده‌مگوت ماوه‌یه‌كی تر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر نه‌ده‌گه‌ڕامه‌وه‌.


بڕیارم دابوو تا ئه‌و كاته‌ى ڕاستییه‌كانمان بۆ ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌شداریكردن له‌ جه‌نگه‌كاندا هه‌ڵپه‌سێرم. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر له‌و كاته‌دا هه‌وڵم دابوو به‌ پێشكه‌شكردنى لێكدانه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌ ئایه‌تى (فقاتل فی سبیل الله‌ لا تكلف الا نفسك) قه‌ناعه‌ت بە خۆم بێنم. به‌پێى ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌، هیوام وابوو خودا وه‌كوو كه‌س و تاكێك (نه‌ك وه‌ك ئه‌ندامێكى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت) نیه‌تم به‌دواچوون و جێبه‌جێ بكات.


به‌ڵام ماوه‌یه‌كى زۆر به‌م شێوازه‌ تێنه‌په‌ڕی. ئیتر نه‌مده‌توانى خۆم له‌ جه‌نگ و دۆخه‌ جه‌نگییه‌كان بدزمه‌وه‌. ئاماده‌نه‌بوونم كه‌وتبووه‌ به‌رچاو و خه‌ریك بوو ئیتر پێى ده‌زانرا. بێ ئه‌وه‌ى حه‌ز بکەم بڕیارم دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ باره‌گای هێزه‌كه‌مان (سەیف ئەلدەوله‌). له‌وێ ئه‌میری هێزه‌كه‌مان هه‌واڵى ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند كه‌ شه‌ڕێكى گه‌وره‌تر له‌ ڕێگادایه‌ و بۆ ئه‌وە بانگهێشت و ئاگادارینامه‌یه‌كى گشتى ده‌كرێت. ئه‌میره‌كه‌مان گوتى، ئه‌م جه‌نگه‌مان له‌ غه‌زوه‌ى ته‌دموور یان ڕه‌نگه‌ له‌وێ گه‌وره‌تر بێت. ئه‌مجاره‌یان ڕێگایه‌كی ترم بۆ ڕاكردن له‌ هێزه‌كه‌مان نه‌دۆزییه‌وه‌.


هه‌روه‌كوو عاده‌تى پێشووترم، هه‌موومانیان له‌ شوێنێكدا كۆ ده‌كرده‌وه‌ و به‌ زیلێكى سه‌ربازى بۆ شوێنێكیان ده‌بردین. ئه‌و ڕێگایه‌ى پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بووین، جاده‌یه‌ك بوو به‌ره‌و ڕیفی شارى (حه‌ما)دا ده‌گه‌شت. به‌ڵام نه‌مانده‌زانى شوێنى مه‌به‌ستى شه‌ڕه‌كه‌ كوێیه‌. به‌پێى قەبارەى هێز و چه‌كه‌ قورس و ئوتومبێله‌ بۆمبڕێژه‌ ئاماده‌كراوه‌كان و پڕچه‌ككردنى دووكابینه‌كان و ئاماده‌بوونى هێزێكى كۆماندۆ، كه‌ چه‌كى بێده‌نگیان پێ بوو، وا ده‌رده‌كه‌وت كه‌ شه‌ڕێكى گه‌وره‌مان له‌پێشه‌.


هه‌فته‌یه‌ك له‌ ڕیفی حه‌مادا ماینه‌وه‌. له‌ ماوەى ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا له‌ موڵكه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا دابه‌ش بووبووین. پاش چه‌ند ڕۆژێك، مه‌لاكانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بۆ ئه‌وێنده‌ر هاتن و هه‌ر هێزێكیان له‌ بنكه‌یه‌كى تایبه‌تدا جێگیر كرد. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ى ده‌رده‌خست كه‌ كاتى جه‌نگ نزیك بووه‌ته‌وه‌. هێزى سه‌یفوده‌وله‌ له‌نزیك مزگه‌وتێكدا جێگیر بوو كه‌ له‌نزیك یه‌كێك له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كاندا بوو.


له‌نێو ئه‌و مه‌لا و زانا ئایینییانه‌دا، وتاربێژى هێزه‌كه‌ى ئێمه‌ ئه‌بوو مه‌روان میسڕی بوو. ئه‌و یه‌كێك له‌و زانا ئایینییانه‌ بوو كه‌ له‌نێو هێزه‌كه‌ى ئێمه‌دا زۆر پشتیان پێ ده‌به‌ست و به‌ هۆكارێك كه‌ نازانم، زۆر ڕقی له‌ توونسییه‌كان ده‌بووه‌وه‌. له‌نێو وتاره‌كه‌یدا گوتى، تا چه‌ند سەعاتێکی تر ویلایه‌تێكى تر به‌ ناوى ئیدلب له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا ده‌ست به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و فه‌تح ده‌كرێت.


به ‌شێوه‌یه‌ك (الله‌ اكبر)ى ئاماده‌بووان به‌رز بووه‌وه كه‌ دیواره‌كانى مزگه‌وته‌كه‌ ده‌له‌رایه‌وه‌. منیش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا گوتمه‌وه‌. له‌و كه‌ش و دۆخه‌دا چاره‌یه‌ك جگه‌ له‌ گوتنی ته‌كبیره‌كه‌م وه‌ك ئه‌وان نه‌بوو! ئه‌گینا گومانیان له‌سه‌رم دروست ده‌كرد.


خه‌مگین بووم، نه‌مده‌زانى ده‌مه‌وێت چی بكه‌م. پێده‌چوو له‌ جه‌نگێكدا بمرم، كه‌ له‌ ڕاست و دروستیى ئه‌و هێشتا دڵنیا نه‌بووم و ئیمانیشم پێى نه‌بوو. من وه‌كوو سه‌ربازێك بووم، وه‌كوو هه‌زاران سه‌رباز كه‌ به‌درێژایی مێژووى جیهان كه‌ به‌ ناچاری و زۆره‌ملێ له‌ شه‌ڕى جۆراوجۆر و له‌ ناوچه‌ى جۆراوجۆر به‌شدارییان كردبوو، كه‌ هه‌ندێك له‌وان بێ هۆ كوژران و هه‌ندێكیانیش زیندوو مانه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى بژاره‌یه‌كیان بۆ دیاریكردنى چاره‌نووسیان هه‌بێت. هەڵبەتە هه‌ندێك گه‌نجیتری هاوشێوه‌ى من له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا هه‌بوون و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ بوێری و تواناى ده‌رچوونیان له‌م تونێله‌ دوورودرێژه‌دا نه‌بوو، خوێنیان هه‌روا بێ هیچ ئه‌نجامێك به‌فیڕۆ چووبوو. خراپترین بژاره‌ ئه‌وه‌یه كه‌ سه‌ربازێكى گوێڕایه‌ڵ بیت و له‌ شوێنێكى هه‌ڵه‌ و كاتێكى هه‌ڵه‌دا بیت، وه‌كوو غه‌زوه‌یه‌ك كه‌ بڕیار بوو من له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا له‌ ئیدلبدا به‌شداریی تیادا بكه‌م.


هیچ ڕێگایه‌كم نه‌بوو، ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌میری هێزه‌كه‌م ده‌گوت كه‌ حه‌زم له‌م شه‌ڕه‌ نییه‌، چى ده‌بوو؟ كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ سزا و حوكمى ئاوا شتێك دیار بوو. زۆر كه‌س پێش ‌من له‌به‌ر ڕاكردن له‌ گۆڕه‌پانى جه‌نگ (التولی من الزحف) سزا درابوون.


ئیتر ئه‌م گوتنانه‌شم جگه‌ له‌و دیوه‌ ناشیرینه‌ش بوو كه‌ وه‌ك ترسنۆك له‌ ڕه‌قه‌دا ناویان ده‌هێنایت. ئه‌گه‌ر كه‌سانى لێكۆڵه‌رى سه‌ربازییش ده‌یانزانى كه‌ له‌پشت ئه‌م كه‌سه‌وه‌ شک و گومانێكی تر هه‌یه‌. شتێك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ بڵێن ئه‌و سیخووڕه‌، یانیش له‌ بیروڕاى ئه‌ودا بكه‌وتنایه‌نه‌ گومانه‌وه‌، ئه‌وكات سزاكه‌ى له‌سێدارەدان ده‌بوو.


له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێیانه‌دا، هیچ ڕێگایه‌كم نه‌دۆزییه‌وه‌، جگه‌ له‌ نوێژكردن و شه‌و نه‌خه‌وتن بۆ نزا و شه‌ونوێژكردن و تكاكارى له‌ خودا، بۆ ئه‌وەى عاقیبه‌ت خه‌یرم بكات.


كێشه‌ى شه‌ڕى ئیدلب ئه‌وه‌ بوو كه‌ شاره‌كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ژێر سه‌یته‌ره‌ى دژه‌كانى حكوومه‌تى سووریا واته‌ (جبهه‌ النصره‌)دا بوو. له‌ ڕوانگه‌ى سه‌ربازییشه‌وه‌ كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ شوێنى كه‌مینی ئێمه‌ تا شاره‌كه‌، گۆڕه‌پانێكى فراوان بوو، كه‌ له‌ژێر دەسەڵاتى حكوومه‌تى سووریا خۆیدا بوو (نموونه‌ هه‌ر ئه‌م ڕێگایه‌ ئێستاكه‌ ده‌مانویست به‌وێدا تێپه‌ڕ بین) ئێمه‌ ده‌بێت له‌م مه‌ودایانه‌ تێپه‌ڕ بین و ڕێگایه‌كمان تێده‌په‌ڕاند كه‌ (سیلمیه‌ به‌ ئوسه‌ریا خه‌ناسیر)ی پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كرد، تا له‌قۆناغی یه‌كه‌مى ئۆپه‌راسیۆن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌ربازیى ئه‌بوو ز‌هوور کە (جبهه‌ النصره‌- بەرەی نوسڕە) له‌ مانگى سیپته‌مبری 2015 ئه‌وێى داگیر كردبوو، سه‌یته‌ره‌ى به‌سه‌ردا بكه‌ین و به‌ یه‌كه‌مین هێڵی پاسه‌وانیى ئیدلب بگه‌ین.


دیار بوو شه‌ڕه‌كه‌ شه‌ڕێكى گه‌وره‌ ده‌بێت، دوای قسه‌كانى ئه‌بوو ئه‌یووبی میسڕی، نۆره‌ى فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ربازی هات تا ته‌كتیكى ئۆپه‌ڕاسیۆن و ئامانجه‌كانیمان بۆ شی بكاته‌وه‌. وه‌كوو هه‌موو شه‌ڕه‌كان، نه‌خشه‌یه‌كى گه‌وره‌یان هێنا و به‌سه‌ر دیوارى مزگه‌وتدا هه‌ڵیانواسى و ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ ده‌ستی كرده‌ دیاریكردنى ئه‌و خاڵانه‌ى كه‌ بڕیار بوو هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر و ڕێگاكانى په‌یوه‌ند و په‌یوه‌ست به‌و.


فه‌رمانده‌كه‌ هه‌روه‌ها گوتى، كه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت كه‌ له‌ لایه‌نى به‌رامبه‌رى شه‌ڕ واته‌ شارى ئیدلب و ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانى شاردا به‌ربڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ده‌ست ده‌ده‌نه‌ چالاكیى به‌ربڵاو، منیش له‌نێو ئه‌و تاقمه‌دا دانرام، كه‌ بڕیار بوو هێرشی بۆ بكه‌ن. ئه‌ركى ئێمه‌ به‌دیاریكراوى ئه‌مه‌ بوو كه‌ له‌ ڕێگاى سلمیه‌ و خه‌ناسیر تێپه‌ڕین.


هێرشی له‌ناكاو (خافڵانه‌) كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت پشتى پێ ده‌به‌ست، یه‌كێك له‌ تاكتیكه‌ سه‌ره‌كییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ (پێشبینى نه‌كردنى له‌ جه‌نگه‌كان) به‌ئه‌ژمار ده‌هات. ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌م تاكتیكه‌دا زۆر به‌هێز بوو، له‌ شوێن و كاتێك، كه‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ر پێشبینیى نه‌ده‌كرد، له‌ناكاو به‌نهێنی له‌ هێڵی جێى مه‌به‌ست و دیاریكراوى خۆی ده‌دا.


له‌م جه‌نگه‌دا، به ‌تێپه‌ڕین له‌ ڕێگایه‌ك، كه‌ له‌ ڕوانگه‌ى سه‌ربازى له‌ژێر دەسەڵاتى حكوومه‌تى سووریادا بوو، ئه‌وانمان غافڵگیر ده‌كرد و پاشان ده‌گه‌یشتینه‌ ناوچه‌یه‌ك، كه‌ له‌ژێر دەسەڵاتى ئۆپۆزۆسیۆن (بەرەی نوسڕە)دا بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ گومانه‌كانى هه‌ندێكى له‌باره‌ى ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى سوریادا هه‌ماهه‌نگ بووه‌، به‌هێزتر ده‌كرد! ته‌كتیكى سه‌ربازى له‌م شه‌ڕه‌دا، په‌یوه‌ست به‌مه‌ بوو، كه‌ هه‌م هێزى (بەرەی نوسڕە) و هه‌م حكوومه‌تى سووریا له‌ناكاو غافڵگیر بكه‌ین.