کەم ئاوی، پڕۆسەی بە بیابانبوونی عێراق و کۆچ بەرەو هەرێمی کوردستان

دۆسیەی ئاو یەکێکە لە بابەتە لەبیرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقیش دا. وەک هەموو لایەك گوێبیستی هەواڵ دەبین کە هەریەك لە وڵاتانی ئیران و تورکیا خەریکی دروستکردنی بەنداون لەسەر ڕووبارەکانی ئەڵوەن و خانەقین و سەرچاوەکانی دوکان و دەربەندیخان، هەروەها لەسەر شادەماری ئاوی عێراق کە بریتین لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات.


هەروەك ئەنستیتۆی سەرچاوەکانی جیهان باسی دەکات، پڕۆسەی بەبیابانبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی مەترسیدار دەستی پێکردووە بەهۆی کەم بوونەوەی ڕێژەی بەفر و باران و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان. ئەنستیتۆی ناوبراو باسی عێڕاق دەکات، کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی ئاوی بەشێوەیەکی مەترسیدار کەمی کردووە. بە نمونە بەنداوی موسڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی هەفتاکان ٦٠٪ ئاوەکەی کەمی کردووە، هۆکاری ئەوەش کەمی باران و هەروەها دروستکردنی بەنداوێکی زۆرە لە لایەن وڵاتی تورکیاوە لەسەر ڕووباری دیجلە. پڕۆژەی گاپ کە ٢٢ بەنداو لەخۆ دەگرێت، ١٤ لەسەر ڕووباری فوراتە و ٨ لەسەر ڕووباری دیجلە، دەبێتە هۆی پەکخستنی کشتوکاڵی عێڕاق لە ناوەڕاست و باشور و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ لە خاکدا.


تورکەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بە ئاشکرا ڕای خۆیان لەسەر پرسی ئاو دەربڕیوە و ئامانجیانە وەکو نەوت مامەڵەی لەگەڵ بکەن. سلێمان دەمیرل لەساڵانی نەوەدەکان دەیگوت: هەروەك چۆن ئێمە قسە لەسەر نەوتی وڵاتان ناکەین چونکە لە خاکی ئەوانە، ئەوهاش نابێ کەس قسە لەسەر ئاوی ئێمە بکات چونکە لە خاکی ئێمە هەڵدەقولێ و تا ئەو کاتەی سنوری تورکیا بەجێ دەهێڵێت لە دەستی خۆمانە. هەروەها ئاماژەی دا کە ئاو پرسێکە ڕاستەوخۆ بەستراوە بە سەروەری خاکی تورکیاوە.


لە وڵاتێکی لاوازی بێ سەروەریی وەکو عێڕاق هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ نایەنە ژێر باری سیاسەتی عێڕاق، واتا عێڕاق ناتوانێت هیچ وەسیلەیەکی سیاسی یان سەربازی بەکار بهێنێت بۆ ناچارکردنی ئەو وڵاتانە بۆ ڕێزگرتن لەو مافە سروشتیە، کە بریتیە لە ڕێکردنی سروشتی ئاوی ڕووبار لە چیاکانی تۆروس و زاگرۆسەوە بۆ وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە (عێڕاق). لە سەردەمی ئەمڕۆدا وڵاتان بە لۆجیکی هێز مامەڵە دەکەن، کە لە پرسی جیۆپۆلیتیک دا پێی دەگوترێت هەڵوێستی ڕیالیست. پێچەوانەی هەڵوێستی لیبرالی لە داڕشتنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی، وڵاتانی ڕیالیست بە گوێرەی واقیعی هێز مامەڵە دەکەن. پەندی کوردی دەڵێ (پێت دەوەستم ڕاناوەستم). هەردوو وڵاتی دراوسێ دوو زلهێزی هەرێمیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، توانای ئەوەیان هەیە تا ڕاددەیەکی زۆر سنورەکان ببەزێنن و یاسا نێودەوڵەتییەکان بشکێنن.


لەو نێوەندەدا هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت سود لە توانا سەروەرییەکانی عێڕاق ببینێت چونکە لە ئەسڵدا عێڕاق سەروەریی نیە. کوردستانی ئێمە دەبێت وەکو دۆخێکی فریاکەوتن لەو کێشەیە بڕوانێت و سود لە هەلومەرجی جوگرافی خۆی وەربگرێت. بەو واتایەی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری شاخاوییە، ساڵانە بەفرو بارانێکی باشی هەیە. هەروەها ئاوی ژێر زەویشی زۆرە. زۆربەی لقەکانی ڕووبارەکانی هەرێم لە تورکیا و ئیرانەوە هەڵدەقولێن، بەڵام بەشێکیشی لەناو خاکی هەرێم دایە. بەسود وەرگرتن لەو سەرچاوانەی لە هەرێم دان و ئەو بڕە بەفر و بارانەی ساڵانە دەبارێت، حکومەت دەتوانێت دوو شتی گرنگ ئەنجام بدات. یەکەم/ بەنداو دروست بکات، دووەم/ کەند دروست بکات بۆ گڵدانەوەی ئاو. (کەندی دەستکرد بریتیە لە هەڵکۆڵینی خاك بەشێوەی لاکێشەیی یان چوارگۆشەیی و بە قوڵایی ١٠ مەتر یان ١٥، بۆ خەزنکردنی ئاوی باران). شایانی باسە وڵاتانی ئەوروپا لە پاڵ هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دەریاچەی سروشتی بچووك، دەیان هەزار کەند دروست دەکەن بۆ لەخۆگرتنی ئاوی باران و ڕێگرتن لە بەفیڕۆجوون. دروست کردنی بەنداو و کەند هەروەك دەزانرێت پێویستن بۆ کارەبا و کشتوکاڵ و ماسی بەخێوکردن هتد، هەروەها گرنگی زۆریشیان هەیە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی.


لە چاخی بە بیابانبوونی عێڕاقدا ئەگەری ڕووداوی مەترسیدار دەکرێت. لەوانە جەنگی ناوخۆیی لەسەر ئاو. هەروەها کۆچ کردنی خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێڕاق بەرەو کوردستان کە هیچ گومانێك هەڵناگرێت. دانیشتوانی عێڕاق بەو شێوە مەترسیدارە ڕوو لە زیاد بوونە، کە ئەوەش خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکات. تەنها لە ساڵی ٢٠١٨ دانیشتوانی عێڕاق یەک ملیۆن کەس زیادی کردووە. شایانی باسە ڕێژەی کورد لەو وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی عەرەب زۆر کەم زیاد دەکات. لە دۆخی بێ ئاویدا هاوڵاتیانی عەرەبی عێڕاق هیچ ڕێگەیەك نادۆزنەوە جگە لە کۆچ کردن بەرەو کوردستان. ئەگەر پێشتر هاتنی ملیۆنێك ئاوارە کێشە بووبێت بۆ هەرێم، ئەوا ئەمجارە ملیۆنەها کەس کۆچ دەکەن بۆ هەرێمەکەمان، حکومەتی هەرێمیش هیچ توانایەکی لەدەست نیە بۆ ڕێگەگرتن لە لێشاوی کۆچ.


بە گرنگ دەبینرێت کە دەستورێک بۆ کوردستان بنوسرێتەوە و بەخێرایی لە لایەن پەڕلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت. تیایدا دەبێت ئەو پرسانە لەخۆ بگرن و نەهێڵن دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان تێك بچێت. تەنها دەستور دەتوانێت ڕێگر بێت لە تێكچوونی دۆخی دانیشتوانی هەرێم، تا ئەو کاتەی دەوڵەتی سەربەخۆ دێتەدی.