كارنامه و کردار و گەشبینی

 

هه‌موو چوارشه‌مه‌یه‌ك ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆده‌بێته‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێكى گرنگ له‌باره‌ى خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌درێت. وه‌زیره‌كان به‌ئاسانی ده‌ست ده‌كه‌ون‌ و خه‌ڵك ده‌توانێت بیانبینێت‌ و وه‌ڵامى ته‌له‌فۆنیش ده‌ده‌نه‌وه‌، بەڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانیش كاتى ده‌وامیان به‌ شتى بێمانا ناكوژن، به‌ڵكوو له‌ كاردان. وه‌زیره‌كان ئه‌وه‌نده‌ى سه‌رقاڵى كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كه‌یانن، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵى نماییشكردنى خۆیان نین له‌سه‌ر شاشه‌كان، ئه‌مانه‌ ده‌بینین ‌و خاڵى ئیجابین، ده‌كرێت له ‌ده‌ستپێكى نوێدا بۆ ئه‌م كابینه‌ نوێیه‌ ئه‌ژمار بكرێت.


به‌ڵام، با دوورتر و وردتر ته‌ماشاى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هێڵەی ئه‌م كابینه‌یه‌ى لەسەر ده‌جوڵێت، كارنامه‌كه‌یه‌تى كه‌ كۆكراوه‌ى هه‌موو داواكارییه‌كانى خه‌ڵكه‌، هه‌ر له‌ داواكاریى خۆپیشانده‌ران‌ و ناڕه‌زاییه‌كانى سه‌رشه‌قام، به‌ واتایه‌ك، داخوازیى ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان بووه‌ته‌ په‌یڕه‌وى ئه‌م كابینه‌یه‌، ده‌نگى مامۆستایانى ناڕازى ‌و تووڕه‌ى گه‌نجان له‌ناو په‌یڕه‌وى ئه‌م كابینه‌یه‌دا هه‌یه‌، داخوازییه‌كانى 17ى شوبات له‌ناو په‌یڕه‌وى ئه‌م كابینه‌یه‌دا جێی بووەته‌وه‌، پرۆژه‌ى یه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى 70‌ و 80، كه‌ بووبوو به‌ خه‌ون، پێده‌چێت ئه‌م كابینیه‌یه‌ بیكاته‌ ڕاستى، چه‌ك داماڵین خاڵێكه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كات، تۆخبوونه‌وه‌ى ململانێی نێوان شاره‌كان كاڵ بووەته‌وه‌، به‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى یه‌كێتى‌ و گۆڕان له‌ دهۆك ده‌بینرێن و وه‌زیره‌كانى پارتیش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانى، ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌مووى ده‌ستپێكێكى باشن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ئومێدى به‌ بوونى حكوومه‌ت بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.


ئێستا ئه‌وه‌ى له‌ كارنامه‌كه‌دا ده‌بینرێت، له‌ ئه‌رزى واقیعیشدا ده‌بێنرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ناسه‌ى كاركردنه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا خه‌ڵكى كوردستان ده‌توانێت متمانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م حكوومه‌ته‌ و له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان وه‌كوو كیانێكى ساسی هه‌ڵبچنێت. ئه‌وه‌ى له‌ كارنامه‌كه‌دا ده‌بینرێت، داخوازییه‌كانى خه‌ڵكه‌، به‌ڵێ خه‌ڵكى كوردستان ده‌یه‌وێت كشتوكاڵ ببوژێته‌وه‌، مووچه‌ى خۆى وه‌ربگرێت، كاره‌باكه‌ى باشتر ببێت، گه‌نجه‌كانى كاریان ده‌ست بكه‌وێت، گرژییه‌كانى نێوان هه‌رێم‌ و به‌غدا باشتر ببێت. هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ له‌ كارنامه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌دا هه‌ن‌، بابه‌تى ژنان‌ و ئافره‌تان ئاماژه‌ى پێ دراوه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌و گۆرانكارییانه‌ین، كه‌ باسیان لێوه ‌ده‌كرێت. گۆڕینى دیدى كۆمه‌ڵگه‌ به‌م رێگایانه‌ ده‌بێت كه‌ باسی لێوه‌ كراوه‌. گرنگه‌ هه‌نگاوه‌كان نه‌وه‌ستن، له‌به‌ر تاكه‌كه‌س نا، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وه‌لائی نیشتمانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌روونى هاووڵاتییان. بابه‌تى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى‌ و پیر‌ و كه‌مئه‌ندامان وه‌ك بابه‌تى كێشه‌دار ئاماژه‌یان پێ دراوه‌ و ئه‌ركى حكوومه‌تیش ئه‌وه‌یه‌، پێش هه‌موو شتێك هه‌ست به‌ كه‌موكوڕیى بوارى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى‌ و بێمووچه‌یى بكات. خه‌ڵك ده‌رمانى باش‌ و نه‌خۆشخانه‌ى پڕ ده‌رمان‌ و پزیشكى دڵسۆز‌ و مامۆستاى جدى‌ و نه‌وتى بۆ زستان ده‌وێـت. نه‌وه‌یه‌ك ئێستا گه‌نجن‌ و له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌ژین، خه‌ریكه‌ بێ هیوایى هه‌موو هه‌نگاوه‌كانیان ده‌ته‌نێته‌وه‌، ئه‌ركى ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌‌ و جێگرەكه‌یه‌تى، كه‌ ئه‌م بێهیواییه‌ كاڵ بكه‌نه‌وه‌. لەم هه‌نگاوه‌ وردانهوە‌، ده‌كرێت چاوه‌ڕێی باشتربوونى ژیان‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى گه‌شبینى‌ بۆ جێبه‌جێكردنى یاسا بكه‌ین، كه‌ ده‌ڵێن هیچ كه‌سێك ‌و حزبێك له‌سه‌رووی یاساوه‌ نییه‌. له‌م كارنامه‌یه‌دا باسی خه‌رجى كراوه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى زانستى، كه‌ بابه‌تێكى زۆر گرنگه‌، هیوادارین توێژه‌ره‌كانى داهاتووش په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر كێشه‌ هەرە مه‌ترسیداره‌كان‌ و بابه‌ته‌ هه‌ره‌ تایبه‌ته‌ زانستییه‌كان، كه‌ پێویستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى تازه‌ هه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ دۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى ‌و زانستیی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌. سیمایه‌كى تر له‌م حكوومه‌ته‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، جیاكاریى حزبایه‌تى كاڵ بووەته‌وه‌ و هه‌ست به‌ بوونى حزبایه‌تیى زۆر ناكرێت، ئه‌گه‌رچى ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ى ئه‌و ته‌وافقه‌ سیاسییه‌ش بێت كه‌ حكوومه‌تى له‌سه‌ر بنیات نراوه‌ و له‌م كابینه‌یه‌دا حزبه‌كانى به‌شداربووى ناو ئه‌م گرێبه‌سته‌ سیاسییه‌ ئه‌زموونیان له‌ سیاسه‌تى ته‌وافق وه‌رگرتبێت، بۆ نموونه‌، هه‌ر وه‌زیرێك خه‌ریكى كاركردنى خۆیه‌تى، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌م حكوومه‌ته‌ به‌ خاڵێكى گرنگ تۆمار ده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌ى ئه‌م كاركردنه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ده‌توانین ئاهێكمان له‌به‌رامبه‌ر حكوومه‌تدا بۆ بێته‌وه‌.


به‌رپرسانى ئه‌م كابینه‌یه‌ چه‌نده‌ كارنامه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خزمه‌ت هاووڵاتى‌ و خاكى كوردستاندا ده‌بن ‌و ئه‌وه‌نده‌ش له‌مێژووى ئیداری‌ و سیاسیى هه‌رێمى كوردستاندا سه‌ربه‌رز ده‌بن.