ئەنجومەنی باڵای ئابووری پێشبینی و بەڕێوەبردنی قەیران

 

لەپێش پێكهێنانی كابینەی نۆیەمەوە، ئەم هەرێمی كوردستانەی خۆمان، خاوەنی ئەنجومەنێكی باڵای ئابووری بوو، كەچی ئێستا نە دەنگوباسی ئەو ئەنجومەنە و نە پەیكەربەند و كار لە هەڵدێرای قۆناغە سەختەكەی چوار ساڵی رابردووماندا، زۆربەی شارەزایانی بواری ئابووری و بەڕێوەبردن، لەسەر ئەدای ئەنجومەنەكە گازندە و ڕەخنەیان هەبوو، بە كورتییەكەی ئەنجومەنەكە بەخشكەیی رۆڵی دیار نەما، خۆ ئەگەر رۆڵی جوامێرانە و هەوڵ و هیمەتی بەردەوامی سەرۆک مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی ئەو ساڵە سەختانە و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی پێشوو و هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسرور بارزانی، نەبوونایە، ئەوا بە ئامان و دامان لەو گەمارۆ سێ قۆڵییەی بەسەر كوردستاندا سەپێنرا دەرنەدەچووین و هەر هەموو ئەزموونەكەمان توونی بابا دەچوو.


زۆر بە باشی لەوە تێدەگەم و دەشزانم، كە چۆن لەناو گێژاوی ئیشكالیەتی چەمكی دەوڵەت و هەرێم و تێكەڵوپێكەڵیی كەرتەكانی تایبەت و گشتیدا دووچاری چ وێرانییەك بووین، وەك مانگی چواردە لام ڕوونە، كە شەڕە حزبایەتیی تەسك و تەشەنەكردنی كولتووری سەقەتی دژایەتیكردنی حكوومەت چ بەڵا و قوڕبەسەرییەكی زیاتری بۆ تاكی كورد بەدیاری هێنا، كولتوورێك، كە وێنەی لە مێژوودا نەبووە، حزبی وا هەبێت پێیەكیان لە حكوومەتدا و بە پێیەكەی دیكەیان شەق لە دەسكەوت و كار و ئەركەكانی حكوومەت بدەن. جارێ سەرانی دەستڕۆیشتوو لە بەغدا، یاخود پلان و بەرنامەكانی وڵاتانی دەوروبەر و بێدەنگبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەر باس ناكەم، چونكە لەمە خراپتر ئەو مشتەكۆڵە توندەی بێسەروبەرەیی ئابووری بوو، كە بۆ چەند ساتەوەختێك تەختی سەر زەوی كردین، ئا لەو كاتەدا پێویست بوو ئەنجومەنی باڵای ئابووری، زووتر حكوومەتی ئاگادار بكردایەتەوە كە گورزی كوشندە لە چ خاڵێكی لاوازەوە دێت! شارەزا و پسپۆڕانی ئابووری چۆن چۆنی ئەمەیان نەدەزانی، سەیرە، خۆ فێڵ و پلانی تاكتیكی و ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیشكالیەتی نێوان ئابووریی دەوڵەت و ئابووریی هەرێمی زۆر و زەبەندە هەن. گەر بەرنامەیان بۆ ئەگەری كەوتنەوەی قەیران و داڕمانی ئابووری ئامادە نەكردبوو! ئەی خۆ هەر هیچ نەبوایە، لە كاتی كەوتنەوەی قەیرانەكەدا كۆمەڵێك پرەنسیپ و میتۆدی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی قەیران هەن. تێگەیشتن لە واقیعی ناوازەی ئابووریی كوردستان بە تاقی تەنیا بە ئەكادیمییەك و دوو پسپۆڕ بەڕێوە ناچن، بارەكە، كە لار دەبێتەوە بەو تیۆرزانە ئابوورییەش هەڵناستێتەوە، كە یەك دوو دێڕێكی زانیاریی لەسەر بواری ئابووری لەناو ڕەفی كتێبخانەكاندا خوێندبێتەوە، هەروەكوو چۆن بە شارەزایەكی بیانیی بێ ئاگا بە كولتوور و خواستی خەڵكی كوردستان بارە كەوتووەکە راست ناكرێتەوە، بەڵكوو ئەمە بەو دیراسە و توێژینەوە مەیدانییانە دەكرێت كە لەنێوان زانستی ئابووری و واقیعی ئابوورییەوە خۆی دەخزێنێتە ناو وردەكاریی قەیرانەوە، كە دەچێتە ناو قاڵبی خوێندنەوەی واقیعبینانە و دیتنی باڵانسەكانی بوارەكانی سیاسەت و ئابووری و كۆمەڵایەتی، هەر خۆی لە خۆیدا لە دنیای ئەمڕۆدا، تەنانەت لە دیموكراسییترین دەوڵەتانی دنیادا، كارەكانی بیزنس و ئابووری بە بواری هەواڵگری و بەرژەوەندییە گەورە نیشتمانییەكان و كۆنتراكتە نهێنییەكان تێكەڵاو بوون، ئەوانەش لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتماندا.


بە ڕاستی ئەمە لە نوكتەكانی ئەحۆلی ناو فەیسبووك دەچێت، كاتێك ئابووریناسێك لە دیمانەی كەناڵێكی ئاسمانییەوە دەڵێت (ئێمە ناتوانین سیاسەتی دارایی و نەختینەییمان هەبێت، لەكاتێكدا دنیای هاوچەرخ بە دۆلاری ئەمەریكی بەڕێوە دەچێت نەك بە دیناری پۆل بریمەر). یان شارەزایەكی تر دەڵێت (حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور ناتوانێت سەفقە و گرێبەستی بارزگانی لەگەڵ وڵاتان واژوو بكات) لەكاتێكدا دەبوایە ئاگای لەوە بێت كە ئەوە گەورە كۆمپانیاكانن ئەو كارانە ڕێك دەخەن نەك حكوومەتەكان، هیچ حكوومەتێك بە كاری وەهاوە سەرقاڵ ناكرێت، یاخود شارەزایەكی تر پێمان دەڵێت (نابێت حكوومەت لە ئابووریی بازاڕ دەستێوەردان بكات) ئەگەر ئاگای لە ئابووریی بازاڕ هەبوایە، دەبوو بیزانیایە تەنانەت ئەمەریكا و وڵاتانی مۆدێرنیش، كە سەرقافڵەی سەرمایەدارین، لەبەر بەرژەوەندیی حكوومەت و دەوڵەتی خۆیان دەست لە هەموو كاروبارێكی بازاڕ وەردەدەن، یەكێكی تر بە كۆمەڵێك ڕقەوە دەم هەڵدێنێ و دەڵێت (هێزی سەربازی باوی نەماوە)، لەكاتێكدا دەبوو بیگوتایە، لە ئەرزی واقیعدا لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا هەرچی لایەنێك هێزی گەورە و سەربازیی پێشكەوتووی لەپشت نەبێت، نە ئابووری و نە هەموو پارەی بانكەكانی دنیا فریای ناكەوێت.


خۆ هەنگاوە هاودژە ئابوورییەكانی پێشتر بەهۆی گوێگرتنی لەم جۆرە شارەزایانە هێندەی زیانی بە رەوشی بازاڕ و ئابووری گەیاند، ئەوەندە گەمارۆی ئابووری زیانی پێ نەگەیاندین. ئەنجومەنێكی باڵای ئابووری دەبوایە لەناو سەرجەم سێكتەرەكان سەقامگیریی ئابووری و پەرەپێدانی سەرتاپاگیر بخوڵقێنێت و وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەت ئاڕاستە بكات.


بەو ئومێدەم لەم كابینەیەدا، ئەو ئەنجومەنە بە هەیكەل و دیدگا و ئامانجێكی نوێ و لەسەر بناغەیەكی زانستی و واقیعبینانە دابمەزرێتەوە، لەگەڵ هەر شكستێكیشدا لێپرسینەوە و لابردنی ئەندامەكانی بەئاسایی وەربگرێت.

سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان*