هەڵگرتنی شوێنپێی مەولانا

11

١٥١
ڕووباری ڕۆحم
ئاوی ئەڤینی، تۆی پێدا دەڕوا،
بۆیە هێندە زوو
نامەم دەگاتە، عەرشی بەرزی خوا.

١٥٢
کە بێدەنگم و، لەناکاو سیمام
بە زەردەخەنە، دەگەشێتەوە،
ئەوە تێک نەچووم، گفتێکی خۆشی
یاری شیرینم، وەبیر دێتەوە.

١٥٣
ڕایخەن فەرشی سوور، نازدار لەڕێیە
بە باخچە بڵێن، بەهار لەڕێیە
هاکا با بۆنی، دڵبەری هێنا
میسک و مێخەک و، عەنبەری هێنا

١٥٤
مەماندەرە بەر، ڕێژنەی مۆچیاری
دە ئەوەندەی تۆ، هۆشیار و وریاین،
گەر گوێی لە باوکی، گرتبا منداڵ
ئێستایش لە چاخی، بەردینا دەژیاین.

١٥٥
ئەگەر شارەزای، ڕێگەکە نەبووی
واعیز هەر چی خواست،
پێچەوانەکەی، جێبەجێ بکە
ئەوەیە ڕێی ڕاست.

١٥٦
هیچ گوڵزارێکی، بەهەشت ناگاتە
باخچەی دڵی من،
بەهەشت گوڵێكی، تیا نییە جوانتر
لە شاگوڵی من.

١٥٧
بەری بەیانیان، ئاونگی ڕۆحم
بە پەڕەی گوڵی، ڕووتەوە دەلکێ،
لە بیرت نەچێ، دڵم شووشەیە
بەردی تێ مەگرە، ناسکە، دەشکێ.

١٥٨
ڕازی دڵی خۆت، لای کەسێ بڵێ
لە ئەڤینداری و، وەفا بزانێ،
سایەی درەختێ، بکە بە نوا
بە ڕێزەوە، بۆ عاشق بڕوانێ،

١٥٩
کە خۆر ئاوابوو، لە نزیک دەرگای
پشتەوەی دڵم، خۆم حەشار دا، بۆی،
ئاخر دەمزانی، شەو بە پەنهانی
دەگەڕێتەوە، بۆ ماڵەکەی خۆی.

١٦٠
کە ڕۆحم جەستەم، بەجێ دەهێڵێ
خۆ گورگ نایخوا،
پەپوولە ئاسا، بەدەم سەماوە
دەفڕێ بۆ لای خوا.

١٦١
هەتا ئامێزی، ئاواڵە بێ بۆم
هەتا پێم بڵێ، من تۆم خۆش دەوێ،
نە خەم دەگاتە، هەواری دڵم
نە لەسەر شادی، پەکم دەکەوێ.

١٦٢
لێی پرسیم چەند جار
من بۆ ناو دونیای، خەیاڵت هاتووم،
پێم گوت هەر جارێک
ئاخر لەوساوە، بەجێی نەهێشتووم.

١٦٣
هەتا لە ناختا، نەمروودێک بژی
خۆت فڕێ مەدە، نێو ئاگرەوە،
کە نەمروودەکەت، کرد بە ئیبراهیم
لە هیچ ئاگرێ، سڵ مەکەرەوە.

١٦٤
بە داوی شیعری، دڵی ڕاو کردم
ڕۆحی مەست کردم، بێ دڵۆپێ مەی،
ئەوی ڕێبواری، ڕێگەی ڕاستی بێ
بڕوام پێ دەکا، ناڵێ چۆن و کەی؟

١٦٥
بێ خۆشەویستی،
سەما: شێتییە، موزیک: ژاوەژاو
گۆرانی: پەستی،
بارگرانییە، خوداپەرستی.

*

(*) نوا: پەنایەک با و بۆران نەیگرێتەوە.
(*) مۆچیاری: ئامۆژگاری