نووسین بە مەرجی ڕووتبوونەوە

4

 - لە خەونیشدا
لەمیانەی بابەتی (لە خەونیشدا) دەکەوینە بەر گومانێکی گەورە، کە ئەویش خولیا و کەڵکەڵەی سێکس یان سێکسکردن لە لایەن نێرینەکانەوە قووڵترە لە سۆز و خۆشەویستی، هاوکاتیش ئارەزووی ڕامکردن و ڕاوکردنی خانمان و کچۆڵان لە لایان کوشندەترە. پیاوان و کوڕوکاڵی هەوەسباز پتر حەز بە پەیوەندیی ڕاگوزەری و سەرپێی دەکەن، پەیوەندییەک، کە بەبێ هیچ باج و خەراج و بەرپرسیاریەتییەک لێی دەربچن. دیارە ناکرێت بە ڕەهایی مەزەندەی بوونی ئەو حەز و ئارەزووە بکەین لەلای پیاوان، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاو لە پیاوان لەناو هەموو جوگرافیایەکدا هەن، کە بەم شێوەیە شتەکان دەبینن.


بۆ ژنان و پیاوان ڕاستییەکی تاڵ هەیە، ئەوەیش ئەوەیە، ئەگەر ژیانی سۆزداری و عاشقانەی هەر کام لەم دوو ڕەگەزە تێر نەکرێت، ئەوسا لە دەرئەنجامی بێبەشیمان لە سۆز و خۆشەویستی، خەون و خەیاڵ و فانتازیای سوور و ئاگرین سەر هەڵدەدەن و دەبن بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و مەحاڵە بەریان پێ بگیرێت. ئەگەرچی لە بەستێن و ناواخنی نووسینەکەدا بۆ هەمیشە پیاوان زیاتر لە ژنان بەڵێنی ئەمەکداری و سۆز و خۆشەویستی بە کچان و ژنان دەدەن، بەڵام ئەو بەڵێنانە، دوای ماوەیەکی کورت یان درێژ، بەوە کۆتاییان دێت، هەتا گەر زەماوەند و هاوسەرگیریش ڕوویان دابێت- کە ئیدی پیاوەکان لە میهر و سۆز و خۆشەویستیی خۆیان کەم دەکەنەوە، هەرچەندە لەسەرەتادا بەڵێنی ئەوەیان داوە، کە دلێرانە لەپێناو یاردا زەلامیش بکوژن. ئیدی لەوە بەدوا دەستەواژەی "پیاوت بۆ دەکوژم" دەگۆڕێت و فەرامۆشکردنی ژنەکانیان دەست پێ دەکات، گەرموگوڕیی هەست و نەستی سەروەختی عیشقبازی نامێنێت و کاڵ دەبێتەوە، بگرە لەبری (زەلام کوشتن) لەپێناو چاوی کاڵی یاردا، بەدەم خەفەت و دەردەسەریی زۆرەوە، ژنەکەی خۆی دەکوژێت.


نووسەرەکەمان بیرمان دێنێتەوە، کە کچان و ژنان بە شت و کار و قسە و نەوازشی زۆر هاکەزایی شادومان دەبن، ئەگەر مێردەکانیان/ دڵدارەکانیان زۆر زەوقسز نەبن و کەمەكێ بە نەزاکەت و ڕۆمانسی بن، ژنان ئاسوودە دەبن. بە واتا، ژنان و کچان چاوەڕوانی ئەوە نین تۆی نێرەوز شتگەلێکی قەبە و گرانبەهایان بۆ فەراهەم بکەیت، بەڵکوو خەندەیەکی شیرین و نیگایەکی گەرم و هەناسەیەکی پاک و ماچ و نەوازشێک و ڕازێکی دڵهەژێن و دیارییەکی هاکەزایی، کە دەکرێت گوڵێک بێت، کاریگەریی گەورەی خۆی بەجێ دەهێڵێت. بەڵام ڕاستییەکە لێرەدایە ئەوەیە، کە پیاوان لەوەدا قرچۆک دەبن، بەتایبەتی ئەو کاتەی ئیدی خۆشەویستی لەگیانەڵادایە.

- بەیانی چی لەبەر بکەم؟
لەم دەقەیاندا، (لۆنا) ئاماژە بەو نیگەرانی و بێ ئۆقرەییە دەکات، کە ژنان و کچان پێوەی گیرۆدەن، ئەویش خۆڕازاندنەوەیە بە مەرجی سەرسامکردنی ڕەگەزی بەرامبەر، یان هەردوو ڕەگەز، یەکێکیش لەو خۆجوانکردنانە خۆی لە پۆشاکی ڕەنگین و گرانبەهادا دەنوێنێت. ئەگەر ئاوڕێک لە دونیای (فاشن) بدەینەوە، بەئاشکرا دیارە، کە دیزاینەری جلوبەرگی خانمان، زۆرینەیان پیاون، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، کە ئەوە پیاوانن دەزانن چی بۆ خانمان گونجاوە و پیاوان پێی سەرسام دەبن، بەتایبەتی لە بواری سیپاڵی وروژێنەر، کە دەبێت بە دیزانێک دروست بکرێن، کە نێرینە ئاگر بدات، یان پۆشاکی وا، کە لەسەر ئاستی جوانکاریدا پیاوانی ڕۆمانسی سەرمەست بکات.


بەڵام ئەوەی دەبێت باس بکرێت ئەوەیە، کە ژن و پیاو دوای ئەوەی دەبن بە (ژن و مێرد)، ئیدی دوای ساڵانێک، نە ماکیاج و نە پۆشاک و نە خشڵ و خاڵ و نە ئێکسسواری خۆڕازاندنەوە سەرنجی پیاوەکان ڕاناکێشن. ئەگەر ورد ببینەوە لەو ژن و مێردانەی کە پێکەوە قسان دەکەن، بەتایبەتی لەناو خانەوادەی نەریتپەرست و داخراو و کۆنەپارێزدا، بە دەگمەن دەبینیت پیاوان و ژنان بەدەم قسەکردنەوە سەیری چاوانی یەکتری بکەن، هەر وەک ئەوەی شەرم لە یەکتری بکەن، یان لە یەکتری بترسن و نەکا هەست بکەن کە چەندە نامۆ و دوورن لە یەکتری.


لە ڕاستیدا، بابەتەکانی پێشووتر، کەم و زۆر، ئاماژەی وایان تێدابوو، کە جوانیی مەردمگەل بەتەنیا لە ڕووخسار و پۆشاکی گرانبەها و ڕووکەشدا نییە، بگرە پتر ڕۆشناییەکە، کە لە ڕۆحی مرۆڤدایە و خۆی و هەم خەڵکانی چواردەورەکەی ڕووناک دەکاتەوە، هەر وەک چرایەک، کە تاریکی ڕاو بنێت.

- نیو مێینە
لە (نیو مێینە)دا وا ئاوڕدانەوەیەکی دیکە هەیە لە جوانی، کە پێمان دەڵێت دەبێت جوانی و خۆڕازاندنەوە کارێکی وا بێت، کە بەر لە هەر کەسێک شادومانبوونی خۆتی تێدا بێت، نەك سەرنجڕاکێشانی بەرامبەرەکەت. شێوە و شەمایلت هەر چۆنێک بێت، گرنگ ڕەزامەندیی خۆت بۆ خودی خۆت بەسە، ئیدی بێباک لەوەی ئەوانی دیکە چۆن دەتبینن. بینینی خۆت بەو شێوەیەی کە هەیت، وات لێ دەکات متمانەت بە خۆت زیاتر بێت و ئەوانی دیکەش ناچار دەکەیت بەسەرسامییەوە سەیرت بکەن. نهێنیی جوانی لەوەدایە، کە خۆت بەراورد نەکەیت بە هیچ کەسێک، تەنانەت ئەگەر شاجوانترین خانم، یان قۆزترین ئەکتەری (هۆلیوود)یش بێت.


دواجار تۆی نیگەران لە شێوە و پۆشاک و ئەسبابی خۆجوانکردن، هەرچییەک بکەیت، دەستە و گرووپێک هەر پەیدا دەبن، کە وەک تۆ خۆت حەزت پێیە وا سەیرت ناکەن، بۆیە ناچاریت، کە بێباک بیت لەوەی ئەوانی دیکە چۆن دەتبینن.

- کچان
لە (کچان)دا حەڤدە خەسڵەتی نەرێنی، یان نێگەتیڤی کچان باس کراون، بابەتەکە کەمێک ڕووی لە چەشنێک لە بەدکاری و بەدگۆیییە، بەڵام هەر هەموو خەسڵەتەکان ڕاستن و کەم و زۆر خووی کچۆڵانن. (لۆنا) لە ڕیزکردنی ئەو هەموو شتە ناحەزەدا، مەبەستی دادگاییکردنی کچەکان نییە، چونکە مەرجە نووسەر بێلایەن بێت و هێرش نەکاتە سەر تاکەکان، بەڵکوو ئامانج ڕەخنەگرتنە لە سەرچاوەکانی پەروەردە و فێرکردن. نووسەر ناڕاستەوخۆ کۆی ئەو ژینگە و سەردەم و چاخ و جوگرافیایە دادگایی دەکات، کە ئەو کچانەی تێدا پەروەردە بوون. من وا مەزەندە دەکەم، کە نووسەرێکی هۆشیاری وەک (لۆنا) بە ئاڕاستەی دووەمدا گۆشەنیگای خۆی خستووەتە ڕوو، بەڵام بۆ ئەوەی بۆنی دادگاییکردنی قوربانییانی لێ نەیەت و نووسەر خۆی نەکات بە دادوەرێکی بێباک، وا گونجاوترە، کە خوێنەرێکی ئاسایی فریو نەخوات و تێبگات، کە ئەو کچانەی نووسەرەکەمان باسیان دەکات، بە خوایشتی خۆیان بەدکار و بەدگۆ و بەدئەتوارن. مەرجە نووسەر هەر لە ڕێگەی ئەفسوونی زمان و وردبینی و سەلیقەداریی خۆیەوە بابەتەکە وا دابرێژێت، کە نەبێتە مایەی گومانکردن، یان وا هەست بکرێت دادگایی و سزادانی قوربانییان ڕەوایە.


لە مڕۆکەدا ساغ بووەتەوە، کە کەسانی بەدکار و شەڕانگێز زادەی ژینگەیەکی ناتەندروستن، یان مەرجە پشکنینی خوێنیان بۆ بکرێت، چونکە هەر هەموو نەخۆشییە دەروونی و دەمارییەکان، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیان بە یەکترییەوە هەیە. لەکۆتاییدا دەکرێت بەو ئاکامە بگەین، کە دوا جار بنیادەمەکان بە هەموو خراپەکاریی خۆیانەوە، قوربانیی دەستی زەمانێکی ناڕێک و ناپوختن.