چیرۆکی پێغەمبەران یان چیرۆکە نەمرەکان

29

لە ژنهێنانی ئیسحاقەوە
بۆ دابەشكردنی میرات
(تا ئەمڕۆ كوڕان ژن دەهێنن، نەك كچان، كوڕان كچان دیاری دەكەن. تا ئەمڕۆ ماڵی باوان بڕیار دەدات و ژن هەڵدەبژێرێ. بە ڕادەیەك ئەو مۆدیلە بەسەر كۆمەڵگەماندا زاڵە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا دایك و پووری كوڕ (كچ) هەڵدەبژێن، بە ڕادەیەك ئەو تەقلیدە بووەتە باو، كە وەك لیژنەكانی (پشكنین)ی سەدەكانی ناوەڕاست، كچی بەستەزمان دەبەنە گەرماو و ڕووتی دەكەنەوە، تا هەموو لەشی بپشكنن، بەو نیازەی كە ئەو كچەی دەبێتە بووكیان، عەیبدار و قەڵپ دەرنەچێ. تا ئەمڕۆ كێشەی قورس ئەوەیە، كە ڕێگا لە كوڕ و كچ بگیرێ، تا پێش چوونە ژێر چادری دایك، نەكەن یەكتریان خۆش بوێ، خۆشەویستی بە مەرجی بە (ژن) بوونە.)
تا ئەمڕۆ كورد بەو خەیاڵەوە دەژی، (سەرەتا ژن بهێنە، دواتر خۆشەویستی بۆ خۆی دێت).
ئەوە دوا بەشی چیرۆكی ژنهێنانی ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیمە.
{ئیسحاق ڕڤقەی بردە ناو چادرەكەی سارای دایكی، هێنای بوو بە ژنی و خۆشی ویست. تەورات،٢٤، لاپەڕە، ٢٨}.
- باسێك دەربارەی مارەكردنی ئیسحاق و ڕڤقە نییە، دەكرێ هەر نییەتەكەی ئیبراهیم بە خواستنی برازاكەی بۆ كوڕەكەی بە مارەكردن وەرگیرێ. یان مارەكردن وەك بیدعەیەكی سەردەم تەماشا بكەین.
- چوونە ناو (چادرەكەی سارای دایكی) چوونی بووكە بۆ ژێر سێبەری دایكی كوڕەكە، ئەوەش هەم خۆ تەسلیمكردن و هەم خۆپاراستنیشە.
- {بوو بە ژنی و خۆشی ویست} ئەوە بەرنامە ڕاستەقینەكەیە كە دواتر دەبێتە بەرنامە و نەخشەی ژیانیش. كچ دەبێتە ژنی كوڕ، ئەوجار خۆشی دەوێت. ئەوەی ناكرێ ئاماژەی پێ نەدرێ ئەوەیە. ئەوەی بە خۆشەویستیی دوای ژنهێنان ناوی دەبرێ، جۆرێكە لە ڕێز و ئولفەت، ئەوە پێكەوەژیانە، نزیكبوونە لە یەكەوە، ئەو جۆرە پەیوەندییە دروست دەكات، هەر هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ بەردەوامی و مانەوەی. ئەوە جگە لەوەی ئەو سۆزە تەنیا بۆ بەرگەگرتنی قورسایی یەكتر و سەختیی ژیانە، نەك شەوق و بریقانەوەی بوونیان بەتەنیشت یەكترەوە. خۆشەویستیی دوای ژنهێنان وەهمە. هیچ بنەمایەكی خۆشەویستیی تێدا نییە. سۆز و ئولفەت دروست دەبێ، جێگای خۆشەویستی دەگرێتەوە و پێویستیشە، بەڵام دوای چی دروست دەبێ؟ دوای تێكشكاندنی كەسایەتی و بەهەدەردانی تەمەنێك لە تێكنەگەیشتن. ئەوەش دەرئەنجامی چییە؟
هەموو ئەو ژن و مێردانەی لە نەریەتێكی ئیسحاقانەدا یەكتریان ناسیوە، دوو مەبەست پێكەوە كۆی كردوونەتەوە، دەشێ ئەو دوو ئامانجە لەپشت هەموو ژنهێنانێكی نەریتی، یان خێڵەكییانەوە بێ:
یەكەمیان: سێكس. كۆمەڵگە لەدەرەوەی ڕێوڕەسمەكانی خۆی، كە پشتی بە بیروباوەڕ و ڕێنماییە ئایینییەكان یان نەریتییەكان بەستووە، ڕێگای هیچ جۆرە پێكەوەبوونێكی ژن و پیاو نادات. ڕوونتر كۆمەڵگە سزای قورسی بۆ ئەو ژن و پیاوانە ئامادە كردووە، كە لەدەرەوەی ڕێنماییە ئایینییەكان سێكس دەكەن، سزاكانیش زۆر قورسن و زۆرجار ژیانیانی لەسەر دادەنێن (كە ئەو سزایانەش هەمیشە دژی سروشتی مرۆڤانەی ژن و پیاون). بۆ خۆ ڕزگاركردن لەو سزا قورسانە، نێر و مێ دەچنە ژێر باری زەماوەندی ئیسحاقییانەوە. زەمەنێك لەژێر مامەڵەی توند و ڕقاویی یەكدا دەژین. تا لە چارەكی كۆتایی تەمەنیاندا بە ترش و تاڵیی یەكتر ڕازی دەبن و دەچنە ژێر سێبەری یەكترەوە. ژن و پیاوی كوردیش لە دوای ماندووكردنی یەكتر و سووتاندنی تەمەنی یەكتر، جۆرێك لە ئولفەت بەرامبەر یەكتر پیشان دەدن، كە دەشێ لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە شیرینترین بەشی پەیوەندییان بێت.
دووەمین ئامانج: نەوە خستنەوە. لە ژنهێنانی ئیسحاقییانەدا، نەوەخستنەوە كاری هەرە لەپێشە، نەك هەر كار، بەڵكوو ئەركی هەرە سەرەكییە. بەتایبەتیی ئەو ژنهێنانە بەرنامەی داهێنراوی پێغەمبەرێكە، كە سەد ساڵ چاوەڕێی لەدایكبوونی نەوەیەك یان كوڕێكی كردووە. كوڕێك كە خودا بەشداریی لە بوونیدا كردووە، كوڕێك، كە هەر لەدایكبوونەكەی بەشێكی گەورەیە لە موعجیزەی پێغەمبەرایەتی.
لە بواری كۆمەڵایەتیشدا كوڕ تاكە ڕێگا و هۆ بووە، كە پیاو نەمریی خۆی تێدا دیوەتەوە. وەجاغی هەر كەسێك كوێرە، كە كوڕی نەبووبێ، با سەد كچیشی هەبووبێ. هەموو چیرۆكەكانی مانەوە، هەوڵە ئەفسانەییەكان، چیرۆكی نەمریی پێغەمبەران و دنیای ئاخیرەت، هەموو ئەوانە و چەندانی دیكەش هەوڵە سەرنەكەوتووەكانی ئینسانن بۆ دڵنیابوون لە نەسل و زیندووبوونەوە و نەمری، تاكە ڕێگای (سەركەوتووی) نەمری، منداڵبوونە، واتا نەوەخستەوە درێژەدانە بە نەسل و زیندوومانەوەی پیاو، بنەماڵە و خێڵ.
درێژەدان بە نەسل و نەمری، دیوێكی نەوەخستنەوەیە، دیوەكەی دیكەی كاركردن و بەرهەرمهێنانە. بەكورتی ئیشوكارە باوەكانی كۆمەڵگە مەڕداری و كشتوكاڵ بووە، ئەوانیش پێویستیان بە زۆرترین كرێكار یان ئەندامی خێزانە، كە هەموویان بە دەستی كار دێنە ژماردن.
لەوەش ڕوونتر ژنهێنان و شووكردن بە مەبەستی پێكەوەنانی خێزان پڕۆژەیەكی ئابوورییە.
خێزان بچووكترین كۆمپانیای پێكەوەژیانە.
خێزان بچووكترین كۆمپانیای دابینكردنی سێكس و گوزەرانە.
خێزان بچوكترین كۆمپانیای دابینكردنی سێكس و گوزەران و بەرهەمهێنانی نەوەی هاوشێوەیە.
ڕاستە ئەو بابەتە ڕەنگدانەوە و لێكەوتەی ژنهێنانی ئیسحاقییانەیە بە بیروباوەڕێكی ماتریاڵی دیالێكتیك، (دابینكردنی سێكس بۆ ماوەیەكی درێژ)، (ڕێكکەوتن لەسەر گوزەرانێكی هاوبەش)، كە منداڵ بەرهەمی ئەو ڕێكکەوتنەیە. ئەو لێكدانەوەیە دەمباتە ناو بابەتێكی فكری و فەلسەفی و كۆمەڵایەتیی قووڵەوە، بەڵام لەوە زیاتر وردی كەینەوە، ناچێتە خزمەتی بابەتەكەمان، كە چیرۆكی پێغەمبەرانە. ژنهێنان بۆ ئیسحاقیش بەشێكە لە خۆئامادەكردنی ئیبراهیم بۆ سەفەرێكی درێژتر لە سەفەر و كۆچی یەكەم جاری، كە ئەویش دوا سەفەرە، سەفەری مردنە.

مردنی ئیبراهیم یان
مردنی باوكی پێغەمبەران
دڵ تێربوون لە تەمەن، نەك دڵ تێر نەبوون لە نەوەخستنەوە.
سارای هاوناو و هاوژیانەكەی ئیبراهیمە، هاجەر چونكە دیاریی سارایە بۆ ئیبراهیم، ئەویش ناوێكی درەوشاوەی ژیانی ئیبراهیمە، بەپێی ئاست و نزیكییان لە ئیبراهیم، كوڕەكانیشیان شوێنیان هەیە. بەڵام لەدوای سارای، واتا دوور لە چاوی سارای، ئیبراهیم ژنێكی دیكە دینێ، منداڵەكانی لەو ژنە، لە ڕووی پێغەمەبەرایەتی و هەڵگرتنی ناوی ئیبراهیمەوە وەك پەیامبەری خودا، ڕۆڵێكی گرنگیان نییە.
{ئیبراهیم ژنێكی دیكەی هێنا، كە ناوی قەتوورە بوو، لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق، شوەحی بوو}. ئەوانیش نەوە و نەتەوەی جیاوازیان لێ كەوتەوە، كە ناكرێ ناوی هەموویان بنووسمەوە.
- سارای لە تەمەنی سەد و بیست و حەوت ساڵیدا مرد، ئیبراهیمیش دە ساڵ لە سارای گەورەترە، كەواتە ئەو (قەتوورە)ی دوای تەمەنی سەد و سی و حەوت ساڵی هێناوە و لەو تەمەنەشدا شەش كوڕی خستووەتەوە، ئەوە جگە لە كچ، كە لە تەوراتدا وەك (وەچە) ناویان ناهێنرێ.
ئەگەر بچووكترین ئاماژە لەو ژنهێنانە وەرگرین ئەوەیە، كە بۆ بەردەوامیی ژیان و بنیاتنانەوەی داهاتوو، هەموو تەمەنێك بە بەرهەمە. یان دوای سارای ئیبراهیم هەست بە ئازادیی كۆمەڵایەتی دەكات، هەوڵ دەدات لەو تەمەنەشدا ئەو ئازادییە ئەزموون بكات، كە لە نەمانی سارایدا دەستی كەوتووە.

دابەشكردنی دەسەڵات و سامان
كوڕ و ئەندامانی دیكەی خێزان، هەر چەند كار بكەن و لە بەدەستهێنان و زیادكردنی سامانی خێزاندا ماندوو بن، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوە هەر باوكە خاوەنی هەموو شتێكە. ئەوە هەر باوكە مافی بەكارهێنان و بەخشینی سامانی خێزانی هەیە.

سامانی مەعنەوی و سامانی ماددی
هەموو كەس و خێزان و خێڵێك خاوەنی دوو جۆرە سامانە، سامانی مەعنەوی، سامانی ماددی.

- سامانی مەعنەوی:
سامانی مەعنەوی، بەها كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەكان و هەڵوێستە سیاسییەكان و بەتەنگەوەهاتنی هەژاران و بەرگریكردن لە وڵات و چاوتێری و فریاكەوتنی نیشتمان و وڵات لە كاتی تەنگانەدا، هەموو ئەوانە بە سامانی مەعنەوی دەژمێردرێن. هەموو ئەو كار و هەڵوێست و بەخشیشانەی، كە بەرامبەر پارە و دەسكەوتێكی دیاریكراو ناكرێن. دیاریترین نموونەی سامانی مەعنەوی، ئەو دەوڵەمەندانە بوون، كە لە هەردوو شەڕە گەورەكەی جیهاندا نانەواخانەیان كردەوە، بێ بەرامبەر نانیان بە خەڵكی برسی دەدا، لەكاتێكدا بۆ ئەو سەردەمە نان بەنرخترین كەرەستەی ماددی بوو، دەتوانرا بەئاسانی بكرێتەوە پارە. سامانی مەعنەوی ناشكێ، لەناو ناچێ، تەنیا ئەگەر دروستكەرەكەی بۆ خۆی هەوڵی لەناوبردنی بدات. بۆ نموونە، لە جیهانی نوێدا، گیڤارا خاوەنی گەورەترین سەرمایەی مەعنەویی شۆڕشگێڕیی جیهانە. ئەو دوای ئەوەی هەموو دەسكەوتە ماددییەكان رەت دەكاتەوە و دوای ئازادیی نەتەوەكان دەكەوێ، هەر لەو پێناوەشدا گیان دەبەخشێ. لەبەرامبەر ئەودا كاسترۆمان هەیە، ئەویش لە سەردەمێكدا خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەی مەعنەوی بوو، بەڵام سەرمایەی مەعنەوی ناكرێ گاڵتەی لەگەڵ بكەی، یان گاڵتەی پێ بكەی، چونكە ئەنجامی پێچەوانە دەدات.
كاسترۆ هەوڵی دا بەرهەمی سەرمایە مەعنەوییەكەی بۆ دەسەڵات و سەرمایەی ماددی و كەسیی خۆی و گرووپەكەی بەكار بێنێ، ئەوەش (وردكردنەوەی یان گۆڕینەوەی) سەرمایەی مەعنەوی بوو، كە وەك ئاوێنەیەكی شكاوی لێ دێت و جگە لەوەی دەستی خاوەنەكەی دەبڕێت، دەوروبەرەكەشی خەڵتانی خوێن دەكات. سەرمایەی مەعنەوی كاریگەرترین هۆیە بۆ بەزیندوویی مانەوە.
سامانی مەعنەوی درەنگتر دێتە ناو حساباتەوە، هەرچەند سەرمایەی مەعنەوی لە سەرمایەی ماددی گرنگترە. بەتایبەتی بۆ پێغەمبەرێك، بۆ ڕابەرێك، بۆ شێخ و كارێكتەرێكی سیاسییش. بە وتەیەكی كورت: دەكرێ هەموو ڕۆژێ سەرمایەی مەعنەویی خۆت و خێزانەكەت بكەی بە سەرمایەی ماددی، بەڵام زۆر قورس دەتوانی سەرمایەی ماددی بكەی بە سەرمایەی مەعنەوی. نموونەیەكی سادە، كەسوكاری حەماغای كۆیە زۆر بەئاسانی دەتوانن ناوبانگ و كەسایەتیی حەماغا بكەنە سەرمایە و پارەی پێ پەیدا بكەن، بەڵام ئەگەر كەسێك یان بنەماڵەیەك بیەوێ سامانێكی مەعنەوی و ناوبانگێكی وەك حەمە ئاغای كۆیە بۆ خۆی پەیدا بكات، ئەوە سامان بەتەنیا دادی نادات، كەسایەتییەكی بەهێز و فەزایەكی تایبەت و تەمەنێكی دەوێت.
ئەوەی گرنگیشە سەرمایەی مەعنەوی، دەكرێ بە هەمان سروشتی بەهەرمهێنانی تا ماوەیەكی نادیار بەردەوام بێ، بەڵام كاتێك هەر كەسێك بڕیار دەدات سامانە مەعنەوییەكەی بگۆڕێت بە سامانی ماددی بەڵێ دەتوانێ، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردن بە گۆڕینەوەی زۆر خێرا، هەردووكیانی لە دەستی دەچێت و نامێنێ.

- سامانی ماددی:
سامانی ماددی بریتییە لە زێڕ و زیو، زەوی و خانوو، مەڕ و ماڵات و ئەسپ، گا، پارە و سامانی نەختینە، هەموو ئەو شتانەی بەكەڵكی ژیان دێن و پارە دەكەن، یان دەگۆڕدرێنەوە. ئەو دوو سامانە بەردەوام لە پێشبڕکێدان لەگەڵ یەكتری، دەكرێ هاوكاری یەكتریش بن، بەڵام ئەوەی مێژوو دەیگێڕێتەوە بەشی زۆری جارەكان بەپێچەوانەی یەكتر كاریان كردووە. واتا كابرا لەپێناو پاراستنی سامانە ماددییەكەی، كەسایەتی و سامانی مەعنەویی خۆی لەدەست داوە. بە هەزارانیش بەهۆی بەكارهێنانی سامانە مادییەكەیان لە خزمەتی گشتیدا، كەسایەتییان بۆ ئەبەد درەوشاوەتەوە، ئەوەش سامانێكی مەعنەوییە.
بزانین ئیبراهیم هەردوو سامانەكەی خۆی چۆن دابەش دەكات؟ بزانین چ ڕێگایەك پیشانی ئینسانیەت دەدات بۆ دابەشكردنی سامانەكەیان؟

تێبینی: بەهۆی نووسینی چەند وتارێك لە كاریگەریی شێوازی ژنهێنانی ئیسحاقییانە لەسەر خۆشەویستی، بەتایبەتی لەسەر خۆشەویستی و ژنهێنان لە كۆمەڵگەی كوردیدا، ماوەیەك لەو چیرۆكانە دوور كەوتمەوە، ئێستا كە لەسەریان بەردەوامم، ناكرێ زۆر سوپاسی گەورەی مامۆستای مەزن غەریب پشدەری و خاتوو شوكرییە ڕەسووڵ نەكەم، كە لەدڵەوە داوایان لێ دەكردم لەسەر ئەو چیرۆكانە بەردەوام بم. مامۆستا غەریب گوتی:
- بۆ چیرۆكی پێغەمبەرانت پساندەوە، دڵم بۆیان تەنگە.
سوپاس بۆ هەفتەنامەی (باس)یش، كە لاپەڕەكانی كردووەتە جێگای بەیەكگەیشتنی ئێمە.