کوردەواری

هۆنراوەکان و گۆرانییەکانم - 28

     کوردەواری
من ئەشقی شنەی شەماڵم
من تامەزرۆی (بەربەسێری)
بەهارانی بن رەشماڵم
ئەمن شوانێکی رەبەنم
ئاشقی دەست و لۆلەپی 
کچە شوانکارەی مەشکەژەنم
خۆشیم لە دەشت و لە دێیە
لە رێچکۆڵە و بزنەڕێیە 
لە درەختی خوار و خێچە
لە رێگای بە پەنا و پێچە
خۆشیم لە رێ و بانی خۆڵە
لە کەروێشکی توند و تۆڵە
خۆشیم لە کۆنە هەوارە
لە کەرتکە شاخی دژوارە
چەند خۆشە بچیە رێواسان
دەگەڵ کیژۆڵە بڵباسان
خۆشیم دەگەڵ تووتنەوانە
دەگەڵ رەز و باخەوانە
***
چەند نایابە لەسەر هەڵگورد
بڕوانیە ئەم نیشتمانە
لەملا گۆلی ورمێ دیارە
لەولایەش دەریاچەی وانە
ئەگەر چاوێکیش بگێڕی 
بەو بنار و نەواڵانە
رواندزە، سیدەکانە
بلە و زێبار و بارزانە
چەند جوانە لە سەری سەفین
لە تاریکەشەوی هاوین
ئاسمانی رەش، ئەستێرەی گەش
کە جاروبار دەڕژێنە خوار 
بەسەر سەربەن و سەری رەش
ئای خۆشە ئێستاکە لێرە
چاو و مێشکت بکەی تێرە
بەو خوارە و چرا رێزانی 
بە قەڵا کەلبووی هەولێرە
هێشتا خوارتر لەو دوورەوە
ئاسۆ بە تارای سوورەوە
دادراوە بەسەر نۆبووک
شارە زێڕینەکەی کەرکووک
ئەگەر هاتو ناوە ناوە
ئاوڕێکت بۆ دوا داوە
تارمایی ملی هەزاران
چیایە و چەمی شەقڵاوە
بریا لەسەر بێژینگ بەسەر 
بتدیبا ئەو دەشتە شینە
بەو هەموو گوڵ و گولیلکە
دەڵێی مافووری نائینە
***
خۆشیم لە گوڵ و نێرگزە
لە جلیتی کارمامزە
خۆشیم لە خەرەند و گەلیی
ئەملا و ئەولای رواندزە
ئەشقی شەوە و شەولەبانم
هی لانک و دەسرازەی جوانم
من ئەشقی گورگانە شەوێ و 
چیرۆکی گوێی ئاگردانم
ئەشقی ئەو دەنگ و سەدایە
بەسۆز و نەرمەی لایلایە 
خۆشیم لەگەڵ کزەی بایە
کە دەیدا لەو سەوزەگیایە
من ئەشقی منداڵی کوردم
بەتایبەت کە دەڵێ: دایە!
***
کاکەینە من ئەویندارم
ئەوینداری کۆلکەدارم
ئەشقی چرپەی پێی دەواری
بە شەو تێپەڕبووی رێبوارم
ئەوینداری شڵپ و هۆڕی 
ئەسپی دەربازبووی رووبارم
ئەوینداری گاشەبەردی
بە قەوزە خزبووی جۆبارم
هی پیرەداری کلۆرم
هی سمۆرەی کلک پانی
سمێڵ لەرزانی گوێزخۆرم
هی دۆڵی بە تەم و مژی
کپ و بە سامی رەنگ مۆرم
ئەوینداری مانگەشەوم
ئەوینداری قاسپەی کەوم
من ئاشقی سترانبێژم
هی نووسەر و هی بوێژم
هی هەوراز و سەرەولێژم
هی ئەستێرەی گەلاوێژم
هی پێروو، هی تەرازوومە
هی دڵی پڕ ئارەزوومە
من ئەشقی ئەستێرەی دوورم
کە دەیڕوانمێ گریانم دێ
لەبۆ ژیانی رابوورم
ئەشقی سەر نوێنی فێنکی 
شەماڵ لێداوی سەربانم
هی خەوی خۆشی سەپانی 
راکشاوی سەر خەرمانم
هی زرینگەی زەنگوڵی ملی 
نێری و بەرانی شەوانم
هی کاروانکوژەی بەیانم
هی رەوەقەتێی گەرمیانم
هی کوردی سادە و ساکارم
هی پیر و نەخوێندەوارم
ئەشقی قامیشلو و حەسەکە و 
هی هەڤێرکان و ئەفرینم
ئەشقی (هەزارگۆل) و ئورفە و
چیای گریداغ و ماردینم
ئەشقی شوورەی دیاربەکر و 
(بورجا بەلەک) و زێندینم
ئاشقی ئەحمەدێ خانی و 
داستانەکەی مەم و زینم
من ئەشقی قەڵای دم دم و
شۆڕەسواری لەپزێڕینم
هی بەردەکەی کێلەشینم
هی زۆزانا فەڕاشینم
ئەشقی ملان و زلانم
ئەشقی چیایێ سیپانم
ئەشقی لاوک و حەیرانم
هی دەنگی خۆشی نەمری 
کاوێس ئاغا و مریەم خانم
ئەشقی زاگرۆسی دێرین و 
دەشتی سندووس و لاجانم
من ئەشقی بەیت و بالۆرە و 
هۆرە و قەتاری کوردانم
هی هەموو دەنگخۆشەکانی 
سنە و سابڵاخ و بۆکانم
هی زەردەشت و هی یارسانم
هی سەردەشت و مەریوان و 
بانە و سەقز و کرماشانم
هی رانک و چۆغە و پەستەک و
کڵاشەکەی هەورامانم
من ئەشقی جێگەی ژووانم
ئاشقی کانی ژنانم
من ئاشقی چاوچاوانێی
پەنجەرەی کووچەی شارانم
من ئاشقی شوێنەوار و 
بەزمی رۆژانی جارانم
***
ماویەتی بۆ هەفتەی داهاتوو.