جەنگی لاھور، لاھوری جەنگی

کەسایەتیيه ھەڵچووەکان لە سیاسەتدا ھەمیشە دۆڕاون. تەمەنی سیاسیی ئەمجۆرە کەسانە زۆر کورتە. لە کوردستاندا ئەگەر بە پێوەرە سیاسییەکان بێ کەسێکی وەک لاھوری شێخ جەنگی دەبوایە لە مێژە لە مەیدانی سیاسیی ھەرێمدا بسڕابایەوە، بە تایبەت لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر، بەڵام ئەوەی لاھوری ھێشتۆتەوە تەنیا ھێزی پارە و ھێزی چەکە، ئەم جۆرە ئامرازانەش ھەر کەسێکی ناپوختە و لاوازیش بۆ ماوەیەک لە مەیداندا دەھێڵتەوە.

لاھوری جەنگی ئێستا لە سایتەکەیدا بە خەلکانێکی نووسیوە کە جەنگ لە دژی ئەم و ئەو بەرپا دەکا، ئەمەش دیسان نیشانەی ھەڵچوون و ناپوختەییە، گەرنا کەس جاڕی جەنگێک لێ نادات کە پێشتر کراوە و ئەنجامی دۆڕان بووە، پێشتر ئەو جەنگانە زۆر بەرپا کراوە کە بۆ لەناوبردنی بنەماڵەی بارزانی و پارتی بووە، کەسانێکی زۆر بەھێزتر جاڕی جەنگ و تەحەدایان لە دژی پارتی داوە و لە ئەنجامدا ھیچیان بۆ نەکراوە و ملکەچی واقع بوونە.

ئەمرۆ سیاسییە عاقلمەندەکانی کوردستان لە ناو پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکان ھەول دەدەن وێڕای ھەموو کێشە و گرژییەکان ئاماژە بە جەنگ نەدەن و کەشێکی ھێور و لەبار بۆ پێشبرکێی سیاسی و کاری ئیداری و حزبی بڕەخسێنن، جا باشترە لاھوری جەنگیش لەو کەشە دەرنەچێت و نەکەوێتە ژێر ھەژموونی سۆشیال میدیا.

جەنگی لاھوری جەنگی چ لە ناو سایت و پەیجەکان و چ لە سەر رووپەڕی رۆژنامەکان و چ بە ھەڕەشەی چەک و مەک بێ، جیا لە چەپڵەی چەند مێردمنداڵێکی ناو سۆشیال میدیا، ھیچ دەسکەوتێکی دیکەی بۆ نابێ و بۆیە باشترە جەنگێک لە دژی خۆی بەرپا بکات، بەخۆداچوونەوەش باشتر لە ھەر شتێکی دیکە دەرد و ژانی ئەو دەرمان دەکات.