جۆره‌كانی سیسته‌می پارته‌ سیاسییه‌كان

2

 B- شێوازی فره‌ پارته‌یاتی
ئه‌و شێوازه‌ بۆ بوونی زیاتر له‌ دوو پارت له‌ ده‌وڵه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هیچ پارتێكیش ناتوانێت به‌ ته‌نیا جله‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست (1).
به‌ ڕای هه‌ندێ له‌ توێژه‌ران، په‌یدابوونی ئه‌و شێوازه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی جیاوازیی ئایدلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌نێو ده‌وڵه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كه‌رتبوونی پارتێك بۆ دوو پارت یان زیاتر، به‌ هۆی جیاوازیی ئامانج و چۆنیه‌تیی تێگه‌یشتن و روانین بۆ پرسه‌ سیاسییه‌كاندا.
جگه‌ له‌و هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه‌، جۆری سیسته‌مه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش رۆڵی له‌سه‌ر په‌یدابوونی ئه‌م شێوازه‌ هه‌بوو، چونكه‌ په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می نۆێنه‌رایه‌تیی رێژه‌یی ده‌بێته‌ هۆی فره‌ پارتایه‌تی.
هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی زۆرینه‌ی ڕه‌ها (دوو خولی) ده‌بێته‌ سه‌رهه‌ڵدانی فره‌ پارتایه‌تی، چونكه‌ مه‌رجی به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ڕه‌ها، زۆر جاران واده‌كات هه‌ڵبژاردنه‌كان دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، له‌ خولی یه‌كه‌مدا هه‌ر پارته‌ و به‌ته‌نیا به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات و ئه‌مه‌ش واده‌كات پێگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن بزانێت، له‌ خولی دووه‌میشدا هه‌ر پارته‌ و هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ ئه‌و پارتانه‌ دروست ده‌كات، كه‌ له‌ ئامانج و بنه‌ماكاندا لێیەوە نزیكن، ئه‌مه‌ش بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌ جێماوه‌كانه‌ (2).
نموونه‌ی كاریگه‌ریی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رایه‌تیی رێژه‌یی له‌سه‌ر په‌یدابوونی شێوازی فره‌پارتایه‌تی ئیتالیا و عێراقه‌، نموونه‌ی كاریگه‌ریی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی زۆرینه‌ ڕه‌های دوو خولی له‌ سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و شێوازه‌ فه‌ره‌نسایه‌.
لایه‌نی ئه‌كتیڤی شێوازی فره‌پارتایه‌تی خۆی له‌ ڕه‌خساندنی بوار ده‌بینێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م هه‌موو پارته‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها ئه‌م شێوازه‌ ده‌ربڕینی راسته‌قینه‌یه‌ له‌ ویست و ئامانجی هه‌موو ڕه‌وته‌ سیاسییەکانی ده‌وڵه‌تدا.
به‌ڵام ئه‌م شێوازه‌ لایه‌نه‌كی نیگه‌تیڤیشی هه‌یه‌، ده‌بێته‌ هۆی لاوازی و ناسه‌قامگیریی حكوومه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئه‌م شێوازه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌ پارته‌كان زۆرینه‌ی ڕه‌ها به‌ده‌ست ناهینێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیا حكوومه‌ت پێك بهێنێت، په‌نا ده‌برێت بۆ پێكهینانی حكوومه‌تی فره‌لایه‌ن (ئیئتلافی)، كه‌وا زۆر به‌رده‌وام نابێت و به‌هۆی جیاوازیی ئامانجی پارته‌ هاوپه‌یمانه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.
بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌م شێوازه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، په‌نا بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌بردرێت، وه‌كوو كوێت و ئیسرائیل و ئیتالیا.. هتد، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ عێراقیش له‌ چه‌ند ساڵه‌ی دابێت ئه‌م قه‌یرانه‌ ڕوو بدات و حكوومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بکرێت.

ب- سیسته‌مه‌ ناكێبڕکێیه‌كان:
له‌و سیسته‌مدا ئه‌و شێوازانه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێن، كه‌وا رێگه‌ ناده‌ن پارته‌ سیاسییه‌كان كێبڕكێی دیموكراسی بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، یاخود راستتره‌ بڵێین، به‌ فه‌رمی یه‌ك پارتی سیاسی هه‌یه‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ڕێگه‌ نادرێت پارتی تری ئۆپوزیسیۆن په‌یدا ببن.
ئه‌گه‌رچی له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ پارتی تریش جگه‌ له‌ پارتی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و پارتانه‌ی دروست ده‌كرێن، بۆ پێدانی شه‌رعییه‌ته‌ به‌ رژێمه‌كه‌ و هیچی تر نا.
یه‌كێك له‌ سیماكانی تاكپارتی، تێكه‌ڵبوونی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ پارتی فه‌رمانڕه‌وا، ئه‌ندامی حزب پێگه‌ی فه‌رمیی هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتیش، هه‌روه‌ها كاروباری ده‌وڵه‌ت له‌نێو ئۆرگانه‌كانی حزبدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌واته‌ حزب حكوومه‌ته‌ و حكوومه‌تیش حزبه‌. ئه‌مه‌ش به‌رزترین ره‌نگدانه‌وه‌ی رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانه‌ له‌سه‌ر ژیانی سیاسی، له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.
له‌و جۆره‌ سیسته‌مه‌دا، رێگه‌ نادرێت ڕای جیاواز هه‌بێت، ده‌نگی یه‌كه‌م و كۆتایی هه‌ر ده‌نگی حزبی فه‌رمانڕه‌وایه‌، خۆی هۆی سه‌ربه‌رزیی ده‌وڵه‌ته‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێت ده‌وڵه‌ت تێكده‌چێت، له‌ یه‌ك كاتدا خۆی ده‌زگای یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادیشه‌. نموونه‌ش حزبی به‌عس له‌ عێراق و سووریا، پارتی نیشتمانی له‌ میسڕ، پارتی كۆبه‌ندی نیشتمانی له‌ توونس، حزبی شیوعی له‌ یه‌كێتیی سۆڤیەتی جاران و ئێستاش له‌ ده‌وڵه‌تی چین.

پەراوێز:
1- د. شمران حمادی. النظم السیاسیة، ط4، مطبعة‌ الارشاد، بغداد، 1975، ص151.
2- د. سلیمان محمد الطماوي، النظم السیاسیة، دار الفكر العربي، القاهرة، 1988، ص263-264.