لاهور ئاو ده‌کاته‌ ئاشی کێ؟

پێکهێنانی کابینه‌ی نۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هێورکردنه‌وه‌ی ململانێ سیاسی و حزبیه‌کانی هه‌رێمی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌جۆرێک حزبه‌کان که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردنیان تێپه‌ڕاند و هاوڵاتیانیش له‌ رووی ده‌رونیه‌وه‌، بار سوکتر بوون، به‌مه‌ش بازاڕ و ژیانی خه‌ڵک، جوڵه‌ی تێکه‌وته‌وه‌ و هه‌موولایه‌ک له‌ په‌نجه‌ره‌ی هیواوه‌ ده‌ڕوانن بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، له‌م چه‌ند مانگه‌دا، که‌ هه‌موولایه‌ک جۆرێک له‌ هێمنی سیاسیان هه‌ڵبژاردووه‌، لاهور جه‌نگی له‌ رێگه‌ی میدیاکانیه‌وه‌، سه‌رپه‌رشتی جه‌نگێکی ده‌روونی دژ به‌ هاوڵاتیان ده‌کات و رۆژانه‌ نوقڵانه‌ی شه‌ڕ و بڕینی بودجه‌ و موچه‌ لێ ده‌دات!

به‌و پێیه‌ی لاهور له‌ لیژنه‌ی دانوستانکاری یه‌کێتی بوو، ده‌بوو زۆر سه‌نگینانه‌ و سیاسیانه‌ مامه‌ڵه‌ی کردبا، که‌ شه‌ڕه‌ ده‌نووکی میدیا و چه‌له‌حانێی راگرتبا، نه‌ک په‌ره‌ی پێدابا.

راسته‌ لاهور له‌ ته‌که‌تولاتی له‌نێو یه‌کێتی، بۆ دانانی کاندیده‌کانی پۆسته‌ وه‌زارییه‌کان شکستی هێنا، به‌ڵام ئه‌وه‌ چ په‌یوه‌ندی به‌ پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌، تا هه‌موو رۆژ په‌لاماری قاچی پارتیی و ره‌مزه‌کانی ده‌دات؟
ئه‌ی هاوڵاتیان چ گوناهێکیان هه‌یه‌، که‌ وه‌ها شه‌ڕی ده‌روونیان له‌دژ ده‌کات و ده‌یه‌وێت کۆمه‌ڵگا دابه‌ش بکات؟

پارتیی به‌ چل و پێنچ کورسی و زۆرینه‌ی په‌ڕله‌مانی "له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی" مته‌وازیعانه‌ و به‌رپرسیارانه‌، ئه‌زمونێکی نوێ له‌ حوکمڕانی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ته‌حه‌مول و ته‌جاوزی زۆر شتیکرد له‌پێناو سه‌قامگیری سیاسی و یه‌کڕیزی نێوماڵی کوردستان، که‌چی هێشتا لاهور رازی نییه‌؟
حه‌قی خۆیه‌تی، چونکه هێشتا کورد شۆکی خیانه‌تی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر به‌رینه‌داوه‌، که‌ لاهور ئه‌ندازیاری بووه‌، هێشتا ئاسه‌واری پیلان و فیتنه‌کان ماون، هێشتا کفنی شه‌هیدانی رۆژانی خیانه‌ت و فرۆشتنی که‌رکوک زه‌رد نه‌بووه‌.
به‌ڵام پارتیی پێی به‌ جه‌رگی خۆیدا ناوه‌ و ده‌یه‌وێت لاپه‌ڕه‌ی نوێ هه‌ڵبدرێته‌وه‌، که‌چی لاهور له‌جیاتی بێده‌نگ بوونی دوای ئه‌و هه‌موو ناپاکی و فه‌شه‌له‌، به‌ کاریکاتێری گه‌نجێک یان پۆستێکی فه‌یسبووک هه‌ڵده‌چێ و به‌ مه‌وقیفی پارتیی تێده‌گات!

لاهور به‌رده‌وام ده‌یسه‌لمێنێت، سیاسیه‌کی به‌ ئه‌زموون نییه‌، زیاتر وه‌ک هه‌رزه‌کار یان وه‌ک فه‌ریکه‌ سیاسیه‌ک مامه‌ڵه‌ ده‌کات، ئه‌گه‌رنا ده‌بوو بیری بووبا، هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتیی، نه‌ له‌ فه‌یسبووکه‌وه‌، نه‌ شه‌رمنانه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت، به‌ڵکو به‌درێژایی مێژوو، پارتی ده‌نگی زوڵاڵه‌ به‌رانبه‌ر خیانه‌تکاران و له‌ هیچ و که‌س لایه‌نێکیش نه‌ سڵه‌میوه‌ته‌وه‌، بۆ داهاتوویش هه‌روا ده‌بێت، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م وه‌ک په‌نده‌ کوردییه‌که‌ "دار هه‌ڵبڕه‌، چه‌وت ره‌فتار دیاره‌"ی لێهاتبێ و هێنده‌ که‌لێنی هه‌بێت، بۆ هه‌موو شت له‌ خۆی به‌شک بێ!

ده‌سته‌بژێرانی سیاسی، تێده‌گه‌ن له‌وه‌ی لاهور هه‌ڵپه‌ی چییه‌تی و شینه‌که‌ی بۆ هه‌ریسه‌که‌ی کۆنگره‌ی یه‌کێتیه‌، به‌ڵام بۆ ده‌بێت ئه‌و حه‌زه‌ شه‌خسی و حزبیانه‌ی، به‌ زیانی خه‌ڵک ته‌واو ببێ؟
بۆ شکستی حزبی خۆی، به‌ شانی هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسێت، بۆ هێنده‌ی دیکه‌ باری یه‌کێتی قورستر ده‌کات، ئایا به‌م به‌زمانه‌ی، ده‌یه‌وێت ئاو بکاته‌ ئاشی کێوه‌؟
ئه‌گه‌ر بۆ یه‌کێتی بێت، ئه‌وا یه‌کێتی پشک و نوێنه‌رایه‌تی خۆی به‌ زیاده‌وه‌ له‌ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر بۆ هاوڵاتیانی بێت، ئه‌وا خه‌ڵک هێمنی و سه‌قامگیریی ده‌وێت، چاکسازی و ژیانێکی باشتری ده‌وێت، نه‌ک گرژی و دڵه‌ڕاوکێ.

وابزانم ئه‌مه‌ش روونه‌، که‌ ده‌ستپێکی کاره‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ت، راگه‌یاندنی هێڵه‌ گشتییه‌کانی کابینه‌که‌ی بوو بۆ رای گشتی، که‌ هیوای لای خه‌ڵک دروست کردووه‌ و ئێستاش به‌شێوه‌یه‌کی رێکوپێک، پرۆسه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نی چاکسازی ئیداری و دارایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یاسا ده‌چه‌سپێت و رێگه‌ له‌ قۆرخکاری و کاری مافیایی ده‌گیرێت، پێده‌چێت ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێک که‌سدا نه‌بێت، بۆیه‌ نوقڵانه‌ی شکست لێده‌ده‌ن!

ئه‌وه‌ روونه‌، چه‌قی ئه‌جێندای حکومه‌تی هه‌رێم خزمه‌تکردنی هاوڵاتیی و باشترکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان و به‌دامه‌زاوه‌ییکردنه‌‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روون نییه‌ ئه‌جێندای لاهوره‌، که‌ ئاو ده‌کاته‌ ئاشی کێوه‌ واللة اعلم!