تۆپەکە لای وەزیری ئەوقافە!

 

ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبینرێت کارەساتە، ئەوەی لە خیتابی بەشێک لە مەلا و بانگخواز و ئەوانەی بەناوی دینەوە دەدوێن، بێ گومان ئاسان تێناپەڕیێت، ئەوەتا كۆمەڵگای كوردی بەتەواوەتی بەرەو داخرانێكی سەلەفیانە دەڕوات، دینداریی رۆحی و راستەقینە ئەوەی لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، دیندارییەك كە پێوەرەکەی رێزگرتن بێت لە بەرامبەر، نەك كاڵ بووەتەوە، بەڵكوو خەریکە دەبێتە شەرم. دینداری ئێستا لەسەر زاری ئەو بەشە لە بانگخواز و مەلایانەوە تەنیا لەو دێڕانە كورت بووتەوە كە رقمان لە ژیان بێت، خۆمان دانێین بۆ مەرگ، ژن بە هەموو شێوەیەك بشكێنین، رقمان لە هەموو نوێبوونەوەیەك بێت، باوەڕ بە زانست و زانیاری و داهێنانەكان نەكەین، ژیان لە ڕابردوودا بوەستێنین، منداڵەكانمان فێر بكەین، كە هیچ فێر نەبن، تەنیا گوێ لەو جۆرە بانگخواز و مەلا توندڕەوانە بگرن. ئەوەی ئێستا روو دەدات كورتكراوەكەیەتی، كە دینداری ئاراستەی سەلەفیەتی توندی وەرگرتووە و هەموو رێباز و رێچكە و تەفسیرەكانی دەرەوەی ئەم تەوژمە سەلەفییە رەت دەكرێتەوە، نەخاسمە ئاییندارییە جوانەکەی جارانی کۆمەڵگەی کوردەواری.


با وردتری بكەینەوە، مامۆستایەكی شارەزای ئیسلام دەنووسێت: ”مریشكیش بۆ كەسانێك جائیزە بیكات بە قوربانی“، تەماشا بكە ئەوانەی تەنانەت دێڕێك عەرەبییش نازانن، بەر بوونەتە گیانی. ئەو مامۆستایە، سەرچاوەكەشی بۆ ئەو تەوژمە سەلەفییە دەگەڕێتەوە، كە تەنیا خۆی بە راست و رەوان دەزانێت. مەلا فاتیح، بەرگری لە كیژێکی گۆرانبێژ دەكات و باس لەوە دەكات كە پێغەمبەری موسڵمانان باوەڕی بە ژیانی خۆش و كامەران هەبوو، شەپۆلێک هێرش و قسەی ناڕەوای بۆ رۆیشت، هۆكارەكەی چییە؟ ئەو تەوژمە سەلەفییە توندڕەوەیە، كە دونیا تەنیا لە پەنجەرەكانی خۆیەوە دەبینێت.


ئەم تەوژمە نایەوێت نەوەیەكی دروست پەروەردە بێت، كە ژیانی لا خۆشەویست بێت، نایەوێت دونیا بە رەنگاوڕەنگی پیشانی مرۆڤ بدات، ئەم تەوژمە كار لە گۆڕینی هەموو بۆچوونە جوانەكان دەكات، ژیان رەش و سپی دەكات، بێجگە لە خۆی نایەوێت كەسی تر قسەی هەبێت، دەرگای راڤە دادەخات و دین دەكات بە شتێکی دڕندە، ژیاندۆستی دەخنكێنێت و مەرگپەرستی دەكاتە رێبەری تاكەكان. تەوژمی سەلەفییەتی توندڕەو كار لە گۆڕینی عەقڵی گەنجەكان دەكات، گۆڕینێك كە هیچ رێز و بەهایەك بۆ بەرامبەر و بۆچوونە جیاوازەكان ناهێڵێتەوە. ئەم تەوژمە لەم سەرەوە هەموو شتێك دەشكێنێت و لە بنەوە بەناوی دینەوە دەیداتەوە بە خەڵك. تەوژمی سەلەفییەتی توندڕەو هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی سەرجەم جۆگەلەی پێناسەكانی دین بۆ مرۆڤ و ژیان و هونەر و جوانی و ژن و ئایندە بێتەوە سەر رووبارەكەی خۆی. ئەو ژن دەشكێنێت بە ناوی دینەوە، ئەو كۆمەڵگا دابەش دەكات بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی رووناكی (ئەوانەی سەر بەو تەوژمەن!) و بەرەی تاریكی (ئەوانەی رەخنە لەم تەوژمە دەگرن!). ئەوان بەناوی دینەوە مرۆڤ بچووك دەكەنەوە، وا دەكەن كە تەنیا لە خەیاڵاتی مردندا بژین، هەموو ژیان دەخەنەوە ناو یەك رەنگ و یەك بۆچوون و یەك هەنگاو. ئەو تەوژمە ئایندە وا تەڵخ دەكات، كە نەزانرێت بۆچی دەژین؟


بەڵام مەترسییەكە گەورەتر بووە، تەوژمەكە هەناسەی زیاتری داگیر كردووە، لەبەرئەوەی رۆ چووەتە ناو هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئێستا فەیسبووك بكەرەوە، رۆژانە دەیان ڤیدێوی ئەم جۆرە مەلایانە بڵاو دەكرێتەوە، هەندێكیان بە سپۆنسەری گەورەوە، هەندێكیان بۆ بەدەستهێنانی ئەكتیڤێتیی پەیجەكان، ئەو جۆرە مەلایانە چی دژی دین و جوانی و ژیانە دەیڵێن. نەوەیەك كە فەیسبووك بووەتە ماڵی دووەمیان، لە رێی ئەم ڤیدیۆانەوە دونیای كوردیان لا بووەتە دۆزەخی دینداری، تەماشا بكەن و خۆتان ورد بنەوە، ئەوانەی كۆمێنت و لایك بۆ ئەو مەلایانە دەنووسن، كە رابەرایەتیی ئەو تەوژمە دەكەن، گەنجەكانن. ئەمەش مەترسییە گەورەكەیە. گەنجان بە هەموو شێوەیەك بەرەو ئاراستەیەك دەبرێن، كە سبەی هیچ گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەك قبووڵ ناكەن. نەوەیەك خەریكە ئالوودەی ئەو تەوژمە سەلەفییە توندڕەوە دەبێت، كە ئیتر ژن و ژیان و هونەر دەخاتە ناو زیندانەوە. هەموو ئەمانەش بەناوی دینەوە دەكات. بۆیە كاری حكوومەت و بەتایبەت وەزارەتی ئەوقاف ئەوەیە، كه رێگر بێت لەم تەوژمە، مینبەر و مایك نەداتە دەست ئەو مەلایانەی كە بە ناوی دینەوە شمشێری كوشتنی هەموو شتێك بەرز دەكەنەوە. ئێمە ناڵێین دینداری نەكرێت و رێگری لێ بكرێت، بەڵكوو دەبێت بە یاسا رێگری لەم تەوژمە بكرێت، كە دونیای كوردیی وێران دەكات و بە ناوی ئیسلامەوە هەموو شتێك رەت دەكەنەوە، كە لە بنەچەشدا وا نییە.


جەنابی وەزیری ئەوقاف، تۆپ لە گۆڕەپانی تۆدایە، كاتیەتی ئەم تەوژمە بچێتەوە قاڵبی خۆی، ئەگەر نا كۆمەڵگەی كوردی دەگلێت و موفتەلای بەڵایەك دەبین کە نەوەكانی ئایندە باجی دەدەن.