ئایا وه‌هاب ئاغا یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانى پارتى؟

كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ باشتر و وردتر له‌ مێژووى دامه‌زراندنى بكۆڵدرێته‌وه

 

١٦ی ئاب یادى دامه‌زراندنى (پارتی دیموكراتى كوردستان - عێراق)ه‌، كه‌ پارتێكى سیاسیی دێرینى باشوورى كوردستانه‌ و له‌ مێژووى 73 ساڵى رابردووى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌ژموونى زۆر و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر رووداوه‌كانى كوردستان و جووڵانه‌وه‌ رزگاریى نیشتمانییه‌كه‌یدا هه‌بووه‌، به‌ هه‌موو سه‌ركه‌وتن و نوشستییه‌كانییه‌وه‌.


لێره‌دا و له‌م باسه‌مدا، ته‌نیا ده‌مه‌وێت تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر بابه‌تێك، كه‌ زۆر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ویش كۆنه‌كردنه‌وه‌ و پشتڕاستنه‌كردنه‌وه‌ى زانیاریى زیاتر و وردتره له‌مه‌ڕ دامه‌زراندنى ئه‌م پارته‌ كاریگه‌ره‌ى باشوورى كوردستان، كه‌ دامه‌زرێنه‌رى كوردایه‌تییه‌كى رچه‌شكێنه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بوارى پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ى خه‌باتى سیاسی و كولتوورى و چه‌كدارییه‌وه‌.


له‌وباره‌یەوه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌ یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ى ناوى هه‌ندێك له‌و خه‌باتگێڕانه‌ى، كه‌ تاكوو ئێستاش روون نه‌بووەته‌وه‌، ئاخۆ ئه‌وان ئه‌ندامى دامه‌زرێنه‌رى ئه‌م پارته‌ بووون یان نا؟!


عه‌بدولوه‌هاب رواندزى، ناسراو به‌ (وه‌هاب ئاغا - كه‌ هاوكات باوكیشمه‌) و له‌ بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدوڵا سه‌رهه‌نگ بووه‌، كه‌ سه‌رله‌شكرێكى ئازا و به‌هێزى ئەماره‌تى سۆرانى سه‌رده‌می پاشاى گه‌وره‌ بووه‌، باوكى وه‌هاب ئاغا، حه‌مه‌عه‌لى ئاغا، له‌ جه‌نگى به‌رگریكردن له‌ شارى رواندز به‌رامبه‌ر به‌ داگیركاریى سوپاى قه‌یسه‌رى رووسیا، جوامێرى و دلێریى پیشان داوه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێك بووە له‌ ڕابه‌رانى دژایه‌تیكردنى ده‌سه‌ڵاتى عوسمانى و به‌شێك بووه‌ له‌ شكستپێهێنانى هه‌وڵه‌كانى توركیاى نوێ، كاتێك توركیا (عه‌لى شه‌فیق ئۆزده‌میر)ی نارده‌ ناوچه‌كه‌، بۆ ئه‌نجامدانى چالاكیى تایبه‌ت به‌ دروستكردنى پشتیوانیى خه‌ڵك به‌مه‌ستى ده‌نگدانى خه‌ڵك له‌ (ریفراندۆم)ى چاره‌نووسی ویلایه‌تى مووسڵ، واته‌ كوردستانى باشوور، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كۆمارى توركیاى تازه‌ دامه‌زراو. وه‌هاب ئاغا، هه‌ر له‌ كۆتایی بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، تێكه‌ڵ به‌ جوولانه‌وه‌ى بوژانه‌وه‌ و گه‌شەسه‌ندنى بیرى نه‌ته‌وایه‌تیى كوردستانى بووه‌ و هه‌ر له‌ تێكه‌ڵبوونییه‌وه‌ به‌ بوارى خوێندنه‌وه‌ و به‌شداریبوون له‌ بزاڤی ئه‌ده‌بیات و شانۆی كوردی، تا ده‌گاته‌ دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵه‌ و گرووپه‌كان، كه‌ بازنه‌ى سه‌ره‌تایی بوون بۆ دروستبوون و دامه‌زراندنى پارته‌ كوردییه‌كان.


وه‌هاب ئاغا له‌ 18ى مایسى 1931 له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانى (كۆمه‌ڵه‌ى یاریده‌دانى كوردستان) دادەمەزرێنن، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى جه‌لال نوورى بوو، كه‌ چه‌ندین چالاكییان ئه‌نجام دا و وه‌هاب ئاغاش تیایدا چالاكانه‌ به‌شدار بوو، هه‌روه‌ها كاتێك (پارتى هیوا) له‌سه‌ر پاشماوه‌ى ڕێكخستنه‌كانى (كۆمه‌ڵه‌ى داركه‌ر) دامه‌زرا و له‌ زۆربه‌ى شار و ده‌ڤه‌ره‌كانى كوردستاندا رێكخستن و چالاكیى هه‌بوو، وه‌هاب ئاغا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی دیارى ناوچه‌ى رواندز، په‌یوه‌ندیى به‌ ڕێكخستنه‌كانى پارتى هیواوه‌ كردووه‌‌ و ڕۆڵێكى به‌رچاوى له‌ ناوچه‌كه‌دا گێڕاوه‌ و له‌ ساڵى 1942 دووه‌م كچیشى هه‌ر به‌ ناوى (هیوا)ه‌وه‌ ناودێر كردووه‌.


وه‌هاب ئاغاى رواندزى، جگه‌ له‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كى هاوڕێیه‌تیى قووڵى له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانیی نه‌مردا هه‌بووه‌، له‌ ئاماده‌كارییه‌كانى شۆڕشی دووه‌مى بارزانیشدا هاوه‌ڵى بارزانى بوو له‌ گه‌شته‌كانیدا به‌ناو سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه‌كانى ده‌ڤه‌ره‌ جیاجیاكان، له‌ كاتى به‌رپابوونى شۆڕشی بارزان له ‌1943‌دا، به‌ كرده‌ و چالاكیى سه‌ربازییش هاوكار بووه‌ و یه‌كه‌مین ده‌ستوه‌شاندن له‌ سوپاى عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى بارزان له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌وه‌ بووه‌، كه‌ وه‌هاب ئاغا سه‌رپه‌رشتیى ده‌كردن و له‌ ده‌شتى دیانا، كه‌ ئه‌وسا له‌به‌ر شۆڕشی دووه‌مى بارزان بووبوو به‌ سه‌ربازگه‌ و فڕۆكاخانه‌یه‌كى سه‌ربازیى مه‌یدانیى سوپاى عێراق و ئینگلیز، له‌ شه‌وێكدا وه‌هاب ئاغا هێزێكى پازده‌ كه‌سیى به‌ سه‌رپه‌شتیى (ئه‌حمه‌د دیاب)ى براى ده‌نێرێته‌ سه‌ر ئه‌م هێزانه‌ى دوژمن و ده‌بێته‌ شه‌ڕ و پێكادان، ئیتر ئه‌و هێرشه‌ رۆڵى ئه‌رێنیى زۆرى ده‌بێت بۆ سه‌ر مۆڕاڵى سه‌ربازانى داگیركه‌ر، كه‌ بۆ جه‌نگى شۆڕشی بارزان هاتبوونه‌ ناوچه‌كه‌، بێ گومان ئه‌و ده‌ستوه‌شاندنه‌ى، كه‌ له‌ سوپاى عێراق كرا، بووه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى، كه‌ ده‌وڵه‌تى عێراق و له‌گه‌ڵیشیدا به‌ریتانیا به‌ بۆچوونه‌كانیاندا بچنه‌وه‌ و تێبگه‌ن، كه‌ شۆڕشه‌كه‌ سنوورێكى دیاریكراوى به‌زاندووه‌ و ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ناوچه‌یه‌ك و عه‌شیره‌تێك، یان گرووپێكى یاخیبووى ناڕازى.


له‌دواى شۆڕشی بارزان و چوونی بارزانى و هێزه‌كه‌ى به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، وه‌هاب ئاغا، وه‌كوو زۆربه‌ى سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه‌كان، كه‌ په‌یمانى دڵسۆزییان به‌ بارزانى و شۆڕشه‌كه‌ى دابوو، ده‌سته‌ و ئه‌ژنۆ دانه‌نیشت و ده‌ستنووسی (نیازپاكى)ی وه‌كوو پاكانه‌ بۆ ده‌وڵه‌تى داگیركه‌ر پڕ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكى نزیكى خۆیدا، به‌ چه‌ك و تفاق و تواناى دارایی خۆیانه‌وه‌، به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئاودیوى سنوورى ده‌ستكردى داگیركه‌ران بوون، هه‌ر بۆیه‌ش (ولیه‌م ئیگلتۆنى باوك) له‌ كتێبه‌كه‌یدا (كۆمارى كورستان 1946) له‌ به‌شی گوزارشتكردنى كه‌سایه‌تییه‌كانى ناو كتێبه‌كه‌یدا، له‌ پێناسه‌ى وه‌هاب ئاغادا فه‌رموویه‌تى: (تاكه‌ كه‌س بوو به‌ دڵسۆزى مایه‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌یمانه‌ى كه‌ به‌ بارزانیى دابوو).


له‌ به‌رگریكردنى كۆمارى كوردستانیشدا، كاتێك له‌ (ئاڵتوونى سه‌روودا) یاریده‌ده‌رى فه‌رمانده‌ى هێزى بارزان ده‌بێت، زۆر ئازایانه‌ و دلێرانه‌ به‌رگرى ده‌كات له‌ یه‌كه‌مین كۆمار و قەوتارەی كوردیى سه‌ربه‌خۆ، له‌ شه‌ڕى (قاراوه‌) به‌ فه‌رمانى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمارى كوردستان، پله‌ى سه‌ربازیى ده‌به‌خشرێته‌ ژماره‌یه‌كیان، كه‌ وه‌هاب ئاغاش یه‌كێك بووه‌ له‌وان و پله‌ى (كاپتن)ی پێ به‌خشراوه‌، وه‌هاب ئاغا به‌ جۆرێك دڵسۆز بووه‌ بۆ كۆمارى كوردستان، كاتێك له‌گه‌ڵ هه‌ر چوار ئه‌فسه‌ره‌ شه‌هیده‌كه‌ى حوزه‌یراندا و چه‌ندانى تر له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى ئه‌ركانى سوپاى كۆماردا خه‌ڵات و پاداشت و سوپاسگوزارییان پێشكه‌ش كراوه‌، وه‌هاب ئاوا وه‌ڵامى فه‌رمانه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى ده‌سته‌ى ئه‌ركانى سوپاى كوردستانى داوه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تى:


(گه‌وره‌م فه‌رمانتان گه‌یشت، كه‌ دائر به‌ ته‌قدیراتى ئێمه‌یه‌، گه‌وره‌م ئێمه‌ غه‌یره‌ز واجبى ره‌سمى‌ و وه‌ته‌نى، چى زیادمان نه‌كردووه‌‌ و ئه‌گه‌ر هه‌موومان گیانمان به‌خش كه‌ین له‌ ڕێگاى ئازادكردنى نیشتمانى عه‌زیز، هێشتا كه‌مه‌‌ و هه‌رده‌م ئاماده‌ین بۆ فیداكردن له‌ژێر قه‌دەمى موباره‌كى ره‌ئیسى جه‌مهوریه‌تى خۆشه‌ویستمان‌ و تاقه‌ ئه‌ستێره‌ى هه‌موو كوردستان‌.....).


له‌ گێڕانه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌مدا، ته‌نیا باسم له‌ رۆڵى وه‌هاب ئاغا كردووه‌، تاكوو رێكه‌وتى دامه‌زراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان- عێراق، چونكه‌ له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا مه‌به‌ستم نوێكردنه‌وه‌ى ئه‌و گفتوگۆ و مشتومڕه‌ى ساڵى (1972)ه‌، كه‌ له‌ چله‌ى ماته‌مینیى وه‌هاب ئاغادا له‌ رۆژنامه‌ى (التاخی) له‌لایه‌ن شه‌هید (فه‌ره‌نسۆ هه‌ریرى)ه‌وه‌ وروژێنرا، كاتێك له‌ ستوونێكدا باسی له‌وه‌ كردبوو، كه‌ وه‌هاب ئاغا له‌ ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى پارتى بووه‌، دواتریش قسه‌ى جیاواز له‌لایه‌ن (دارا ته‌وفیق)ى سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌كه‌، له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت كرا، له‌وه‌ش گرنگتر، له‌ كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا، یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانى پارتى دیموكراتى كوردستان و ئه‌فسه‌رى كاراى (كۆمارى كوردستان) له‌ نووسینه‌وه‌ى یاده‌وه‌رییه‌كانیدا، له‌ دووتۆى كتێبێكدا به‌ناوى (گه‌شتێك به‌ كۆمارى مهاباددا) خوالێخۆشبوو عه‌قید به‌كر ئاغاى حه‌وێزى، له‌ باسی دامه‌زراندن و ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى پارتیدا، به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م مێژووه‌ى تۆمار كردووه‌:


(پاش شۆڕشى بارزان و دامه‌زراندنى كۆمارى مه‌هاباد‌ و گۆڕانى زرووفى سیاسى له‌ دونیادا‌ و به‌ تایبه‌تى له‌ ئێراندا، مه‌لا مسته‌فا بیرى كرده‌وه‌، كه‌ جه‌ماوه‌رى كورد له‌ كوردستانى عێراقدا پێویستى به‌ پارتێكى سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ مانگى 2/1946 پارتى دیموكراتى كورد له‌ عێراقدا به‌ هاوكاریى ئه‌م ئه‌فسه‌ر‌ و ئه‌هلییه‌ تێكۆشه‌رانى خواره‌وه‌ دروست بوو: مه‌لا مسته‌فا، هه‌مزه‌ عبدالله، ئه‌نوه‌ر دڵسۆز، به‌كر عه‌بدولكه‌ریم، مسته‌فا خۆشناو، نوورى ئه‌حمه‌د ته‌ها، محه‌مه‌د قودسى، عێززه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، خێروڵا عه‌بدولكه‌ریم، جه‌لال ئه‌مین، محه‌مه‌د ساڵه‌ح ژاژه‌ڵه‌، عه‌بدولڕه‌حمان نه‌قیب، میرحاج ئه‌حمه‌د، وه‌هاب محه‌مه‌د ئاغا‌ و شێخ له‌تیف شێخ مه‌حموود حه‌فید)، ئه‌م نووسینه‌ى به‌كر ئاغاى حه‌وێزى، به‌ڵگه‌یه‌كى حاشاهه‌ڵنه‌گرى ئه‌م پرسه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و شایه‌تحاڵ و وه‌ك تۆماریشى كردووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانى پارتى.


هه‌ر له‌م باره‌شه‌وه‌، خوالێخۆشبوو هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆیدا (كه‌ ده‌ستنووسی ئه‌و به‌شه‌مان لێی بینیوه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دامه‌زراندنى پارتییه‌وه‌) ناوى وه‌هاب ئاغاى وه‌ك یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانى پارتى تۆمار كردووه‌.


ئه‌مڕۆ، كه‌ 73ه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى ئه‌م پارته‌ دێرین و شۆڕشگێڕه‌ى كوردستانه‌ و دوو ساڵى ماوه‌ بۆ یادى یۆبیلى پلاتینى، هه‌ق وایه‌ به‌رپرسان و بیرمه‌ندانى ئه‌م پارته‌، به‌ وردى و روونتر لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ به‌ نووسینه‌وه‌ى مێژووى سه‌ره‌تاكانى دروستبوون و دامه‌زراندنی پارتیدا بچنه‌وه‌، به‌م كاره‌ش، مافى ده‌یان كه‌سی وه‌كوو وه‌هاب ئاغاى رواندزى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و روحی ئه‌و كه‌سه‌ خۆنه‌ویستانه‌ى رێگاى رزگاریى نیشتمانیى كوردستانیش ئارامتر ده‌بێت و یاد و یاده‌وریشیان به‌ نه‌مرى، وه‌كوو ئه‌ستێره‌یه‌كى گه‌ش له‌ ئاسمانى نیشتماندا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و كه‌سوكاره‌كانیشیان خۆشحاڵ و سه‌رفرازتر ده‌بن.

تێبینى/ له‌ نووسینى ئه‌م بابه‌ته‌م، سوودم له‌م كتێب و سه‌رچاوانه‌ بینى:
- جمهوریه‌ مهاباد الكردیه‌ 1946، ولیم ئیكلتون، ترجمه‌ جرجیس فتح الله.
- گه‌شتێك به‌ كۆمارى مهاباددا، عه‌قید به‌كر ئاغاى حه‌وێزى، ده‌زگاى ئاراس 2001 هه‌ولێر.
- وه‌هاب ئاغاى رواندزى، (توێژینه‌وه‌یه‌كى مێژووییه‌ له‌ ژیان‌ و ڕۆڵى سیاسى‌ و نیشتمانى) د.ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د ئه‌مین ئۆمه‌ر، چاپخانه‌ى هێڤى 2016 هه‌ولێر.
- ده‌وڵه‌تى جه‌مهورى كوردستان (نامه‌ و دۆكیۆمینت)، به‌رگى یه‌كه‌م و دووه‌م، كۆكردنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ى مه‌حموودى مه‌لا عزه‌ت، 1995، ستۆكهۆڵم.

 

ئەلبوومی وێنەکان