رۆژە مەزنەکە هات!

من و كەركووك - 19

مۆدێلی نوێی سیستمی حكومڕانی و هه‌ڵبژاردنی دیموكراسییانه لە کوردستانی باشوور (بەهاری ساڵی ١٩٩٢)‌، پێنگا‌ڤێكی دیرۆكیی بێ وێنه‌ بوو، سیما و ئاپۆڕای ده‌نگده‌ران و جۆش و خرۆشی خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌موو بنكه‌كانی ده‌نگدان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دەبینرا، هه‌ر كه‌سێك له‌ جێی خۆیه‌وه‌ دڵخۆشی و دڵگەرمییەکی تایبه‌تی هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌و پرۆسه‌ نوێیه‌ و ‌هاتنه‌كایه‌ی قۆناغێكی نوێ لەم پارچەیەی کوردستان.


ئاخر بۆ یه‌كه‌مین جار بوو له‌ كوردستانێكی ژێرده‌سته ‌و داگیركراو، له ‌هه‌مان كاتیش له مێژووی خه‌باتی گه‌لی كوردستاندا، به‌م چه‌شنه‌ كورد لە پرۆسەیەکی دیموکراسیی وەکوو هەڵبژاردندا، ڕابه‌ری خۆی و په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵبژێرێت. لەو رۆژگارەدا سه‌ركرده ‌و ڕێبه‌ره‌كانی كورد و حزبەکانی کوردستانی باشوور، ئازادانە و مەدەنییانە دەھاتنە ناو ئاپۆڕای خه‌ڵكی و بانگه‌واز و بانگه‌شەیان‌ بۆ خۆیان و حزب و بەرنامەكانیان دەکرد، هەریەک لە دیدی خۆیەوە باسی ئایندەی کوردستان و کارنامەی خۆی و حزبەکەی بۆ ئایندەی کوردستانی باشوور دەکرد، یه‌كێك له‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی ئەو تەمەنەم، گوتار و هاتنی سه‌ركرده‌كانی حزبه ‌كوردستانییه‌كان بوو بۆ (مه‌لعەبه‌كه‌) واتا یاریگای چوارباخی سلێمانی، ئه‌و كات هه‌ریه‌ك لە بەڕێزان (کاک مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) هەروەها (بەڕێز مام جه‌لال - خوا لێی خۆش بێت- وەک سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەجیا هەڵمەتی بانگەشەی فراوانیان لە یاریگای سلێمانی بەڕێوە برد و هەردوو کۆبوونەوەکە زۆر قەرەباڵغ بوون، هەروەها دکتۆر مەحمود عوسمان له ‌به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی گوتار و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی بەڕێوە برد، بەڕێز محەمه‌د حاجی محمود له‌به‌رده‌م هۆتێلی (حه‌سیب ساڵح)، هەروەها له‌ سلێمانی مانۆڕێك یان نماییشێکی سه‌ربازی ساز كرا، وه‌ك ده‌یانگێڕایه‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار بوو پێشمه‌رگه‌ جلی سه‌ربازییان پۆشیبوو وه‌ك (ھێزێکی) نزامی دەرکەوتن، ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ زۆر خۆش بوو ئه‌و دروشمانە بوو کە لایەنگرانی حزبەکان و هەواداران و دەنگدەرانیان لەو هەڵمەتی بانگەشانەدا دەیانکێشا، ‌ به‌ئێشتایشه‌وه‌ زۆرم لەو دروشمانە له‌به‌ره‌ و له‌بیرم نه‌كردوون،‌ بۆنمونه‌:


(پێشڕه‌وی كورد پارتییه... سه‌رۆكمان بارزانیه‌) - (بژی كورد، رۆڵه‌ی كورد.. كاكه‌ مه‌سعود بارزانی) - (بارزان بارزان بارزانی... به‌ڕاستی قاره‌مانی)، ئەمانە دروشمەکانی پارتییەکان بوون، ئەودەم زۆر خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌نم ده‌بینی كه‌ ده‌یانگوت: ”كوڕه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا هاتووه‌ و قسەمان بۆ ده‌كات ئێمه هه‌ر ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ كوڕی بارزانی“. ئاخر ناو و ناوبانگی سەرکردەی مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی، تا ئەو دەمیش کە لە ژیانیشدا نەمابوو، دیارترین ناوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کوردستان بوو، بێگومان بە ئێستاشەوە.


هەر‌ لە رۆژانی بانگەشەی یەکەمین هەڵبژاردنی باشووری کوردستاندا، بۆ مام جه‌لال تاڵەبانی و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە شاری سلێمانیدا گەلێک پیاهه‌ڵدان و دروشم کێشان لەلایەن لایەنگرانی ئەو حزبەوە ده‌گوترانەوە، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و گوتاره‌ی مام جەلال کە لە مەلعەبەکە پێشکەشی کرد له‌سه‌ر كه‌ركووك و ئەو ناوچانەی ئێستا بە (ناوچه کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان) ناودێر کراون، له‌ زنجیرە نووسینه‌كانی داهاتوومدا زیاتر تیشكی دەخەمه‌ سه‌ر و به‌راوردێك له‌نێوان ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئێستای یەکێتی و تێڕوانین و هه‌ستی مام جه‌لال بۆ كه‌ركووك دەکەم‌!


ده‌گەڕێمەوە ‌بۆ دروشمەکانی كه‌ به‌سه‌ر یەکێتی و مام جه‌لالدا لەنێو لایەنگرانیانەوە دەگوترانەوە: (كێ سه‌روه‌ره؟‌ مامه‌... تاجی سه‌ره،‌ مامه... دیبلۆماتكاره، مامه‌) - (یەکێتیی نیشتمانی...ئاواتی هەموومانی)...هتد.


ئیدی به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ركرده‌كان له‌ مه‌یدانی هه‌ڵبژاردندا خۆیان بۆ ئه‌و قۆناغه‌ نوێیه‌ ئامادە دەکرد، ئەمەش سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكێكی ناوازه ‌بوو بۆ قۆناغی ئایندە کە خه‌ڵكی زۆر ئومیدیان پێی هه‌بوو.


راستییەکەی من زۆرم حه‌ز له‌و دۆخ و کەشوهەوایە ده‌كرد، ئەگەرچی جه‌نجاڵی و قه‌رەباڵغییه‌كی زۆر بۆ ژیانمان دروست بووبوو، بەڵام ڕۆژانه‌ و تەنانەت شەوانەش له‌ده‌ره‌وه‌ بووین، بەردەوام له‌نێو ئاهه‌نگ گێڕانی بانگەشە و ئاپۆڕای خه‌ڵكیدا بووین، هه‌ریه‌كه‌و به‌ په‌ڕۆ و ره‌نگی حزبی دڵخوازی خۆی، ده‌ستیان له‌ناو پاسی پۆڵۆنی و كۆسته‌ر و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر و تەنانەت به‌ پیاده‌ڕەویشەوە بەرز دەکردەوە،‌ ئه‌و پارچه‌ په‌ڕۆیانەی به‌رز ده‌كرانه‌وه،‌ گوزارشت بوو له‌ پشتگیریكردنی حزبه ‌سیاسییه‌كانی نێو کێڕکێی هەڵبژاردن، ئه‌و دیمه‌نانه له‌ یادگەی هه‌ر تاكێكی كوردی ئەم پارچەیە کە ئەودەم لە ژیاندا بوو، تا ئێستاش تۆمار كراون و‌ له‌یاد ناچن. چونکە پێشتر فرەڕەنگیی سیاسیمان نەبینیبوو، زۆربه‌مان له‌ قۆتابخانه‌ و فه‌رمانگه‌ حكووكییه‌كانی سه‌رده‌می حزبی به‌عس به‌ زۆره‌ملێ و فشار ده‌یانبردین بۆ (مه‌سیره‌) ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مبینی و ده‌مزانی كه ‌له‌و رۆژه‌دا ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك بڵێت (نعم نعم للقائد صدام حسین) نه‌ ركابه‌ر و نه‌ حزبێكی تر هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ودا، ئێوارانیش كه‌ ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ له‌ جووتە‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی به‌غدا و کەرکووکی سەر بە رژێمی بەعس، هه‌واڵه‌كه‌ وا ده‌خوێنرایه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌دا سه‌دی خەڵکی عێراق لەگەڵ سه‌دامی دیكتاتۆردان! ‌لێ ئه‌م دیمەنه‌ تازه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان مۆدێلێكی نوێی جوانی دیموكراسییانه‌ بوو، نەخاسمە بۆ ئه‌و ده‌مه‌ کە گه‌لانی عێراق به‌گشتی و خەڵکی كوردستان به‌تایبه‌تی، سەرکوتکراو و لە هەمان کاتیشدا دەرگا لێداخراو بووین، پێنگاڤێگی مه‌زنی كرانه‌وه‌ بوو به‌ ڕووی دنیای ده‌ره‌وه ‌و بانگهه‌ڵدانێكی دلێری دیموكراسییانه‌ بوو بەراورد بە عێراق و زۆر لە وڵاتانی تری ناوچەکە.


ڕۆژه ‌مه‌زنه‌كه‌ هات... ڕۆژی ده‌نگدان،‌ به‌یانییه‌كه‌ی هەر لە بەیانیی یەکەم‌ رۆژی جه‌ژن ده‌چوو، باوكم و دایكم، ده‌ر و دراوسێكانمان زۆر به‌ گورجوگۆڵی لە خەو هه‌ستابوون و بەشێکی زۆری‌ خه‌ڵكی به‌ جلی كوردییه‌وه‌ و هه‌ندێكیش پۆشاكی نوێیان ئه‌پۆشی، هه‌ریەک لە ئاستی خۆیەوە بە ئومێدێکی زۆرەوە و به‌ هه‌ڵمه‌ت و پڕتاو ده‌یویست زوو بگاته‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، هەر لە کۆڵانەکەی خۆمان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ پۆل پۆل خه‌ڵكیم ده‌بینی، دەچوون سه‌روه‌ریی بەشداریکردن لە یه‌كه‌م ده‌نگدانی كوردستانیدا بۆ خۆیان تۆمار بكه‌ن، له‌ هه‌موو دیمەنەکانی پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا زیاتر ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان سه‌رنجی منی راكێشابوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئەودەم له‌ مێشكی مندا لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرا ئه‌وه ‌بوو هه‌موو ئه‌م ره‌نگه‌ جیاوازانه‌ هه‌ر كوردن و دواجار كوردبوون و یه‌ك نیشتمانی ئازاد هەموومان کۆ دەکاتەوە، ئه‌و رۆژه‌ جله‌كه‌ی من ئاوێته‌یەکی بوو لە هه‌موو ره‌نگه‌كانی حزبەکان، دڵی كه‌سم زویر نه‌كردبوو نه‌ته‌وه‌یی بوونمی تەواو تێدا به‌رجه‌سته‌ بووبوو، كاتێك كه‌ له‌گه‌ڵ دایكم و باوكم چووین به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان، خەڵک سەرنجیان لە پۆشاکەکەم دەدا، هه‌موو ره‌نگه‌كانی تێدابوو (زه‌رد، سوور، سه‌وز، شین، قاوه‌یی و زیره‌یی)، هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانم کە ئەوانیش هەر وەکوو من له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان هاتبوون بۆ بنکەکانی دەنگدان تا لە نزیکەوە کەرنەڤاڵەکە بە چاوی خۆیان ببینن، به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ له‌ یه‌كتریمان ده‌پرسی: ”تۆ كام حزب و ره‌نگت خۆش ئه‌وێ؟ ده‌نگتان به‌ كێ دا؟“ زۆر ساده‌ و سانا باسمان لێوه ‌ده‌كرد، ئه‌و رق و كینه‌ و بوغز و جیاكارییه‌ی کە ئێستا لەنێوان لایەنگرانی حزبەکاندا ‌ده‌یبینین، ئه‌وكات لەئارادا نه‌بوو، ئنجا هه‌موو به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ڕوویان كرده‌وه‌ من گوتیان: ”له‌ تۆ ناپرسین، چونكه‌ تۆ هه‌موو ره‌نگه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانیت پۆشیوە“. هه‌ر چه‌نده‌ نە من و نە هاوڕێکانیشم ئەودەم لەو تەمەنە بچووکەدا مافی ده‌نگدانمان نه‌بوو، وه‌لێ وا خۆمان لە پرۆسەکە هه‌ڵقورتاندبوو كه وا دەردەکەوت‌ له‌ ده‌نگده‌ره‌كان مافدارترین. دیمه‌نی براكه‌م (به‌رهه‌م) و هاوڕێكه‌ی (یادگار) لەو رۆژەدا زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو، له‌ باڵكۆنی ماڵی یادگارەوە‌ به‌رهه‌می برام جامه‌دانه‌یه‌كی سووری به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، له‌ دووره‌وه‌ پێی ده‌گوتم: ”بوومەته‌ پارتی و له‌گه‌ڵ یاده‌ی هاوڕێم دەنگ بە کاک مسعود بارزانی ده‌ده‌ین“ له‌ هه‌مووی خۆشتر ئه‌وه بوو ئه‌وانیش مافی ده‌نگدانیان نه‌بوو! ئای له‌ ساده‌یی ئێمه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا بزێوی و خۆتێكه‌ڵكردنمان به‌ پرسێکی گەورەی سیاسی كه‌ ئه‌توانم بڵێم كاری ئێمه‌ نه‌بوو، لێ كوردبوونمان وای كردبوو زۆر له‌ ته‌مه‌نی خۆمان گەورەتر بیر بكەینه‌وه،‌ هه‌وڵمان ده‌دا له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی ئه‌و قەرەباڵغی و ئاپۆڕایەی كه تاكی كورد لەو رۆژگارەدا تێی کەوتبوو، هه‌ڵكه‌ین و دوانه‌كەو‌ین و رانه‌وه‌ستین.


هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆتاییان هات، هه‌موو كه‌سێك له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌ لە مه‌راقی ئەوەدا بوو بزانێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چی بوون! دوای چه‌ند رۆژێك له‌ راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌وكاته‌ وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ پله‌ی دووه‌م و باقی حزبه‌كانی تریش هەریەکە به‌ ڕێژه‌یەك ده‌نگیان هێناوه‌. لەبیرمە باوكم ده‌یگوت بۆ ئێمه‌ی كورد سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه زۆر گرنكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی گرنگه‌ بۆ نه‌یارانی كورد كه‌ ئیدی کورد خۆی بڕیار ده‌دات چۆن وڵاتی خۆی به‌ڕێوه ‌به‌رێت.