كێشه‌كانى په‌يوه‌ندیى سێكسى له‌ په‌ره‌سه‌ندندان

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

زۆر له‌و كێشه‌ سێكسييانه‌ى، كه‌ ڕووبه‌ڕووى پياوان ده‌بنه‌وه،‌ كێشه‌ى گشتين و له‌ سه‌رتاسه‌رى جيهاندا باون. بۆ نموونه‌، لاوازیى تواناى ئه‌نجامدانى سێكس و كێشه‌ى ڕه‌پبوون و زوو ته‌واوبوون و...هتد. ئاماره‌ سه‌ره‌تاييه‌كان ئاماژه‌ ده‌ده‌ن به‌ بوونى زياتر له‌ 152 مليۆن نه‌خۆش، كه‌ كێشه‌ى لاوازیى ڕه‌پبوونيان هه‌يه‌، هه‌ر‌وه‌ها وا پێشبينى ده‌كرێ، ڕێژه‌كه‌ له‌ ساڵى 2025دا به‌رزتريش بێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌ پزيشكييه‌ جيهانييه‌كان گومانيان هه‌يه‌ له‌م ژماره‌يه‌ و پێيان وايه‌ ڕێژه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ به‌رزتره‌، چونكه‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان تۆمار نه‌كراون.
له‌م باره‌يه‌وه، ‌ده‌سته‌ى پزيشكیى ئه‌مه‌ريكى جه‌ختى له‌وه‌ كردووەته‌وه كه‌ بڕى تێچوونى چاره‌سه‌ركردنى حاڵه‌ته‌كانى لاوازیى تواناى ڕه‌پبوون له‌ ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ريكا، له‌ پازده‌ بليۆن دۆلار تێده‌په‌ڕێ، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ، كه‌ به‌ده‌ست ئه‌م‌ كێشه‌وه‌يه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

پ: باوترين كێشه‌ سێكسييه‌كانى پياو چيين؟
و: كێشه‌ى نه‌مانى يان لاوازبوونى تواناى ڕه‌پبوون،‌ له‌گه‌ڵ زوو هاوێشتن و ته‌واوبوون، ئه‌و جووته‌ كێشه‌يه‌ن، كه‌ زۆر له‌ پياوان له‌ هه‌موو دنيادا تووشى ده‌بن، به‌ لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ له‌ قۆناغێكى ژيانياندا.

پ: بۆچى پياو تووشى ئه‌و كێشانه‌ ده‌بێت؟
و: هۆكار زۆرن. به‌ڵام سه‌ره‌كيترين هۆكار به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى، ته‌مه‌ن و تووشبوونه‌ به‌ هه‌ندێ نه‌خۆشیى جه‌سته‌يى درێژخايه‌ن، وه‌ك شه‌كره‌، فشارى خوێن، نه‌خۆشييه‌كانى دڵ.
شايه‌نى سه‌رنجدانه‌، هه‌ر پياوێك، كه‌ هه‌ست ده‌كات كێشه‌ى ڕه‌پبوونى هه‌يه‌، به ‌چاوپۆشين له‌ ته‌مه‌ن، پێويسته‌ يه‌كه‌م هه‌نگاو سه‌ردانى پزيشكى پسپۆر بكات بۆ پشكنينى گشتى و پشكنينى دڵ و بۆڕييه‌كانى خوێن به‌ تايبه‌تى، چونكه‌ لاوازیى ڕه‌پبوون يه‌كێكه‌ له‌ نيشانه‌كانى بوونى گرفت له‌ خوێنبه‌ره‌كانى دڵدا.
بێ گومان هۆكارى ديكه‌ش هه‌ن، بۆ نموونه‌، به‌رزیى ئاستى كۆليسترۆڵ و چه‌ورييه‌ سيانييه‌كان له‌ خوێندا، هه‌روه‌ها جگه‌ره‌كێشان. سه‌ربارى حاڵه‌تى ده‌روونى، كه‌ ده‌شێ دواجار پزيشك لێى بكۆڵێته‌وه‌ له‌پاش ئه‌وه‌ى كه‌ دڵنيا ده‌بێت له‌ ته‌ندروستیى جه‌سته‌يى نه‌خۆش و ئه‌نجامى پشكنينه‌كان.
هه‌روه‌ها بوونى كێشه‌ له‌ ڕژێنى ده‌ره‌قى و كێشه‌ى هه‌ناسه‌دان له‌ كاتى خه‌ودا، ده‌شێ هه‌مان حاڵه‌تى نه‌خوازراو دروست بكه‌ن.

پ: بۆچى پێويسته‌ ئه‌م كێشه‌يه‌ فه‌رامۆش نه‌كه‌م؟
و: ئه‌و پياوه‌ى، كه‌ تووشى كێشه‌ى سێكسى، وه‌ك لاوازیى تواناى ڕه‌پبوون ده‌بێت، سه‌رباى ئه‌وه‌ى له‌ ڕووى ده‌روونييه‌وه‌ خۆى ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت، له‌ ڕووى په‌يوه‌ندیى سۆزداريشه‌وه‌ ده‌شێ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كه‌ى تووشى جۆرێ له‌ گرژى و كێشه‌ ببێت، چونكه‌ ناتوانێ وه‌ك پێويست له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسيدا له‌گه‌ڵيدا ڕۆڵ ببينێ، يان په‌يوه‌ندييه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویى ئه‌نجام بدات. وێڕاى ئه‌م دوو كاريگه‌رييه‌ نێگه‌تيڤه‌، لاوازیى تواناى ڕه‌پبوون نيشانه‌يه‌كى ديارى هه‌ندێ حاڵه‌تى نه‌خۆشیى جه‌سته‌ييه‌، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ ته‌نگه‌وچوونى ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌شێ له‌ هه‌ندێ نه‌خۆشیى جه‌سته‌يى ترسناك ئاگادارت بكاته‌وه‌، كه‌ زوو فرياى خۆت بكه‌ويت، به‌رله‌وه‌ى زيانى گه‌وره‌ به‌ تايبه‌تى به‌ر دڵت بكه‌وێ، يان له‌وانه‌يه‌ مه‌ترسیى جدی بۆ سه‌ر ژيانت هه‌بێت، بێ ئه‌وه‌ى پێشتر هه‌ست به‌ هيچ نيشانه‌يه‌كى‌ ديار بكه‌يت.

پ: ئه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌يه‌؟
و: بێ گومان. به‌تايبه‌تى له‌م سه‌رده‌مه‌دا، كه‌ بوارى پزيشكیى ڕۆژبه‌ڕۆژ له ‌پێشكه‌وتندايه. پاش ئه‌وه‌ى پزيشك حاڵه‌ته‌كه‌ت ده‌ستنيشان ده‌كات، ده‌شێ يه‌كێك له‌م ده‌رمانانه‌ت بۆ بنووسێ، لێره‌دا به‌ كورتى ناو و جۆره‌كانيان ئاماژه‌ پێ ده‌ده‌ين، چونكه‌ نابێ بێ پرسى پزيشك به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك بير له‌ به‌كارهێنايان بكه‌يته‌وه‌. له‌ڕاستيدا ئه‌م ده‌رمانانه‌ له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كانى دنيادا بێ ڕه‌چه‌ته‌ى پزيشك نافرۆشرێن، ته‌نيا شێوه‌ بازرگانيیه‌كانيان نه‌بێ، كه‌ ده‌شێ زيانه‌كانيان له‌ سووده‌كانيان زياتر بێت. ئه‌و ده‌رمانانه‌ى ئێستا بۆ نه‌خۆش به‌كار دێن، به‌ گشتى ئه‌مانه‌ن:
- سيلدانافيل، كه‌ به (ڤياگرا) ناسراوه‌.
- فاردينافيل، كه‌ به‌ (ليفيترا) ناسراوه‌.
- تادافيل، كه‌ به‌ (سياليس) ناسراوه‌.
به‌ڵام ئه‌م دووانه‌ى ديكه‌ ده‌رمانى نوێن و له‌ وڵاته‌ يه‌كگرتووه‌ككانى ئه‌مه‌ريكا ته‌نيا له‌ چوارچێوه‌ى تاقيكردنه‌وه‌ى زانستيدا به‌كار دێن:
- ميرودينافيل.
- ئاندينافيل، كه‌ به‌ (زايدينا) ناسراوه‌، ئه‌م جۆره‌يان كۆمپانيا كۆرييه‌كان به‌رهه‌مى ده‌هێنن، به‌ده‌ر له‌ ئه‌مه‌ريكا، له‌ زۆر شوێنى دنيادا به‌كار دێ.

پ: ئه‌ى چاره‌سه‌رى هۆرمۆنى چييه‌؟
و: چاره‌سه‌رى هۆرمۆنى له‌ ڕێى وه‌رگرتنى هۆرمۆنى نێرينه‌وه‌ ده‌بێت، چونكه‌ كه‌میى هۆرمۆنى نێرينه‌، هه‌روه‌ها زيادیى ڕێژه‌ى هۆرمۆنى پڕۆلاكتين له‌ سروشتى، ده‌شێ هه‌مان گرفتى سێكسى بۆ نه‌خۆش دروست بكه‌ن. له‌ ڕێى پشكنينه‌وه‌ ئه‌و ڕێژانه‌ ده‌رده‌كه‌ون و به‌و پێيه‌ پزيشك چاره‌سه‌رى هۆرمۆنى پێشنيار ده‌كات. چاره‌سه‌رى هۆرمۆنيش له‌ ڕێى حه‌ب، ده‌رزى يان كرێمى تايبه‌تييه‌وه‌ بۆ نه‌خۆش به‌كار دێ.

پ: ئايا به‌كارهێنانى ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌، هيچ كاريگه‌رييه‌كى خراپيان هه‌يه‌؟
و: كه‌م و زۆر هه‌موو چاره‌سه‌ره‌ پزيشكييه‌كان كاريگه‌ریى لاوه‌كييان بۆ سه‌ر ته‌ندروستیى نه‌خۆش هه‌يه‌. ‌به‌ گشتى كاريگه‌ریى لاوه‌كىی چاره‌سه‌رى لاوازیى ڕه‌پبوون ئه‌مانه‌ن:
- سه‌ريه‌شه‌، لووت ئاوكردن.
- كێشه‌ى كۆئه‌ندامى هه‌رس، سكچوون، يان قه‌بزى.
- كێشه‌ى بينين (ئه‌مه‌يان به‌ ده‌گمه‌ن ڕوو ده‌دات).
- ئازارى ماسولكه‌كان، ئازارى سه‌رسنگ.
- دڵتێكه‌ڵهاتن، ڕشانه‌وه‌، سه‌رگێژخواردن.
ئه‌گه‌ر خۆت كێشه‌ى جه‌سته‌يى ديكه‌ت هه‌يه‌ و هه‌ندێ چاره‌سه‌رى ديكه‌ به‌رده‌وام به‌كار دێنى، ئه‌وا زۆر گرنگه‌ پزيشكه‌كه‌تى لێ ئاگار بكه‌يته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێ ده‌رمان له‌گه‌ڵ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌دا له‌وانه‌يه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژيانت دروست بكه‌ن، بۆ نموونه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى كێشه‌ى دڵ و بۆڕييه‌كانى خوێنيان هه‌يه‌ و يه‌كێك يان زياتر له‌و ده‌رمانانه‌ به‌كار دێنن، كه‌ تايبه‌تن به‌ كردنه‌وه‌ و گه‌وره‌كردنى خوێنبه‌ره‌كانى دڵ، له‌م باره‌دا نه‌خۆش نابێت به‌ هيچ جۆرێ ڤياگرا، يان ده‌سته‌خوشكه‌كانى به‌كار بێنێ.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.