ژینگه‌.. خه‌مى مرۆڤایه‌تى

 

له‌ ڕۆژگارى ئه‌مڕۆماندا چه‌مكى ژینگه‌پارێزى بووەته‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ى، كه‌ سه‌رنجى ته‌واوى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تى بۆ خۆى ڕاكێشاوه‌ و بووەته‌ سه‌ردێڕى زۆر له‌ بابه‌ته‌كانى ناو كایه‌ى سیاسى و ئابوورى و كولتووریی گه‌لان.


ژینگه‌ى ئه‌مڕۆ به‌هۆى پێكهاته‌ سروشتى و مرۆییه‌كانه‌وه‌، دوچارى كۆمه‌ڵێك گرفت و ئاریشه‌ى جۆراوجۆر بووه‌، شوێنێك نییه‌ له‌م جیهانه‌، كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى پیسبوونى ژینگه‌ به‌ هه‌موو پێكهێنه‌ره‌كانى (ئاو و هه‌وا و خاك) ده‌رنه‌كه‌وتبێت، بێ گومان له‌م ناوه‌نده‌دا چالاكییه‌ جۆربه‌جۆره‌كانى مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌، بووەته‌ مۆته‌كه‌یه‌ك، كه‌ جیهان به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و له‌ زۆر شوێندا زه‌نگى مه‌ترسیى پیسبوونى ژینگه‌ گه‌یشتووەته‌ ئاستێكى مه‌ترسیدار، كه‌ له‌ ئێستا و ئاینده‌دا مرۆڤایه‌تى ده‌بێت باجه‌كه‌ى بدات.


زۆربه‌ى كێشه‌ و گرفته‌كانى سێكته‌رى ژینگه‌ پێویستیان به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كى قووڵ و گرنگی پێدانى كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پێویستى به‌ توێژینه‌وه‌ى زانستى و مه‌یدانى و كۆنفرانسى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى و ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ى دروست هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ره‌نجامه‌ خراپه‌كانى پیسبوونى جۆره‌كانى ژینگه‌، ته‌نیا مه‌ترسى نییه‌ بۆ ته‌نیا شارێك و ناوچه‌یه‌ك، به‌ڵكوو مه‌ترسیى هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ته‌واوى مرۆڤایه‌تى له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ى كه‌ مرۆڤ كردوویه‌تی بە لانكه‌ى ژیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵه‌ نادروست و بێوچانه‌كانى مرۆڤ، دوور له‌ هه‌ر یاسا و پڕنسیپى ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تى، بووەته‌ تێكچوونى هاوسه‌نگیى پێكهێنه‌ره‌كانى ژینگه‌.


ئاشكرایه‌ ئه‌قڵ و جه‌سته‌ى ته‌ندروست هه‌میشه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كى پاكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، پاراستنى ژینگه‌ش بووەته‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كان، ته‌نانه‌ت زۆر پارت و كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى دروست بوون، كه‌ ئه‌جێندا و كارنامه‌ و دروشمیان بریتییه‌ له‌ به‌دیهێنانى ژینگه‌یه‌كى پاك، به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى تاكێكى ته‌ندروست و هۆشیار.


بۆیه‌ پێویسته‌ مرۆڤایه‌تى كارێكى وه‌ها بكات، كه‌ هاوسه‌نگى و جێگربوونى خۆى له‌ده‌ست نه‌دات و پارێزگاریى لێ بكات و وابكات، كه‌ تاكه‌ هه‌ساره‌كه‌مان تواناكانى خۆى له‌ده‌ست نه‌دات و وه‌كوو ئه‌ستێره‌یه‌كى زیندوو به‌رگریى لێ بكات و به‌ گرنگییەوە تێى بڕوانێت، بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ و هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌ زیندووه‌كانى تر به‌ هێمنى له‌سه‌رى بژین.