هەڵگرتنی شوێنپێی مەولانا

(10)

١٣٦
کە گیانم سپارد
تەرمەکەم بەرن، بۆ لای دڵبەرم،
ماچێکم بکا
دەستبەجێ ڕۆحم، دێتەوە بەرم.

١٣٧
سوێندم خواردووە، هەر بە ناوی یار
ئیدی سوێند بخۆم،
گەر ئەم بەڵێنەم، شکاند بەڵێن بێ
خۆش نەبم لە خۆم.

١٣٨
هەر شکۆ لەکن، من سەرمایە بوو
بە هۆی عیشقەوە، ئەویش زایە بوو
چاوەڕێی شنەی، شەماڵم دەکرد
مخابن کە هات، ڕەشەبایە بوو

١٣٩
پرسی: لەگەڵ کێ، هاتی بۆ ئێرە؟
گوتم: تاپۆی تۆ،
لێی پرسیم: ئەدی، کێ بانگی کردی؟
پێیم گوت: بۆی تۆ.
- نیازی چیت هەیە؟
+ ڕاز و گلەیی،
- بە ئومێدی چیت؟
+ سۆز و بەزەیی.

١٤٠
چاوم دەفڕێت و، بە ڕیتمی خێرا
دڵم لێ دەدا،
دڵنیام پەیکێ، مژدەی هاتنی
یارم پێ دەدا.

١٤١
ئەم دەستم جامێ، شەرابی پێیە،
ئەوەی تر دەستی، یاری گرتووە،
ژین ئەوە نییە، هەناسە بدەی
بێ ماچ و مەی ژین، بەفیڕۆ چووە.

١٤٢
پێویستم بە دوو، چاوی تریشە
بۆ ئەوەی قووڵتر، لە ڕووت ڕامێنم،
ئاخر سەفەری، دوورم لەبەرە
وەک توێشوو بۆ ڕێ، بەکاری دێنم.

١٤٣
من سوود نابینم، لە ئاوی ژیان
بە گڕی عیشقم، دەبێ بە هەڵم،
خودێ خۆی نەیە، بە هانامەوە
بەری خۆر دەگرێ، هەوری دووکەڵم.

١٤٤
ڕووت دامەپۆشە، ئاخر بە نیگای
چاوی تۆ دەژیم،
کە هەوری چارشێۆ، ڕووت بزر دەکا
ڕۆح دەڵێ: تەزیم.

١٤٥
ئەڤین حەرام بێ، شتێ نامێنێ
ئینسان بۆی بژی،
چی وەعز هەیە، دەیکەم بە ساقەی
تاڵێکی قژی.

١٤٦
من بۆیە دەڵێم، دونیای دی هەیە
چونکە سبەینێ، لە ئەمڕۆ ناچێ،
دونیا هەر دەڵێی، ڕەوتی ڕووبارە
کە ئاوی نوێ هات، کۆن دەبێ لاچێ.

١٤٧
کاژ فڕێ بدە
وەک مار لە پێستی، خۆت بچۆ دەرێ،
دەرگای نوێ واز کە
مەکەوە شوێنی، هیچ پەیامبەرێ.

١٤٨
پێت وایە کەسم، خۆش نەویستووە؟
بۆیە تا ئێستا، شیعرم نەوتووە
نا، دڵم پڕە، لە خۆشەویستی
لە عیشقێک شیعر، ناگاتە ئاستی

١٤٩
بۆ ئەوەی گمەی، بگاتە لای خوا
کۆتر لە دڵما، هێلینی چێ کرد،
ئاخر دەیزانی، عاشقی خودام
بەرەو لای خودایش، عیشقە تاقە پرد.

١٥٠
ڕۆحی پاکژی، عاشق بێتە گۆ
گۆی زەوی هەمووی، دەبێ بە پشکۆ
نە مەی دەمێنێ، نە نەی، نە ئاواز
نە جێگەکیش، بیکەین بە گڵکۆ

*

(١) تاپۆ: تارمایی
(٢) بۆ: بۆن
(٣) پەیک: نامەبەر
(٤) مخابن: جێی داخە
(٥) گمە: ناڵەی کۆتر.
(٦) هێلین: هێلانە
(٧) گڵکۆ: گۆڕ