خۆشەویستی لە کوردەوارییدا

15

شار بەخێرایی بەرەو مەدەنیبوون و شارستانیەت هەنگاو دەنێ، شارستانیەت دەبێتە ئامانجی یەكەمی دانیشتوانی شار. ئەوەش بەتەواوەتی لە بەرژەوەندیی گەشەكردنی كەسایەتی و دروستبوونی كارێكتەری سەربەخۆی كوردیدایە.


شەقامەكان نەك لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵكوو لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە ئازادییەكی باش بە خۆیانەوە دەبینن. كچان بە بۆنی سەربەستی، شەقامەكانی شار دادەپۆشن. لەسەر شانۆ دەنگی كچ و ژنان تێكەڵ دەنگی پیاوان دەبێ، زانكۆ وەك ناوەندێكی كولتووری و شارستانی گەنجانی جیاواز لەناو خۆیدا كۆ دەكاتەوە.


كەواتە فەزای حەفتاكان تا ڕادەیەكی باش بۆ خۆشەویستی گونجاوە، كارێكتەری كوردی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. شار بۆنی شار و شارستانییەتی لێ دێت. خەڵكی جیاواز و نەتەوەی جیاواز و ئایینی جیاواز لە پۆلێكدا كۆ دەبنەوە.

ئەو ئەنجامە چییە
ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین؟
كوڕ و كچ بە ڕەزامەندی و هەڵبژاردنی خۆیان یەكتر هەڵدەبژێرن. دەتوانن یەكتر ببینن. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، هەموویان خوێندەوارن و دەتوانن هەست و بیركردنەوەی خۆیان بنووسن و بە نامە بۆ یەكتری بنێرن. دەكرێ حەفتاكان ناو بنێین، زەمەنی خۆشەویستی بە نامە، یان خۆشەویستی لە نامەدا. ئەگەر گەنجان ئەوكات بوێریی ئەوەیان هەبا نامەكان وەك دۆكیومێنت هەڵگرن، ئێستا گەورەترین ئەرشیفی نامەی خۆشەویستیمان دەبوو. لەبەر ئەوەی فەزا خۆشەویستییەكە مەودای كەم بوو، لەبەر ئەوەی لە قووڵایی رۆشنبیرییەكی تاكەكەسییەوە نەهاتبوو، ئەو نامانە ئێستا و ئێستاش نەكەوتنە بەرچاو، جگە لە دڵدارەكان، كەسی دیكە چاوی پێنەكەوتن، ڕۆژێك لە ڕۆژان كچێك بوێریی ئەوەی نەكرد نامەیەكی خۆشەویستی، كە بە خوێنی دڵ بۆی نووسرابوو، بۆ براكەی یان باوكی بخوێنێتەوە، هەتا دوای شووكردنیش نەیتوانی نامەیەكی ئاوا بۆ كوڕەكەی یان كچەكەی باس بكات.


دڵدارەكانی حەفتاكان، ئەوانەی شۆڕشی خۆشەویستییان گەیاندە كۆتایی، سەركەوتن، لە ماڵێكدا كۆبوونەوە. دەستیان لە پێستی یەكتر دا و بۆنی بن باڵی یەكتریان كرد. جگە لەوەی، كە خۆیان باش یەكتریان نەناسیبوو، جگە لەوەی پێكەوە سەفەرێكیان نەكردبوو، لەسەر شەرەفی شیعر و پەخشانە نامەكان متمانەیان بە یەكتر كردبوو، كە لەژێر میچێكدا بوونە هاوسەری یەكتر، ئینجا وەك ئینسان یەكتریان دیت، ئینجا ئەندامەكانی جەستەی یەكتریان ناسی.


سەغڵەتییەكانی بەردەم هاوسەرە گەنجەكان زۆر بوون، یەكەمیان لەیەكتر نەگەیشتنی خۆیان، دووەمیان نەشارەزایی پیاوی كورد لە جوگرافیای دەستەی ژن، ئەو كێشانەی دەوروبەریش بۆیان ساز دەكردن.


حەز دەكەم چیرۆكی ژنێك بگێڕمەوە، كە بەبێ ئەوەی بزانێ من گوێم لێیە بۆ كچە گەنجەكانی دەگێڕایەوە. ژنێكی باڵابەرزی دەموچاو پانی پەنجا ساڵە، كە لە كۆتایی حەفتاكان شووی كردبوو، لەگەڵ ماڵی خەسووی لە یەك حەوشەدا دەژیان، ئەو دەڵێ:
- هەر ڕۆژێك خەسووم زانیبای شەوەكەی لەگەڵ مێردەكەم، كە كوڕی ئەو بوو، سەرجێییمان كردووە، دەردێكی دەدامێ هەرچی خۆشی بوو لە لووتی دەهێنامەوە دەرێ، بە دار لێی دەدام، چی جلی ئەو ماڵە هەبوو پێی دەشوشتم، هەموو قاپوقاچاغەكان دەبوو خاوێن بكەمەوە.


لێم پرسی چۆن دەیزانی؟
- لە چاومەوە، لە دەنگ و كەیفمەوە، یان چاودێریی دەكردم بزانێ خۆم ناشۆم، سەد ڕێگای دیكە. هیچی لێ ون نەدەبوو، هەر بیشیزانیبایە، سێكسی لەگەڵ كردووم، چینێكی هەر لێدەدام.


هاوینان ئاسانتر بوو، ئەوكات لە سەربان، لەسەر تەخت دەنووستین و چیغمان دەگرتەوە، خەسووم لەدەرەوەی چیغەكە لەنزیكمانەوە دەنووست، هەر شەوێك چیغەكە چیڕە چیڕی هاتبا و بجووڵابایەوە، بۆ بەیانییەكەی چینێكی باشی لێدەدام. بەڵام دواتر فێر بووم چۆن خۆم ڕزگار بكەم، چونكە لەو شەیتانتر بووم، بێ ئەوەی بزانێ كتریەك ئاوم لەگەڵ خۆم دەبردە سەربان، بۆ ناو چیغەكە، شەوانە بەدزیەوە ئاوەكەم بە جومگەی تەختەكەدا دەكرد، بەو شوێنانەی، كە چیڕە چیڕیان دەهات، كە تەختەكە تەڕ بایە چیڕەی نەدەهات و جا بەكیفی خۆت بگەوزێ.


ئەوە قسەی ژنێكە، كە ساڵەكانی وەك دەنكە تەسبیح ئاودیو كردبوو، بێ ئەوەی بتوانێ بیانگێڕێتەوە. ئەو دڵداری حەفتاكان بوو، ئەو سەردەمە مینژۆپی لەپێ دەكرد.


حەفتاكان سەردەمی زێڕینی كولتوور و سیاسەت و هونەر و رۆشنبیری بوو. ئەوانەش هەوێنی دروستكردنی كارێكتەری سەربەخۆ بوون، ڕاستە ڕێكکەوتنی كورد و بەغدا كاریگەریی ڕاستەوخۆی لە گەشەكردنی تاكی كورددا هەبوو، بەڵام ناكرێ لە دروستكردن و گەشەكردنی ئەو كارێتەرە ڕۆڵی جووڵانەوە ماركسییەكان و شیوعییەكان لەبەر چاو نەگیرێ. بەدرێژایی مێژووی سیاسیی عێراق و كوردستان، ماركسییەكان یان شوعییەكان تاكە حزب و بیروباوەڕ بوون، كە كاریگەریی ڕاستەخۆیان هەبوو لە گۆڕین و بیركردنەوە و ناخی ئەندامەكانیاندا. لە كرانەوەی كۆمەڵگەی كوردیدا، شیوعییەكان ڕۆڵی هەرە گەورەیان گێڕاوە. ئەوان دەست بەدەست و ماڵ بەماڵ كتێبیان دەگێڕا، خوێندنەوە خولیا و ئاواتیان بوو، پەیوەندی پێوەكردنیان و دۆستایەتییان بە ئەندازەی ئەو كتێبانە بوو، كە دەتخوێندنەوە.


ڕۆڵی ماركسییەت نەك لە كرانەوە و دروستكردنی كەسایەتیی كوردیدا، لە دروستكردن و گەشەپێكردنی تەواوی نەتەوەكان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیار و بەرجەستە بوو. كرانەوە و پێشكەوتووخوازیی حزبەكانیش بە نزیك و دووریان لە ماركسییەتەوە دەپێورا. ڕۆڵی ماركسییەت لە كرانەوەی كۆمەڵگە و برەودان بە كتێب و خودناسی بابەتێكی فراوان و گرنگە، بۆ ئەو وتار هەر ئەوەندە پێویستە.


ئەو پرسیارەی، كە لە كۆتایی بابەتەكە بەرەو ڕووی هەموومان دەبێتەوەی ئەوەیە:


- سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانكارییانە، سەرەڕای ئامادەیی كۆمەڵگە و گەشەكردنی كەسایەتیی كوردی، كەچی كە دڵدارەكانی حەفتاكان بە یەك دەگەن و لە هەشتاكان لە ماڵێكدا دەژین و منداڵیان دەبێ، بەشی زۆری خوێنەرەكانی ئەم وتارانە یان بەرهەمی ئەو خێزانانەن و منداڵی ئەو سەردەمەن، یان لەنزیكەوە ئاگاداری فەزای ئەو خێزانانەن. ئەو خێزانانە نەبوونە لانكەی خۆشەویستی. منداڵ هەستی بە ئارامی و هێمنی خێزان نەكرد. باوك و دایكەكان بەردەوام شەڕیان بوو، هەر یەكیان لە شوێنێك دەنووستن و لەیەكتر لالووت بوون. ئەو چەند دێڕە قورس بوو، كە نووسیمن، ناكرێ نووسەر بڕیار بدات، یان ڕستەكانی بۆنی بڕیاری لێ بێت، من ئەوە دەزانم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕستانە هەر دەنووسم، چونكە تاڵاوی نەگونجانی ژن و مێرد پێكەوە بە وشە و ڕستەكانەوە دیارن.


كە ژن و مێردی كورد پشتیان لەیەكتر كرد، ئیدی دێو ئاشتیان ناكاتەوە.

پشت لەیەكتر كردن
كە ئەو دوو مەخلووقە پێكەوە لە ماڵێكدا دەژین، لەنزیكەوە هەناسەی یەكتر هەڵدەمژن. ئیدی بۆنی رێحان لە هەناسەیان نایەت و بۆنی پیاز كاسیان دەكات. كوڕە شیكەكەی جاران بە چڵكنی و شەپڕێوی دێتەوە ماڵ، پێكەنین و زەردەخەنەكانی دەگۆڕێن بە تووڕەیی و هاوار هاوار.


دیسانەوە هەمان ئەنجاممان دێتەوە بەردەست، كە لە هاوسەرگیریی دوای حەزلێكردن دەستمان كەوتبوو.

كۆنتڕاست و ژنهێنان
دەشێ دیاردەی لێكتر وەڕزبوون و نیگەرانیی دوای ژنهێنان و شووكردن لەناو نەتەوەكانی دیكەشدا هەبێ و دیارەدەیەكی ئاسایی بێ، بەڵام ئەوەی كورد دوو جیاوازیی هەیە:


یەكەمیان: ئەو نیگەرانییە زۆر زوو یەخەیان دەگرێت.


دووەم: ماوەیەكی زۆر دەخایەنێ.


كۆنتڕاستەكە لە چیدایە؟
كۆنتڕاست واتا دژ بەیەك، وێنە دژ بەیەكەكان، هەڵوێستە دژ بەیەكەكان، مەرجی كۆنتڕاستیش (كۆكردنەوەی وێنە دژبەیەكەكانە پێكەوە)، دانانیانە بەرامبەر یەكتری. كۆنتڕاستەكەی ئێمە ئەوەیە، كۆكردنەوەی پیاو و ژنە پێكەوە لە دوو دۆخی جیاوازدا، دوو وێنە و ڕووحی لێكتر جیاواز، نەك هەر جیاواز دژ بە یەكتر.


یەكەمیان: ئەو هەموو پێكەنین و وشە ڕازاوە و پڕ ئەوینانەی سەردەمی دڵدار.


دووەمیان: ئەو هەموو تووڕەیی و تێكنەگەیشتنەی سەردەمی ژن و مێردایەتی.


لە وێنەی یەكەمدا، كردنەوەی درزی دەرگایە، زەردەخەنەیەك، دەست بەقژدا هێنانێك، كۆڵانێكی مات و تاریك و پۆخڵ ڕووناك دەكاتەوە.


لە وێنەی دووەمدا، تووڕەبوونێك، هاوارێك بەسەر یەكتردا، توانجێك ژووری پڕ ڕەونەق و پەردەی ئاڵواڵا تاریك دەكات.

ئەنجامێك وەك سەرەتا
خۆشەویستیی كوردی، ئەگەر ڕاست بێت و بكرێ ناوێكی ئاوا بەكار بهێنین. ئەگەر هیچ دەستەواژەیەك نەبێ ئینسانیەت هەموو تێیدا هاوبەش بن، ئەوە خۆشەویستیی ئەو نیشتمانەیە. كە دەكرێ تەواوی مرۆڤایەتی وەك یەك لەسەری بژین. ئەوەش ڕێگای ئەوە ناگرێ، كە تایبەتدمەندیی نەتەوەكان جۆری خۆشەویستیی تایبەت بە خۆیان نەبێ. وەك ئەو خۆشەویستییە سەیر و سەمەرەی كورد هەیەتی.


خۆشەویستیی كوردی ئەو دوو وێنە دژەبەیەكەیە لە ژوورێكدا پێكەوە كۆ دەكاتەوە. نەرمونیانی و لێبوردەیی دڵدارانەی و شێواز ڕەق و تووڕەیی ژن و مێردایەتی.


كە كوڕ و كچ، ناوەكەیان دەگۆڕیت بۆ ژن و مێرد، نەك وەزیفەیان، نەك شێوازی پەیوەندییان، ئەتوار و بیركردنەوە و مامەڵەیان لەگەڵ یەكتردا دەگۆڕێت.

 

لە هەموو گرنگتر
هەر لە ژووری بەیەكگەیشتنیان، دێوجامەكانیان دەكەوێت، ئەو ماسكەی یەكتریان پێ ڕازی كردبوو (لە بواری كۆمەڵایەتیدا دەگوترێ پێ هەڵخەڵەتاندبوو)، دەكەوێت.


یەكەم شكانی كەسایەتیی كوڕی عاشق، كچی دولبەر لە كەوتنی ئەو ماسكەدایە. شكانی كەسایەتیی یەكەم زەبرە بەر پەیویەندیی نێوان ژن و مێرد دەكەوێ، یەكەم نەخۆشییە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی دەیگرێ. بناغەی خێزانی داهاتوو لەسەر زەمەینەیەك دروست دەبێ، كە درزی داوە، كە شكاوە.


ژن دەبینێ: ئەو پیاوە لێو بەخەندە و ڕووخسار بەڕەنەقە، گرژ و تووڕەیە. دەنگە نەرمەكەی بۆڕ و پڕ دڕك و داڵە، ئەو دەستە پڕ سەلامەی هەر بە پەرچەمیەوە بوو، بەرەو ڕووی بەرز دەكرێتەوە و دەبێتە داری هەڕەشە.


پیاو چ دەبینێ: تۆنی دەنگی كچەكە نەماوە، ناسكی، بۆنی بارانەكەی بووە بە دەنگی پاسەوانێكی بێ ئارام، پڕسیاركەر و ناڕازی، لێوە سوورەكەی زەرد و كوڵمی ئاڵ ڕەش داگەڕاوە. شەڕی خەسوو و پوور و ئامۆزا جێگای پەیوەندییە شیرینەكەی جاران دەگرنەوە. ئەوە وەك ڕووكەش و زۆر جار ناوەڕۆكیش.


لە ناخدا دەیان گرێی دیكە هەیە، یەكەیەكە دەبێ شییان بكەیەنەوە. كە سەرچاوەی بەشی هەرە زۆریان ئەو كولتوورە توند و پڕ گرێیەیە، كە ڕەگی تا قووڵایی خوێنی هەموو تاكێك داكوتاوە.


ناخی هیچ كەسایەتییەك جێگای چەندان كولتووری تیدا نابێتەوە.


تۆ داخراوی یان كراوە؟


مەزهەبی یان لێبوردە؟


ژن نیوەیە یان ئینسانی تەواو؟


پیاوە ستر و پەناگەی خۆپاراستنە یان خۆشەویست و دڵخواز؟


وەڵامی ئەو پرسیارانە ڕێگایەكمان بۆ دەكەنەوە، ڕێگایەك وەڵامی بەشێك لە پرسیارانەكانمان دەست كەوێت، بۆ ژن و پیاوی كورد نازانن یەكتریان خۆش بووێ؟ بۆ نازانن ژوان لەگەڵ یەكتر دانێن؟


بۆ نازانن بەبێ ئەوەی كارەساتێك ڕووی دابێ، ڕۆژێك بە سەرشانی یەكتر بگرین؟


بەڵام كارێكی دیكەم لە ڕێگایە، پێغەمبەرەكان بانگم دەكەن، درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆكەكانیان بدەم. ڕڤقە و ئیسحاق ئێمەیان برد، ئەوەشم بۆ دەركەوت، كە شێوازی ژنهێنانی ئیسحاقییانە تا ئەمڕۆ، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێزدە سەدە، هێشتا بەردەوامە.


بڕیارم داوە بە دەنگی بانگردنی پێغەمبەرەكانەوە بچم و لە وتاری داهاتوودا مردنی ئیبراهیم بە چاوی خۆمان ببینین.