نووسین بە مەرجی ڕووتبوونەوە

3

- ژنی جوان
لە (ژنی جوان)دا، دواندنی ئەو ژمارە خەیاڵییەیە لە ژنان و کچان، کە نیگا و پێوانەیان بۆ جوانی وێنەیەکی ئەوەندە زاڵ و ماندووکەرە، کە پتر لە ئەفسانە دەچێت. ئەم وێنەیە وای کردووە، کە ژنان قایل و ئاسوودە نەبن و گومان لە جوانیی خۆیان بکەن. نهێنیی جوانیی ئەوەیە، کە ڕەزامەند بیت بەو شێوە و شەمایلەی، کە سروشت پێی بەخشیویت، بەڵام کێشەکە ئەو کاتە دروست دەبێت، کە کەسێکی تر دەستنیشان دەکرێت و وەک نموونەی ئایدیاڵ و تاقانە بۆ جوانی تەماشا دەکرێت، واتا کۆمەڵ تاکێک دەکاتە پێوانەی جوانی، دیارە پیاوەکان ئەم کارەکتەرە دەستنیشان دەکەن و ژنانیش پێی قایلن، بۆ نموونە (مارلین مۆنرۆ) لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، (بریجیت باردۆ) لە فەرەنسا، (سۆفیا لۆرین) و (کلۆدیا کاردینالی) لە ئیتالیا.


خولیای وەدەستهێنانی جوانیی مەحاڵ لەناو خانماندا باوترە. ژنان، کە ڕیزێک فەرمان و پێوانە و کاتلۆگ بەسەر خۆیاندا دەسەپێنن و خۆیانیان پێوە دەبەستنەوە، هەموو ئەوانەشیان لەدەرەوە قەرز کردووە. زۆر جاریش بۆ ئەو مۆدیلەش لە (جوانیی مەحاڵ) کۆمەڵێک دادوەر لە هەردوو ڕەگەز دەبن بە خاوەنی بڕیار و پێوەر بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی تاقانە، بەڵام ئاخۆ هەردوو لایان بە نیگایەکی نێرانەوە هەڵیاندەسەنگێنن، یان بە نیگایەکی ژنانە؟ دیار نییە، چونکە زۆر جاران رێژەی نێرەکان زیاترن لە رێژەی خانمەکان، پێچەوانەکەیشی هەر راستە، وەک ئەوەی لە پێشبڕکێی نێوان شاشۆخەکاندا پیادە دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی (شاجوان) و لەسەر ئاستی لۆکاڵی و یونیڤێرساڵ دەیبینین. هەموو ئەمانە نەخشی پیاوانیان بەسەرەوەیە، پیاوان وایان لە خانمان گەیاندووە، کە ئاوەز و وعەقڵزەدەیی لەگەڵ جوانیدا ناکۆکە و بگرە دژیەتی، هەر بۆیە پرسیارەکانی بواری فەرهەنگ و دونیاناسی و زانیاریی گشتی بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ڕۆشنبیریی (شاجوان)ەکان زۆر سادە و نزمن، بەتایبەتی لای خۆمان.

لەم دەقەدا، (لۆنا) مەبەستێکی دیکەی هەیە، کە ئەویشیان ئاماژەکردنە بە گەمەیەکی نابەجێ و ترسناک، کە پیاوان دەیکەن و مەبەست لێی جێگیرکردنی وێنەیەکی زاڵە بۆ ژنان، کە گوایە ژنان پێویستییان بە عەقڵ و ئاوەز نییە، گوایە هۆشمەندیی خەسڵەتێکی نێرانەیە نەک مێینە و ژنانە، بۆیە لە گۆشەنیگای پیاوەکانەوە، گەڕانی ژنان بەدوای هۆشیاریدا (تابوو)ە. خانمان لە وەها دۆخێکدا دەکەونە ناو جوگرافیایەکی تەلبەندکراو، یان قەفەزێکی گەورە، لەوەش کوشندەتر پەڕینەوەیە بۆ چەشنە فەرمان و بڕیارێکی دیکە، کە ناچێتە خانەی دادوەریکردن لەسەر مۆدێل و نموونەی ئایدیاڵ بۆ جوانی. پیاوەکان وایانکردووە ئەم پەڕینەوەیە زۆر قورس بێت، لەبەرئەوەی بە ناوی ئەوەی خەسڵەتی یەکەمینی ژنان جوانییە و بەس، قۆپییەکی دیکەیان لە ژنان کردووە، ئەویش سەپاندنی (ڕەوشت/ ئەخلاقی ستاندارد)ە بە مانای (تاک- پێوانەیی) و نەگۆڕ و هەمیشەیی. بێ گومان ئەم دیدە زادەی سیستمی پاتریارکی/ باوکسالارییە، کە سەد دەر سەد بە زمانی پیاوەکان دیزاینی بۆ کراوە و لە بەرژەوەندیی ئەوانیشە. هەڵبەتە دیسانەوە سەرچاوەی ئەمە هەم ئایین و هەم کولتووریشە، کە کۆی بەندەکانی دەستوور و یاسا و ڕێساکانی ناوی، مۆری باوکە ئەبەدییەکانی بەسەرەوەیە!


دەبێت ئەوە بڵێین، کە (لۆنا) لە ناواخنی چەندین تێکستی دیکەی کتێبەکەیدا، ئاوڕی لەم دوو بابەت و تێمایە داوەتەوە، کە خولیای گەڕان بەدوای (جوانیی مەحاڵ) و (ئەخلاقی ستاندارد)ەوە دان و هەردوو ڕەگەزی مێ و نێرەوز پێیانەوە گیرۆدە و بێ ئۆقرە بوون.

- هاوڕێیەتیی تایبەت
لە ناواخنی (هاوڕێیەتیی تایبەت)دا، دیسانەوە ژنان وەک نێچیر وێنا کراون و پیاوەکانیش وەک ڕاوچییە دڵڕەقەکان، دروست وەک ئەو ماسیگرانەی ماندوو نابن لەوەی بۆ هەمیشە تۆڕی خۆیان هەڵبدەنە ناو دەریاچەکان و چاوەڕێی گرتنی ماسییەک بن، هەتا گەر ماسیی (توونە)ش بێت! گرفتی شاراوە ئەوەیە، پیاوە ڕاوچییەکان هەر بە هەوەنتە مەزەندەی ئەوە دەکەن، کە ژنەکان وەک هەر نێچیرێکی دی بە دەست ڕاکەڕاکە و ڕاوڕاوێنەوە ماندوو دەبن و خۆ بەدەستەوە دەدەن، دوا جار هەر نووچ دەدەن و خۆیان ساز و ئامادە دەکەن، تا بکەونە ناو تۆڕەکان و تەڵە و تەپکە و فاقە و داوەوە. بە واتا، پیاوان وای دەبینن، لەئاکامدا نێچیرەکان شادومان دەبن بەوەی دەستەمۆ ببن و بخورێن. خودی ئەم وێنایە دیسانەوە زیهنییەتی زێدە شێواوی نێرینەکان دەخاتە ڕوو، کە پێیان وایە ژنان هەمیشە لە خەمی جوانی و ئارایشت و خۆڕازاندنەوەدان، چونکە دەیانەوێت ساز و ئامادەن ببن بۆ ڕاوکردن و ببن بە پرۆژەیەکی ڕەیپ و ئەتک- کردن و لاقەکردن، یان بە زمانێکی بازاڕیی نێرانە و بە هەوەسەوە دەڵێن:"خۆیان دەیانخورێت".


ئەوەی پشتگیریی ئەم بۆچوونە دەکات ئەوەیە کە دوای هەر پەلاماردان و لاقەکردن و ئەتککردنێک، زۆرینەی پیاوانی ڕۆح- بیمار لەو بڕوایەدان، کە ژنان و کچان خۆیان شایستەی ئەو پەلاماردان و لاقەکردن و ڕیسواییە بوون، خۆیان حەزیان پێ کردووە، ئەگینا بۆچی ئەو چەشنە جلوبەرگەیان پۆشیوە، کە نێرینەکان ئاگری پێ دەگرن. ئەمانە و دەیەها پەڵپ و بڕوبیانوو دێننەوە، تا خوددی خانمان خۆیان گوناهبار بکەن.

لە ناواخنی ئەم دەقەدا، (لۆنا) پیاوی وەک هەقایەتبێژێکی زۆرزان و زار- شیرین و فریودەر و مێباز وێنا کردووە، کە هەرچی هونەر و تەکنیک و فڕوفێڵ و تەون و بەند و باوی دونیا هەیە بەکاری دێنێت، بۆ ئەوەی ڕام و ڕاوی خانمێک یان کچۆڵەیەک بکات، ئایا وایە؟ بێ گومان! لەوەدا ڕۆشنبیران و پیاوانی ڕەشۆکی و بێسەواد هاوبەشن. ئەم گەمەیە دیسانەوە گەمەی دڵڕەقانەی نێوان مشک و پشیلەیە، سەرەتا بە گەمەیەکی خۆش دەست پێ دەکات، کە تیایدا مشکەکە غافڵگیرە، بەڵام لە کۆتاییدا پشیلەکەمان مشکەکە دەخوات. ئایا ئەم وێنەیە ناهەقی و فانتازیای نووسەرەکەمانە، یان ڕاست و دروستە؟ بێ گومانم لەوەی، کە خودی ئەو یارییە ناشیرینە بەردەوامە و لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا، لای خۆمان تەکنیک و هونەری تازەی دێتە بان.


خودی دەستەواژەی (هاوڕێی تایبەت) لەسەر زمانی پیاوانەوە، وەک خواستێکی شارستانی خۆی دەنوێنێت. ئەوان بەوپەڕی نەزاکەتەوە پێشنیاری دۆستایەتی دەخەنە بەردەمی کچۆڵان و خانمان، بەڵام ئەم کارەیان پتر لەو (چەشە)یە دەچێت، کە بە قولابەکەوە بەستراوە، هەڵبەتە ماسیی زیرەکی گەرەکە، کە چەشە و قولابەکە پێکەوە قووت نەدات و پێوە نەبێت.


پیاوان هەمیشە وای دەنوێنن، کە ئەوەیان حەز و داوایەکی جوامێرانەیە و هەرگیز بێزیان نەهاتووە لەسەر سینییەکی زێڕینیش پێشکەشی هیچ خانمێکی بکەن، بەڵام لەژێرەوە مانایەکی شاراوەی لەخۆ گرتووە و ڕاز و نیازێکە بۆ سەرەتای ڕاوێکی قەڵەو، کە دیسانەوە تیایدا نێرینەکان ڕۆڵی ڕاوچی دەبینن. بە گشتی، کچان و ژنان خۆشباوەڕن، بەڵام هەشن سەلیقەدار و پیاوناسن، تەنانەت گەر بێسەوادیش بن، ورد و زیرەکن، بەڵام هەندێکیان دڵپاکانە ئەم نەزاکەتە وەردەگرن، کە ڕەنگە ئاکامەکەی بە نائومێدیی خۆیان کۆتایی بێت. دەستەواژەی (هاوڕێی تایبەت) لە ناواخندا بە کەنیزەکبوون و بە بووکەڵەبوونە و بە تێربوونی هەوەس و خۆگەرمکردنەوەی پیاوەکان کۆتایی دێت. ئەگینا ئەگەر سۆز و خۆشەویستیی ڕاستەقینە لە گۆڕێدا بێت، پێویستی بەو هەموو ڕاوەڕێوییە نییە، خودی خۆشەویستی پێویستی بە قسە و زمانیش نییە، ئەوین بۆ خۆی زمانێکە کە نابیناکان و کەڕ و لاڵەکانیش لە من و تۆ باشتر درکی دەکەن، چونکە بە سەدەها ڕەنگ و ئاماژە و شێوەی دیکە خۆی دەنوێنێت، کە لەدەرەوەی قسەی ڕووت و دواندنی پەتیدان.