ئیلاهییات

5

رێبازێكى زانستى كه‌لامى ئیسلامییه‌، له‌ كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى یه‌كه‌مى كۆچى هاته‌ بوون، ئیمام (ئه‌لحه‌سه‌ن كوڕى موحه‌ممه‌د ئه‌لحه‌نه‌فییه‌)، به‌ دامه‌زرێنه‌رى ئه‌م رێبازه‌ داده‌نرێت، له‌ چركه‌ساته‌كانى ژیانى هاوه‌ڵان ده‌ركه‌وت. ئه‌م رێبازه‌ دواى دروستبوونى ناكۆكیى قووڵى سیاسى سه‌رهه‌ڵده‌دات، كوشتنى هه‌ریه‌ك له‌ خه‌لیفه‌كان: (عوسمان كوڕى عه‌ففان)، (عه‌لى كوڕى ئه‌بووتاڵیب)، پرسیارێكى موحه‌یه‌رى دروست كرد: "ئایا گوناهكارانى گه‌وره‌، حوكمى دینى و دونیاییان چییه‌"؟ ئیتر خه‌واریج حوكمیان دا به‌ كوفر، به‌ڵام مورجیئه‌ گوتیان: نه‌خێر، ئه‌م حوكمه‌ بۆ خودا لێده‌گه‌ڕێین، بۆیه‌ ناتوانرێت حوكم به‌سه‌ر هیچ كه‌سێكدا بكرێت، كه‌ كافره‌ یان نا، چونكه‌ گوناه چه‌نده‌ مه‌زن و گه‌وره‌ بێت، ناتوانێت ئیمان بنبڕ و ریشه‌كێش بكات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ كارى خودایه‌، ژووانى رۆژى دواییه‌، كه‌چى خه‌واریج وای ده‌بینن، گوناهكارى مه‌زن تا هه‌تا له‌ دۆزه‌خ ده‌سووتێت، سه‌له‌فییزم ویستیان له‌نێوان ئه‌م دوو روانگه‌یه‌ مه‌نزڵگایه‌ك بنیات بنێن، گوتیان: ئێمه‌ ئه‌گه‌ر روانینى مورجیئه‌ په‌سه‌ند بكه‌ین، ئه‌وسا ده‌بێته‌ هاندانێك، بۆ ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى خه‌ڵك گوناهى گه‌وره‌ بکەن، بۆیه‌ فه‌توایان ده‌ركرد، ئه‌وه‌ى گوناهى گه‌وره‌ بکات، به‌قه‌د قه‌باره‌ى گوناهه‌كه‌ى له‌ دۆزه‌خ ده‌سووتێت، پاشان ده‌چێته‌ به‌هه‌شت، تا هه‌تا له‌ ئاگر ناسووتێ، وه‌ك ئه‌وه‌ى خه‌واریج ده‌ڵێن، ئاخر لێبورده‌یى و دانایى خودا له‌وه‌ مه‌زنتره‌.


مورجیئه‌ به‌رده‌وام ئایه‌تێك ده‌خوێننه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى بووبێـته‌ شیعار و سیمبولى ئه‌وان، ئایه‌تى (106)، سوڕه‌تى (ئه‌لته‌وبه‌)، هاتووه‌: "هه‌ندێكیشیان چاوه‌نواڕى فه‌رمانى ئه‌ڵان، یان سزایان ده‌دات یان لێیان ده‌بوورێـت، ئەڵا زانا و دانایه‌".

بنه‌ماكانى ئیسلامى مورجیئه‌
یه‌كه‌م: جیاكاریى ئیمان و كردار.. ئیمانى موجه‌ڕه‌د، په‌سه‌ندكردن یان ناسینى خوداوه‌نده‌ له‌ رێگاى دڵ، یاخود دانپیانان به‌ په‌روه‌رێنێتیى ئه‌وه‌، له‌ ڕێگاى ده‌ربڕینێكى ئازادانه‌ى زمان، وه‌لێ كردار، ناچێته‌ بازنه‌ى ناوه‌وه‌ى ئیمانبوون، به‌ هیچ جۆرێكیش به‌شێك نییه‌ له‌ ئیمان، ئیمانیش ناچێته‌ ناوه‌وه‌ى بازنه‌ى كردار، به‌شێكیش نییه‌ له‌ كردار، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌یش بڵێم، بۆ ئه‌م چینایه‌تییه‌ى ئیمانى دڵ و كردار، مورجیئه‌ ئاماژه‌ به‌ (چل و نۆ) ئایه‌تى قورئان ده‌كه‌ن، وه‌ك به‌ڵگه‌ى بڕاوه‌ و حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌یخه‌نه‌ روو، كاتێك قورئان باس له‌ (ئیمان و كردار) ده‌كات، به‌ئاشكرا لێكیان جیا ده‌كاته‌وه‌، واوى جیاكارى و جیرانى ده‌خاته‌ نێوانیان: "ئه‌وانى ئیمانیان هێناوه‌ و كردارى باش دەکەن". ئایه‌ته‌كان ئه‌مانه‌ن:


1- "موژده‌ بده‌ به‌و كه‌سانه‌ى باوه‌ڕدار و ئاكار چاكن، كۆ باغاتێكیان ده‌بێت، كه‌ رووباریان له‌ژێر ده‌ڕوات". ئایه‌تى (25)، سوڕه‌تى (ئه‌لبه‌قه‌ره‌).
2- "ئه‌وانه‌یش باوه‌ڕدار و ئاكار چاكن به‌هه‌شتین و تیایدا ده‌مێننه‌وه‌ تاهه‌تا". ئایه‌تى (82)، سوڕه‌تى (ئه‌لبه‌قه‌ره‌).
3- " ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕدار و ئاكارچاكن، نوێژ ئه‌كه‌ن و زه‌كاتیش ئەدەن، پاداشتیان لاى خودایه‌، نه‌ هیچ ترسیان هه‌یه‌ و نه‌ خه‌فه‌تیش هه‌ڵده‌گرن". ئایه‌تى (277)، سوڕه‌تى (ئه‌لبه‌قه‌ره‌).
4- "وه‌لێ ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕدار و ئاكارچاكن، ته‌واوى پاداشتیان ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌ڵا سته‌مكارانى خۆشناوێت". ئایه‌تى (57)، سوڕه‌تى (ئال عیمران).
5- "ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕدار و ئاكارچاكن ده‌یانخه‌ینه‌ به‌هه‌شتگه‌لێ، له‌ژێره‌وه‌یان رووبارگه‌لێكن تاهه‌تا ئه‌مێننه‌وه‌". ئایه‌تى (57)، سوڕه‌تى (ئه‌لنیسا).


له‌ ته‌ك ئه‌م پێنج ئایه‌ته‌، چل و نۆ ئایه‌تى دیكه‌یش، ئاماژه‌ به‌ جیاوازیى ئیمان له‌لایه‌ك و كردار –چاككردار-ى له‌ لایه‌كى دیكه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌یش هۆشدارییه‌كى گرنگى قورئانه‌، ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت: ئیمان شتێكى جیاوازه‌؟ كرداریش كۆمه‌ڵه‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكن، به‌پێى كات و شوێن گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت.


له‌ڕاستیدا، جیاكردنه‌وى ئیمان له‌ كردار، به‌رهه‌مێكى عه‌قڵیى زۆر ناوازه‌ بوو، ئیمان ده‌چێته‌وه‌ جیهانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى خۆى، چۆن دڵ په‌یوه‌ندیى نهێنى له‌ ناخ جه‌سته‌یه‌كى عاله‌مى موڵك، بۆ تا هه‌تا گرێ ده‌دات له‌گه‌ڵ عاله‌مى مه‌له‌كووت، بێ هه‌بوونى هیچ وه‌سیله‌ و ئامرازێكى گه‌یاندن، ئیتر به‌س خودا له‌و دڵه‌ حاڵی ده‌بێت، ئاخۆ ئیمانداره‌ یان بێ ئیمانه‌، ئه‌وسا ئیمان ئازاد ده‌بێت، له‌ كۆتوبه‌ندى كردار، دواجار فوقه‌ها و موفه‌سیر و فه‌رمووده‌ناسه‌كان به‌گوێره‌ى به‌رژه‌وەندیى سیاسى و ئابوورى و نه‌ته‌وه‌یى ناتوانن یاریى پێ بكه‌ن، جۆرى كردار و مه‌رج و روكن و بنه‌ماى بۆ دابڕێژن.


ئیمان له‌ دیدى مورجیئه‌ كه‌م و زیاد ناكات، ئه‌وه‌یه‌ ئینسان یان ئیمانداره‌ یان بێ ئیمانه‌، واته‌ حاڵه‌تى سێیه‌م بوونى نییه‌، چونكه‌ باوه‌ڕكردن و پێوه‌رگرتن جه‌زمكردن به‌سه‌ر شتێك كه‌م و زیادى ناچێته‌ سه‌ر، سا ئیماندار ئه‌گه‌رچى گوناهى گه‌وره‌ و زۆریش بکات، له‌ رۆژى دوایى ناچێته‌ دۆزه‌خ.


خاڵێكی تر، كه‌ زۆر گرنگه‌، ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ى شه‌عیره‌ و سرووته‌كانه‌ له‌ ئیمان، واته‌ سه‌رجه‌م شه‌عائیره‌كانى ئیسلام، چه‌شنى: نوێژ و رۆژوو و زه‌كات.. تاد، ناچنه‌ ناو بازنه‌ى ئیمان، هیچ شه‌عیره‌یه‌كیش به‌ تاك یان به‌ كۆ، پێوه‌ر و ته‌رازوو نییه‌ بۆ دیاركردنى ئیمانى تاك. ئیمام (ئیبن به‌تته‌ ئه‌لعیكبرى) له‌ كتێبه‌كه‌ى (ئه‌لئیبانه‌، ب2، ل779) گوتى: "مورجیئه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات، نوێژ و زه‌كات له‌ ئیمان ناژمێردرێن"، له‌م وته‌یه‌ روون ده‌بێـته‌وه‌، مورجیئه‌ چۆن كاریان له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ و پووكاندنه‌وه‌ى ته‌كفیر كردووه‌، له‌ڕاستیشدا ئه‌مه‌ بلیمه‌تێكى پێویسته‌، چوون ئه‌وسا هیچ كه‌سێك ناتوانێت به‌ناوى خودا و ئایین و شه‌ریعه‌ت، خه‌ڵك ته‌كفیر بكات، بیانووى دوو گه‌واهیده‌ر بێنێته‌وه‌، له‌سه‌ر ته‌ركى شه‌عیره‌یه‌ك، یان سرووتێک كه‌ له‌ گۆشه‌نیگاى تایبه‌تى خۆى، كه‌ وا ده‌زانێت یان وا تێگه‌یشتووه‌، كه‌ كوفر و ئیلحاد بێت.


له‌ دیدى ئیرجا، كافر واته‌ ئه‌و ئینسانه‌ى له‌ خودا بێخه‌به‌ر و بێئاگا و نه‌ناسه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى كوفریش دەکات، جه‌هل به‌خوداوه‌ند دەکات، كوفر به‌ش به‌ش نابێت، مه‌عریفه‌ و ناسینى خوداوه‌ند، ده‌یگۆڕێت به‌ ئیمان و ده‌یخاته‌وه‌ ره‌سه‌نایه‌تى، ئه‌ویش ئیمانداره‌.
دووه‌م: سه‌ربه‌ستیى ئینسان.. مورجیئه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن، كه‌ ئینسان سه‌ربه‌ستییه‌كى كامڵ و ده‌ستكراوه‌ییه‌كى بێ گرێى هه‌یه‌، ئینسان خۆى خالیق و ئافرێنده‌رى كرداره‌كانى خۆیه‌تى، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ى زۆر له‌ رێبازه‌ ئیسلامییه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ئێستایشه‌، ئه‌وكات سه‌له‌فییزم دژى ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ و تێفكرینه‌ وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌وان جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، كه‌ ته‌نیا خودا خالیق و دروستكه‌رى كرداره‌كانى ئینسانه‌، بۆ ئه‌مه‌یش چه‌ندین نیقاش و جیدال و گوتار و ته‌نانه‌ت كتێبیش خولقێندران، دیارترینیان كتێبه‌كه‌ى ئیمام بوخارى (خلق افعال العباد)، -ئه‌مه‌ كتێبێكى فه‌رمووده‌ناسیى گه‌وره‌یه‌، ئه‌ویش ئیمام موحه‌مه‌د كوڕى ئیسماعیل بوخارى، خاوه‌نى كتێبى ژماره‌ یه‌ك، دواى قورئان لاى سه‌له‌فییزم و ئه‌شعه‌رییزم، ئه‌میش (الجامع الصحیح)، ناسراو به‌ -سه‌حیحى بوخارى-، تیایدا به‌ به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ى ده‌یان ده‌قى قورئان و فەرمووده‌ و بۆچوون و تێگه‌شتنى هاوه‌ڵان و شوێنكه‌وتووان، به‌رگری له‌ بۆچوونى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ (ئینسان ناسه‌ربه‌سته‌) له‌ دروستكردن و خولقاندنى كار و كرداره‌كانى، به‌ڵكوو ئه‌مه‌ خوداوه‌نده‌ كار و كردارى هه‌موومانى خوڵقاندووه‌، ئینسانیش هیچ ئاكار و كردارێك بێ ویست و ئیراده‌ و مه‌شیئه‌تى خودا ناتوانێت بکات.


سێیه‌م: بینینى خودا.. مورجیئه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ خوداوه‌ند له‌ دونیا به‌ چاوى موجه‌ڕه‌د نابینرێـت، هیچ فریشته‌ و شه‌یتان و جنۆكه‌ و ئینسان و ته‌نانه‌ت په‌یامبه‌رانیش خودایان نه‌بینیوه‌، نه‌خاسمه‌ گه‌وره‌ى ئولولعه‌زم په‌یامهێن (موحه‌ممه‌د)یش، له‌ چیرۆكه‌كانى شه‌وى میعراج، به‌ڵكوو هیچ كاتێك خوداى نه‌بینیوه‌، له‌ رۆژى دوایى و به‌هه‌شت و فیرده‌وسیش كه‌س خودا نابینێت.


هۆكارى نه‌بینینى خودا ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى، خودا قابیلى بینین نییه‌، واته‌ له‌ زاتیات و ماهیاتى خوداوه‌ند ئه‌وه‌یه‌، هیچ چاوێك ناتوانێت په‌ى پێ ببات و بیبینێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ نه‌زان و نه‌خوێنه‌واره‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، گوایه‌ خوداوه‌ند خۆى نیازى نییه‌ ببینرێت! یان به‌شێك له‌ ئه‌هلى مه‌سخه‌ره‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، خوداوه‌ند خه‌ریكى خۆحه‌شاردانه‌وه‌ له‌ به‌نده‌ و دروستكراوه‌كانى.


چواره‌م: وه‌لی ئه‌مر.. ئیمام و سه‌ركرده‌ى سیاسى میچ و پرنسیپێكى لازم و پێویستى ئیسلام نییه‌، بوونى ئیمام واجب نییه‌ بۆ تاكى موسڵمان، هیچ كات موسڵمان په‌یوه‌ست و لكێنراو نییه‌ به‌ ئیمام، هیچ مه‌رجیش نییه‌ ئیمام و سه‌ركرده‌ى موسڵمانان پیاو بێت، ده‌كرێ ئیمام و به‌پرسى موسڵمانان ژن بێت، ئه‌م رێسایه‌یش هه‌ڵه‌یه‌، كه‌ ده‌ڵێن: پێویسته‌ ئیمام و وه‌لى ئه‌مرى موسڵمان قوڕه‌یشى بێت.


پێنجه‌م: به‌هه‌شت و دۆزه‌خ.. تا هه‌تایى و خلوود و نه‌مرى بۆ هیچ كه‌سێك و كائنێك نییه‌، به‌هه‌شت و دۆزه‌خیش چه‌شنى هه‌ر بوون و كائنێكى ئیلاهى، رۆژێك دێت و له‌ناو ده‌چن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ جیهانى نه‌بوون، -عالم العدم-، خه‌ڵكانى به‌هه‌شت و دۆزه‌خیش ده‌بنه‌وه‌ هه‌ڵم و غوبارى له‌ناوچوو، وه‌ك ئه‌وه‌ى بوونیشیان نه‌بووبێت، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نیا خودایە و به‌س.