فیستیڤاڵی شانۆمان هه‌یه‌، به‌ڵام شانۆمان نییه‌!

 

ساڵی 2004 له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌م پرسیاره‌م لێ كرا: ئایا شانۆی كوردی له ‌قه‌یراندایه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌م هه‌ندێك له‌ شانۆكارانی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ سه‌رده‌می زێڕینی شانۆی كوردین، نیگه‌ران كرد. له‌ وه‌ڵامدا گوتم: نه‌خێر، شانۆی كوردی له‌ قه‌یراندا نییه‌. چۆن؟ گوتم: شانۆی كوردی خۆی نییه‌، جا چۆن له‌ قه‌یراندایه‌؟ شتێك یان دیارده‌یه‌ك تووشی قه‌یران ده‌بێت، كه‌ هه‌بێت. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌ چالاكیی شانۆییه‌ نه‌ك شانۆ وه‌ك پێداویستییه‌كی ڕۆژانه‌ی چینه‌كانی خه‌ڵك، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌لای میلله‌تانی پێشكه‌وتوودا هه‌یه‌.
دوو مانگ به‌ر له‌ ئێستا، میوانێكم له‌ سویده‌وه‌ هاتبوو، سه‌ردانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و ڕانیه‌ی كرد، گه‌لێ شوێن و شوێنه‌واری بینی، هه‌ر له‌ سوێده‌وه‌ چه‌ندین ناونیشانی گرنگی له‌لای خۆی یاداشت كردبوو، به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانیان بكات.
ڕۆژێك پرسیاری لێ كردم:
+ ده‌مه‌وێت، ئه‌گه‌ر كاتت هه‌بێت، ئه‌م ئێواره‌یه‌ پێكه‌وه‌ نماییشێكی شانۆیی ببینین.
با ئه‌وه‌ش بڵێم. كه‌ ئه‌م میوانه‌م چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا ئامادەی فێستیڤاڵی شانۆیی هه‌ولێر بوو، له‌ هۆڵی گه‌ل چه‌ند نماییشێكی بینیبوو.
- به‌داخه‌وه‌ ئێستا هیچ شانۆگه‌رییه‌ك نماییش ناكرێت.
+ چۆن له‌ پایته‌ختدا هیچ شانۆیه‌ك نییه‌؟
- نه‌خێر.
+ ئه‌ی له‌ هۆڵی گه‌ل؟
-هۆڵی گه‌ل ڕووخێنرا، به‌رله‌وه‌ی هه‌ر به‌ جارێك دابته‌پێت ڕووخێنرا، به‌نیازی ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ بنیات بنرێته‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت پرۆژه‌كه‌ ته‌واو فه‌رامۆش كرابێت.
تێبینی: دوو ڕسته‌ی كۆتایی قسه‌كانم، به‌ میوانه‌ سوێدییه‌كه‌م نه‌گوت، وه‌كوو ده‌رده‌ڵێك ئه‌و قسه‌یه‌م له‌به‌رخۆمه‌وه‌ گوت.
+ باشه‌، خۆم هه‌ر سه‌ردانی سلێمانی ده‌كه‌م، له‌وێ ده‌مه‌وێ ته‌ماشای نماییشێكی شانۆیی بكه‌م.
ته‌لەفۆنم بۆ شانۆكارێكی شاری سلێمانی كرد:
- ئه‌م ئێواره‌یه‌ چ نماییشێكی شانۆیی له‌ سلێمانی هه‌یه‌؟
-(پاش قه‌ده‌رێك بیركردنه‌وه‌) ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم هیچ نماییشێك پێشكه‌ش ناكرێت؟
-هیچ؟
-هیچ!
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می قوتابییانی به‌شی شانۆی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانیش بێت كێشه‌ نییه‌.
- ئه‌وانیش نماییشیان نییه‌.
-چۆن؟ واته‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری ئه‌م ئێواره‌یه‌ بێ شانۆیه‌؟
- پایته‌ختی ڕۆشنبیری نه‌ك ئه‌م ئێواره‌یه‌، مانگێکیش ده‌بێت بێ نماییشی شانۆییه‌.
دوای پێوه‌ندیكردن به‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌، بۆم ده‌ركه‌وت، بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگی ڕه‌به‌ق، له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان یه‌ك نماییشی شانۆیی نه‌كراوه‌.
میوانه‌كه‌م تووشی شۆك بوو، به‌تایبه‌تی، كه‌ ده‌زانێت من شانۆكارم و ده‌رهێنانی شانۆیی و ڕاهێنان پیشه‌مه‌، ئه‌ی كه‌واته‌ چی ده‌كه‌م له‌ وڵاتێكدا، كه‌ بزاڤێكی شانۆیی چالاك و كارای تێدا نییه‌؟ ئاماژه‌ی سه‌رسوڕمان و پرسیارم له‌ زمانی جه‌سته‌ی میوانه‌كه‌مدا خوێنده‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت: چۆن ده‌بێت كۆمه‌ڵێك، كه‌ بۆ ئاستێكی به‌رزی ژیاری تێبكۆشێت، به‌ڵام شانۆی پشتگوێ خستبێت؟
ئه‌م ڕاستییه‌، كه‌ به‌ چه‌ند درۆیه‌كه‌وه‌ پێچراوه‌ته‌وه‌، ڕاستییه‌كی ترسناكه‌ و مرۆڤ بێ ئومێد ده‌كات. به‌تایبه‌تی، كه‌ سه‌رنجی بزاڤی شانۆیی له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو و نیمچه‌پێشكه‌وتوودا ده‌ده‌م، بۆم ده‌رده‌كه‌وێت، چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك بینای كولتوور و شارستانیه‌تی خۆیان، له‌ ڕێگه‌ی چه‌شنه‌ جیاوازه‌كانی هونه‌ره‌وه‌، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ش هونه‌ری شانۆ، بنیات ناوه‌.

سیناریۆ:
هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ پراگ بووم، سه‌ردانی شانۆی ڕه‌شم كرد، ئه‌م شانۆیه‌ ئه‌زموونێكی ناوازه‌ی به‌ناوبانگی شانۆی وڵاتی چیكه‌. گه‌شتیاران له‌ هه‌موو دنیاوه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ بلیت ده‌بڕن و ڕووی تێده‌كه‌ن، پرسیارێكی ساویلكانه‌م كرد: ماوه‌ی چه‌ندێكه‌ نماییشه‌كه‌تان به‌رده‌وامه‌؟ گوتیان: سی ساڵمان تێپه‌ڕاند. گوتم كه‌واته‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌می زێڕینی شانۆكه‌تانه‌؟ گوتیان: هیوادارین بگه‌ین به‌ سه‌رده‌می زێڕینی شانۆ!
سی ساڵه‌ ئه‌م شانۆیه‌ داهاتی خۆی، به‌ناوبانگیی خۆی، له‌ رێگه‌ی گه‌شتیارانه‌وه‌ دابین ده‌كات!
كه‌م وڵات له‌ قه‌واره‌ی وڵاتی ئێمه‌، یان به‌قه‌ده‌ر ئه‌ندازه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ئێمه‌، ساڵانی قوتابی و فێرخوازی شانۆ بۆ خوێندنی شانۆ وه‌رده‌گرێت. هه‌ر بۆ نموونه‌: سوێد كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانی ده‌ ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌، وابزانم ساڵانه‌ ژماره‌ی ئه‌و قوتابییانه‌ی كه‌ له‌ چوار په‌یمانگا باڵاكانی شانۆدا بۆ خوێندن وه‌رده‌گیرێن، به‌ هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌وجا سه‌ت كه‌س تێپه‌ڕێنێت، به‌ڵام له‌ كوردستان ساڵانه‌ هه‌ر نه‌بێت دوو سه‌ت قوتابی بۆ خوێندنی شانۆ وه‌رده‌گێرێن، بێ ئه‌وه‌ی زۆربه‌یان ته‌نانه‌ت ببن به‌ بینه‌رێكی كارای شانۆ!
له‌ نه‌وه‌ته‌كان، دوای ڕاپرسییه‌ك له‌ ستۆكهۆڵم، ده‌ركه‌وت له‌ ئێواره‌یه‌كدا به‌گشتی چل نماییشی جۆراوجۆر پێشكه‌ش ده‌كرێت.
له ‌كۆتاییدا:
میوانه‌كه‌م گوتی: سه‌یره‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هیچ شانۆگه‌رییه‌ك نماییش نه‌كرێت؟ كه‌چی چه‌ند فێستیڤاڵێكی شانۆییتان هه‌یه‌!
گوتم: به‌ڵێ ئێمه‌ فێستیڤاڵی شانۆمان هه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌ شاره‌ گه‌وره‌كاندا، ته‌نانه‌ت له‌ شارۆچكه‌كانیشدا فێستیڤاڵمان هه‌یه‌، چه‌ندینی دیكه‌ش به‌ڕێوه‌ن، كه‌ له‌دایك بن، ێستیڤاڵی شانۆییمان هه‌یه‌، به‌ڵام خودی شانۆ خۆیمان نییه‌.
ده‌رهێنه‌رێك له‌ ئیماراتی عه‌ره‌بییه‌وه‌، كه‌ چه‌ندین فێستیڤاڵی شانۆییان هه‌یه‌، داوای لێ كردم، كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان بۆ به‌شداریكردن له‌ فیستیڤاڵێكی شانۆیی له‌ سوێد پێشنیاز بكه‌م، پێم گوت:
له‌ سوێد فێستیڤاڵی شانۆیی نییه‌.
گوتی: چۆن دكتۆر، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ له‌ ئیمارات نزیكه‌ی ده‌ فێستیڤاڵی شانۆییمان هه‌یه‌. چۆن وڵاتێكی وه‌ك سوێد فێستیڤاڵی شانۆیی نییه‌؟ ده‌ته‌وێت بڵێیت سوێدییه‌كان پێویستیان به‌ فێستیڤاڵی شانۆ نییه‌؟
گوتم: به‌ڵێ سوێدییه‌كان پێویستیان به‌ فیستیڤاڵی شانۆ نییه‌، چونكه‌ شانۆیان هه‌یه‌!