"وا كورد هه‌قی خۆی وه‌رگرت"

سه‌ری هارومار

سه‌رما به‌ته‌واوی شكابوو، له‌ هه‌ندێك شوێن پنجه‌گیا سه‌ریان ده‌رهێنابوو، ئه‌و رۆژه‌ مامۆستاكانم زۆر به‌ رووی خۆشه‌وه‌ بینی، دوو دوو به‌ یه‌كه‌وه‌ پیاسه‌یان ده‌كرد و به‌رده‌وام قسه‌یان ده‌كرد، مامۆستای ره‌سم (محه‌مه‌د مه‌ولوود) كه‌ هاته‌ ناو پۆله‌وه‌ یه‌كسه‌ر پێی گوتین:
ـ كوڕینه‌، ئه‌وشۆ به‌یانه‌كی زۆر موهیم هه‌یه‌، دوای خه‌باتێكی زۆر، به‌ خوێنی هه‌زاران رۆڵه‌ی قاره‌مانی ئه‌م میلله‌ته‌، وا حوكمی زاتیمان وه‌رگرت.
بینیم مامۆستا محه‌مه‌د وا فرمێسك به‌ چاویدا دێته‌ خواره‌وه‌، به‌ ئه‌وكی پڕ گریانه‌وه‌ گوتی:
ـ كوڕه‌ له‌ خۆشیانا وه‌خته‌ شێت بم، وا كورد هه‌قی خۆی وه‌رگرت، ئه‌وجه‌ بتانبینم، بزانم كوو ده‌خینن، رۆژانی شه‌ڕ ته‌واو بوون، ئێستا واده‌ی ئاشتییه‌.
ئینجا گوتی:
ـ كێ پرسیاره‌كی هه‌یه‌ با بیكات؟.
یه‌كسه‌ر ده‌ستم به‌رز كرده‌وه‌ و گوتم:
ـ حوكمی زاتی كووه‌؟
وه‌رامی دامه‌وه‌:
ـ حوكمی زاتی، واته‌ به‌خۆمان كاروباری وڵاتی خۆمان به‌ڕێوه‌ ببه‌ین، به‌ زمانی خۆمان بخوێنین، كورد خۆی به‌ڕێوه‌ ببات.
دیسان پرسیمه‌وه‌:
ـ یه‌عنی له‌ سبیه‌نێوه‌ به‌ كوردی ده‌خوێنین.
گوتی:
ـ ئه‌وشۆ به‌یانه‌كه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، با بزانین چۆن باسی خوێندن به‌ زمانی كوردی ده‌كات، به‌ڵام دڵنیابه‌ به‌ كوردی ده‌خوێنین.
رۆژی 10/3/1970 بوو، له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ پۆل پۆل قوتابییه‌ به‌ ته‌مه‌ن گه‌وره‌كان، به‌تایبه‌تی قوتابییانی پۆلی سێیه‌م، به‌یه‌كه‌وه‌ گرد بووبوونه‌وه‌ و قسه‌یان ده‌كرد، ده‌مزانی ئه‌و پۆله‌ قوتابییه‌ پارتینه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش شیوعینه‌، پارتییه‌كان زۆر به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ قسه‌یان ده‌كرد، به‌ره‌ به‌ری نیوه‌ڕۆ قوتابییان ئیزن دران و روومان له‌ ماڵه‌وه‌ كرد، له‌ رێگا خۆم گه‌یانده‌ باسم و گوتم:
ـ ئه‌وشۆ به‌یانه‌كه‌یه‌.
گوتی:
ـ به‌ڵێ، له‌ ته‌لەڤزیۆن و رادیۆ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
له‌خۆشیانا پێم ئه‌رزی نه‌ده‌گرت، به‌ڵام ده‌شمزانی ئه‌وساڵ له‌ پۆلی یه‌كه‌م ده‌رناچم، حه‌فت ده‌رسم چۆن پێ پڕ ده‌كرێته‌وه‌، دڵی خۆم به‌وه‌ ده‌دایه‌وه‌، كه‌ ساڵی دادێت به‌ كوردی ده‌خوێنم و ده‌رده‌چم، گه‌یشتمه‌ ماڵه‌وه‌، یه‌كسه‌ر به‌ دایكم گوت:
ـ دایه‌، مامۆستا گوتی ئه‌وشۆ به‌یانه‌كی موهیم هه‌یه‌، تازه‌ به‌ كوردی ده‌خینین.
دایكم بزه‌یه‌كی هاتێ و گوتی:
ـ یه‌عنی ناجیح ده‌بی.
گوتم: ئه‌مساڵ نا، ساڵه‌كی دی.
دایكم به‌ده‌م هه‌ڵكێشانی هه‌ناسه‌یه‌كی سارده‌وه‌ گوتی:
ـ یاڕه‌بی، چ باشه‌، خوا ئه‌وه‌ت بێنێته‌ پێشێ.
له‌پڕ باوكم به‌سه‌ردا هاته‌وه‌، رووم له‌ویش كرد و گوتم:
ـ بابه‌، مامۆستا گوتی ئه‌وشۆ به‌یانه‌كی موهیم هه‌یه‌، له‌وه‌ودوا به‌ كوردی ده‌خینین.
باوكم، به‌بێ تاقه‌تی وه‌رامی دامه‌وه‌:
ـ یه‌عنی ناجیح ده‌بی.
گوتم:
ـ ساڵه‌كی دی، ئا.
له‌سه‌ره‌خۆ گوتی:
ـ شیردا لۆ داپیردا.
په‌له‌ی ئه‌وه‌م بوو، زوو ئێواره‌ دابێت و گوێم له‌ به‌یانه‌كه‌ بێت، ئه‌و رۆژه‌ زه‌لامه‌كان له‌ رۆژان زووتر له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی مامه‌ ره‌زام گرد بوونه‌وه‌، عه‌وڵا رێوی رادیۆ شه‌ش مه‌وجه‌كه‌ی له‌ ته‌نیشت خۆی دانابوو، زه‌لامه‌كان ئه‌و رۆژه‌ خوڵقی دامه‌یان نه‌بوو، هه‌موو گوێیان بۆ رادیۆ شل كردبوو، جار جاره‌ گوێیان له‌ ده‌نگی بێژه‌ره‌كه‌ ده‌بوو، كه‌ به‌ كوردی ده‌یگوت:
ـ گوێگرانی خۆشه‌ویست، له‌ سه‌عات 8ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، به‌یاننامه‌یه‌كی گرنگ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، چاوه‌ڕوان بن.
عه‌وڵا جار جار میلی رادیۆكه‌ی باده‌دا و ده‌یبرده‌ سه‌ر وێستگه‌یه‌ك، كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوو، خۆی وا پیشان ده‌دا، كه‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانێت و به‌ زه‌لامه‌كانی ده‌گوت:
ـ ئه‌و به‌یانه‌ زۆر موهیمه‌. قاهیره‌ و سووریاش باسی ده‌كه‌ن.
مه‌لا حه‌سه‌ن، جار جاره‌ ده‌ستی به‌ ردێنیدا دێنا و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یگوت:
ـ یا ره‌بولعاله‌مین، هه‌ر ئه‌توو كارسازی كارانی، چ به‌ باش ده‌زانی، ئه‌وه‌ لۆ ئه‌و میلله‌ته‌ی بی، له‌و رۆژه‌ ره‌شه‌ی رزگارمان بی.
حوسێن ته‌گه‌، زۆر هه‌وڵی دا، كه‌ یه‌كێك دامه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام كه‌س وه‌رامی نه‌بوو، گوتی:
ـ ئێ بابم، با ئه‌مه‌ گه‌مه‌ی خۆمان بكه‌ین، كه‌نگی به‌یانه‌كه‌ی خینده‌وه‌ ده‌یكه‌ینه‌ شایی.
ره‌سوڵ پێڵاوفرۆش، رووی ده‌می كرده‌ زه‌لامه‌كان و گوتی:
ـ باشه‌ ئه‌نگۆ فكر و له‌ چشته‌كی زۆر موهیم كردیته‌وه‌؟
زه‌لامه‌كان چاویان زه‌ق كرده‌وه‌ و مه‌لا عه‌لی گوتی:
ـ ئه‌و چشته‌ موهیمه‌ چییه‌، كه‌ ئه‌توو ده‌یزانی و ئه‌مه‌ نایزانین؟
ره‌سوڵ وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
ـ ئه‌دی حكوومه‌ت چ له‌و هه‌زاران جاشه‌ی ده‌كات.
مه‌لا عه‌لی گوتی:
ـ كاكه‌ جاش كێیه‌، جاشیش كوڕی ئه‌و میلله‌ته‌یه‌، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ نه‌بێت، كێ جاشایه‌تی ده‌كات، پیاو هه‌یه‌ له‌بۆ سێزده‌ دینار و روبعه‌كی بوویته‌ جاش، شه‌ڕ راوه‌ستی، كابرا لۆ خۆی كه‌سابه‌ت ده‌كات و خۆی به‌ كوشتن نادات.
عه‌وڵا رێوی له‌ بادانی میلی رادیۆكه‌ی به‌رده‌وام بوو، جار جار رادیۆكه‌ی به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و خۆشی هه‌ڵده‌ستایه‌ سه‌ر پێ و تۆزێك دوور ده‌كه‌وته‌وه‌ و پاشان ده‌هاته‌وه‌ شوێنی خۆی، پرسییان:
ـ مام عه‌وڵا، ئه‌وه‌ لۆ ئه‌وها ده‌كه‌ی؟
وه‌رامی ده‌دانه‌وه‌:
ـ ئه‌وه‌ له‌ دوو مه‌حه‌ته‌ی خۆمان، هی سه‌رێ ده‌گه‌ڕێم، ده‌ڵێت وا سه‌دام له‌ سه‌رێیه‌ له‌گه‌ڵ كوردان مفاوه‌زاتی ده‌كات.
مه‌لا عه‌لی، به‌ده‌م به‌ستنه‌وه‌ی پشتێنده‌كه‌ی رووی له‌ زه‌لامه‌كان كرد و گوتی:
ـ براینه‌، ئه‌وه‌ چه‌ند جاره‌ مفاوه‌زاتی ببینین، ماوه‌یه‌كه‌ و دوایی تێكده‌چێت، نه‌مرین ئه‌وه‌ش ده‌بینین.
خۆر به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، زه‌لامه‌كان په‌رته‌یان كرد و مامه‌ ره‌زام ده‌ڕابی دوكانه‌كه‌ی دادایه‌وه‌، هه‌موو روویان له‌ ماڵه‌وه‌ كرد و چاوه‌ڕوانی واده‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌یانه‌كه‌ بوون.