دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ى هه‌ولێر له 11-3-1991، له رۆژی 31-3-1991لەگەڵ ئاپۆڕای کۆڕەودا منیش شاری هەولێرم بەجێ هیشت، خۆم له‌سه‌ر مه‌رزی ئێران بینییەوە، خۆم و هاوڕێم نه‌وزاد ره‌فعه‌ت.
له رێگا ئۆتۆمبێله‌كه‌م (تایه)كانى تێكچوو، چونكه كۆن بوون، زۆر كۆن بوون، له هه‌ولێر هه‌ر خه‌ریكی راپه‌ڕین بووم، وێنه‌ى شۆڕشی كوردستان‌م له هه‌ولێر ده‌گرت.
له‌سه‌ر مه‌رزى ئێران حهوتهمین ئوتومبێل بووم، مه‌رزی (حاجی ئۆمه‌ران- ئێران)، هه‌زاران ئۆتۆمبێل لەپاش من بوون، هه‌زاران ژن و پیاو و منداڵیش له‌سه‌ر مه‌رز له هەلاتندا بوون. ئێرانییه‌كان نان و هه‌ندێ به‌تانییان پێ داین.
له‌ودیوی مه‌رز ئۆتۆمبێله‌كه‌م (وه‌كوو پێشتر گوتم) تایه‌كانى باش نه‌بوون، تایهكم چاک ده‌كرد، تایه‌كه‌ى دیکە په‌نچه‌ر ده‌بوو، دوای ماوه‌یه‌ك دوو تایه به‌یه‌كه‌وه په‌نچه‌ر ده‌بوون، له‌ودیوی مه‌رز من به ئۆتۆمبێله‌كه‌ى خۆمه‌وه له‌گه‌ڵ نزیكه‌ى په‌نجا ئۆتۆمبێلی دیکە بووم، ئۆتۆمبێلێكی له‌شكری ئێرانی له‌پێش (قافله‌ى كورده‌كان بوو) یه‌كێكیش له‌دواوه بوو، ئۆتۆمبێلی سێیه‌م له رۆخ ئۆتۆمبێلی عێراقییەكان هاتوچۆى ده‌كرد، راده‌وه‌ستا پاشان ده‌ڕۆیشت، ئۆتۆمبێله‌كانى ئێمه‌ى رێك ده‌خست.
به‌رله‌وه‌ى بگه‌ینه نه‌غه‌ده و له ده‌ست هه‌ر سێ ئوتومبێله‌كانی ئێران رزگار بین و بگه‌ینه شوێنی خۆمان، تایه‌كانى ئوتومبێله‌كه‌م كه (فیات ئیتاڵیی سپی بوو) كه‌ڵكیان نه‌ما.
ئێرانییه‌كان به‌دوای قافلهكه كه‌وتن و منیان جێ هێشت، رۆیشتن.... من مامه‌وه، په‌مپی ئۆتومبێلهكهم زۆر باش بوو، هه‌وام له تایهكهم ده‌كرد بۆ ماوه‌ى شه‌شه حه‌وت ده‌قه ده‌ڕۆیشتم، ئینجا هه‌وایه‌كه به‌تاڵ ده‌بوو و ده‌هاتمه خوارێ په‌مپێكی ترم لێ ده‌دا و چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كی تریش ده‌ڕۆیشتم، شهقامهكانى ئێران خۆش بوون، له ئێران شۆڕش نه‌بوو، هه‌ڵاتن نه‌بوو، به‌عس نه‌بوو.
كه له هه‌ولێر ده‌رچووم به‌ره‌و مه‌سیف، پڕ بە شه‌قامه‌كه ته‌نیا خەڵکی کۆڕەو بوو، شه‌ش حه‌وت ریزی ئوتومبێل له هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و مه‌سیف دەڕۆیشتن، رێی مه‌سیفی سه‌ره‌كی قه‌پات بوو، له به‌ستۆڕه‌وه به ده‌سته راستدا چووین بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر (سه‌ری ره‌ش) بكه‌وین، له ئاسمانیش هیلیكۆپتهرهكهى رژێم به‌سه‌ر زێی به‌ستۆڕه‌دا، بڵند ده‌سووڕایه‌وه.
كێشه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌م لێره‌وه ده‌ستی پێ كرد، به‌سه‌ر شاخه‌كه ده‌كه‌وتین، بستێك ده‌ڕۆیشتین، ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌وه‌ستاین، له به‌رزاییه‌كانی (سه‌رى ره‌ش) تایه‌كی ئوتومبێله‌كه‌م په‌نچه‌ر بووبوو، پارچه كهرپووچێكم له‌به‌ر تایه‌كه دانا، بۆ ئه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌م نه‌گه‌ڕێته‌وه خوارێ، ئۆتۆمبێله‌كه‌م ئه‌و ده‌مه زۆر قورس بوو، 6 کەسی تێدابوو، كاك نه‌وزاد رفعه‌ت (كه ئێستا له دهۆكه) كهرپووچهكهى له‌پشت تایه‌كه دانا و هه‌ر له‌پشت ئۆتۆمبیله‌كه‌م وه‌ستا، كه پێم له به‌نزینه‌كه نا، كهرپووچهكه ده‌رپه‌ڕی و به قاچی كاك نه‌وزاد كه‌وت، كاك نه‌وزاد دانیشت، پاشان سوارى ئۆتۆمبێله‌كه‌مان كرد، پاش 5 ده‌قه براده‌رێكی ترم هى ناو ئۆتۆمبێله‌كه و به تایه‌كه‌ى تر‌ى ئه‌ولاوه واى لێ هات!
به هه‌رحاڵ، به ئێش و ئازارەوە، به هه‌زاران ئۆتۆمبێل به‌سه‌ر شاخ كه‌وتین، من به‌رله‌وه‌ى بگه‌ینه سه‌رى ره‌ش، پیره‌مێردێكی كوێرم بینی كوڕێكى شازده حه‌ڤده ساڵى له‌پشته‌وه هه‌ردوو ده‌ستی به شانهكانىەوه نابوو و بۆ پێشه‌وه پاڵی ده‌دا، ئه‌م وێنه‌یه‌م هه‌رگیز له یاد ناچێ، تایه و په‌نچه‌ر و قاچ و هه‌ڵاتن، هه‌مووم له بیر كرد، ئه‌و لاوه له هه‌ولێره‌وه ئه‌م پیره‌مێرده كوێره‌یه پاڵ ده‌دات و وا ئێستا به‌سه‌ر شاخه‌كانى سه‌ری ره‌ش ده‌كه‌وێ، كامێراكه‌م ده‌رهێنا (كامێرای ئه‌و سه‌رده‌مه) و وێنه‌ى كابرای كوێر و لاوه‌كه‌ش به پاڵ به‌سه‌ر سه‌رى ره‌شی ده‌خات، گرت، نه‌مزانى چی ئه‌و بوو، پاش بینینی ئه‌م دیمه‌نه، گشتمان وره‌مان به‌رز بووەوه، گه‌یشتینه سه‌رى ره‌ش و به ده‌سته چه‌په‌وه به‌ره‌و مه‌سیف شۆڕ بووینه‌وه، له‌ناو مه‌سیف (موفه‌وه‌ز فولان) له‌ناو پیكهبی عهسكهریدا وه‌ستابوو، دۆشكهشی له‌پشته‌وه دانابوو و ته‌قه‌ى له ئاسمان ده‌كرد، ئەو دیمه‌نه، من و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له‌گه‌ڵم سوار بووبوون، ئێمه‌ى رووخاند، هه‌ر زوو له مه‌سیف شۆڕ بووینه‌وه ، دوو ئافره‌تم له‌گه‌ڵ بوون هاتنه خواره‌وه، به‌رله‌وه‌ى بگه‌ینه رووبار‌ى كۆڕێ، كاك نه‌وزاد گوتى كاك پاشا (ئه‌م دوو براده‌رانه جیرانى منن له‌سه‌ر عه‌رزی پاڵ كه‌وتوون، شوێنیشمان هه‌یه توخوا با له‌گه‌ڵمان بێن).
گوتم باشه. دكتۆر هه‌ڤاڵ، كه ئه‌و ده‌مه له پۆلی شه‌شی كۆلێژی پزیشكی بوو له‌گه‌ڵ باوكی له‌گه‌ڵمان سوار بوون و یه‌ڵا بۆ شه‌قڵاوه.
له شه‌قڵاوه كه‌س له ئێمه به‌ته‌مای هه‌ڵاتن نه‌بوو، به‌ڵام كه بینیمان خه‌ڵكی شه‌قڵاوه گشتیان خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵاتن، منیش كه پانتۆڵی كابۆ و رۆبهكم له‌به‌ر بوو و ته‌نیا كامێرا و چه‌ند فلسهكم پێ بوو و كاك نه‌وزاد، كه یه‌ك دوو پارچه زێڕی پێ بوو و له دوێنێوه خۆمان ئاماده كردبوو به‌ره‌و توركیا هه‌ڵێین و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌وروپا، پێ ڕانهگهیشتین به‌رنامه‌كه‌مان به‌دی بهێنین، نه‌مانتوانی به‌ره‌و توركیا بچین و له‌وێوه بۆ ئه‌وروپا، به‌ناچاری بڕیارمان دا به‌ره‌و ئێران هه‌ڵێین، كچی خاڵم (رووپاك) له شه‌قڵاوه بینیم، كلیله‌كانی ماڵێم له هه‌ولێر پێ دا و تا مه‌رزی حاجی ئۆمه‌ران رانه‌وه‌ستام، نه‌وزاد و دكتۆر هه‌ڤاڵ و باوكیشی هەر له‌گه‌ڵم بوون.