كۆنيشانه‌ى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

كۆنيشانه‌ى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌، كه (پووكانه‌وه‌ى زێ)شى پێ ده‌گوترێ، حاڵه‌تێكى باوه‌ له‌ ژناندا ڕوو ده‌دات، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌دا‌. ديواره‌كانى ناوچه‌ى زێ ته‌واو ته‌نك ده‌بنه‌وه‌ و به‌ بچووكترين به‌ركه‌وتن، يان حاڵه‌تى پيسبوون تووشى هه‌وكردن و سووتانه‌وه‌ ده‌بن.

پ: چۆن بزانم كه‌ تووشى ئه‌م حاڵه‌ته‌ بووم؟
و: كۆنيشانه‌ى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌، يان پووكانه‌وه‌ى زێ، كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى هه‌ستپێكراوى هه‌يه‌، كه‌ ديارترينيان ئه‌مانه‌ن:
- وشكبوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى زێ.
- سووتانه‌وه‌ى ناوچه‌ى زێ به‌ جۆرێ كه‌ نه‌خۆش ته‌واو ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت.
- بوونى ده‌ردراوى زێ، كه‌ پێكهاته‌، ڕه‌نگ و بۆنى جياوازه‌ له‌ ده‌ردراوى سروشتیى زێ. له‌كاتێكدا ده‌ردراوى سروشتیى زێ به‌ زۆرى له‌گه‌ڵ چوون به ‌ته‌مه‌ندا كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ زيادبوونى ده‌ردراوى زێ ده‌شێ نيشانه‌يه‌كى ديارى ئه‌م حاڵه‌ته‌ بێت، كه‌ نه‌خۆش خۆى هه‌ستى پێ ده‌كات، به‌ به‌راورد به‌و بڕه‌ى، كه‌ پێشتر هه‌يبووه‌.
- خورانى ناوچه‌ى زێ به‌ شێوه‌يه‌كى بێزاركه‌ر.
- هه‌ستكردن به‌ سووتانه‌وه‌ له‌ كاتى ميزكردندا.
- ڕانه‌گرتنى ميز چه‌نده‌ كه‌ميش بێت، يان هه‌ستكردن به‌وه‌ى، كه‌ ميزت دێ و ميزڵدانيش به‌تاڵه‌.
- سووكه‌ خوێنبه‌ربوون له‌ كاتى په‌يوه‌ندیى سێكسيدا.
- هه‌ستكردن به‌ ناڕه‌حه‌تى و سووكه‌ ئازار له‌ كاتى سێكسدا.

پ: كه‌ى‌ پێويسته‌ سه‌ردانى پزيشك بكه‌م؟
و: وه‌ك ئاماژه‌مان پێ دا، كۆنيشانه‌ى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌ حاڵه‌تێكى باوه‌، زۆربه‌ى ژنان له‌دواى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌ به‌ ماوه‌يه‌ك، تووشى ده‌بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌ تووشى ناڕه‌حه‌تى و هه‌ندێ جار كێشه‌ى په‌يوه‌ندييان ده‌كات له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانيان، چونكه‌ ناتوانن وه‌ك پێشتر له‌ سێكسدا كارا بن، به‌ڵام ته‌سليمى حاڵه‌ته‌كه‌ ده‌بن و خۆيانى له‌گه‌ڵدا ده‌گونجێنن. هه‌ندێكيان به‌ لايه‌وه‌ مايه‌ى شه‌رمه‌نده‌ييه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌دا سه‌ردانى پزيشكى ژنان بكات و باسى بارى ناڕه‌حه‌تیی خۆى بكات، كه‌ ناتوانێ وه‌ك قۆناغه‌كانى پێشووترى ته‌مه‌نى، سێكس بكات، هه‌ندێكيشيان به‌ بيانوويه‌كى شياوى ده‌زانن، تا له‌ سێكس دوور بكه‌ونه‌وه‌، به‌ تايبه‌تى ئه‌گه‌ر له‌و جۆره‌ بن، كه‌ له‌ گه‌نجێتيشدا له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك بێت، هێنده‌ چێژيان له‌ سێكس نه‌بينيوه‌. هه‌ندێكيشيان وه‌ك حاڵه‌تى ئاسايى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ وه‌رى ده‌گرن و ته‌نانه‌ت هه‌ر باسيشى ناكه‌ن.
به‌ڵام وا باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ درێژه‌ى كێشا، سه‌ردانى پزيشك بكه‌يت و چاره‌سه‌رى پێويست وه‌ربگريت.


پ: هۆكاره‌كانى ڕوودانى پووكانه‌وه‌ى زێ چيين؟
و: دابه‌زينى ئاستى ئه‌سترۆجين و ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ى، كه‌ به‌هۆى ئه‌م كه‌مبوونه‌وه‌يه‌وه‌ له‌ جه‌سته‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، ديارترين هۆكارن بۆ تووشبوون به‌م حاڵه‌ته‌.
هه‌روه‌ها هه‌ندێ هۆكار هه‌ن، كه‌ تا ڕاده‌يه‌ك كاريگه‌رييان هه‌يه‌ له‌سه‌ر تووشبوون به‌ كۆنيشانه‌ى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌. وه‌ك:
- جگه‌ره‌كێشان، هه‌ندێ توێژينه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كاريگه‌ریى كێشانى جگه‌ره‌ له ماوه‌ى سووڕى مانگانه‌دا ئه‌نجام دراون، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌م باره‌دا، ناوچه‌ى زێ و شانه‌كانى ده‌وروپشتى ئۆكسجينى پێويستيان پێ ناگات. هه‌روه‌ها جگه‌ره‌كێشان ئاستى ئه‌سترۆجين كه‌م ده‌كاته‌وه‌. به‌ زۆرى ژنانى جگه‌ره‌كێش زۆر زوو سووڕى مانگانه‌يان ده‌وه‌ستێ.
پاراستنى ته‌ندروستى به‌ گشتى، هه‌وڵدان بۆ پاراستنى په‌يوه‌ندیى سێكسى به‌ شێوه‌يه‌كى ڕێكوپێك، پاكوخاوێنیى ئه‌و ناوچه‌يه‌، ده‌شێ هه‌موويان يارمه‌تيده‌ر بن له‌ خۆپاراستن له‌ تووشبوون به‌م حاڵه‌ته‌.
- منداڵبوون له‌ڕێى نه‌شته‌رگه‌رييه‌وه‌، ئاماره‌كان ئاماژه‌ ده‌ده‌ن به‌وه‌ى، ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ له‌ڕێى سروشتييه‌وه‌ منداڵيان نه‌بووه‌ زياتر له‌و ژنانه‌ تووشى ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌بن، كه‌ به‌ سروشتیى منداڵيان بووه‌.
- ئه‌نجامنه‌دانى هيچ چالاكييه‌كى سێكسى. چالاكى سێكسیى هاتوچۆى خوێن به‌ناو كۆئه‌ندامى زاوزێدا زياد ده‌كات.

پ: ئه‌ى بۆچی ئاستى ئه‌سترۆجين داده‌به‌زێ؟
و: ئاستى ئه‌سترۆجين به‌ هۆى ئه‌م هۆكارانه‌وه‌ داده‌به‌زێ:
- له‌دواى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌، به‌ڵام مه‌رج نييه‌ هه‌موو ژنێك، كه‌ سووڕى مانگانه‌ى به‌ هۆى چوونه‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ ده‌وه‌ستێ، تووشى پووكانه‌وه‌ى زێ ببێت.
- له‌ چه‌ند ساڵى پێش وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌وه‌، ئه‌م هۆرمۆنه‌ ده‌ست به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌كات.
- له‌دواى لابردنى هێلكه‌دانه‌كان له‌ ڕێى نه‌شته‌رگه‌رييه‌وه‌.
- له‌دواى چاره‌سه‌رى شێرپه‌نجه‌ به‌هۆى تيشكه‌وه‌.
- به‌هۆى چاره‌سه‌ریى هۆرمۆنييه‌وه‌.
- له‌دواى چاره‌سه‌رى كيميايى بۆ چاره‌سه‌ركردنى شێرپه‌نجه‌.

پ: ئايا فه‌رامۆشكردنى ئه‌م حاڵه‌ته‌ هيچ مه‌ترسييه‌كى هه‌يه‌؟
و: جگه‌ له‌ هه‌ستكردن به‌ ناڕه‌حه‌تى، ده‌شێ پشتگوێخستنى ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌ندێ نيشانه‌ى ديكه‌ى نه‌خوازراوى لێ بكه‌وێته‌وه‌، وه‌ك:
- به‌هۆى گۆڕانى هاوسه‌نگى ترشه‌كان له‌ ناوچه‌ى زێدا، ئه‌و ژنه‌ ده‌شێ تووشى هه‌وكردن ببێت.
- كێشه‌ى ميزكردن. وه‌ك هه‌ستكردن به‌ سووتانه‌وه‌، ميزڕانه‌گرتن و تووشبوون به‌ هه‌وكردن.

پ: ئه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌يه‌؟
و: ده‌كرێ له‌ ڕێى چاره‌سه‌رى هۆرمۆنييه‌وه‌ ئاستى ئه‌سترۆجين به‌رز بكرێته‌وه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌رى هۆرمۆنى له‌وانه‌يه‌ كاريگه‌ریى لاوه‌كى له‌سه‌ر ته‌ندروستى به‌ گشتى جێ بهێڵێت. هه‌ندێ چاره‌سه‌ريش هه‌يه‌، كه‌ بريتييه‌ له‌ وه‌رگرتنى بڕێكى كه‌م له‌ ئه‌سترۆجين له‌ ڕێى كرێمى تايبه‌تييه‌وه‌ نه‌خۆش وه‌رى ده‌گرێ، ئه‌م ڕێگه‌يه‌يان سه‌لامه‌تتره‌، به‌ڵام خاوه‌ و ساڵانێكى زۆر ده‌خايه‌نێ.
هه‌ندێ جاريش چا‌ره‌سه‌رى سروشتى كاريگه‌ریى باشى ده‌بێ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى نيشانه‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌، بۆ نموونه‌ ده‌كرێ په‌يڕه‌وى يه‌كێك له‌م ڕێگانه‌ بكه‌يت:
- خواردنى تۆوى كه‌تان سوودێكى باشى ده‌بێ، ده‌كرێ بكرێت به‌سه‌ر زه‌ڵاته‌، يان له‌گه‌ڵ نان تێكه‌ڵ بكرێ.
- ماست و سير تێكه‌ڵ بكرێ و ڕۆژى دووجار ئه‌و ناوچه‌يه‌ى پێ چه‌ور بكرێ.
- گوڵه‌ به‌يبوون، بڕێك بكه‌ره‌ ناو ئاوى له‌ كوڵه‌وه‌وه‌ و سه‌رى داپۆشه‌ بۆ چه‌ند ده‌قيقه‌يه‌ك، دوايى بيپاڵێوه‌، ڕۆژانه‌ ئه‌و شوێنه‌ى پێ بشۆ، كاريگه‌ریى باشى ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى خووران له‌و شوێنه‌دا.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.