نووسین بە مەرجی ڕووتبوونەوە

2

خوێندنەوەیەک بۆ هەندێک لە دەقەکان

- ئاوێنە
دەقی (ئاوێنە) ئاماژەیە بە تەنیاکەوتنی مرۆڤێکی ڕاستگۆ، کە تەریکە و بەر پەلاماری دوژمنان دەکەوێت، ڕێک وەک ئەو ئاوێنەیەی، کە تیایدا جوانی و ناشیرینییەکانی خۆمان دەبینینەوە. هەڵبەتە ئاوێنەی پاک ئەگەر وێنەی ناشیرینی خۆمان بخاتەوە بەر چاوان، لای ئێمە چارەنووسی شکاندنە، چونکە کەسمان حەز ناکات وێنەی دزێوی خۆی ببینێت، ئەوەشیان سەیر نییە، کە ناوونیشانی کتێبەکەمان (من ئەمەم) هەوڵێکی نووسەرە تا مل بداتە بەر ملمان و بڵێت: "من پێت دەڵێم تۆش کێیت"، ئەمەش ڕکابەرییەکی پۆزەتیڤ و ئەرێنییە، کە تیایدا خودی نووسین بە مەرجی خۆڕووتکردنەوەیە لەپێناو ڕووتکردنەوەی بەرامبەردا.

- ماسیی بێ پاسکیل
لەژێر ناوی (ماسیی بێ پاسکیل)دا پتر گومان دەرهەق بە ڕوانینی زێدە دواکەوتووانەی تێکڕای کۆمەڵگا دەکرێت، لەبەرامبەر ئەوەدا کە ژنان بێ پیاوان وەک بیابان قاقڕ و وشکانین. لە ناواخنی ئەم کولتوورەدا، پەیوەندییەکی باوی نێوان ژن و پیاو لەسەر پێویستی و سوودمەندی و چێژی ڕاگوزەر وەستاوە، نەک خۆشەویستی، روانینەکە بە شێوەیەکی رەهاگەری خۆی نایسەپێنێت، بەڵام هەموومان هەست دەکەین، لە هەنووکەدا و لێرەدا وا کەوتووەتەوە، کە بە بڕوای من زۆرینەی خەڵکی لەوەدا یەکڕان، کە پردی پەیوەندیی نێوانمان زێدە لەرزۆک و چرووکە. ئێمە بەو مەرامە یەکتری دەناسین، کە پێویستی دەمانبات بۆ گەمەی خۆشەویستی نەک پێچەوانەکەی، دیارە پەیوەندیی مێ و نێرێک مەرجە لەسەر بناغەی خۆشەویستی دابمەزرێت، نەک پێوستییەکانی من و تۆ بۆ یەکتری، چونکە هیچکام لەو دوو ڕەگەزە شمەک و کوتاڵ و کەلوپەل نین، بەڵکوو بوونەوەرگەلێکن، کە خۆشەویستی مەرجی یەکەمی بوون و زیندەگییانە، بەڵام نووسەر لەم دەقەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە گەمەی خۆشەویستی بێجگە لە لەقەفەزنانی ژنان هیچی دیکە نییە و تیایدا مەرجە ژنەکان وەک هوزار و بولبولی ناو قەفەزەکان، بۆ کەیف و خۆشیی پیاوەکان بخوێنن، تا دەگات بەوەی ئیدی فڕینیان بیر دەچێتەوە، بە ئەندازەیەک، کە ئەو کاتانەی بەڕەڵا بکرێن نەتوانن بفڕن، چونکە پەڕوباڵیان هەڵوەریوە، بەڵام لەمیانەی دۆخێکی وا ناشیریندا، ماسی چەندە پێویستی بە پاسکیل هەیە، ژنانیش گەر ئازادیخواز بن، هەر ئەوەندە پێویستییان بە پیاوان هەیە.

- نەفرەتێک
لۆنا لە (نەفرەتێک)دا بە ئاشکراتر هەمان دۆخی نامرۆڤانە قووڵتر دەکاتەوە و نیشانی دەدات، کە ژنان و کچانی ئەم دەڤەرە بۆ پیاوان پتر پرۆژە و بابەتی ڕەیپ و ئەتکردنن، ئەوان بووکەڵە و بوونەوەری سێکسواڵی و کانگای هەوەسن بۆ نێرینەکان، واتا شمەکن نەک مەردمگەلی خاوەن هەست و نەست. ئایا ئەم چەشنە ڕوانینە هەر لای خۆمان باوە، کە مێینە بابەت و گەمەیەکی خۆشە بۆ (لاقەکردن) و پەلاماردان؟ نەخێر، گەر لە باری سایکۆلۆژییەوە قسان بکەین، لەناو هەر حەوت کێشوەرەکاندا، ژمارەیەکی یەکجار خەیاڵی- کە بە ملیۆنەهایە- بە جۆرێک پەروەردە کراون، وا مەزەندە دەکەن ژنان و کچان وەک هەر شتێکی بەردەست بۆ خۆشیی ئەوان دروست بوون. هەڵبەتە ڕوانینێکی وەها ناشیرین، ڕەگی قووڵی لەناو پانتایی مەزهەبگەرایی و کولتووردا هەیە، بگرە ئەم دووانەش هەم زاوزێ دەکەن و هەم جوگرافیایەکی قۆرخکراوی نێرینەکانن. ئەزموونی تاڵانکردنی کچان و ژنانی ئێزدی لە لایەن جەنگاوەرانی داعشەوە ئەم نێونیگایەی سەلماند، کە ژنان و کچان شایستەی لاقەکردن و بەتاڵان بردنن، ئەمەشیان پێشینەیەکی چەندین سەدە لەمەوبەری هەیە و بەردەوامە. ئەگەر ڕاشکاوتر قسە بکەین، دەکرێ بڵێین، ئەم خووە و ئەم ڕوانینە زێدە قێزەونەی پیاوان بۆ ژنان، بۆ مێژوویەکی زۆر دێرینتریش دەگەڕێتەوە.


کەواتە ژنبوون لەم مەملەکەتە نەفرین و کارەساتە. پیاوان ئەگەر بە کردەوە و لە باری ڕۆحی و فیزیکییەوە بۆیان نەکرا ژنان و کچان ئەتک بکەن و بە زۆردارەکی لاقەیان بکەن، ئەوسا ڕۆژانە بە چاو و بە قسە و تانە و تاشەر و دەست بۆ بردن و جۆرەها ڕەوشتی نزمی ناو گەمەی ڕاوچی و نێچیر لاقەیان دەکەن.


هاوکات ئەو هەستە کوشندەیەیان دەدەنێ، کە بێجگە لە بابەتی ئەتککردن و سووکایەتی پێکردن هیچی دیکە نین. تەنانەت ئەم هەستە لای کچۆڵە ناباڵقەکانیش دروست دەبێت، کاتێک بۆ یەکەمین جار دەچنە ناو بازاڕی شارەکانی خۆیان. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە، کە هەموو دونیا ماڵی پیاوانە، بۆ ژنان و کچانیش بە تەنیا ناو ماڵەکان و ئاشپەزخانە و ژووری نووستن هی ئەوانە، کە ئەوەیان ئەوپەڕی نامرۆیی و نایەکسانییە، کە تیایدا ژنان ئەتک دەکرێن. لە ڕوانگەی ملیۆنەها پیاوی دەردەدارەوە، جوگرافیای ڕاستەقینەی ژنان و کچان تەنیا ماڵە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ماڵە پتر لە زیندان و قەفەز دەچێت نەک ماڵێک بۆ ژیان و خۆشەویستی، ئەو هەندەسە و جوگرافیایەش دەستکردی پیاوانە نەک هی ژنان خۆیان، ئەو کۆشک و تەلارە ڕازاوانەش هیچ نین بێجگە لە ئەشکەوتی تاریک و بەندیخانە و سزاخانە، کە تیایاندا پیاوەکان پاسەوان و یاساوڵی ئەبەدین بەسەر ژنە بە کۆیلەکراوەکانەوە.


لە هەندێک جوگرافیای دیکە و دوور لە ئێمەدا، هەوڵێکی ئینسانی هەیە، کە تەمەنی چەندین سەدەیە بۆ تێکۆشان و خەونبینین بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەخشە و ئەندازەسازی و جوگرافیای جیاکارییە بە مانا راسیستییەکەی، کە پلە و پایەی نێرینەکان لە سەرووی مێینەکانەوە دەبینێت، کە دیزاینەرەکانی کۆمپلێت پیاوانی ستەمکار و نەخۆشن و خۆیان بە نیمچە-خودا دەزانن. دیارە ئەو جوگرافیا و کۆمەڵگایانە بە بەراورد لەگەڵ ئێمەدا شەقاوی هەراشیان ناوە و گومانێکی قووڵ لە لایەن ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز جێگیر بووە، کە دەبێت ئەم نەخشە ناشیرینە هەڵبوەشێتەوە، ئەگینا ژنان و پیاوان ناتوانن وەک دوو مرۆڤی سروشتی و ساغڵەم پێکەوە بژین. ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، ئێمە ئیدی پتر لەو گیاندارانە دەچین، کە لە باخچەی ئاژەڵاندا لە قەفەز نراون بۆ سەیرکردنی کەسانێک، کە ئەوان بۆ خۆشیان هەر لەناو هەمان قەفەز و باخچەی ئاژەڵاندا بەند کراون، بەڵام شادومانن بەوەی کە نازانن کۆیلە و بەندەوارن، شادومانیی کۆیلەکان لەوەدایە، کە هەرگیز تامی ئازادییان نەکردووە و ناشزانن لەدەرەوەی زیندانەکان و قەفەزەکان ژیانێکی ڕەنگینتر و مەستانە هەیە، کە ئەوان تامیان نەکردووە. گریمان لەسەر سینییەکی زێڕین ئەو سەربەستییە دەهێنیت و وەک خەڵاتێکی دەگمەن پێشکەشیان دەکەیت، ئەوان کاردانەوەی یەکەمیان ئەوەیە، کە لێی دەترسێن و ڕەتی دەکەنەوە. ئێمە و ئازادی هەزارەها ساڵی تیشکدار و تیشکهاوێژمان ماوە کە بمانگاتێ.

- ژیانێک
لەژێر ناوی (ژیانێک)دا، نووسەر پتر شیکاری بۆ زیندەگییەک دەکات، کە لە ناواخندا ئاماژەیە بە هۆشیارییەکی ساختە و فریودەر، بەڵام ئێمە بە ژیانێکی ڕاستەقینە وەرمانگرتووە، ژیانێکە فرە دۆخ و پڕ ئەزموونی زۆر و زەبەندی ئەرێنی و نەرێنییە و هەمووومان پیایدا تێدەپەڕین، بەبێ ئەوەی کەڵکی لێ ببینین، بەبێ ئەوەی درکی بکەین، کە یەک جارە و دووبارە نابێتەوە، ژیانێکی کورتە، بەڵام خەڵاتێکی دەگمەنە و وەک مینایەکی ناسک وایە، بۆ ئەوە پێمان دراوە تا ژوورەکەمانی پێ بڕازێنینەوە، کەچی ئێمە زۆر بێباکانە چنگ دەکەینەوە و بەری دەدەینەوە سەر زەوییەکی ڕەقەن و بەردەڵان و بە بەرچاوی خۆمانەوە بە جۆرێک ورد و خاش دەبێت، کە ئیدی مەحاڵە ببێتەوە بەو مینا و ئاوێنە ڕەنگینەی جاران. هەر بە راست مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە، کە نازانێت بژی، گیاندارەکانی دیکە لەوەدا بەختەوەرن، کە هێشتا لەناو سروشتی پاکدا ماونەتەوە، کە ئەفسووس تاکە بوونەوەرێک، کە پیس و بۆگەنی کردووە: مرۆڤ خۆیەتی.


گوایە ئێمەی مرۆڤ لەناو سروشت هاتینە دەرەوە و توانیمان بێینە ناو مێژوو، بەڵام خودی مێژوو لە بڕ و برگە و پێچێکی زۆردا، بێجگە لە مۆتەکە و کابووس هیچی دیکە نەبووە.

- نەبوونی ئاسمان
ئەم دەقەیان قسەکردنە سەبارەت بە مەترسیی چاندنی خەون و خەیاڵ و خولیا و ئومێد لەناو دڵ و رۆح و مێشکی مرۆڤدا. باسی ئەوە دەکات، کە دەکرێت ڕۆژێک لە ڕۆژان تۆ یان من، یان هەر یەکێک لە ئێمە، وەک فڕندەکان ببین بە خاوەنی دوو باڵ و ئیدی سەربەستانە بەناو ئاسمانە بەربەرینەکاندا باڵ لێک بدەین و بفڕین، بەڵام چاندنی خەونێک چەندە کوشندەیە بۆ هەموومان لە وڵاتێکدا، کە خودی خەون و خەیاڵ و خولیای فڕین تیایدا قەدەغە و حەرامە، ناتوانین ئەو فڕینە ئەزموون بکەین، کە هاوشانە بە گەمەی شیرینی سەربەستی و ویستگەری و شکاندنی کۆت و بەندەکان و سەرفرازیی هەتاهەتایی، خۆڕزگارکردنە لە زیندان و قەفەزەکان. کەواتە خەون- چاندن دەبێت بۆ وەدیهێنانی ئاواتەکان بێت و مەرجی یەکەمینیش بۆ ئەم وەدیهێنانە بەهرەمەندبوونە لە تاکڕەوی و دەرچوون لە گاڕان و مێگەلگەرایی. ئەگەر وەدیهێنانی خەونەکان ئامانج نەبێت، ڕێک لەوە دەچێت هەر یەکە و دوو باڵمان پێشکەش بکەن، بەڵام کاتێک سەرمان هەڵبڕین، ببینین ئیدی هیچ ئاسمانێک بەسەر سەرمانەوە نەماوە. (لۆنا) دیمەنەکەی ترسناکتر و کوشندەترە کردووە و دەڵێت، ئەگەر ئەو خاوەن خەونە یەكێک بێت لە کچان و ژنانی ئەم دەڤەرە، دواجار بەخشین و چاندنی وەها خەیاڵێک تیایدا بەبێ بوونی دوو باڵ، بێجگە لە بەدبەختی وغەمگینی، هیچی دیکە نییە. ئەو باڵانەی لێرەدا باس کراون، دەکرێت هۆشمەندی بێت، دەکرێت ئاگاهییەکی بڵند بێت بە خودگەرایی و تاکڕەوی، کە پێشمەرجەکەی سەربەستییە بە بوون بە خاوەنی ئەو دوو باڵە، تا بەرزتر بفڕین و پۆلە مەلە نزم- فڕەکان بەجێ بێڵین. دەکرێت (نەوڕەس)ەکەی ناو نۆڤلێتی (ریچارد باخ) بکەین بە نموونە بۆ ئەم خەونە سەنگینە، نەوڕەسێک کە لە فڕین ڕووەو بن پەڕەکەی ئاسمان ناترسێت، یان وەک فڕینی (دەیدالۆس)ی باوک و (ئیکاروس)ی کوڕ، کە زیندانین و بەر نەفرەتی (مینوس)ی خوداوەند دەکەون. دواتر، ئەوانیش بۆ هێنانەدیی خەونەکەیان، بیر لە هەڵاتن دەکەنەوە و هەر یەکە و دوو باڵ بۆ خۆیان دروست دەکەن. باوکە ئامۆژگاریی کوڕەکەی دەکات، کە زۆر بەرزەفڕ نەبێت، نەکا لە خۆر نزیک ببێتەوە و باڵەکانی بتوێنەوە و بکەوێتە خوارەوە، بەڵام کوڕەکەی سەرکێشە، لەوە ناترسێت خۆر شەمێ و مۆمی جێگیرکراوی ناو پەڕ و باڵەکانی بتوێنەوە، هەتا ئەگەر بکەوێتە خوارەوە و هەپڕوون بە هەپڕوونیش بێت.


دەی دوا جار چ ترسناکە، کە نەبوونی خەیاڵ و ئاسمان وامان لێ بکەن، قایل ببین و ژیانی گیاندار و زیندەوەرە خشۆکەکان هەڵبژێرین، یان دۆخی نالەباری ئەو ماسییە بژین، کە لە ترس و تاوی قرشەکان، بەدرێژایی ژیانی ناوێرێت خۆی هەڵبدات بۆ سەرووی ڕووبارەکان و دەریاچەکان نەکا بخورێت، کەچی لە بەختی ناپوختی ماسییەکان، کە خەریکە لە ترسان باڵ بگرن و بفڕن، کەچی باز و هەڵۆکان لە حەواوە هەڵمەتیان بۆ بێنن و پەلاماریان بدەن و بخورێن. ئێمە چەندە لەو ماسییە دەچین، کە نە لەناو ئاودا و نە لە ئاسماندا سەر سەلامەت نین!


بەڵام چار چییە، کە ئێمە هەر هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان مەحکووم و گیرۆدەین بەوەی کە بێجگە لە چاندنی خەیاڵ و خەونبینین، هیچ دەرەتان و دەریچەیەکی دیکەمان نییە، دەلوێت هەندێکمان لە دۆخی زیندەگیی ناو چاڵ وکەند و لەندان بێینە دەرێ و باڵەفڕەیەک بکەین و خۆمان لە قۆناغی ژیانی زیندەوەرە خشۆکەکان ڕزگار بکەین. ئەمە مەحاڵ و نەشیاو نییە، بەڵکوو ویست و ئازایەتی هەر دەبێت لە فڕین کەمتر نەخوازێت، هەر ئەوەندەمان قورسە، کە لە زەوی بەرز ببینەوە و تامی فڕین بکەین، ئیدی مەحاڵە بسرەوین. زانستیش سەلماندوویەتی، کە هەر هەموو باڵندەکانی ئاسمان، لە سەردەمانێکی کۆن و دێریندا زیندەوەر و گیانداری خشۆک بوون، یان بووونەوەری ناو چەم و ڕووبار و زەریاکان بوون، بەڵام عیشقی مەستانەی فڕین وای کردووە، فێری فڕین ببن و بەرزتر لە خەون و خەیاڵیش بفڕن!