ژیانمان لەناو کەپرەکەی تەوێڵە

 

ڕەنگە لە بەشێکی نووسینەوەی یاداشتەکانمدا، باسی ئەوەم کردبێت، کە چۆن لە شۆڕشی ئەیلوولدا شارمان بەجێ هیشتووە و رۆیشتووین و لە شارۆچکەی تەوێڵە گیرساوینەتەوە، بەڵام ئەو یادەوەرییە خۆشەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە ئەوە بوو، کە لە هاویندا ئێمە زۆرمان لە دایکم کرد لە خانووە بچووکەکەی گرتبوومان و تێیدا دەژیاین، بچینە ناو باخەوە.


دڵنیاشم، کە بەشێکی زۆری خێزانە کوردەکان بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە، چەندین جار وەک ئێمە ماڵوێران بوون و ماڵیان دروست کردووەتەوە.


ئێمەش ماڵی خاڵوانم خاوەنی کۆمەڵێ باخ و تەلانی گەورە بوون لە تەوێڵە، یەکێ لەو باخانەش لەسەر رێگەی ئاوێسەر بوو، کە ئێستا یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە دیارەکانی تەوێڵە و دەکەوێتە سەر سنووری ئێران و زۆر گەشتیار لە رۆژانی پشوودا سەردانی دەکەن.


هەر چۆنێک بێت، دایکمان رازی کرد، کە کۆچ و بار کۆ کەینەوە و بچینە ناو باخەوە، لەوێ کەپرێکی جوانیان بۆ کردین، کە بەڕاستی من وام دەزانی هەموو دنیا هێ ئێمەیە، ئەوەندە دڵم بەو کەپرە خۆش بوو، بە تایبەت من و جوانی خوشکم، کە ئەو کاتە بچووکی خێزانەکەمان بووین و زۆر دڵمان بە ژیانی ناو ئەو کەپرە دەکرایەوە و بڕیارمان دا دایکم هەر چییەک بڵێ بە قسەی بکەین، بەڵام ئەوەی بە لای دایکمەوە گران و سەخت بوو، مەسەلەی ئاوهێنان و خۆشوشتن و جل شوشتن و قاپ و قاچاخ شوشتن بوو. ئێمە ئەوەشمان بۆ ئاسان کرد، کە هەر ئەو رازی بێت خۆمان ئەو ئەرکانە دەکێشین. کەمێک نوێن و کەرەستەی پێویست لە جلوبەرگ و خواردنمان کۆ کردەوە و بە وڵاخێک برا بۆ ناو کەپری باخەکە. خۆشترین سات بۆ ئێمە ئەوە بوو، کە گسکمان گرت بەدەستەوە و نەرمە ئاوڕشێنێکمان کرد و دەستمان کرد بە پاککردنەوەی کەپرەکە بۆنی خاک لووتی پڕ کردبووین، شنەی گەڵای درەەختەکان و هاژەی ئاوی دێراوەکان، کە بەلای باخەکەدا دەڕۆیشت، بۆ من جوانترین دنیای خۆشی بوو، بەدرێژایی تەمەنم حەزم بەو شێوە ژیانە سادەیە کردووە. وڵاخ گەیشت و وردە وردە شتەکان داگیرا و فەرش راخرا و نوێنەکان لە گۆشەیەکی کەپرەکەدا بە جوانی هەڵچنرا، تەرمۆزی ئاوخواردنەکە خرایە سەر بەردێک، باوکم خێرا بە پەیژەی داری کەپرەکە لقێکی دۆزییەوە رادیۆکەی پێدا هەڵواسی و کردییەوە و خستییە سەر دەنگی کرماشان و دەنگی شوکرەڵای بابان، تەلانەکانی پڕ کرد، هەرچەندە دایکم ترسی نووستنی شەوانی هەبوو، لە هەموو جۆرە مار و مێروویەک، بەڵام باوکم هەوڵی دا بە زووترین کات هەرچۆنێک بێت ڕووناکیی گڵۆپێک بۆ شەوان دابین بکات، جگە لە فانۆس و چرا، لای ئێواران کزەباکەی ساردی دەکرد، دایکم دەیناردین چیلکە و دار کۆکەینەوە، بۆ ئەوەی ئاگردانێک دروست بکات و دەست بکات بە چێشتلێنان، بۆنی چێشتەکەی دایکم لەسەر ئەو دارە بێ ئەندازە خۆش بوو . ماڵێکی تر چەند کەپرێک سەر و باخەکەی ئێمە بوو، ئەو چەند ئێوارەیەی کە لەوێ مابووینەوە، من و جوانی خوشکم دەچووین سەتڵە ماستی بچووک و دۆمان ئەکڕی و ئەمان هێنایەوە و دایکم لەژێر داری کەپرەکەدا دایدەنا بۆ بەرچایی بەیانی، کە ئێوارانیش تاریک دادەهات، دەنگی هاژەی ئاو و خوێندنی باڵندەکانی شەوان تێکەڵ بە دەنگی رادیۆکەی باوکم دەبوو، ئێمەش لە سەرما باوەشمان بەیەکدا دەکرد و لەژێر بەتانی و لێفەکاندا تا بەیانی خۆمان لوول دەکرد، کە چاومان دەکردەوە، هەر لقی درەختێک سەدەها چۆلەکەی لەسەر بوو، بە دەنگی جریوەکانیان خەبەریان دەکردینەوە، ئیتر هەرچەند شەوێک ماینەوە و گەڕاینەوە بۆ خانووە بچووکەکەمان لەناو تەویڵەدا.