من له‌ ڕه‌قه‌ بووم

19

به‌شی (یازده‌یه‌م)


خه‌ڵكى شام و ڕه‌قه‌ لە توونسییەکان ده‌ترسان

چه‌ند جارێك بۆ ناچاركردنى ژنانى ڕه‌قه‌ بۆ پۆشینى په‌چه‌ (بۆ داپۆشینى پرچ و چاوه‌كانیان) ته‌داخولم كرد. چه‌ند جاریش له‌سه‌ر جگه‌ره‌كێشان، كه‌ له‌ ناوچه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت قه‌ده‌غه‌ بوو، هه‌نگاوم نا. من ناوى شه‌رعیم له‌ ته‌نگ پێهه‌ڵچنینه‌كانم نابوو و هێزه‌كانى دیوانى حه‌سبه‌ش لێم تێده‌گه‌یشتن.


هه‌رچه‌ندهرهیچ جۆره‌ توندوتیژییه‌كم له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا نه‌ده‌كرد، به‌ڵام هه‌وڵم ده‌دا ئه‌وان ڕاده‌ستى سه‌یاره‌كانى دیوانى حه‌سبه‌ بكه‌م، تا بۆ باره‌گاكه‌یان بۆ ئیجرائاتكردن له‌گه‌ڵیان بیانبه‌ن، چونكه‌ باره‌گاى دیوانى حه‌سبه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ی تاوانى ناشه‌رعییان ده‌كرد، له‌به‌رامبه‌ر بۆمبارانه‌كان بۆ به‌سه‌ربردنى سزاكانیان ئه‌مینتر و هێمنتر بوو.


به‌س من نه‌بووم كه‌ له‌ خه‌ڵكى ئاسایی توووڕه ‌بووم، زۆر جار ده‌مبیست، كه‌ موهاجیرانى هاتووش بۆ نێو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ خه‌ڵكى ئاسایی تووڕه‌ن و ڕه‌خنه‌یان ده‌گرت و جنێویان پێ ده‌دان و ئه‌وانیان وه‌ك بارێك به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌ لێ ده‌ڕوانى و له‌و بڕوایه‌شدا بوون، نابێت هه‌رگیز متمانه‌یان پێ بكرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وان كه‌ ئاماده‌ بوون هاوكاریى دوژمنه‌كانیان بكه‌ن و له‌ دژیان بوه‌ستنه‌وه‌.


هێشتاكه‌ وێنه‌ و ڤیدیۆى هه‌ندێك كه‌ناڵى سه‌ته‌لایت، دوای به‌ده‌سته‌وه‌دانى شارى ته‌لئه‌بیەز و كه‌وتنى شاره‌كه‌ له‌ ده‌ستى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌رده‌وام ئه‌ویان له‌ كه‌ناڵه‌كانیان لێ ده‌دا و په‌خشیان ده‌كرد. له‌به‌رچاومان بوو. ئه‌و ڕۆژه‌ ژنانى شار به‌وپه‌ڕى خۆشحاڵبوونیانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م كامێراى كه‌ناڵه‌كان، نیقاب و سه‌رپۆشه‌كانى سه‌ریان لاده‌دا!


له‌نێو شه‌ڕكه‌رانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا ئه‌و بڕوایه‌ له‌ئارادا بوو، كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و پێكه‌نینى خه‌ڵكى له‌ شاره‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، كه‌ له‌سه‌ر لێوى خه‌ڵك ده‌بینین، شتێكى فرێوكارانه‌یه‌ و هیچ ڕاستگۆییه‌ك له‌و پێكه‌نینانه‌ى ئه‌واندا نییه‌، منیش هه‌ندێ جار له‌نێو خه‌ڵكى ڕه‌قه‌ و ده‌وروبه‌ریدا، له‌پاڵ ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ فرێوكارانه‌یان، جۆره‌ ساده‌ییه‌كم ده‌بینى كه‌ له‌ سنوورى نه‌زانى و ده‌به‌نگیدا بوو. وه‌ك توونسییه‌ك، كه‌ بۆ شارى ڕه‌قه‌ هاتبووم، جیاوازییه‌كى زۆر له‌نێوان خۆمان له‌ توونس و خه‌ڵكى ناوچه‌كانى ژێر دەسەڵاتى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تم هه‌ست پێ ده‌كرد.


خه‌ڵكى شام و ڕه‌قه‌ دیدێکی تایبه‌تیان بۆ‌ توونسییه‌كانه‌وه‌ هه‌بوو. له‌ ئێمه‌ ده‌ترسان و ئێمه‌یان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانى جه‌نگدا له‌ هه‌مووان تووڕه‌تر و خوێنڕێژتر ده‌زانى. هه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ى كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان و هاووڵاتییانیشیان به‌رامبه‌ر ئێمه‌ هه‌یانبوو. هه‌ركاتێك شه‌رڤانانى كورد شه‌ڕكه‌رێكى توونسییان له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگدا به‌ زیندوویی ده‌ستگیر ده‌كرد، خۆشحاڵ ده‌بوون و هه‌ر ئه‌م ڕوانگه‌یەش په‌لی بۆ عێراقیش هاویشت و به‌زیندوو ده‌ستگیركردنی شه‌ڕكه‌رێكى توونسیی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، سه‌ركه‌وتنێك بۆ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌و وڵاته‌ش به‌ئه‌ژمار ده‌هات.


بابه‌تى عه‌وام و ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ چ ڕیزێكدا دابنرێن، موسڵمان یان لاده‌ر، هه‌میشه‌ یه‌كێك له‌و باس و خواس و جێى مشتومڕه‌كانى نێوانمان بوو. زۆرجار سه‌ربازانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ئه‌وانیان بە هابەشدانەر ده‌زانى، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر سه‌رنجى منى ڕانه‌ده‌كێشا و ته‌نانه‌ت بۆ جارێكیش بیرم له‌م بابه‌ته‌ نه‌كرده‌وه‌. ئایا موسڵمانن؟ یان هاوبەشدانەر؟ ئایا كافرن؟ ئاوا پرسیارگه‌لێك له‌ زه‌ینمدا نه‌بوو، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ، ئەزموونی كه‌سیی خۆم له‌گەڵ كابراى دز و ئه‌و بیروباوه‌ڕ و ده‌سته‌به‌ندیكردنانه كه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌كرا، وای كردبوو کینە و بێزم له‌وان بێته‌وه‌ و لێیان تووڕه‌ بم. كه‌ ئاوا ئەزموونێكم پێشتر له‌ وڵاته‌كه‌ى خۆم پێش هیجره‌تكردنم له‌ هاووڵاتییانى وڵاتم بۆ دروست بووبوو.


دوای قامچى لێدانه‌كانم له‌سه‌ر كابراى دز، دڵنیا بوومه‌وه‌ كه‌ عه‌وام شیاوى ئه‌و فیداكارییه‌ى ئێمه‌ نین كه‌ له‌ جه‌نگه‌كانماندا هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، هه‌ندێك له‌ موهاجیره‌كانی تریش ئاوا بۆچوونێكیان له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌بوو.


هه‌ر له‌و كاتانه‌دا گه‌رمه‌ى ڕاكردن و سه‌فه‌ركردنى كۆچبه‌رانى سووریا له‌ توركیاوه‌ بۆ یۆنان بوو، كه‌ به‌شی ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت كورته‌ فلیمێكى دروست كرد، منیش له‌وەدا قسه‌م كرد. ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ سه‌ردانێكى بچووك بۆ شاری ئه‌لباب چووبووم. له‌و فلیمه‌دا كه‌ ناوى (ویستبدل قوما غیركم) بوو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت داواى له‌ خه‌ڵك ده‌كرد، خاك و نیشتمانیان به‌جێ نه‌هێڵن و بۆ ئه‌م گوته‌یه‌ش له‌ من، كه‌ ڕێگایه‌كى دوورودرێژم بۆ گه‌یشتن به‌ شام تێپه‌ڕاندبوو به‌ نموونه‌ وه‌رگرت. له‌و فلیمه‌دا من داوام له‌ هاونیشتمانییانى سووری كرد، كه‌ له‌و نیشتمانه‌ى له‌ژێر سێبه‌رى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدایه‌ بمێننه‌وه‌ و ئاماژه‌م به‌وه‌ كرد، كه‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ ده‌وڵه‌تێكى ئیسلامیداین، كه‌ له‌ودا سنوورى ئیلاهی و عه‌داله‌تى خودایی تیایدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.


ڕاستییه‌كه‌ى زۆر به‌و قسانه‌ى له‌ فلیمه‌كه‌دا كردم ئیمانم نه‌بوو. بۆچى وا قسه‌م كرد؟ له‌ ترس بوو یان شتی تر؟ نازانم، به‌ڵام له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌ ده‌زانم، كه‌ ڕوانگه‌م سەبارەت به‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ڕوانینێكى ئیسلامییانه‌ و دیندارانه‌ نه‌بوو و گۆڕابوو. له‌و كاته‌دا به‌و متمانه‌ و یه‌قینه‌ گه‌شتبووم، كه‌ ئه‌م قسانه‌ له‌كاتێكدا ده‌كه‌م، كه‌ بڕوا و یه‌قینم پێیان نییه‌. قسه‌یه‌كم كرد، كه‌ كابرای ڕۆژنامه‌وان ده‌یویست ئه‌و ببیستێت، نه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بوو، كه‌ له‌ وێناكانى مندا بوو، نه‌ من چیدى ئه‌و كه‌سه‌ بووم، كه‌ كاتێك له‌ ته‌لبه‌نده‌ دڕكاوییه‌كانه‌وه‌ له‌ خاكى توركیاوه‌ بۆ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، به‌ قه‌ناعه‌تێكى تایبه‌ته‌وه‌ تێپه‌ڕیم، سوجده‌م بۆ خاكه‌كه‌ى برد.


ئه‌و ڕۆژانه‌ من له‌ شارى ئه‌لباب، كه‌سێك له‌و هه‌موو گه‌نجانه‌ بووم، كه‌ به‌هیواى گه‌یشتن به‌ نموونه‌یه‌ك جیاواز له‌وه‌ى كه‌ له‌ وڵاتانى خۆیان جێبه‌جێ ده‌كرا، بۆ ئێره‌ هاتبووم و ڕێگاى هه‌وراز و نشێوى زۆرم له‌پێناویدا بڕیبوو.


له‌ شارى ئه‌لباب جارێكیان بۆ جێبه‌جێكردنى سزاى دزیكردن، ده‌ستى كه‌سێكم کە دزی كردبوو (له‌ دادگا حوكم درابوو) ڕاگرت و یه‌كێك له‌ هاوڕێكانم مه‌چه‌كى ئه‌وی به‌ شمشێر قرتاند. ئیتر ئاوابوو، بوونى من له‌و كاته‌دا هاوتاى جێبه‌جێكردنى سنووردارى له‌باره‌ی گه‌نجێكى 24 ساڵه‌ هاوكات بوو، كه‌ من ده‌ستى دزه‌كه‌م دوای به‌نجكردن و بێ هه‌ستكردنى ڕاگرت و پاشان به‌ شمشێر ئه‌ویان قرتاند و كه‌سێكیش هه‌موو دیمه‌نه‌كه‌ى وێنە گرت.


ده‌ستى دزه‌كه‌ كه‌ قرتێنرا، هه‌موو ئاماده‌بووان، چ عه‌وام و چ شه‌ڕكه‌ران الله‌اكبر-یان ده‌گوت. پاشان له‌گه‌ڵ ئه‌و دزه‌دا سوارى ئه‌مبوڵانس بووین. له‌ سه‌یاره‌كه‌دا هه‌وڵمان دا بزانین بۆچى ئاوا سزایه‌كى وه‌رگرتووه‌. به شێوه‌زارى سووری پێمان گوت چیت كردووه‌ و چیت دزیوه‌؟ ئه‌و گوتى ماتۆڕێكى لێخوڕینم دزیوه‌ و له‌وه‌ى كه‌ سزایه‌كى شه‌رعی له‌سه‌رى جێبه‌جێ كراوه‌، دڵخۆشه‌!


نه‌مزانى ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ بڕینى ده‌ستى خۆشحاڵ بوو! یان له‌ ترسدا ئه‌وه‌ى ده‌گوت، نه‌مده‌توانى به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌ى به‌و له‌بیر بكه‌م و بیشارمه‌وه‌، پرسیم پێده‌چى له‌و سزایه‌دا زوڵم له‌ تۆ كرابێت؟ پێده‌چێت به‌دواى شتێكیشه‌وه‌ بووبووم، كه‌ بۆشاییه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا بدۆزمه‌وه‌.


گه‌نجه‌كه‌ ئه‌م قسانه‌ى ڕه‌ت كرده‌وه‌ و ئه‌وەى به‌ دوور زانى! ئایا له‌ ترسی من ئه‌م قسانه‌ى ده‌كرد؟ ئایا واى ده‌زانى من یه‌كێك له‌ كه‌سه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بم و پاش بڕینى ده‌ستى ئه‌و، خه‌ریكم به‌دواى بیانوویه‌ك بۆ بڕینى سه‌ریشی ده‌گه‌ڕێم؟! به‌درێژایی ڕێگاكه‌مان تا نه‌خۆشخانه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌كیشی له‌باره‌ى ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌ نه‌هێنایه‌ سه‌ر زمانییه‌وه‌، به‌س ئه‌وه‌ى گوت، كه‌ پێش جێبه‌جێكردنی سزاكه‌ دوو مانگێك به‌ند كراوه‌.


ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى دزیكردنى خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ زه‌ینمدا ده‌هات، بوونى ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌ له‌ ڕه‌قه‌ و شاره‌كانی دیکە بوو، كه‌ هیچ جێگا و شوێنێكیان بۆ مانه‌وه‌ نه‌بوو و هه‌ژار مابوونه‌وه‌، له‌كاتێكدا شه‌ڕكه‌رانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت زیاده‌ڕۆیی له‌ڕاده‌بەدەریان له‌مبارهیە‌وه‌ هه‌بوو و ئه‌مه‌ش له‌ میوانی و له‌ ژه‌مه‌ خواردنه‌كاندا به‌ده‌ر ده‌كه‌وت، كه‌ جارجاره‌ش له‌مبارهیە‌وه‌ له‌ ئه‌میره‌كانم ده‌پرسی، قسه‌كانم بێ وه‌ڵام ده‌مانه‌وه‌.


به‌سه‌رهاتى ئه‌و هاووڵاتییه‌ ده‌ست قرتاوه‌، دیدی منى له‌باره‌ى عه‌وامه‌وه‌ به‌گشتى نه‌گۆڕی، هێشتاكه‌ هه‌ر وه‌كوو دیوانى حه‌سبه‌ هه‌ڵسوكه‌وتم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا ده‌كرد و تەنگمبه‌ گه‌نجه‌كای‌ ره‌قه‌ و ده‌وروبه‌ری هەڵدەچنی، له‌باره‌ى هه‌ندێك لادانه‌ شه‌رعییه‌كانیان له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت.


جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان كه‌ هات، منیش له‌ نه‌خۆشیی زه‌ردوویی تازه‌ ڕزگارم بووبوو. به‌رده‌وام بۆ یه‌كێك له‌ باره‌گاكانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ ناوه‌ندى ڕه‌قه‌، كه‌ هاوڕێكانم له‌وێ بوون، ده‌چووم. له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا هێشتا له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و هه‌ڵه‌كانى ڕه‌خنه‌م ده‌گرت، كه‌م كه‌م ڕه‌خنه‌گرتنه‌كانمان ئاراسته‌ى به‌ره‌و بناغه‌كانى دروستكردنى بیروبۆچوونى فیكری و بیروباڕه‌كانیان، كه‌ ئه‌ندێشه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بنیات نرابوون، گۆڕا. هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێكیش له‌ ئێمه‌ ده‌ترسان و له‌ قسه‌كردن له‌باره‌ى ئه‌و موهاجیرانه‌ى كه‌ زیندانى یان به‌ند ده‌كران، خۆپارێزییان ده‌كرد.


زۆر كات باسه‌كانمان له‌باره‌ى بیروباوه‌ڕه‌كانمان ده‌كه‌وته‌ سه‌ر باسی زانا ئایینییه‌كانیش‌. له‌و كاته‌دا یه‌كێك له‌ هاوڕێكانم، كه‌ له‌باره‌ى (عه‌بدوله‌عزیز بن باز و محەمەد بن ساڵح ئەلعسەیمین) و هه‌ندێك زانای دیکەی قسه‌ى كردبوو، به‌بێ هیچ گومان و دڵه‌ڕاوكێیه‌ك زانا سه‌له‌فییه‌كانى سعوودیەم بە كافر و مورته‌د زانى.


بە كافر و مورته‌دزانینى ئه‌و دوو كه‌سه‌ به‌و هۆیه‌ بوو كه‌ ئه‌وانم بە پشتیوانى ده‌سه‌ڵات و پاشایه‌تیى كافر ده‌زانى. هه‌ر له‌ كاتى هاتنم بۆ ئه‌وێ، ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌م جار بوو له‌باره‌ى باسێكى شه‌رعییه‌وه‌ ڕاى خۆم به‌ئاشكرا ده‌ربڕی. تا ئه‌و كاتانه‌ قەت به ‌زه‌ینیشمدا نه‌هاتبوو كه‌ له‌باره‌ى ئه‌م باس و خواسانه‌وه‌ بكه‌ومه‌ مشتومڕه‌وه‌، چونكه‌ له‌و بڕوایه‌دا بووم، بوونم لێره‌ بۆ جه‌نگ له‌ ڕێگاى خودایه‌ و ڕێره‌وى شه‌ڕكردنیش له‌پێناوى خودا ڕوون و ئاشكرایه‌ و هیچ هۆیه‌كى ناوێت!