"حکوومەت دوژمنی شیوعییانە"

سه‌ری هارومار

پشووی نیوه‌ی ساڵ كۆتایی هات، ئه‌و ڕۆژه‌ی چوومه‌وه‌ قوتابخانه‌، یه‌كسه‌ر چوومه‌ لای باسم و گوتم:
ـ ده‌زانی به‌م زووانه‌ ده‌رسه‌كانمان به‌ كوردی ده‌خوێنین؟
باسم، بزه‌یه‌كی هاتێ و گوتی:
ـ بابه‌ دیاره‌ ئه‌تووش له‌بنه‌وه‌ چشته‌كی، له‌ كێ گێت لێ بوو.
سه‌ربرده‌ی دیتنی شێخ مه‌زهه‌ر و قسه‌كانم هه‌مووی بۆ باسم گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش گوتی:
ـ راسته‌ مفاوه‌زات هه‌یه‌ و به‌م زووانه‌ش ئیعلان ده‌كرێت.
باسم، ماوه‌یه‌ك بێ ده‌نگ بوو و پاشان گوتی:
ـ قسه‌یه‌كت پێ ده‌ڵێم، به‌ڵام نابێت له‌به‌ینمان ده‌ربچێت.
گوتم: به‌خوای لای كه‌س باس ناكه‌م.
به‌یه‌كه‌وه‌ چووینه‌ باخچه‌كه‌ی پشته‌وه‌ی قوتابخانه‌، له‌ لێواری چیمه‌نه‌كه‌ به‌ جووته‌ دانیشتین، باسم گوتی: ئێمه‌ رێكخراوێكمان هه‌یه‌ ناوی (یه‌كێتیی گشتیی قوتابییان)ه‌، په‌یڕه‌و و پرۆگرامی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئاره‌زووت هه‌یه‌، ده‌توانی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كار بكه‌یت.
وه‌رامم دایه‌وه‌: یه‌عنی چتان لۆ بكه‌م.
باسم گوتی:
ـ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامه‌كت ده‌ده‌مێ، له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ جوانی بیخوێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تت پێ هات، وه‌رامم بده‌وه‌:
باسم، شتێكی پێچراوی دایه‌ ده‌ستم و گوتی:
ـ بیخه‌ ناو گیرفانت و كه‌س نه‌یبینێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌.
پێچراوه‌كه‌م خسته‌ ناو گیرفانی ناوه‌وه‌ی چاكه‌ته‌كه‌م و گوتی:
ـ یه‌عنی ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت ئه‌و شته‌ ببینێت ده‌مگرێت؟
به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ گوتی:
ـ ئه‌رێوه‌ڵا هه‌ردووكمان قیره‌بڕ ده‌كات، حكوومه‌ت دوژمنی شیوعییانه‌.
گوتم: بۆ ئه‌مه‌ هی شیوعییانه‌.
باسم وه‌رامی دامه‌وه‌:
ـ ئه‌رێوه‌ڵا، ئه‌مه‌ نزیكین له‌ حزبی شیوعی.
له‌ ماڵه‌وه‌، زۆر به‌وردی په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌كه‌م خوێنده‌وه‌، زانیم كه‌ قوتابی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ رێكخراوێك ئه‌ندام بێت و كاری بۆ بكات، زۆربه‌ی بڕگه‌كان باسیان له‌ سۆشیالیزم و چینی كرێكار ده‌كرد، له‌و كاته‌دا عومه‌ری شێخ جه‌لالم بیر هاته‌وه‌، ئه‌ویش داوای كرد له‌ رێكخراوی یه‌كێتیی قوتابییانی كوردستاندا كار بكه‌م، به‌ڵام هیچ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێكی نه‌دامێ.
ڕۆژی پاشتر، به‌نهێنی پێچراوه‌كه‌م دایه‌وه‌ ده‌ست باسم، ماوه‌یه‌ك بێ ده‌نگ بوو و پاشان گوتی:
ـ ها رات لێ بوو:
گوتم: به‌ڵێ شتی زۆر باشی تێدابوو.
گوتی: ده‌ڵێی چ، دێیه‌ ریزی ئه‌و رێكخراوه‌؟
وه‌رامم دایه‌وه‌:
ـ جارێ با بزانم، دوایی پێت ده‌ڵێم.
له‌پڕ عومه‌ری شێخ جه‌لال په‌یدابوو، به‌ ته‌وسێكه‌وه‌ سڵاوی كرد و به‌ منی گوت:
ـ ئێ پیرۆزه‌ بابه‌ پیرۆزه‌.
وه‌رامم دایه‌وه‌: چ پیرۆزه‌!
گوتی:
ـ خۆت غه‌شیم ده‌كه‌ی، ئه‌توو بووی به‌ شیوعی، ئه‌دی هه‌موو ڕۆژێ له‌گه‌ڵ باسم پیاسه‌ ناكه‌ی؟
گوتم:
ـ برام واز له‌و شتانه‌ بینه‌، ئه‌من له‌ خه‌فه‌تی ده‌رسه‌كان وه‌خته‌ بمرم، چ هه‌قم له‌و شتانه‌ هه‌یه‌.
عومه‌ر، به‌ نیمچه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌وه‌ گوتی:
ـ كه‌یفی خۆته‌، دوایی به‌ واسته‌ش وه‌رت ناگرم.
به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌رامێكی بده‌مه‌وه‌، یه‌كسه‌ر رووم له‌ناو پۆل كرد، مامۆستای بیركاری (مسته‌فا بامه‌ڕنێ)، نمره‌ی وانه‌كه‌ی بۆ خوێندینه‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌زموونی نیوه‌ی ساڵ به‌ده‌ستمان هێنابوو، من 22 نمره‌م وه‌رگرتبوو، چوار قوتابی 100 نمره‌یان هێنابوو.
له‌وه‌ ته‌واو دڵنیا بووم، كه‌ ئه‌م ساڵ ده‌رناچم و له‌ پۆلی یه‌ك ده‌مێنمه‌وه‌، له‌ دڵی خۆم وا لێكم دایه‌وه‌، كه‌ به‌ باوكم بڵێم (ئه‌مساڵ هه‌ر ده‌رناچم، با له‌ ئێستاوه‌ واز له‌ مه‌كته‌ب بێنم و ساڵێكی دیكه‌ سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ ده‌كه‌مه‌وه‌)، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ جورئه‌تی ده‌ویست، چونكه‌ مه‌حاڵ بوو به‌مه‌ رازی بێت.
هه‌ر مامۆستایه‌ك كه‌ ده‌هاته‌ ناو پۆله‌وه‌، نمره‌ی ئه‌و ده‌رسه‌ی بۆ ده‌خوێندینه‌وه كه‌ پێی ده‌گوتین، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ نمره‌ی عه‌ره‌بی و جوگرافیا و مێژوو و ئایینیان بۆ خوێندینه‌وه‌، له‌ هه‌ر هه‌موویان كه‌وتبووم، به‌ دڵێكی توند و پڕ له‌ خه‌م، نیوه‌ڕۆ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵ، فراڤینم پێ نه‌خورا و یه‌كسه‌ر نووستم.
عه‌سر، كه‌ به‌خه‌به‌ر هاتم، بینیم حه‌مه‌ڕه‌شیدی خه‌ڵكی گونده‌كه‌مان وا میوانه‌، له‌گه‌ڵ باوكم له‌ حه‌وشه‌كه‌ خه‌ریكی چاخواردنه‌وه‌ بوون، به‌خێرهاتنم كرد و گه‌ڕامه‌وه‌ ژووره‌وه‌، گوێم له‌ حه‌مه‌ڕەشید بوو ده‌یگوت:
حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فای پێكهاتییه‌، ئه‌وێ ڕۆژی دوو كادیری پارتی هاتنه‌ مزگه‌فتی گوندی قسه‌یانی بۆ كردین.
باوكم پرسی: نهیانگوت كوو پێكهاتینه‌!
حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ وه‌ڵا گوتیان شه‌ڕ راوه‌ستایه‌ و هه‌رچی بێته‌وه‌ ده‌چته‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌ی خۆی، پێشمه‌رگه‌ ده‌بنه‌ حه‌ره‌س حدوود و موته‌سه‌ریف كورده‌ و ئه‌و شتانه‌.
ده‌مویست له‌ حه‌مه‌ڕه‌شیدی بپرسم:
ـ ئه‌دی باسی ئه‌وه‌یان نه‌كرد، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ كوردی ده‌رسی ده‌خوێنین؟
به‌ڵام ده‌مزانی باوكم به‌مه‌ قه‌ڵس ده‌بێت، ناچار گوێم بۆ قسه‌كانی شل كرد، دیسان گوتی:
ـ وه‌ڵا ئه‌گه‌ر خوا ئاوه‌كی به‌و ئاگره‌یدا كردبا، هه‌موو ده‌حه‌ساینه‌وه‌.
باوكم ماوه‌یه‌كی باش بێده‌نگ بوو، له‌ناكاو گوتی:
ـ خوا به‌ده‌وتدا بڕۆنی.