بەعس وەک داعشی ناو مێژووی ئایینیی عەرەب

بەعس وەک شۆڤینیزمی دوای مۆدێرنە

بۆ قسەکردن لەسەر بەعس، پێویستمان بە قووڵبوونەوەیەکی زۆر هەیە. پێویستیمان بە گەڕانەوە بۆ ڕەگە مێژووییەکانی عرووبەیە، بۆ سایکۆلۆژیای جیاوازیکوژی عرووبە، بۆ کولتوورێکی بەدەوی، کە هەموو کولتوورەکانی دەوروبەری خۆی ڕەت دەکاتەوە، تەنانەت بە وردە کولتوورە هاوڕەگەز و هاوخوێنەکانیشی، ئەوەی کەم و زۆرێکیش ئاشنای مێژوو و ژیان و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی (ئەگەر بتوانین بۆ ئەو سەردەمە ناوی سیاسی لێ بنێین) بێت، باشتر لەو ڕاستییە حاڵی دەبێت.


بەعس بە تەنیا بریتی نییە لە حزبێک، وەک چۆن بریتیش نییە لە کۆمەڵێک پڕۆسەی پاکتاوی نەژادیی ئەوانی دیکەی دەرەوەی دونیای عەرەبی، کە بەعس بە مەترسیی بۆ سەر عرووبە دەیزانین و لە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنیاندا درێغیی نەکرد.


بەعس بەر لە هەر شتێک ئایدیلۆژیایەکی دۆگمی درێژکراوەی دونیابینی و کولتوورێکی لەمێژینەی توندڕۆ و پەڕگیری عرووبەیە، کە لە سەردەمی مۆدێرنەدا دێت و لە چوارچێوەی حزبێک و وەک میراتگری کۆی ئەو کولتوورە و سەروەریی عەرەب، خۆی نماییش دەکاتەوە.


بەعس لە یەک کاتدا قوتابخانەیەکی نوێی بەرهەمهێنانەوەی عرووبەی بیابانە لە بەرگی حزبێکی ناسیونالیستی شۆڤینی، هاوکات سیستەمێکی دیسپلینکراوە، کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هەمووان لە خۆیدا قووت بدات و کۆنتڕۆڵیان بکات. بەتەنیشت کاوێژکردنیشی لەسەر ئەو مێژوو و کولتوورەی نەتەوەکەی، سوود لە دونیای نوێ و ئامرازەکانی مۆدێرنەش وەردەگرێت، بۆ ئەوەی بنیاتی خۆی تۆکمەتر بکات.


بە مانایەکی زۆر سادە و ڕوونتر، دەتوانین بڵێین، بەعس هاوشێوەی داعش، کە خۆی بە جێنشینی ڕابردووی مێژوو و کولتووری ئایینیی بیابان دەزانێت، ئەویش لە بەرگێکی مۆدێرنتردا، خۆی بە خەلیفە و خەلافەتی شۆڤینیزمی عرووبە دەزانێت و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئەو دونیابینی و بیرکردنەوە و ڕەفتارانەی ڕابردوو لە بەرگێکی نوێدا دەکات.


بۆ ناسینی بەعس دەبێ دەستێکمان لەناو کولتوور و کۆمەڵناسی، دەستێکی تریشمان لەناو دەروونناسی و ڕەفتارناسیدا بێت. دەبێ چاوێکمان لە مێژووی ڕاووڕووت و جەنگە نەبڕاوەکانی بیابانی پێش ئیسلام و هیرشەکانی سوپای ئیسلام، چاوێکیشمان لەسەر گەشەی نازیزم و فاشیزم بێت.


ئەم کتێبەی ڕامیار مەحموود (بەعسیزم وەک بکەری مۆدێرنیزم)، ڕەنگە یەکەم هەوڵی جدیی نێوەندی ڕووناکبیریی کوردی بێت، کە بە وردی قسەی لەسەر ئایدیۆلۆیای سیاسی لە پەیوەست بە دەرکەوتن و نەشونماکردنی بەعس کردبێت.


نووسەر وەک لە پێشەکییە کورتەکەی کتێبەکەیدا باسی دەکات، بەعسیزم و کارکردن لەناو بەعسناسیدا بۆ ئەو، پڕۆژەیەکی درێژخایەنە. واتا دەشێ ئەمە بناغەیەکی تۆکمەی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە بێت، کە هەنگاوی دیکە و خوێندنەوەی دیکەی بەداوادا بێت.


ڕامیار لەم هەوڵە جدییە قووڵ و فیکری - مەعریفییەیدا، بەعس بەسەر چوار قۆناغدا دابەش دەکات. قۆناغێکیان کولتووری و موژدەبەرییە، قۆناغێکی تریشیان ناسیونالیزمی سەربازییە، یەکێکی تریان وەک ناسیونالیزمی بایۆلۆژی، دواترینیشیان وەک تیرۆریستێکی بەدەوی، بە خەسڵەت و تایبەتمەندیی داعشانە، یان وەک ئەو ناوی ناوە (داعشاندنەوەی بەعس).