”ئەگەر حکوومەت و کورد پێکبێن به‌ كوردی ده‌خوێنین، به‌ كوردی هه‌ڵئه‌په‌ڕین، به‌ كوردی ده‌نووین!“

سه‌ری هارومار

به‌درێژایی هه‌ر چوارده‌ رۆژه‌كه‌ی پشووی نیوه‌ی ساڵ، كار و پیشه‌ی من، ته‌نیا گوێگرتن بوو له‌ قسه‌ی زه‌لامه‌كانی به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی مامه‌ ره‌زام و خه‌ڵكی دیكه‌، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییشم ئه‌وه‌ بوو، كه‌ بزانم ئاخۆ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ كورد پێكبێت، ده‌رسه‌كان به‌ كوردی ده‌خوێنین، یان نا، منێك كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ ته‌مه‌نم 13 ساڵ بوو، نه‌مده‌زانی سیاسه‌ت مانای چییه‌، ته‌نیا و ته‌نیا بیرم لای ده‌رسه‌كانم بوو و ده‌مزانی، كه‌ مه‌حاڵه‌ بتوانم له‌ پۆلی یه‌كی ناوه‌ندی ده‌ربچم.


دایكم، گه‌لێك جار باسی كوڕه‌خاڵێكی خۆی ده‌كرد و ده‌یگوت:
ـ شێخ مه‌زهه‌ر، هه‌موو حه‌یاتی خۆی لۆ كورد و پێشمه‌رگان دانا، چه‌ند جار حه‌پسیان كردییه‌ و به‌ پانكه‌ هه‌ڵیانواسیوه‌.


تا ئه‌و ساته‌ ئه‌و پیاوه‌م نه‌دیبوو، هه‌موو رۆژانی پێنجشه‌مه‌ له‌گه‌ڵ دایكم و دوو برا گچكه‌كه‌م ده‌چووینه‌ ماڵی خاڵۆم سه‌ید محه‌مه‌د له‌ گه‌ڕه‌كی سێتاقان و شه‌ویش له‌وێ ده‌ماینه‌وه‌، ئه‌وان خانوویه‌كی گه‌وره‌ و كاره‌با و ته‌له‌ڤزیۆنیان هه‌بوو، له‌خوام ده‌ویست دوو سێ شه‌و هه‌ر له‌وێ بین، سه‌یری فیلمی كارتۆن و تۆپانێم ده‌كرد و جارجاریش سواری پایسكله‌كه‌ی موحسینی خاڵۆزام ده‌بووم.


ئێواره‌، نان و شیوێكی زۆر له‌ ماڵی خاڵۆم ئاماده‌ كرا، خاڵۆم و دوو سێ زه‌لامی دیكه‌ له‌ مزگه‌وت هاتنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و زه‌لامانه‌ به‌گه‌رمی باوه‌شی به‌ داپیرم (دایكی دایكم)دا كرد و ئه‌ویش چه‌ند جارێك ماچی كرد و گوتی:
ـ ئۆخه‌ی شێخ مه‌زهه‌ر، نه‌مردم ئه‌و جاره‌ش ئه‌تووم دیته‌وه‌، ره‌بی به‌قوربانت بم، كوڕه‌ گه‌له‌ك وریای خۆت به‌، با دیسان حه‌پست نه‌كه‌ن.


زانیم ئه‌وه‌ شێخ مه‌زهه‌ری برازای داپیره‌مه‌، یه‌كه‌ یه‌كه‌ منداڵه‌كانی ماچ كرد و به‌ دایكمی گوت:
ـ میمكزا ئه‌وه‌ كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ته‌.


ئینجا لێی پرسیم:
ـ له‌ پۆلی چه‌ندی؟


وه‌رامم دایه‌وه‌:
ـ پۆلی یه‌كی ناوه‌ندی.


دایكم یه‌كسه‌ر قسه‌كه‌ی پێ بڕیم و گوتی:
ـ ده‌ڵێی چاو و نه‌فه‌س لێی دایه‌، له‌ حه‌فت ده‌رسان كه‌تییه‌.


شێخ مه‌زهه‌ر سه‌یرێكی كردم و گوتی:
ـ ئه‌وه‌ بۆ ناخوێنی؟


گوتم:
ـ زۆر ده‌خینم، به‌ڵام ده‌رسمان به‌ عه‌ره‌بییه‌ و هیچ تێناگه‌م.


به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ گوتی:
ـ خه‌مت نه‌بێ كوڕم، هه‌ر دوو سێ مانگی دیكه‌یه‌، به‌ كوردی ده‌خوێنی.


ماڵی خاڵۆم دوو چێڵیان هه‌بوو، شێخ مه‌زهه‌ر سه‌یرێكی كردن و گوتی:
ـ ئه‌وه‌ بۆ ئاویان ناده‌نێ، تینوویان نییه‌.


خاڵۆ سه‌ید محه‌مه‌دم له‌ قاقای پێكه‌نینی دا و گوتی:
ـ ئه‌وها به‌ڕه‌حم نه‌بای، ئه‌دی كوو ئاویان ناده‌ینێ!


سفره‌ راخرا و نان و شیو تێ كرا، من و موحسینی خاڵۆزام له‌ خزمه‌تیان راوه‌ستابووین، له‌پڕ شێخ مه‌زهه‌ر گوتی:
ـ وه‌رن باوكم وه‌رن، بۆ راوه‌ستاون، ده‌ی وه‌رن ئاش بخۆن.


من و موحسینیش له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌ستمان كرد به‌ نانخواردن.


له‌ كاتی چایه‌خواردنه‌وه‌ جا گوێم له‌ شێخ مه‌زهه‌ر بوو ده‌یگوت:
ـ ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه‌ حكوومه‌ت و شۆڕش پێكبێن، ده‌بێت سبه‌ینێ بگه‌مه‌ گه‌ڵاڵه‌ كۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه‌.


زۆر حه‌زم ده‌كرد، فرسه‌تێك وه‌ربگرم و له‌ شێخ مه‌زهه‌ر بپرسم:
ـ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و شۆڕش پێكهاتن، ئێمه‌ ده‌رسه‌كانمان به‌ كوردی ده‌خوێنین؟


به‌ڵام زۆر شه‌رمم له‌ خاڵۆ سه‌ید محه‌مه‌دم ده‌كرد، بەڕێكه‌وت شێخ مه‌زهه‌ر هاته‌ لای داپیره‌م تا خواحافیزیی لێ بكات، منیش به‌دوایدا چووم، داپیره‌م ده‌ستی له‌ مل كرد و گوتی:
ـ به‌قوربانت بم، زۆر ئاگات له‌خۆ بێ، با دیسان نه‌تگرن، ساحێب ماڵ و منداڵی.


شێخ مه‌زهه‌ر وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ پوورێ، خه‌مت نه‌بێ، وا حكوومه‌ت و كورد پێكدێن، ئێمه‌ش بانگ كراوین، ده‌چمه‌ شه‌ڕێ.


نازانم چۆن جورئه‌تم كرد و یه‌كسه‌ر لێیم پرسی:
ـ خاڵه‌، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و كورد پێكبێن، ئه‌مه‌ به‌ كوردی ده‌خینین؟


شێخ مه‌زهه‌ر، باوه‌شی پێدا كردم و به‌ ده‌نگێكی به‌رز گوتی:
ـ ئه‌رێوه‌ڵا باوكه‌كه‌م، به‌ كوردی ده‌خوێنین، به‌ كوردی هه‌ڵئه‌په‌ڕین، به‌ كوردی ده‌نووین.


ئه‌و قسه‌یه‌ زۆر دڵشادی كردم، یه‌كسه‌ر رووم له‌ دایكم كرد و گوتم:
ـ دایه‌، خاڵه‌ مه‌زهه‌ر گوتی چیدی به‌ عاره‌بی ناخینن.


دایكم قسه‌كه‌ی زۆر به‌ئاسایی وه‌رگرت و به‌نابه‌دڵییه‌وه‌ گوتی:
ـ فایده‌ی چییه‌، ئه‌و ساڵه‌ ساقیتی.


شێخ مه‌زهه‌ر، خواحافیزیی كرد، داپیره‌م به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ كه‌وته‌ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ی ژیانی ئه‌و برازایه‌ی و گوتی:
ـ هێشتا خه‌تی سمێڵی نه‌دابوو وا له‌ناو ئه‌و به‌زمه‌یه‌، بیست جاران گیرایه‌ و به‌ پانكه‌یان وه‌كردییه‌، كوێراییم دایێ، باب و داكی مردن، به‌سه‌ریان ڕانه‌گه‌یی.


هه‌نده‌ی نه‌مابوو پشووی نیوه‌ی ساڵ كۆتایی بێت، من هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بووم، كه‌ كورد و حكوومه‌ت پێكبێن تا ده‌رسه‌كانم به‌ كوردی بخوێنم، تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بۆ من عه‌وڵا رێوی بوو، ئێواره‌یه‌ك دایكم گوتی:
ـ هه‌ڕوو ئه‌و شیوه‌ی بۆ مام عه‌وڵای ببه‌.


سێ كفته‌ی خسته‌ ناو له‌گه‌نێكه‌وه‌ و له‌سه‌ر سینییه‌كی دانا، چوومه‌ ماڵی عه‌وڵا، بینیم وا قاوه‌ فڕ ده‌كات، شیوه‌كه‌ی لێ وه‌رگرتم و گوتی:
ـ ئه‌ی ره‌بی ئاوه‌دان بی.


یه‌كسه‌ر لێم پرسی:
ـ مام عه‌وڵا، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و كورد پێكبێن، ئه‌مه‌ به‌ كوردی ده‌رسی ده‌خینین.


دوا فڕی له‌ قاوه‌كه‌ی دا و گوتی:
ـ ئه‌رێوه‌ڵا، ئه‌دی زمانی خۆمان نییه‌!