عەوڵا رێوی گوتی: ئه‌رێوه‌ڵا دۆڵ دڕا، ته‌قه‌ی بڕا

سه‌ری هارومار

پشووی نیوه‌ی ساڵ ده‌ستی پێ كرد، جار جار سه‌ردانی دوكانه‌كه‌ی مامه‌ ره‌زام ده‌كرد، ده‌مویست گوێم له‌ باس و خواسی مفاوه‌زات بێت، ده‌مزانی كه‌ عه‌وڵا رێوی ئاگاداری هه‌موو شتێكه‌، رۆژێكیان هه‌تاو به‌ ده‌ره‌وه‌ و كه‌شوهه‌وا خۆش بوو، زه‌لامه‌كان خۆیان دابووه‌ به‌ر خۆر، چووم به‌كڕی له‌ په‌نایه‌ك دانیشتم، سه‌یرم پێ هات، كه‌ كه‌سیان ئه‌و ڕۆژە دامه‌یان نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد عه‌وڵا رێوی هات، مقه‌بایه‌كی له‌بنه‌خۆی راخست و دانیشت، كیسه‌ تووتنه‌كه‌ی ده‌رهێنا و سیگارێكی پێچایه‌وه‌ و به‌ قووڵی مژی لێ دا، بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پرسیاری لێ بكات، هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ گوتی:
ـ ئه‌رێوه‌ڵا، دۆڵ دڕا، ته‌قه‌ی بڕا.


مه‌لا حه‌سه‌ن، به‌ده‌م رێكکردنی مه‌ندیله‌كه‌وه‌ گوتی:
ـ خێره‌ چ بووه‌.


عه‌وڵا، به‌ده‌م ده‌ردانی دووكه‌ڵێكی شینه‌وه‌ گوتی:
ـ مامۆستا، له ‌من باشتر ده‌زانی چ بووه‌.


مه‌لا حه‌سه‌ن، ویستی زیاتر عه‌وڵا بورووژێنێ، پێی گوت:
ـ به‌زاتی خوا ئاگام له‌ هیچ نییه‌.


عه‌وڵا سیگاره‌كه‌ی ته‌واو كرد و دارجگه‌ره‌كه‌ی خسته‌ به‌ر پشدێنی و گوتی:
ـ كاكه‌ ئه‌وه‌ به‌دزی مفاوه‌زاته‌، حكوومه‌ت و شۆڕش خه‌ریكه‌ ئیتیفاق ده‌كه‌ن.


زه‌لامه‌كان، كه‌ گوێیان له‌م قسه‌یه‌ بوو، هه‌موو سه‌یری ده‌م و پلی عه‌وڵایان كرد، وه‌ك بڵێی خه‌به‌رێكی تازه‌ و زۆر گرنگیان به‌رگوێ كه‌وتبێت، حوسێن ته‌گه‌ گوتی:
ـ باشه‌ ئه‌توو له‌ كێ گێت لێ بوو، ئه‌منیش هه‌موو رۆژی گێ له‌ رادیۆی ده‌گرم، كوو گێم له‌و خه‌به‌ره‌ی نه‌بووه‌!


عه‌وڵا، وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ بابه‌، جارێ ئیشەكه‌ به‌دزییه‌، كوو له‌ رادیۆی باس ده‌كرێت.


ره‌سووڵ پێڵاو فرۆش، كه‌ به‌رده‌وام دانووی له‌گه‌ڵ عه‌وڵا نه‌ده‌كوڵا، له‌به‌رخۆیه‌وه‌ گوتی:
ـ ئه‌وجه‌ هه‌ر ئه‌و به‌زمه‌ مابوو، زۆر گێمان له‌و قه‌وانانه‌ بوو، هه‌مووی میلله‌ت فه‌وتانه‌.


عه‌وڵا، زۆر بایه‌خی به‌ قسه‌ی ره‌سووڵ نه‌دا، رووی ده‌می كرده‌ مه‌لا حه‌سه‌ن و گوتی:
ـ كاكی خۆم دونیا هه‌روه‌ها بووه‌، شه‌ڕ ده‌بی و مفاوه‌زاتیش ده‌بی، ئه‌وه‌ به‌ده‌سته‌ من و توو نییه‌.


له‌و ده‌مه‌یدا مه‌لا عه‌لی به‌سه‌ردا هات، ئه‌و پیاوێكی خوێنده‌وار و پێشتر چه‌ند جاران حكوومه‌ت گرتبووی، پێی سه‌یر بوو، كه‌ كه‌س دامه‌ی ناكات، گوتی:
ـ ئه‌وه‌ لۆ ئه‌وها قڕ و قه‌پ دانیشتوون، ئه‌وڕۆ كه‌س حه‌زی له‌ دامه‌ی نییه‌.


ره‌سووڵ پێڵاوفرۆش، به‌ جۆرێك له‌ توانجه‌وه‌ گوتی:
ـ برام، ئه‌مه‌ مفاوه‌زاتی ده‌كه‌ین، كێ دامه‌ی له‌بیر مایه‌.


عه‌وڵا ویستی به‌رپه‌رچی ره‌سووڵ بداته‌وه‌، به‌ڵام مه‌لا حه‌سه‌ن یه‌كسه‌ر گوتی:
ـ بابه‌ یاڕه‌بی خوا ئاوه‌كی به‌و ئاگره‌یدا بكات، كێ بی حه‌ز نه‌كات.


عه‌وڵا وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ مه‌لا، خوا عه‌قڵی دایته‌ به‌شه‌ری، با ئاگری نه‌كاته‌وه‌، حكوومه‌ت ئاگری هه‌ڵكردییه‌.


دیار بوو مه‌لا عه‌لی زۆر بایه‌خی به‌و قسه‌ی نه‌دا و یه‌كسه‌ر داردامه‌كه‌ی هێنا و به‌رده‌كانی ریز كرد و به‌ حوسێنی گوت:
ـ یاڵا كاكی خۆم، با دامه‌ی خۆمان بكه‌ین.


حوسێن، سیگاری به‌ سیگار داده‌گیرساند، ده‌ست و لێوی هه‌مووی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕابوو، شه‌رواڵ و لچكی كورته‌كی له‌ چه‌ند شوێنێك به‌ ئاگری سیگار كون كون بوو بوون، وه‌ك جاران به‌ شێوازه‌ عه‌نتیكه‌كه‌ی به‌رده‌كانی بزواند و هاواری كرد:
ـ شوخلانه‌ شێت، به‌ بنی كلكێت!


ـ ده‌چمه‌ قه‌راته‌ سۆران ده‌رێن مه‌رجانی لێیه‌.


زه‌لامه‌كان، ماوه‌یه‌ك بێ ده‌نگ بوون، له‌پڕ عه‌وڵا رێوی هه‌ڵی دایه‌:
ـ خۆزگه‌م به‌ خۆت حوسێن، خه‌م له‌ هیچ ناخۆی، ئێستاش له‌كنه‌ توو پێنجی مانگێیه‌.


حوسێن به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ كه‌ری كێ به‌ڕه‌ڵا بووه‌!


عه‌وڵا زانی حوسێن قسه‌كه‌ی به‌ دڵ نه‌بوو و گاڵته‌ی پێ كرد، سیگاره‌ كوژاوه‌كه‌ی داگیرسانده‌وه‌ و گوتی:
ـ ده‌فه‌رموو، بزانه‌ پێشمه‌رگه‌ خۆی لۆ كێ به‌ كوشتن ده‌دا.


حوسێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ری به‌رز بكاته‌وه‌، ئه‌مجاره‌ سه‌یرتر وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ قه‌ره‌ج قه‌ره‌ج ئێرمنی، داك و بابت پیرخه‌نی.


زه‌لامه‌كان، له‌ قاقای پێكه‌نینیان دا، ره‌سووڵ پێڵاوفرۆش ئه‌مه‌ی به‌ هه‌ل زانی و گوتی:
ـ ئه‌ی قوربانی ده‌وت بم حوسێن.


عه‌وڵا، له‌ وزه‌یدا نه‌ما، هه‌ستایه‌وه‌ سه‌ر پێیان و گۆپاڵه‌كه‌ی راشه‌قاند و گوتی:
ـ قوڕتان به‌سه‌ری، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ نه‌ده‌بوون، ئێستا پێستی هه‌مووتان له‌ ده‌باغخانه‌ی بوو.


حوسێن، زۆری مه‌راق بوو دامه‌ی له‌ مه‌لا عه‌لی بباته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی نه‌ده‌هات، دوو ده‌ستی دۆڕاند و له‌ شوێنی خۆی پاڵی به‌ دیواره‌كه‌ دا، كات به‌ره‌و خۆرئاوابوون ده‌چوو، كه‌چی رووی له‌ زه‌لامه‌كان كرد و گوتی:
ـ ئه‌رێ مه‌لای عه‌سرێ بانگی دایه‌؟


حوسێن، به‌په‌له‌ چووه‌ لای به‌رمیله‌ ئاوه‌كه‌، ده‌ستنوێژی شوشت و نوێژێكی قیتی دابه‌ستا، نازانم چۆن له‌ناكاو ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م به‌ مێشكدا هات، كه‌ له‌ عه‌وڵا بپرسم:
ـ ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و كورد پێكهاتن، ده‌رسه‌كانمان به‌ كوردی ده‌خوێنین؟


چاوه‌ڕێ بووم عه‌وڵا رووی له‌ ماڵه‌كه‌ی بكات و له‌ رێگا لێی بپرسم، زه‌لامه‌كان چۆڵیان كرد و مامه‌ ره‌زام ده‌ڕابی دوكانه‌كه‌ی دادایه‌وه‌، ورده‌ ورده‌ له‌ دوو عه‌وڵا رۆیشتم، ویستم پرسیاره‌كه‌ی لێ بكه‌م، كه‌ باوكم به‌دیار كه‌وت و به‌ره‌و مزگه‌وت ده‌چوو، له‌ شوێنی خۆم چه‌قیم و ده‌مم به‌سترا.