سیاسەتی كوێرانە بۆ تێكدانی دۆخی ئابووریی كوردستان

 

دەزگا هەواڵگری و سیخورییەكانی وڵاتانی ناوچەكە و شۆڤێنییەكانی ناو هەندێك لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی بەغدا، ئەو راستییە باش دەزانن (ئابووری تاقانە خاڵی لاوازی گەیشتنی هەرێمی كوردستانە بە حكوومەتێكی بەهێز و گەلێكی خۆشگوزەران) هەر ئەو حكوومەت و ئابوورییە بەهێزەشە كوردستان لە سەربەخۆیی نزیك دەخاتەوە، ئەو سەربەخۆییەی رووبارێك لە خوێن و قوربانی بۆ دراوە و تەنیا ناوهێنانی بووەتە مۆتەكەی ئاغا و سوڵتان و مەزهەبچییەكانی دەوروبەرمان، ئەوان ساڵانێكە وەكوو بازاڕێك بۆ ساخكردنەوەی كاڵا و بەرهەمەكانیان سەیری كوردستان دەكەن، ئەگەر چاكسازی و گۆڕانكاری لە ئابووریی كوردستاندا بكرێت و لێرەوە بەرهەم و كاڵاكانی هەرێم رەوانەی بازاڕەكانی ئەوان بكرێت، ئەمە بە دڵی ئەوان نابێت، ئەگەر پێوەندییە ئابوورییەكانی كوردستان لەگەڵ حكوومەتێكی بەناو فیدڕاڵی وەك بەغدا لەسەر بنەمای شەراكەت بێت و هەركاتێك بودجەیان بڕی خۆیان زیانیان بەركەوێت، ئەمە هیچ بە دڵی عێراق نابێت، ئەوان باش دەزانن و ئەوەشیان تاقی كردووەتەوە، كە باشترین رێگە بۆ سەرقاڵكردنی ئەم میللەتە و تێكدانی ئاڕاستەی رێگا راست و دروستەكە، زیانگەیاندنە بە ئابوورییەكەی هەرێمی كوردستان، هەرچی شەڕ و ئەنفال و كیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تۆپباران و گەمارۆ هەیە، بۆ هەژارتركردن و لەناوبردنی كوردستان بووە، تاوەكوو لە بەها نەتەوەییەكان دوور بكەونەوە، شەڕی ناوخۆ و پشێوی و ناسەقامگیری و شەڕی حزبایەتیی نێوان لایەنەكان تۆختر دەكەنەوە، كە ئەوانە مەترسیدارترین ئەو كارە قێزەونانە بوون، كە ئەوان ساڵانێكە پەیڕەوی دەكەن و بەداخیشەوە، ژینگە و بازاڕی گەرم و باشی لە بۆ هەندێك كەس و لایەن لە ناوخۆی كوردستانيشدا هەبووە. لەگەڵ نیشتنەوەی تەپ و تۆزی شەڕە حزبایەتی و ململانێی ناوخۆ، ئەمجارە شڕە قاپییەكی تریان بەسەر ئەزموونی باشووردا كردووەتەوە و مەترسییەكە لە هێزێكەوە دێت، كە لەدووریی 90 كیلۆمەتر لە سنووری خەباتی خۆیەتی و بەهۆی ئەم هێزەوە باكوور و خۆرئاوای كوردستان دوچاری ماڵوێرانی و دەربەدەربوونی خەڵكەكەی بوونەتەوە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت، هێشتا بە سەدان هەزار كوردی خۆرئاوای كوردستان دەربەدەری باشووری كوردستانن و زۆربەی زۆریان بەهۆی زەبروزەنگ و داپڵۆسینی پەكەكەوە دژ بە خەڵكی ئەو ناوچانە، دەرئەنجام خەڵكەكە هەمووی لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا ڕادەكەن و دەربەدەر دەبن، پاش ئەوەی لە وێرانكردنی ئەو بەشانەی كوردستان سەركەوتوو بوو، ئێستا بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی ئیقلیمیی ناوچەكەوە، بۆ وێرانكردنی باشووری كوردستان و ماڵوێرانیی خەڵكەكەی هەرێم دنە دراون و بەنیازن شەڕی بەوەكالەت بخەنە ناو گوند و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بۆ خاتری بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و پاراستنی سەروماڵیان، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكییەكاندا پرۆتۆكۆل و یاداشتی لێكتێگەیشتنیان واژوو كردووە، ئێستا ئەو زلهێزەی كە چاوی پۆشی لە پەلامارەكانی حەشد و سوپای عێراق، لە رووی كردارییەوە دەیەوێت هاوكارییەكانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا سیاسی و سەربازی نەبێت، بەڵكوو بەرەو پڕۆژە و بنیاتنانی ژێرخان و بەرژەوەندیی ئابووری هەنگاوی زیاتر بهاوێت.


لە كاتێكی وادا، هەڵگیرسانی جەنگ و پەلاماردانی توركیا لە خاكی كوردستانەوە، واتا پەلكێشكردنی سوپایەكی دڕندەی وەكوو توركیایە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و ڕێگەخۆشكردن بۆ داگیركردنی خاكەكەی. ئەو هەڕەشانەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستانی دەكات، مەبەست لێی بارزانی و پارتی نییە، بەڵكوو مەبەست لێی گەیاندنی پەیامە بەوەی رێگە نادەن هەرێمی كوردستان پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێت، چونكە گەشەی ئابووری، واتا بەدەستهێنانی هەلی كار بۆ گەنجان و بەرزبوونەوەی داهاتی تاكەكەسی و ئارامیی ناوخۆ، بەمەش پەكەكە ئەو خوێنە تازەیەی منداڵ و گەنجەكانی لەدەست دەدات، كە لەدوای شەڕی خەندەق و كوشتنی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات و بە ئەمەریكایی بوونی رۆژئاوا، حاڵی حازر لەدەستی داوە. لەلایەكی ترەوە، ئابووریی بەهێز واتا حكوومەت و سوپا و گەلی بەهێز، كە هەرگیز رێگە نادات لە خاكی داگیركراوی كوردستانی باشوورەوە هێرش بكرێتە سەر دەوڵەتێكی ناتۆی خاوەن گەورەترین هێز لە ناوچەكەدا، پەكەكە بەم شەڕە خۆتڕێنانەی ئەوەشی لەپێش چاوە كە ئەمەریكا گەورەترین زلهێزی سیاسی و ئابووریی جیهانە و گەورەترین كونسوڵخانە لە هەولێر دەكاتەوە و دەیەوێت بیسەلمێنێت كە ئێرە بۆ ئەمەریكا و هێزەكانی هاوپەیمانەكانی لە كوردستانی رۆژئاوا گرنگە و رێگە نادات سەقامگیری و ئاسایشی پێگەیەكی گرنگی جوگرافیا و نەوتی و سیاسی و سەربازی، پشێوی و ناسەقامگیری تێ بكەوێت، لەوەش گرنگتر، خەڵكی كوردستان خاوەنی هێزێكی ورە پۆڵایینی وەك پێشمەرگەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش باش لەو راستییە تێگەیشتووە، بۆ خۆپاراستن، ئابووریی بەهێز هەمیشە سوپا و لەشكری بەهێزی دەوێت، هەربۆیە پەكەكە نابێت چاوەڕوانیی هیچ سازشێك بكات، بەڵكوو بەپێچەوانەوە پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بێت كە چیتر ئەو خاكەی كوردستان بە ماڵوێرانی لەژێر دەستیان نەمێنێتەوە و خەڵكی ئەو سەدان گوندانەی بەهۆی بوونی ئەوانەوە دەربەدەر بوون، ئێستا مافی ئەوەیان هەیە بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە و پەكەكە نەیانكاتە قەڵغان بۆ شەڕە بەوەكالەتەكانی خۆی. پەكەكە ئەم راستییانە باش دەزانێت، هەر بۆیە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، جورئەتی ئەوەی نەبوو لەپشتەوە خەنجەری ژەهراوی بهاوێژێت، لەكاتێكدا كاتژمێری سفری بۆ دانرابوو تا لەپشتەوە ئەویش خەنجەرێكی ژەهراویی تر بهاوێژێت.