رەخنە و رق

کاتێک سیستمی هه‌ست له مرۆڤێکدا باڵاده‌سته، ئه‌وا سیستمی ئه‌قڵی له خزمه‌تی هه‌سته‌کانیدایه

له باشووری کوردستاندا خه‌ڵکانێک هه‌ن، که ڕه‌گی هه‌موو کێشه‌کان ده‌به‌ستنه‌وه به ده‌سته‌ڵاته‌وه، به سیاسییه‌کانه‌وه، له‌کاتێکدا سیاسییه‌کان به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگان و ده‌سته‌ڵاتیش به‌رهه‌می ئه‌و دیموکراسییه‌ی کۆمه‌ڵگایه. بۆ من ڕه‌گی هه‌موو کێشه‌کان وه‌هان، له ستراکتۆری کاراکتەری تاک خۆیدا. تاکێکی ته‌ندروست پراکتیزه‌ی سیاسه‌تێکی ته‌ندروست ده‌کات و کۆی کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تیی ته‌ندروستیش ده‌سته‌ڵاتێکی ته‌ندروست به‌رهه‌م دێنن. ته‌نانه‌ت ده‌ستدرێژیی سێکسی و کوشتنیش ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ده‌سته‌ڵات. ئه‌و خه‌ڵکانه هه‌موو نه‌وه‌ی حه‌فتا و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوون. واتا خۆیان له سه‌رده‌می به‌عسدا، لانیکه‌م ساڵانێکی زۆریان له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی به‌عسدا به‌ڕێ کردووه. له سه‌رده‌می به‌عسدا بەقه‌د تاڵه‌کانی مووی سه‌ر، خه‌ڵکانی هه‌تیوباز هه‌بوون و ڕۆژانه ده‌ستدرێژیی سێکسییان ده‌کرده سه‌ر منداڵان. خه‌ڵکانی پێدۆفیل هه‌بوون و ده‌ستدرێژییان ده‌کرده سه‌ر منداڵان. له سه‌رده‌می به‌عسدا له سێ کچدا، که سه‌ردانی دوکانه‌کانی زێڕنگه‌ر، پێڵاوفرۆش، جلفرۆشیان ده‌کرد، لانیکه‌م دانه‌یه‌کیان ده‌ستدرێژیی سێکسیی ده‌کرایه سه‌ر. ئێستا نازانم چۆنه، چونکه من له کوردستان ناژیم. له‌سه‌ر ڕێگای قوتابخانه ناوه‌ندیی و ئاماده‌ییه‌کان کچانی گه‌نج هه‌ڵده‌گیران و ده‌بران بۆ شوێنێکی نادیار و ده‌ستدرێژیی سێکسییان ده‌کرایه سه‌ر. لێ ئه‌و ده‌مه که‌س خه‌تای به‌عسی نه‌ده‌گرت، به‌ڵکوو ده‌یانگوت کچه‌کان خۆیان به‌ره‌ڵڵان، کوڕه‌کان خۆیان به‌ره‌ڵڵان. له سه‌رده‌می به‌عسدا، هه‌تیوبازێکم نه‌دی دادگایی بکرێت، پێدۆفیلێکم نه‌دی دادگایی بکرێت. له سه‌رده‌می به‌عسدا سه‌رانه له ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌سێنرا، پاره‌داره‌کان ده‌کوژران. لێره‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ر تێزه‌که‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره، که ده‌ڵێم ڕه‌گی هه‌موو کێشه‌کان وه‌هان له کاراکتەردا، کاراکتەرێکی باش پراکتیزه‌ی ژیانێکی باش ده‌کات، له ژیانی ڕۆژانه‌یدا پراکتیزه‌ی مۆڕاڵ ده‌کات. واتا پێشمه‌رگه‌بوونی تاکێک، تاک ناکاته خاوه‌نی مۆڕاڵ. تاکی بێ مۆڕاڵ پێشمه‌رگه بێت یان جاش بێت، هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت و خاوه‌نی مامه‌ڵه‌یه‌کی نامۆڕاڵانه‌یه له ژیانی ڕۆژانه‌دا. ڕه‌خنه هه‌میشه فێنۆمێنێکی ئه‌قڵانییه، چونکه زۆرینه‌ی جار تووڕه‌بوون و ڕق له گرۆ و لایه‌نێک له تاکێک ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کی نائه‌قڵانی، چونکه هه‌سته‌کانمان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیرکرنه‌وه‌مان ده‌بێت و بیرکردنه‌وه‌مان به ڕق هه‌ڵده‌سوڕێنێت.


چه‌ند تێڕوانینێکم هه‌یه بۆ ژیان و مرۆڤ و سروشت، که هه‌میشه دووباره‌یان ده‌که‌مه‌وه، چونکه تێڕوانینگه‌لێکی بنچینه‌یی و گرنگن له ژیاندا، بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر بلیمه‌تتریین که‌س بیت، ئه‌گه‌ر ئاینشتاینیش بیت، به‌ڵام له ژینگه‌یه‌کدا بژییت، که درکت پێ نه‌کرێت و ئینته‌رێسه‌ت نه‌جووڵێنن، ئه‌وا هیچ جیاوازییت نییه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی ساده و ساکاری کۆمه‌ڵگادا. ئه‌مه‌ش ویستی تاک و کۆی کۆمه‌ڵگایه‌که، له ڕێگایه‌وه ڕێگا له هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانین ده‌گرن. ئه‌و ئینته‌رێسه‌یه‌ی، که تاک و کۆی کورد بۆ هه‌ندێک نووسه‌ریان هه‌یه، بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر ڕێلاسیۆن لێ داوه، نه‌ک ئینته‌رێسه بۆ گه‌شه‌پێدان و گه‌یشتن به ئه‌قڵی نوێ. به‌م شێوه‌یه کۆیه‌ک ئینته‌‌گریره‌بوون له‌گه‌ڵ یه‌کتردا، هه‌ر بۆیه گرۆیه‌ک فڵانیین و گرۆیه‌کیش فیساریین، چونکه هیچیان له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکەیان نه‌ یه‌کتری په‌سه‌ند ده‌که‌ن، نه ده‌شیانه‌وێت ئینته‌گریره‌ی یه‌کتر بکه‌ن.
ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وان به ئه‌قڵ، به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی ئیمانوێل کانته، کانت مرۆڤی ئه‌قڵ و لۆگیکه نه‌ک ئایین، مۆڕاڵه‌که‌ی کانت به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌قڵانییه نه‌ک ئایین، چونکه ناوک و بناغه‌ی مۆڕاڵه‌که‌ی کانت ویسته، بۆ ئه‌و هه‌ر ویستێک باش بێت، ئه‌وا خاوه‌ن مۆڕاڵه. ویست له مێشکدا به‌رهه‌م دێت له لیمبیشه سیستمدا. کانت ده‌ڵێ که مرۆڤ خاوه‌نی ئامڕازێکه بۆ به ڕاست وه‌رگرتن و خاوه‌نی ئه‌قڵه بۆ ستروکتیریزه‌کردنی جیهان و تێگه‌یشتن لێی. کانت زانای مێشک نه‌بووه، نۆیرۆلۆگ نه‌بووه، به‌ڵام زانیویه‌تی که له مێشکدا چی ڕوو ده‌دات. ئامڕازی به ڕاست وه‌رگرتن، یاخود ده‌رگای ئاگایی وا له‌‌ناو لیمبیشه سیستمدا. هه‌ر ئیمپولزێک لەده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه ده‌گات به مرۆڤ، یاخود له‌ناو مرۆڤ خۆیدا، بۆ نموونه له ڕێگای پێریفێری سیستمه‌وه، کاتێک مرۆڤ برسییه‌تی، تینوویه‌تی، ده‌بێت میز بکات، دڕکێک چووه به پێیدا ....هتد. ئه‌م سیگناڵه له ڕێگای پێریفێری سیستمه‌وه ده‌گات به لیمبیشه سیستم و ده‌گات به ده‌رگای ئاگایی (ئه‌مه ئه‌و ئامڕازه‌یه، که کانت پێی ده‌ڵێ، مرۆڤ خاوه‌نی ئامڕازێکه بۆ به ڕاست وه‌رگرتن)، له ده‌رگای ئاگاییه‌وه ئه‌م سیگناڵه ده‌گات به تێمپۆڕاڵ کۆرتێکس، که تێیدا به ئه‌قڵ سیگناڵ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ سیستمی مۆتۆڕیک، که تێیدا مامه‌ڵه‌یه‌ک پراکتیزه ده‌کرێت. بۆ نموونه کاتێک که‌سێک له تووڕه‌ییدا له ده‌زگایه‌ک له وه‌زیرێک له وه‌زاره‌تێک، ئه‌وا هێرشێکی فیزیکی و ده‌روونیی ده‌کاته سه‌ر ده‌زگاکه و زیانی ماددییان پێ ده‌گه‌یه‌نێت، خۆشبه‌ختیی له‌م به‌دبه‌ختییه‌دا ئه‌وه‌یه، که هیچ که‌س زیانی گیانیی پێ ناگات. یاخود له‌سه‌ر نیقابپۆشێک کێشه‌یه‌کی گه‌وره و گران دروست ده‌که‌ن. له‌کاتێکدا ئه‌م نیقابپۆشه وێنه بگرێت و نه‌گرێت هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، چونکه که‌س نازانێت کێ لەپشت نیقابێکه‌وه شاردراوه‌ته‌وه. ئه‌مه له‌کاتێکیشدایه که خوێندن پێویسته بێلایه‌ن بێت و ده‌ستی ئایینی و سیاسیی تێدا نه‌بێت. له ئه‌وروپا له‌چک ئازاده له خوێندندا، لێ نیقاب به ‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئازاد نییه و ڕێگاپێدراو نییه.
ڕوونکردنه‌وه‌که‌ی کانت ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌قڵانییه، که پڕه له زانستی مێشک. دوای زیاد له دوو سه‌د و سی ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌که‌ی کانتدا، زانایه‌کی مێشکی وه‌کوو مانفرێد شپیتسه‌ر دێت شیکردنه‌وه‌ی دووه‌م به زانستی مێشک ده‌نووسێت. هه‌ر بۆیه شپیتسه‌ر شیکردنه‌وه‌که‌ی ناو ده‌نێت شیکردنه‌وه‌ی دووه‌م. شپیتسه‌ر بۆمان ڕوون ده‌کاته‌وه، که ئه‌وه‌ی کانت ده‌یڵێت، من به زانستی مێشک ده‌یسه‌لمێنم، که ته‌نیا و ته‌نیا خۆت له مامه‌ڵه‌کانت به‌رپرسیت، هیچ که‌س ناتوانێت یارمه‌تییت بدات خۆت نه‌بێت.
کانت له شیکردنه‌وه‌که‌یدا ده‌ڵێ، چاوه‌ڕوانی خودا مه‌که‌‌ن، چونکه ڕزگارتان ناکات، تاکه ڕزگارکه‌رتان خودی خۆتانن. بیرکردنه‌وه‌تان بگۆڕن، بڕیاره‌کانتان ده‌گۆڕن و مامه‌ڵه‌کانتان ده‌گۆڕن، به‌م شێوه‌یه ژیانتان ده‌گۆڕن. هه‌ندێک تاکی کورد، به‌هۆی هه‌بوونی کێشه‌ی ته‌ندروستییانه‌وه، مه‌ترسییه‌کی گه‌وره له‌سه‌ر ژیانی خۆیان و ژیانی خه‌ڵکییش داده‌نێن. لێ به‌ڵێ ئه‌م تاکانه دیسان ده‌سته‌ڵات و فڵان و فیسار سیاسی تاوانبار ده‌که‌ن، به‌وه‌ی که ژیانیان به‌م شێوه‌یه ڕۆیشتووه، که بۆ ئه‌وان ژیانێکی ناخۆشه. ئه‌مانه له چاوه‌ڕوانیی چه‌ند سیاسییه‌کی دیکەدا بۆ یارمه‌تیدانیان و پێنه‌گه‌یشتنیان پێیان، تووشی شکۆکیک بوون، که هانی داون بۆ نزیکبوونه‌وه له خودا و له پێغه‌مبه‌ر و له ئایین، هه‌ر بۆیه کێشه‌ی کچه نیقابپۆشه‌که ده‌بێته ئارگومێنتێک بۆ ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگایه‌وه هێرش بکه‌نه سه‌ر حکوومه‌ت. گۆڕینی بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی ئه‌قڵانی، که پێ له‌سه‌ر ویستی باش داده‌گرێت. باشه‌یه‌ک بۆ کۆی گشتیی هه‌موو مرۆڤایه‌تی، نه‌ک به ته‌نیا بۆ تاک خۆی. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر که‌سێک بیر بکاته‌وه که‌سێکی تر بکوژێت، ئه‌وا بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه، بۆ نموونه، چه‌قۆیه‌کی گه‌وره و تیژ به‌کار بهێنێت. لێره‌دا چه‌قۆیه‌کی گه‌وره و تیژ باشه، به‌ڵام باشییه‌که‌ی له پراکتیزه‌کردندا، که بۆ کوشتنی مرۆڤێکه باشه‌یه‌ک نییه، بۆ کۆی گشتیی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بێت، به‌ڵکوو باشه‌یه‌که ته‌نیا بۆ بکوژه‌که.
کانت به‌و شێوه گه‌وره‌یه مرۆڤی ئه‌قڵه نه‌ک ئایین، که له ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وانی هۆشیارییدا، ڕه‌وان ده‌ڵێ، که ویست فه‌رمانڕه‌وایه، سه‌رداره و ئه‌قڵیش نۆکه‌ریه‌تی. بۆ من هیچ تێزێک هێنده‌ی ئه‌م تێزه پڕ ئه‌قڵ نییه، چونکه ئیمڕۆ به زانستی مێشک ده‌سه‌لمێنرێت. هه‌روه‌ک چه‌ند جارێکی تریش قسه‌م له‌سه‌ر کردووه، له مێشکدا دوو سیستم هه‌یه، سیستمی هه‌ست و سیستمی لۆگیک، ویست له سیستمی هه‌ستدا به‌رهه‌م دێت، کاتێک سیستمی هه‌ست له مرۆڤێکدا باڵاده‌سته، ئه‌وا سیستمی ئه‌قڵی له خزمه‌تی هه‌سته‌کانیدایه. بۆ نموونه هه‌سته‌کانی ئادۆڵف هیتله‌ر به‌رامبه‌ر به یه‌هووده‌کان، پڕ بوون له تووڕه‌بوون و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، هه‌ر بۆیه له‌به‌رامبه‌ریدا سیستمی ئه‌قڵ هیچی پێ نه‌کراوه، ئه‌قڵی هیتله‌ر له خزمه‌تی هه‌سته‌کانیدا بووه. هه‌روه‌کوو چۆن ئه‌قڵی به‌شێکی گه‌وره‌‌ی مرۆڤ له خزمه‌تی هه‌سته‌کانیدایه. کارکردنی پێکه‌وه‌ی ئه‌قڵ و هه‌ست، ڕۆشنبیریی ده‌وێت، ڕۆشنبیرییه‌ک له هه‌ردووکیاندا، که ده‌ست له‌ناو ده‌ست پێکه‌وه کار بکه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می فێربوون و په‌روه‌رده‌کردنه له پێشینه‌ی منداڵییه‌وه، به‌م شێوه‌یه مۆڕاڵه‌که‌ی کانت وا له مێشکدا و به‌رهه‌می ئایین نییه.