سەرمایەدار و كۆمپانیاكان سیاسەتوانان و بزنسکاران

 

حكوومەتی بنكە فراوان لەناو گێژاوی ململانێی حزبيی و شڵەژانی پرۆسەی سیاسیدا دووچاری چەندین تەحەددای گەورەی شەڕ و گەمارۆ و جەنگی ئابووری بووەوە، هەرچۆنێك بێت ئەو رۆژانەمان تێپەڕاند و دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێ نزیك بووەتەوە و تەپوتۆزی گرژییەكانی ناوخۆش نیشتووەتەوە و پێوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە ئاسایی بووەتەوە. ئەم واقیعە نوێیە ئومێدێكی لای خەڵك دروست كردووە، ئومێدێك، كە چیتر ئابووری و بژێویی خەڵك نەكرێتە گەمەیەكی سیاسی و مووچەكان لە كاتی خۆیدا دابەش بكرێن و گەنجەكانمان هەلی كاریان دەست كەوێت، هەرچی گرفتی 27 ساڵەی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و بێسەروبەریی كەرتی پەروەردە و تەندروستی و ئەو ناعەدالەتییەی لەم بوارەدا هەیە، روو لە چارەسەركردن بكات. قسەكردن لەسەر خواست و ویستی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی هەموو ئەم گرفت و كێشانە، دەمانخزێنێتە ناو قسەكردن لەسەر پرۆسەی حوكمڕانی و ئیدارەدانی دەوڵەت و ئاڕاستەكردنی كەرتی تایبەت، كە یەكێك لە هۆكارەكانی نەهامەتی و ئاڵۆزبوونی گرفتەكانمان، ئەو بیزنسمان و وەبەرهێنانەن كە خۆیان خزاندووەتە ناو كایەی سیاسی و ئابووری و بوونەتە هۆی لاوازبوونی رۆڵی كەرتی تایبەت، لەكاتێكدا وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا، ئەو وڵاتانەن، كە تێیدا بیزنسكار و كۆمپانیاكان تێیدا بەهێزن، كەچی لای خۆمان پێچەوانە كەوتووەتەوە و وای لە هاووڵاتییانیش كردووە، چاوەڕوان بن تا حكوومەت هەموو ئەركێك لەئەستۆ بگرێت. كەواتە چی بكرێت بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت نەبێتە بەڵا بەسەر حكوومەت و خەڵك و هەموو سیاسییەكانيشمان نەبنە بیزنسکار و پرۆسەی ئابووری تێك نەدەن؟


سەبارەت بە خاڵە لاوازكانی كەرتی تایبەت، زۆر بۆچوون و ڕەهەندی جیاواز هەن كە زۆربەی جاران لە لایەن ئابووریناسانەوە شرۆڤە و تاوتوو دەكرێن، بەڵام هەموویان لە یەك خاڵدا یەك دەگرنەوە، كە شكستی ئیدارەدان لە لاوازیی پرۆسەی دیموكراتی نییە، بەڵكوو لە خراپیی پرۆسەی سیاسی و ناسەقامگیری و بێسەروبەریی حزبایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیە لەم ژینگەیەدا كەرتی تایبەت بەرپرسیار نییە بەو شێوە خراپە مامەڵە بكات، ئەوەتا وەزارەتەكان مامەڵەیەكی لاواز و كۆن لەگەڵ كەرتی تایبەتدا دەكەن و هێشتا لە چوارچێوەی یاسا كۆنەكانی گرێبەست و بەپێی رێنمایی لاواز مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكاندا دەكرێت، لە غیابی لاوازیی لێپرسینەوە و رۆڵی قەزاییشدا هێندەی تر گرفتەكان ئاڵۆزتر بوون، لەبری ئەوەی كەرتی تایبەت ببێتە هۆكاری زیادبوونی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، بووەتە هۆكاری كەڵەكەبوونی پارە و سووككردنی یاسا و پێدانی بەرتیل و تەشەنەكردنی گەندەڵیی ناو دامودەزگاكانی حكوومەت.


بەم شێوەیە حكوومەت نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی روئیایەكی روونی ئابووری، هەروەها ستراتیژیەتی بۆ ئایندە نەبووە، پلان و بەرنامەی بۆ بوژانەوەی كەرتەكان نەبووە، لە وڵاتێكی بێ سیستەمی بانكی و لە نائارامیی ڕەوشی سیاسی و لە خەمساردیی حزبەكانی هەردوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتدا، لە سەرمایەدار و كۆمپانیاكان هەر ئەمەندەیان لێ چاوەڕێ دەكرێت. ئەو پرۆژە چاكسازییەی لە كابینەی پێشوودا نێردرایە پەرلەمان، زیاتر لە رووی چاكسازیی ئیدارییەوە كاری لەسەر باشكردنی دۆخەكەی دەكرد، كەچی لەوەشدا دیسان لە پەرلەمان وەك هەموو شتەكانی تر خرایە بەردەم موزایەدەی كاراكتەرەكانی ناو حزبەكان و بەلاڕێدا برديان، بە هەمان شێوە، مەرج نییە لەم كابینەیەشدا جێبەجێ بكرێت، لە ئابووریدا زاراوەی گشتگیر و بەرنامەی پەرشوبڵاو و بێسەروبەر وەك هەڵگرتنی بەردی گەورەیە، كە ئاكام نیشانەی نەهاویشتنیەتی، مادام چاكسازیی پرۆسەیەكی بەردەوامە و لەگەڵ خولی ئابووری و ژیانی مرۆڤایەتیدا هەردەم لە گۆڕانكاریی بەردەوامدایە، كاتی ئەوە هاتووە، بە زۆرینەیەی پەرلەمانی هەوڵەكانمان تەنیا بۆ تێپەڕاندنی یاسا و پرۆژەكان نەبێت، بەڵكوو هەموو هەوڵەكان یەك بخەین و داهاتەكانمان زیاد بكەین، لەبری ئەوەی هەوڵی كەمكردنەوەی خەرجییەكان بدەین، كە شوێنەواری خراپی بۆ پووكانەوەی بازاڕ و بێكاریی لێ كەوتووەتەوە، دەبێت ئێمە بوارێكی فراوان بۆ كەرتی تایبەت بڕەخسێنین، تاوەكوو ئەركی سەرشانی حكوومەت لە خەرجیی بەكاربردن و دامەزراندنی مووچەخۆران كەم بكاتەوە، ژمارەی كۆمپانیا و پیشەكاران و پرۆژە بچووكەكان زیاد بكەین و رسوومات و باجەكان زیاد بكەین. لە كابینەی پێشوودا هەندێك بڕیار و رێنمایی دەردەچوون، كە فڕیان بەسەر ئابووری و (كەڵكی ئابووری)یەوە نەبوو، لە بێبازاڕیدا بڕیاری زیادكردنی رسووماتەكانی شارەوانی و تاپۆ و باج دەدرا، تەنیا بۆ یەك دوو مانگی زیادكردنی داهاتەكانی شارەوانی، ئەوەش ئەوەندەی تر قوڕی خەستی بەسەر بازاڕدا دەكرد و لە مەودایەكی مامناوەنددا بازاڕ هەر نەدەما. كاتی ئەوە هاتووە بە دیدێكی نوێ و هاوچەرخانەوە بڕوانینە كەرتی تایبەت و پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و كەرتی تایبەت ئاشت بكەینەوە، ئەو كەرتەی تا ئێستا هاوشێوەی زەمانی ئیشتراكیەت مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بگرە ئێستا خراپ بووە و پابەندی هیچ پێوەرێكی مرۆیی و تەندروستی و دارایی نییە، ئاشتبوونەوەی خەڵكی لەگەڵ كەرتی تایبەت، خاڵێكی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئەو كەرتە و زیاتركردنی رۆڵی بزوێنەری كەرتەكە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا، بەم شێوەیە هەرگیز نابینە خاوەنی حوكمڕانییەكی بەهێز، تاوەكوو لە گەمەیەكی لێزاندا شەترەنج ئاسا نەتوانین هاوسەنگی لەنێوان سێكوچكەی هاووڵاتی و حكوومەت و بیزنس رانەگرین، ئەمەش تەنیا بە سەقامگیری سیاسی و سەقامگیریی ئاسایش دەكرێت، نەك بە دیموكراتی پشێوی و شەڕە حزبایەتی.