کۆڕبەندی جیھانی (G20) و کاریگەرییەکانی لەئاستی جیھاندا

کۆڕبەندی ئەمساڵی ئەم گروپە چواردەیەمین کۆبونەوەی لوتکەی گروپەکەیە کە لە ئۆساکای ژاپۆن بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندەکە دو رۆژ بەردەوامبو ( ٢٨ و ٢٩ ی حوزەیران) کە تێیداجگەلە ئەندامانی گروپەکە کە یەکێتی ئەوروپا و ١٩ وڵاتی دیکەیە، ھاوکات ژمارەیەک وڵات و کەسایەتی دیکەش بانگێشت کراون.
کۆڕبەندی گروپی بیست چیە؟

ئەم کۆڕبەندە بەشێوەیەکی فەرمی بە کۆبونەوەی لوتکەی تایبەت بە ( بازاڕە داراییەکان و ئابوری جیھانی ) ناسراوە.
لەم کۆڕبەندەدا ئەو سیاسەتە ئابورییانە تاوتوێدەکرێن کە ھۆکارن بۆ جێگیری دارایی نێودەوڵەتی. بۆیەکەمین جار ئەم گروپە لەساڵی ١٩٩٩ دروستکرا کە پێکدێت لەگروپێک وڵات کە ئابورییەکانیان پێشکەوتوە یان لەباری نائاسایدان. ئەم وڵاتانە لەسەدا ٨٥ ی کۆی داھاتی ئابوری گۆی زەوی پێکدەھێنن و زیاتر لەسەدا ٧٥ی ئابوری جیھانی داگیردەکەن و نزیکەی دو لەسەر سێی تەواوی دانیشتوانی سەرزەوی پێکدەھێنن.
ھەروەھا، روبەری ئەم وڵاتانە نزیکەی نیوەی روبەری گۆی زەوییە.
بەشداربوانی کۆبونەوەی لوتکە سەرکردەکانی ١٩ وڵاتن لەگەڵ نوێنەری یەکێتی ئەوروبا. ئەو وڵاتانەی کە گروپی بیست پێکدەھێنن بریتین لە: ئەرجەنتین، ئوستورالیا، برازیل، کەنەدا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ھندستان، ئیندۆنیزیا، ئیتالیا، ژاپۆن، مەکسیک، کۆماری کۆریا، کۆماری ئەفریقای باشور، سعودیە، تورکیا، بریتانیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.
جگەلەوە، ژمارەیەکی دیکە لەسەرکردەی وڵاتانی بانگێشتکراو و رێکخراوی نێودەوڵەتی دیکە بەشداری کۆڕبەندی گروپی بیست دەکەن. لەگەڵ ھەمو ئەوانەشدا ھەندێک میوانی ھەمیشەیی ھەیە لەوانە، دەستەی سەقامگیری دارایی، نەتەوە یەکگرتوەکان، گروپی بانکی جیھانی و رێکخراوی بازرگانی جیھانی.
ساڵانە سەرۆکایەتی گروپی بیست ( G٢٠) دەگۆڕێت و سەرۆک بەرپرسیارێتی یەکخستنی ئەجێندای ئەندامانی گروپەکەی لەئەستۆدایە.

تەوەری سەرەکی کۆڕبەندی ( G-٢٠) ئەمساڵی ٢٠١٩ چی بوە؟
١. جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین باڵی بەسەر کۆڕبەندەکەدا کێشابو، ھەمو چاوەڕێی رێکەوتن و لێکنزیکبونەوەی ئەو دو وڵاتە بون، تەواوی سەرکردەکانی جیھان بەگرنگییەوە سەیری ھەنگاوەکانی ئەم دو وڵاتەیان دەکرد بەو پێیەی جەنگی بازرگانی نێوان ئەو دو وڵاتە زۆرترین کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیھان ھەیە. ھەمو چاوەکان لەسەر دۆناڵد ترەمپ و جینپینگ بون کاتێک چاویان بەیەک کەوت و کۆبونەوە. پاش کۆبونەوەی ئەمڕۆشیان، پسپۆڕانی ئابوری گەشتنە ئەو باوەڕەی کە لەبری ھەنگاونان بەرەو رێکەوتن و چارەسەری کێشەکان، ھەردو وڵات رێکەوتن لەسەر بەردەوامیدان بەسزاکانی سەر یەکتری، ئەوەش دودڵی و نیگەرانی زیاتری بەدوای خۆیدا ھێنا.
٢. جگەلە بابەتە بازرگانی و ئابورییەکان، ھاوکات پرسی گۆڕانی کەشوھەوا یەکێکی دیکە بو لەپرسە گرنگەکانی کۆبونەوەی لوتکەی ٢٠١٩ کە تێیدا ھەریەک لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و جێر بۆڵسۆنارۆ ھاوڕابون لەسەر ئەوەی کە وڵاتان پابەند نەبون بۆ بەدواداچونی ئەو پرسە و کەمبونەوەی مەترسییەکانی.
٣. گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بابەتێکی دیکەی دیار و بەرچاوی بەشداربوانی ئەو کۆبونەوەیە بو، بەرپرسانی ئەوروپا ھەوڵیان دەدا رێکەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ بکەنەوە خاڵی پێکھاتنی وڵاتانی بەشداری رێکەوتنەکە.
ئەوەی گرنگ بو لەپەراوێزی ئەو لوتکەیەدا، دەیان کۆبونەوەی گرنگی سیاسی و ئابوری تایبەتی ئەنجامدران و دەیان رێکەوتن و پەیانی ئاشتی و شەڕانگێزی دران بەگوێی جیھاندا.
یەکێک لەگرنگترین پەیامە سیاسیەکان کە لەو کۆڕبەندەدا وروژێنرا، لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بو لەبارەی ھەنگاوەکانی تورکیا لەدژی کورد.
ترەمپ ئاشکرایکرد کە ئەردۆغان ویستویەتی ھێرشبکاتە سەر کورد لەسنورەکان و لەناویان ببات، بەڵام ئەو داوای لێکردوە ئەو کارە نەکات و سوپاکەی بۆ ھێرشکردنە سەر نەتەوەیەکی وەک کورد بەکارنەھێنێ کە دژی داعش جەنگاون و ھەزاران شەھیدیان لەوپێناوەدا بەخشیوە.
رێکەوتنی روسیا و سعودی بۆ بەردەوامیدان بەکەمکردنەوەی بڕی ھەناردەکردنی نەوت یەکێکی دیکەبو لە روداوە گرنگەکانی کۆڕبەندی گروپی بیست کە رێگە خۆشکەرە بۆ رازیکردنی وڵاتانی ئۆپێک لەسەر بەردەوامیدان بەو سیاسەتە نەوتیە کە ئەمریکا دژیەتی.

 

*بە رپرسی ئنسستیوتی ئابوری ئە مریکی کوردی