نیقاب.. دیواری نێوان ژن و دونیا


بە قوڵایی تەواوی ئەو مشتومڕانەی لەبارەی نیقابەوە هەن، رۆمەچووە خوارەوە، ئەسڵەن هەر پێویستیش ناكات تا بزانیت چۆن و كەی پەیدابووە تا رووخساری ژنانی پێ دابپۆشرێت. راستە ئەوەی تۆ دەیبینیت، پارچەیەك پەڕۆی رەشە، دەخرێتە سەر رووخساری ژنانێكەوە و بە تەواوی لە دونیای ئاسایی كۆمەڵگە دایاندەبڕێت، دیوارێكە لە نێوان ژن و جیهاندا، لە نێوان ژن و خەونەكانی، خوڵقێندراوە.

بەڵێ، تەنیا سەیری خودی نیقابەكە و ئامانجەكانی بكە، ئەوەی وایكردووە ژن نیقاب بپۆشێت، لە بنەڕەتدا خواستی خۆی و حەزی ژن نەبووە بۆ داپۆشینی رووخساری، ئەوە زەبری پیاوسالارییە ئەو بڕیارە قورسەی بەسەر ژندا سەپاندووە، یان وەك شێخ خالید عیمران، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی فەتوای ئەزهەر، كە ئێستا نازانم لەو ئەنجوومەنەی فەتوایە ماوە یان نا! ئەو چەند ساڵێك پێش ئێستا و لەبارەی نیقابەوە كە بەزۆر بەسەر ژناندا سەپێندراوە، دەڵێت: نیقاب بەشێكە لە نەریت و لە بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامیدا بوونی نییە، دەشڵێت: پۆشینی نیقاب، لە بیاباندا پێویستە و جەستەی مرۆڤ لە گەردەلوول و لمی بیابان دەپارێزێت.

ئاخر ئەوە قسەیەكی بێمانایە، ئێمە پێمانوابێت ئەو گەورە شارەزایە لە ئیسلام هەڵە بێت و نەزانێت كە نیقاب لەسەر ژنانی موسڵمان پێویستە یان هەر نەریتێكە و پشتاوپشت لەگەڵ مێژووی ئیسلامدا هاتووەتە پێش تا بە ئێستاش دەگات لە زۆر شوێنگەی موسڵماناندا برەوی هەیە، چونكە كۆمەڵگەی عەرەبی یان موسڵمانان دابڕاوبوونە لە هەر ریفۆرمێكی ئایینی یان كولتووری، هەزار ساڵ و زیاتریش، پێش ئێستا، تێڕوانینیان بۆ ژن چۆن بووە، ئێستاش هەر هەمان شتە و بە هەمان دۆخی دەروونیدا گوزەر دەكەن، ئەوەی پەیوەندی بە ژنیشەوە هەیە، مەگەر چۆنچۆنی و لە هەندێ شوێندا گۆڕان لەو تێڕوانینە پیاوسالارییەدا روویدابێت، ئەگینا هەنووكەش ژن لە زۆربەی كۆمەڵگە موسڵمانییەكاندا بە موڵكی رەهای پیاو دەزاندرێت و ژنانیش ئەو بەكاڵابوونەی خۆیان قبووڵكردووە و خەریكە لێی رادێن و هیچ كێشەیەكیشیان لەگەڵ ئەو بە كۆیلەبوونەی خۆیاندا نەبێت، بگرە هەندێكیان هەر حەزیشی پێدەكەن و ئاسوودەن، بەوەی هەمیشە پیاوێك بە گۆچانێكەوە لەسەر سەریان بوەستێت یان بە ئارەزووی پیاو بجولێنەوە، ئەمە گشتگیر نییە، بەڵام دیاردەیەكی بەهێزیشە و بەردەوام دەبینرێت و خۆی ئەبدێتدەكاتەوە.

دەی سەیری نیقابی ژن بكە و نەختێكیش لە دەروونی ئەو ژنانە ورد ببەوەوە كە نیقابپۆشن، ئەوكات تێدەگەیت چ ستەمێك لە ژن دەكرێت، ئاخر هێندەی نەریتێكی خێڵەكی، عەرەبی، دواكەوتووانەیە، هێندە ئاینی نییە و بەزۆریش خەریكە تێكەڵ بە ئایین دەكرێت و خەڵكی پێ دەترسێنن بەوەی ئەگەر نیقاب نەپۆشیت، بێڕەوشتیت، داوێنپیسیت، دەچیتە دۆزەخەوە، ئاخر زۆربەی ژنانی موسڵمان بەهۆی ئەو ترس و تێڕوانینانەیە، نیقاب دەپۆشن، ئەگینا كێ حەز بە زیندانیكردنی خۆی دەكات! ئەوەتا شێخ خالید بە دەنگی بەرز ئەوە دەڵێت، چونكە لەو ژینگەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە ئێمەی تێدا دەژین، شتگەلێك تێكەڵ بە ئایین كراون و بەزۆر و بۆ مەبەستی تایبەتیش بەرگی دینیان بە بەرداكراوە و پیرۆزكراون، كە پێویست ناكات وابێت، بە تایبەتی ئەوانەی راستەوخۆ لە بەرژەوەندی پیاوانی دەسەڵاتداردا بوونە.

پێتناخۆش نەبێت، تۆی ژن، ئینجا بەزۆرەملێ بووبێت یان ئارەزوومەندانە، كاتێك نیقاب دەپۆشیت، ئازادی و حەزەكانت، ئەو رووخسارەت كە دەڵێیت جوانی خودایە پێشكەشم كراوە، بەهۆی نیقابەوە لە مرۆڤ و خوداشی دەشاریتەوە! نەختێك بیر بكەوە، ئایا خودا لێت رازی دەبێت، بە ئەنقەست رووخساری خۆتی لێ بشاریتەوە؟ ئینجا لەبەر خوداش نا، بەڵكوو لە ترسی پیاو رووخسارت دەشاریتەوە، لەكاتێدا وەك خۆت دەڵێیت: خودا بە جوانترین شێوە بۆتی دروستكردووە!
ئاخر چۆن ماف بە خۆتان دەدەن، كاتێك ژنێك بۆیە لە قژ و نینۆكەكانی دەدات یان جوانكاری دەكات، پێی بڵێن دەستكاری ئیشی خودای كردووە و پێویستە بەوپەڕی راشكاوییەوە دژی ئەو كارەی بوەستینەوە. بەڵام گرنگە بیر بكەیتەوە، خۆ نیقابیش هەمان شتە، وەكچۆن ژنانی سفور، بەهۆی فیلەر و بۆتۆكسەوە، رووخساران دەستكاری دەكەن، كە ئێوە دەڵێن شیاو نییە مرۆڤ دەستكاری ئیشی خودا بكات! رێك نیقابیش دەستكاریكردنی رووخساری ژنە، بگرە خراپتریش، ئاخر تۆ بەهۆی نیقابەوە خۆت لە كۆمەڵگە دەشاریتەوە، ئەگەر وایە، خودا رووخسارتی لە شێوەی نیقابدا دروست دەكرد نەك بەو جوانییەت! جەستەیەكیت دەجولێیتەوە، بەڵام رۆحت كوژاوەتەوە و هەستی كۆیلایەتیش خۆشتر دەوێت تا ئازادی.

دەزانی ئێمەمانان هەر كە داوای ئازادی و فڕێدانی نیقابی سەر رووخساری تۆی خاتوون دەكەین، بۆ خۆمان نییە، هەر لە بنەڕەتدا نیقابمان نەكردووە، ئەوە دیارە پیاوەكان نایكەین و ژنەكانیش، ئەوانەی كە دژی نیقابەكەی ئێوە دەوەستنەوە، لەبەر خۆیان نییە تا لە نیقاب رزگاریان بێت، ئاخر ئەوان رووخساریان بە دەرەوەیە، ئەوەی ئێمەی پیاو و ئەو ژنانەش دەیڵێین، بۆ ئێوەیە، داوای ئازادی بۆ ئێوە دەكەین، كەوایە پێتناخۆش نەبێت، تۆ كە نیقاب دەپۆشیت، دیلت دەكەن و دیلیەكەشت وەك باشە و پاداشتی دواڕۆژ پێ دەفرۆشنەوە، گرنگە بزانیت، هاتوهاواری ئێمە بۆ رزگاری تۆیەی نیقاب پۆشە.

بەڵێ، بۆ ئەوەمانە ئیدی ئێوەش تێكەڵ بە كۆمەڵگە ببەوە و چیتر لەپێشچاوی ئێمەدا نەچەوسێندرێتەوە، ئاخر ئەگەر ئێوە خۆتان فڕێی بدەن، ئەوكات ئێمەش باسی نیقاب ناكەین، كاتێكیش دەڵێین نیقاب فڕێ بدەن، رقلێبوونەوە نییە لە هیچ كەسێكی نیقابپۆش، دژایەتی و سووكایەتیش نییە، تەنیا بۆ ئەوەیە تا ئێوەش هەست بكەن لە چ دۆخێكی خراپدا دەژین، ئەگینا ئێمە نیقابمان بەسەر رووخسارەوە نییە و رووخسارمان ناشیرین یان جوان بێت، بەڵام بەدەرەوەیە، بە پێچەوانەوە ئەوە ئێوەن رووخسارتان شاردراوەتەوە و فڕێدانی نیقابەكەش سوودی بۆ ئێوەیە نەك ئێمە.

ئەو پیاوانەی رێگە دەدەن ژنەكانیان، خوشكەكانیان، كچەكانیان، نیقاب بپۆشن، یان بەزۆر نیقابیان بەسەردا دەسەپێنن، ژن وەك كۆیلە و كاڵا دەبینن، زۆرێكیشیان ژن بە هۆكاری تێركردنی غەریزەی سێكسی دەزانن، ئەو پیاوانە پێیانوایە كە ژن هەرچییەك بێت و لە هەر پلە و پۆستێكیشدا بێت، كۆیلەی پیاوە، بۆ تێركردنی ئاڵۆشی سێكسی پیاو دروستكراوە!

ئەمە قسەی من نییە، قسەی ئێوەیە، بەڵام لەوە دڵنیام، جیهاد و پیاوكوژیتان بۆ خودا و لە پێناوی سەرخستنی دینی موحەممەدیش نییە، بەڵكوو بۆ تێركردنی ناوگەڵ و بەدەستخستنی حۆرییە، دەی هەندێ پیاوی موسڵمان، چونكە ژن وەك كاڵا دەبینن، چونكە تا بە رۆحی دەگات، تەنانەت رووخساریشی دەشارێتەوە، بۆ ئەوەی پیاوی دیكە چاوی تێنەبڕێت.

نیقاب تەنیا شاردنەوەی رووخساری ژن نییە، ئەوەی ئەو كارە بە ژن دەكات یان ژن خۆی دەیكات، لە هەردوو دۆخەكەدا بە ئامانجگرتنی خودی ژنانە بە مەبەستی كۆیلەكردنیان، نیقاب، دیوارێكی پەڕۆیینە و ژن لە هەموو شتێك دادەبڕێت، دیوارێك لە نێوان ژن و جیهاندا، ژن و كۆمەڵگەدا، ژن و خەونەكانی، دیوارێك بەرچاوی ژن دەگرێت تا دونیا و جوانییەكان نەبینێت، ئاماژەی دەسەڵاتی پیاوسالارییە و بەسەر جەستەی برزكراوی ژنانەوە دیارە، دیوارێك كە ژن لەودیویەوە بە بێدەنگی دەگری و كەسیش هەست بە گریان و ئازارەكانی ناكات، هیچ كەس، وەك مرۆڤێكی ئاسایی، لێی ناڕوانێت.

ئاخر لەژێر یان لەودیوی ئەو دیوارەوە، دونیایەك خەون و ئامانج، حەز و ئارەزووی ژیانكردنی ئاسایی هەن، بەڵام ئەوە ترس لە كۆمەڵگە و ترسە لە ئاگری دۆزەخ، ترسە لە باوك، برا، مێرد، نێری كۆمەڵگە و قسەوقسەڵۆكە، هەموو ئەوانەن وا دەكەن، ژن نەتوانێت ئەو دیوارە پەڕۆینە بڕووخێنێت و تامی ئازادی و خۆشییەكانی ژیانی خۆی بكات.

نیقاب، دیلكردنی ژنە لەناو پەڕۆدا، دیلكردنی ژنە تا وەك مرۆڤ بیر لە ژیانكردنی ئاسایی خۆی نەكاتەوە، دیلكردنە تا ژن لە رۆحەوە هەست بە خۆی نەكات و هەردەم چاوی لەوە بێت، كاڵای دەستی پیاوان بێت. نیقاب، وێڕای ئەوەی دیلكردنی ژنە، لە بۆتەی ستەم و لەودیوی دیواری پەڕۆینەوە، هاوكات كوشتنی ئەو رۆحە جوانەیە كە پێی دەڵێن، ژن، وێڕای ئەوەی دیلكردنە، كوشتنی خەونەكانی، حەزەكانی ژنیشە، تا ژن كۆیلایەتی قبووڵ بكات و هەست بە بوونی خۆی نەكات.

سه‌رچاوه‌:
- شێخ خالید عیمران، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی فەتوای ئەزهەر، ماڵپه‌ڕی كوردستان24