خۆشەویستی لە کوردەوارییدا

8

كورد و شار
ڕاستە شارەكانی كورد لە بەشی زۆری سیفەتەكاندا هاوبەش بوون و تا ئەندازەیەكی زۆر لەیەك دەچن، بە جیاوازیی پێگەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییانەوە. هەندێ وردە جیاوازی لەنێوان شارەكاندا هەیە، ڕەگی عەشایری لە هەولێر و فەرامۆشكردنی دهۆك (ئەوكات) و دابڕینی كەركووك لە كوردستان، وایان كردبوو سلێمانی لە هەموو بوارەكاندا، بۆ گەشەی كارێكتەری كوردی، نموونەیەكی باشتر بێ. ئەو بابەتە دەمخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورە لە بەراوردكردنی شارە كوردییەكان بە یەكتری، بەڵام من سڵ لەوە ناكەمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆكارەكانی هەڵبژاردنی سلێمانی وەك شارێكی دەركەوتووی ئەو كاتە، وردەكارییەكانی لەدرێژەی بابەتەكەدا زیاتر ڕوون دەكەمەوە.

بۆچی سلێمانی؟
سلێمانی كەنگێ وەك شار دەردەكەوێ؟
لێرەشەوە دەپرسم، خۆشەویستی لە سلێمانیدا چ ئاڕاستەیەكی وەرگرتووە؟
ئایا خۆشەویستی، خێزانێكی تازە و كارێكتەرێكی تازەی كوردی دروست دەكات؟

دروستبوونی سلێمانی
بەشی زۆری شارناسەكان، یان ئەوانەی لەسەر شاریان نووسیوە، باوەڕیان وایە، كە سلێمانی بە بڕیارێكی سیاسیی دروست بووە، واتا سلێمانی تاكە ئاوەدانییە كە لەگەڵ دروستبوون ناوی شاری لێ نراوە، یان بەنیازی شار دروست كراوە.
(لە ساڵنامەی ١٩٥٥ی سلێمانیدا، كە لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاو كراوەتەوە هاتووە: ئیبراهیم پاشای بابان، خۆی حوكمداری شاری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگیی شوێنەكە و لە ترسی هێرشی دوژمن، بەتایبەتی لە نادر شای حوكمداری ئێران، كە گەلێ جار ویستوویەتی هەڵمەت بەرێتە سەری و دەستبەسەری بكات، بەناچاری شار و شوێنی هەڵسوڕانی كاروباری وڵاتەكەی گواستەوە ئەو شوێنە، كە ئێستا شاری سلێمانییە).
ئەوە نەك مێژووە، ئەوە حاڵەتیشە، فاكتە، دەبێ كاری لەسەر بكرێ. لە دنیادا چەند شاری دیكە هەن، لە ترسی هێرش و خۆپاراستن لە شەڕی پێشوەخت دروست بووبن؟ تەنیا ئەو هۆیە بەسە بۆ ئەوەی، موسیبەتی كوردبوون بۆ دنیا بگێڕیتەوە. نەك خەڵكی سادە لەژێر هەڕەشەدا بوون، بەڵكوو پادشا و سەرۆكیش خۆیان لەو هەڕەشانە پاراستووە.
ئەو شارانەی بە بەرنامەی پێشوەخت بنیات نراون، زۆرن، یەكێك لەوانە (سان پیترۆس بورگ)ە. كە بۆ بەرزڕاگرتنی شكۆی ڕووس دروست كراوە، بۆ ئەوەی بەرامبەر دنیای خۆرئاوا بدرەوشێتەوە، مێژووی دروستكردنی، مێژووی فیداكاری و عەقڵ و ستەمكارییشە، پترۆس دەیەوێ پەیكەری ئەسپەكان لە كەنار دەریا بێت، بۆ ئەوەی هەتا شەپۆلەكانیش بەر سینگیان كەون و بشكێن و بگەڕێنەوە. ئەوە پێی دەڵێن مێژووی شكۆمەندی. شاری سانت پیترۆس بورگ، پیترۆسی یەكەم لە ساڵی ١٧٠٣ی زایینی بنیاتی ناوە.
ئەوەی كورد مێژوویەكی دیكەیە، مێژووی ترس و بەرگری و خۆپاراستنە. هەر لەدرێژەی بابەتەكەی سەروەدا:
(ئەمەش وای كرد مەحموود پاشای بابان ساڵی ١٧٨١ی زایینی بیری لەوە كردەوە، ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر، بۆیە سەرای حكوومەتی لەنزیك گوندی مەڵكەندی دروست كرد، دواتر ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی ١٧٨٣دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەكەی گرتە ئەستۆ و دەستی كرد بە دروستكردنی شاری سلێمانی، تا لە ساڵی ١٧٨٤دا لە دروستكردنی شاری سلێمانی كۆتایی هات، لە هەمان ساڵدا بابانییەكان پایتەختی ئیمارەتەكەیان گواستەوە سلێمانی).
هەر چەند بابەتەكەمان پێویستی بە گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵگەی مێژووییشمان ناوێ، ئەوەی پێویستمانە كەمێك زانیارییە، تەنیا بۆ ئاشنابوون بە شارەكە.

گوندی مەڵكەندی
- سلێمانی لەسەر گوندی مەڵكەندی بنیات دەنرێ. بۆ دووركەوتنەوە و خۆپاراستنی لە هێرشی دوژمنكارانە، بەتایبەتی ئێرانییەكان (چونكە زۆر نزیك بوون).
- كێن ئەوانەی ئاوەدانی دەكەنەوە؟ بابانییەكان، سەرخێڵ و ئەندامانی بنەماڵە نزیكەكان لە بابانییەكان، هەندێك لەو كەسانەی كە بە (پیشەوە) خەریكن. وەستای دیوار و كرێكار، دەشێ پیشەوەرەكانی ئەوكاتیش ئاوەدانكردنەوەی شارێكی تازەیان بە هەل زانیبێ و ڕوویان تێ كردبێ، وەكوو ئاسنگەر و مزگەر و دارتاش و بازرگان و كاروانچی، مەلا و فەقێ و خەڵكانی دیكەش. مێژووی شاری سلێمانی زۆر لەوە دەوڵەمەندتر و فراوانترە، لەو كورتە سەرنجانەدا بخرێتە ڕوو، من تەنیا دەمەوێ شتێك لە فەزای شار دروست بكەمەوە.
هەموو ئەوانە بناغەیەكی چاكن بۆ دروستكردنی كارێكتەرێكی تازە، بۆ دروستكردنی فەزایەكی تازە بۆ پێكەوەژیان، بۆ تێكەڵاوبوونی خوێن و خەڵكی جیاواز.
دروستكردنی پەیوەندی لە ڕێگای كار و پیشەوە نەك خوێن و خێڵەوە. لە یەكێك لە ژمارەكانی ڕۆژنامەی (ژین)دا ساڵی ١٩٥٥ بەم جۆرە باس لە پێگەی شاری سلێمانی كراوە:
(شاری سلێمانی مەركەزی لیوای سلێمانییە، لە سەروویەوە شاخی گۆیژە و ئەزمڕ، لە خواریەوە ڕووباری تانجەڕۆ و زنجیرە شاخی گڵەزەردە دەوری داوە، پانایی ڕووەكەی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار مەترە و ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە ٦٠ هەزار كەس و خانووەكانی نزیكەی ٧ هەزارن، شەش گەڕەكی سەرەكیی تیایە (كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن) گەڕەكی جوولەكانی جارانی ئێستا خراوەتە سەر گەڕەكی سەرشەقام).
ئەو زانیارییانەم لەسەر سلێمانی، لە (خاك) وەرگرتووە، كە ئەویش پشتی بە ڕۆژنامەی (ژین) بەستووە.

شاری سلێمانی فەزایەك بۆ خۆشەویستی
تاڕادەیەكی باش لە مەبەستەكەی خۆم نزیك بوومەوە، ئێستا شارێكمان هەیە، كە لە سەدەی هەژدە بنیات نراوە، بۆ كاتی دەركەوتنی منەوەرەكان و ئەو ڕێكەوتەی من مەبەستمە بیكەم بە خاڵی دەركەوتنی جۆرێك لە خۆشەویستی. ئەویش ناوەندی سەدەی بیستە.
تایبەتمەندیی شاری سلێمانی لە كۆتاییەكانی سەدەی هەژدە و درێژایی سەدەی بیستدا، هەمان تایبەتمەندیی شارەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی هەیە، بە كەمێك دواكەوتنی زیاترەوە. شارە یەكڕەنگەكان، یەكڕەنگ، كە دەلالەتی بۆ ڕەنگی پیاوە بەتەنیا. ئەو قسەیە بۆ تەواوی كۆمەڵگەی كوردی ڕاستە. ئەوەش پەیوەندیی بە زۆر هۆكارەوە هەیە، یەكێكیان كورد دوای ئیسلامبوونی، ڕۆژ بەڕۆژ لە كولتووری خۆی دوور كەوتەوە و خزایە ناو كولتوورێكی تازە هاتووەوە، بەپێچەوانەی فارسەكان كە تا ئەمڕۆ تاڕادەیەكی زۆر ڕەگوڕیشەی كولتووری خۆیان پاراستووە. هەر بۆ نموونە، هەر ئیسلامێكی شیعە مەزهەب، لە دڵەوە حەز دەكات زمانی فارسی بزانێ و كولتووری فارسی پەیڕەو بكات. ئەوەش مانایەكی هەیە، كە فارس لە ڕووی سەربازییەوە شكاوە و لە ڕووی كولتوورییەوە بەرگریی كردووە. ئەوەش سروشتی كولتووری بەهێزە، هەمیشەش مانەوە بۆ بەهێزەكانە.
قسەی من لەسەر شاری كوردییە لە ناوەندی سەدەی ڕابردووەوە. ئەگەر وێنەكە بهێنینە بەرچاوی خۆمان.

سلێمانیی ١٩٣٤ ببینە
حوسێن حوزنی، وەك ئەوەی بۆ من كاری كردبێ، بەهۆی داتا و وردەكارییەكەیەوە، وێنەیەكی زۆر ڕوونی سلێمانیمان پیشان دەدا. دەمەوێ ئێوەش ئەو وێنەیە ببینن.
لە كتێبی (سەرجەمی بەرهەمەكانی حوسێن حوزنی)دا، كە دەزگای ئاراس لە ساڵی ٢٠٠٧دا چاپی كردووە.
حوسێن حوزنی لە ٢٥ لاپەڕەدا كە لە پاشكۆی ١، بەناوی شاری سلێمانی، لە ساڵی ١٩٣٤، لە لاپەڕە ٥٥٩ تا ٥٨٥ زانیارییەكی زۆرمان دەداتی، دەتوانین لە ڕێگای زانیارییەكانی ئەوەوە، شارەكە بەوردی ببینین. لەبەر گرنگیی بابەتەکە، هەندێ لەو زانیاریاینە دەگوازمەوە.
- هەتا ساڵی ١٩٢٤ز تەشكیلاتی سلێمانی زۆر كەم بوو.
دائیرەی تاپۆ، دائیرەی عەدلییە، كە مەحكەمەی سوڵحی لێ دامەزارند، مودیریەتی ئەوقاف و مەئمورێتی نفووس لەو لیوایەدا تەشكیل كرا. قەرەداغ و بازیان لەبەر هێندێك چت خرابووە (خرابوونە) سەر لیوای كەركووك، گەڕاندراوە (گەڕاندرانەوە) سەر سلێمانی.
- بەلەدییە لە مەیدانێك هەڵكەوتووە، كە شیمالی قشڵەی عەسكەرییە و شیمالی غەربی ئوتێلی فەڕەحە و غەربی حەمامی نەقیبە. بینایەكی دوو نهۆمییە. لە هەیوانی قیبلەوە لەم سەرەو ئەوسەرییەوە دوو باڵەخانەی بچووكی زۆر جوان و دڵگوشادە. لە یەكێكیاندا موهەندسی بەلەدیە و مەئمووری كارەبا و لە هی دوومیاندا مەئمووری سحە و مونەزیفات دادەنیشن.
- ڕەئیسی بەلەدیە یەكتا بەگ، پیاوێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆ و خاوێن و بێ دەعیەیە. بەلەدییە موهەندیس و سندوق ئەمین و باش كاتب و مەئمور و عەمەلەی هەیە.
- لە مەركەزی سلێمانی خەستەخانەیەك هەیە زۆر گەورەیە لەبەرامبەر سەرا، لەتەنیشت مەدرەسەی ئیبتیدایی. كە لەوەپێش متوەسیتە بووە.
- ئەمساڵ لەسەر تەرزی ئەوروپا بە دەستوورێكی زۆر جوان لە گەڕەكی مەڵكەندی - كە شیمالی شاری سلێمانییە- بیمارخانەیەكی گەورەی بەتەرتیب، كە چوار حەمام و ئاودەستخانەی تایبەت و ئەمبەر و ئەوبەری ژووری نەخۆش.
- لە ساڵی ١٩٢٦دا دەست بە دامەزراندنی تیلەگراف و تیلفۆن كرا. خەتێكی باش پەیدا بووە، ڕێكخرا، ئێستە زۆر جوان لەگەڵ هەموو گۆشەیەكی عیراقدا كار دەكات.
- لەنێو شاری سلێمانیدا مەدرسەی متەوەسیتە و بیست و سێ مەدرەسە ئیبتیداییان پێ دەڵێن.
- ئەم ساڵ لە مانگی ئەیلوولدا ناوی مەدرەسەكانی سلێمانییان گۆڕی بە ناوی گەورەكانی عەرەبان ناو نان. (ئەو ڕستەیەم بەس بۆ داخی دڵ هەڵبژارد).
- ژمارەی هەموو تەلەبەكانی ئەو بیست و هەشت مەدرەسەیە هەزار و حەوسەد كەسن.
- لە هەموو گەڕەكێكی سلێمانیدا قوتابخانە كراونەوە، مەلایەك یان خوێندەوارێك دەرس بە منداڵ دەڵێنەوە، دەرسی قورئان و كتێبی فارسییان پێ دەڵێن. ئەم قوتابخانانە نزیكەی چل دانە دەبێ (دەبن)، مەیدان و فەلاقە و داركارییان هەر ماوە، كەمێك كوردییش دەخوێنن.
- چاخانەكان سەد و بیست دانەن.
- ئوتێل: چوار ئوتێلن.
- قەیسەری: قەیسەری وەسمان پاشا، قەیسەری نەقیب، قەیسەری غەفوور ئاغا، قەیسەری حاجی برایم ئاغا.
- مزگەوت: ٣٦ مزگەوت هەن، چواریان خانەقا و تەكیەن.
- كلیسا و كەنیشتە: كەنیشتەی مزگەوتەكان دوون، یەكیان لە گەڕەكی جوولەكانە و ئەوی دیكەیان قەرەداخی، چونكە جوولەكەكانی قەرەداخ كردوویانە.
- هەموو ماڵە جوولەكەكانی سلێمانی بە دەرگاوە سەد و سێزدە دەرگایە.
- لە سلێمانی هەشت حەمام هەیە (هەن) كە ئاوەدان بێت (بن)، یەكێكیان وێرانە.
- ئاشی ئاو هەژدەیە (هەژدەن)، چورادەیان ئێستا كار دەكات (دەكەن)، سێ ئاشی ئاگر هەن.
- ساڵی ١٩٢٨ ماكینەی ئەلەكتریك لەلایەن بەلەدیەوە كڕراوە و هەموو كووچە و ماڵەكانی پێ ڕووناك كراوەتەوە.
- ژمارەی نفوسی سلێمانی بەپێی قەیدی تاپۆ (٣٥٠٠) ماڵە.
زۆر زانیاریی گرنگی دیكەی تۆمار كردووە، من توانیم هەر ئەوەندەی ڕاگوێزم كە بۆ شارەزابوون لە فەزای شار و فەزای تیكەڵبوون، كاركردن بۆ دروستكردنی كەسایەتیی كوردیی سەربەخۆ زۆر گرنگن.
با بزانین، ئەو كەسایەتییە تا چەند دەتوانێ خۆشەویستی بناسێ؟ ئایا ئەو فەزایە بۆ ناسینی ژن و ژووان و خۆشەویستی گونجاوە؟ هەموو ئەوانەش ناو دەنێم فەزاسازیی خۆشەویستی.
ئایا تێكەڵبوون، بوونی كار و گیرفانی سەربەخۆ، خوێندن و بەمۆدرێنكردنی شار، چ كاریگەرییەكیان لە سەر گەشەكردنی خۆشەویستیدا هەیە؟ لە وتاری داهاتوودا ڕاستەوخۆ دێمە سەر: خۆشەویستی لە شاری كوردیدا.